سەردێڕ:
زێدنیوز
ڕاپۆرت

یه‌كێتی بۆ پارتی: حكومه‌تی نوێی هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك

زێد نیوز:

زێد نیوز، كه‌ركوك ناو:


چه‌‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان پێداگریی ده‌كه‌ن له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كه‌ركوك ببه‌ستنه‌وه‌ به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و په‌یامه‌شیان گه‌یاندۆته‌ پارتی دیموكرات.

دوو سه‌رچاوه‌‌، كه‌ لێپرسراوێتیان له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا هه‌یه‌ و ئاگاداری دانوستانه‌كانی حزبه‌كه‌یانن له‌ پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و زانیارییانه‌یان بۆ (كه‌ركوك ناو) پشتڕاستكردۆته‌وه‌.

یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كان كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ پارتی، نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا به‌ پارتی دیموكراتی كوردستانمان وتووه‌، به‌یه‌ك پاكێج ده‌ڕوانینه‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌به‌غدا”.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ “یه‌كێتی پرسی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری كه‌ركوك له‌ پشكی یه‌كێتیی به‌ستۆته‌وه‌ به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان”.

وتیشی “یه‌كێتیی بۆچی ئاماده‌بێت دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پارتی و خودی نێچیرڤان بارزانی كارابكاته‌وه‌، له‌كاتێكدا پارتی هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات كاندیدی یه‌كێتیی له‌ به‌غدا بۆ پۆستی وه‌زیری داد دیارینه‌كرێت، بۆیه‌ ئه‌م پرسانه‌ به‌لای یه‌كێتییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ و بۆته‌ خاڵی دانوستانه‌كانمان”.

یه‌كێتیی بۆچی ئاماده‌بێت دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پارتی و خودی نێچیرڤان بارزانی كارابكاته‌وه‌؟

دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2018 له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ سڕكرا، ئه‌وه‌ش دوای لانیكه‌م شه‌ش مانگ هات له‌ وازهێنانی مه‌سعود بارزانی له‌ پۆسته‌كه‌ی، دوای دووجار درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی.

پارتی له‌ كۆتایی ساڵی رابردوو نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم كاندید كرد و مه‌سرور بارزانی كوڕی مه‌سعود بارزانی-ش بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت.


سه‌رچاوه‌یه‌كی تر له ‌سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، ئه‌و زانیارییانه‌ی بۆ (كه‌ركوك ناو) پشتڕاستكرده‌وه‌ و وتی “لای یه‌كێتی وه‌ك چۆن كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێشینه‌یه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ پرسی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد له‌ پشكی یه‌كێتی له‌ پێشینه‌یه‌ و به ‌مافی خۆمانی ده‌زانین”.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی پارتی تاچه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و داواكارییانه‌دایه‌، سه‌رچاوه‌كان جه‌ختیانكرده‌وه‌ كه‌ پارتی تائێستا پێداگریی ده‌كات له‌وه‌ی به‌غدا، كه‌ركوك و كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم سێ پرسی ته‌واو جیاوازن‌.

پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو، 31ی كانونی دووه‌م، فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ساڵیادی كۆچی دوایی ئیدریس بارزانی باوكی نێچیرڤان بارزانی، له‌ وتارێكیدا بۆ جه‌ماوه‌ری حزبه‌كه‌ی له‌ هه‌ولێر، وتی “هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێت بۆچونی خۆیان له‌ دانوستانه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت هه‌رێمدا بسه‌پێنن، من ده‌پرسم كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی  سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگتره‌ یان وه‌زیری دادی عیراق، بێگومان ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م”.

من ده‌پرسم كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی  سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگتره‌ یان وه‌زیری دادی عیراق؟

فازڵ میرانی، هه‌روه‌ها له‌ پرسی كه‌ركوكدا جارێكی تر بۆچونی حزبه‌كه‌ی دوپاتكرده‌وه‌ له‌وه‌ی “ئه‌و پارێزگایه‌ له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ داگیركراوه‌”، زیاتر وتی “كه‌ركوك نابێت تێكه‌ڵبكرێت به‌ پرسی پیكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر پارێزگارێكیش بۆ كه‌ركوك دابنرێت له‌ئێستادا ده‌سه‌ڵاتی نابێت”.

پارتی لانیكه‌م 14 ئه‌ندامی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكدا هه‌یه‌ و به‌بڕیاری حزبه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر نیشته‌جێن و ساڵێك و سێ مانگه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كه‌ركوك، به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك په‌كیكه‌وتووه‌ و نه‌توانراوه‌ پارێزگارێكی نوێ هه‌ڵبژێردرێت كه‌ خواستی سه‌ره‌كی یه‌كێتیه‌.

ئه‌و بۆچونه‌ی فازڵ میرانی له‌كاتێكدایه‌، بافڵ تاڵەبانی، كوڕه‌ گه‌وره‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری كۆچكردوی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان،‌ 24ی كانونی دووه‌م، له‌باره‌ی دۆخی كه‌ركوكه‌وه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی حزبه‌كه‌یدا وتی “لەسەر پرسی پارێزگاری كه‌ركوك و مافەکانیشمان هیچ تەنازولێك ناکرێت و نەشمانکردوە… دڵنیابن پۆستی پارێزگار بۆ کورد دەبێت و یەکێتیش دەبێت، ئەوە قابیلی هیچ جۆرە گفتوگۆ و سازشێک نییە، ئەوە کۆتایی پێهاتووە کەرکوک شاری یەکێتییە”.
 

دڵنیابن پۆستی پارێزگار بۆ کورد دەبێت و یەکێتیش دەبێت، ئەوە قابیلی هیچ جۆرە گفتوگۆ و سازشێک نییە، ئەوە کۆتایی پێهاتووە

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ دژ به‌یه‌كانه‌ له‌كاتێكدایه‌ بڕیاره‌ سێشه‌ممه‌ی داهاتوو 5ی شوبات، پارتی و یه‌كێتی جارێكی تر كۆببنه‌وه‌ و پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ بكه‌ن، كه‌ به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی (كه‌ركوك ناو) له‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی جارێكی تر حزبه‌كه‌یان پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌و داوایانه‌ی ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و دوو سه‌رچاوه‌یه‌ جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و داواكارییانه‌ی حزبه‌كه‌یانن.


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-02-03
زیاتر...
1
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]