سەردێڕ:
زێدنیوز
کوردستان

بافڵ تاڵەبانی: یەكێتی لەگەڵ گۆڕانكاریی ریشەییە لەهەرێمی كوردستان

زێد نیوز:

بافڵ تاڵەبانی رایدەگەیەنێت "یەكێتی لەگەڵ گۆڕانكاریی ریشەییە لەهەرێمی كوردستان‌و دەیەوێت بەرنامەی چاكسازی بەردەوامی هەبێت و دیدێكی نوێش بەرامبەر بەغدا پەیڕەبكەین".

نووسینگەی رۆژنامەوانی بافڵ تاڵەبانی راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی‌و سیریل نان باڵیۆزی ئەڵمانیا لەعێراق و باربارا وۆڵف كونسوڵی ئەڵمانیا لەهەرێمی كوردستان، بڵاوكردەوە. 

لەراگەیەندراوەكەدا كە وێنەیەكی دەست (زێد نیوز) كەوتووە، هاتووە "لەكۆبوونەوەكەدا پەیوەست بەهەرێمی كوردستان بافڵ تاڵەبانی جەختی لەسەر پەرەپێدان و بەردەوامی پەیوەندی و هاوكارییەكانی وڵاتی ئەڵمانیا كردەوە بۆ هەرێمی كوردستان". 

بەپێی راگەیەندراوەكە "لەپای هاوكاری بەردەوامشیان بۆ هەرێم و هێزی پێشمەرگە و پشتیوانیان لەكورد لەجەنگی روبەڕووبونەوەی تیرۆر، بافڵ تاڵەبانی سوپاسی وڵات و گەلی ئەڵمانیای كرد". 

راگەیەندراوەكە روونیدەكاتەوە "سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بافڵ تاڵەبانی جەختی كردەوە  لەیەكخستنی هەوڵەكان و لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نیشتمانی و هاوڵاتی بوون و خزمەتگوزاری دوور لەقۆرخكاری". 

بەپێی راگەیەندراوەكە "بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە كردووە:یەكێتی لەگەڵ گۆڕانكاریی ریشەییە لەهەرێم و دەیەوێت بەرنامەی چاكسازی بەردەوامی هەبێت و دیدێكی نوێش بەرامبەر بەغدا پەیڕەبكەین و دەستوور بنەمای پەیوەندییەكانمان بێت و هەوڵی جدیش بدەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان". 

جەختیشی لەسەر ئەوە كردۆتەوە "پەیوەندییەكانیشمان بخەینە خزمەتی زیاتری بەهێزی پێگەی هەرێم و ناوماڵی كورد زیاتر رێك بخەینەوە".

راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوە دەكات كە "بافڵ تاڵەبانی لەبارەی كەركوكەوە وتوویەتی "كەركوك بۆ كورد و یەكێتی گرنگی خۆی هەیە و بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر قودسی كوردستان ناكرێت و دۆخێكی نوێش لە  كەركوك دێتە ئاراوە و گیانی برایەتی لەناو تەواوی پێكهاتەكانی شارەكە دەبوژێنینەوە و كەركوك دەكەینەوە شاری پێكەوە ژیان". 

بەپێی راگەیەندراوەكە "لەبەرامبەردا وەفدی میوان بە بایەخەوە لە رۆڵی یەكێتیان روانی كە دەوری كاریگەر دەبینێت لەچارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و ناوەند و پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و پێشوازیشیان لەهەوڵەكانی ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوك كرد".



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-02-06
زیاتر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]