سەردێڕ:
زێدنیوز
ڕاپۆرت

بەرەبەیانی سوور، ئۆپراسیۆنی دەستگیركردنی سەدام حسێن لەتكریت

زێد نیوز:

ئەمڕۆ (13ی12ی2018)، یانزدە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەستگیركردنی سەدام حسێن سەرۆكی رژێمی پێشووی عێراق لەلایەن هێزێكی تایبەتی ئەمریكاوە لەگوندێكی تكریت.


رۆژی 13ی12ی 2003، لەدوای‌ خۆحەشاردان بۆ ماوەی‌ نزیكەی‌ هەشت مانگ، سەدام حسێن لەلایەن هێزێكی تایبەتی سوپای ئەمریكا‌و لەژێر ناوی ئۆپراسیۆنی (بەرەبەیانی سوور) لەگوندێكی‌ ناوچەی‌ تكریت دەستگیركرا. 
 
دوای ئەوەی‌ سوپای ئەمریكا بەهاوكاری هێزەكانی‌ هاوپەیمانان لەبەرەی‌ باشورو هێزەكانی‌ پێشمەرگە لەبەرەی‌ باكور توانییان لەمانگی‌ نیسانی‌ ساڵی 2003 دا دەسەڵاتی‌ رژێمی‌ بەعس لەناوبەرن، سەدام‌و دارو دەستەكەی‌ روویان لەناوچەكانی‌ دەرەوەی‌ بەغدا كرد بۆئەوەی‌ لەو رێگەیەوە هەوڵی‌ كۆكردنەوەی‌ ئەندامانی‌ حزبی بەعس بدەن، كە دژ بەسوپای ئەمریكاو هێزەكانی‌ هاوپەیمانان بجەنگن، دوای رووخانی‌ رژێمەكەی‌ سەدام هێزەكانی‌ ئەمریكا بۆیان رونبووەوە كە سەدام حسێن خاكی‌ عێراق جێناهێڵێت ئەوان لایان وابوو كەسایەتی‌ سەدام هەڵهاتن قبوڵ ناكات، هەر بۆیە پلانێكی‌ تۆكمەیان داڕشت بۆ دەستگیركردنی, كە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا خەڵاتێكی‌ دەیان ملیۆن دۆلاری تەرخانكرد، بۆئەوەی‌ وەك دیاری بدرێت بەئەو كەس‌ و لایەنانەی‌ كە زانیاری وردو دروست لەسەر شوێنی‌ خۆحەشاردانی‌ سەدام حسێن بەهێزەكانی‌ ئەمریكا بدات، ئەوە لەكاتێكدا بوو كە سەدام حسێن لەسەرووی هەموو ئەو تۆمەتبارانەوە بوو كە هێزەكانی‌ ئەمریكاو هاوپەیمانان هەوڵی‌ دەستگیركردنیان دەدا.
 
پلانی دەستگیركردنەكە لەلایەن ژەنەڕاڵ سیمۆن دارایز-ەوە سەرپەرشتی‌ دەكرا، كە یەكێك بوو لەسەركردە باڵاكانی‌ (دەزگای هەواڵگری ئەمریكا) لەعێراق، لەمانگی‌ (8)ی‌ ساڵی‌ (2003)دا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە گوایە چەند جارێك (سەدام حسێن) لەباكوری شاری بەغداو ناوچەی‌ تكریت بینراوە، هەر بۆ ئەم مەبەستەش (دەزگای هەواڵگری ئەمریكا) تیمێكی‌ تری بەسەرۆكایەتی‌ ژەنەڕاڵ (سوارز كیفمان) پێكهێنا بۆ زیاتر دڵنیابوون لەو زانیارییانەو دۆزینەوەی‌ پەناگە نهێنییەكەی‌ سەدام حسێن.
 
لەدواین هەوڵیشدا هێزەكانی‌ ئەمریكا دەستیان كرد بەدەستگیركردنی‌ كەسە نزیكەكانی‌ سەدام ‌و پاسەوانەكانی‌ بۆ ئەوەی‌ لەرێگەی‌ ئەوانەوە سەدام دەستگیر بكەن, دوای دەستگیركردنی‌ چەند كەسێكی‌ نزیكی‌ سەدام‌ و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا زانیارییان لەسەر چەند شوێنێك دركاند، كە سەدام پەنای بۆ دەبات، هەروەها ناوی‌ ئەو ئەفسەرانەیان بەهێزەكانی‌ ئەمریكا دابوو پەیوەندی راستەوخۆیان بە(سەدام حسێن)ەوە هەیە، هەروەها لەكاتی‌ لێكۆڵینەوەكاندا ئەو دەستگیركراوانەدا ئاماژەیان بەوەكردبوو، سەدام تەنیا دوو پاسەوانی‌ تایبەتی‌ لەگەڵدایە، لەرۆژی 12ی‌ كانونی‌ یەكەمدا دوای ئەوەی‌ هێزەكانی‌ ئەمریكا لەهەڵمەتێكی‌ گەڕان ‌و پشكنیندا لەناوچەی‌ كەڕادەی‌ شاری بەغدا توانییان كەسێك بەناوی (محەمەد ئیبراهیم ئەلسمەت) دەستگیر بكەن كە پێشتر پلەی (عەقید) بووە لەسوپای عیراقدا دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا ناوبراو شوێنی‌ خۆ حەشاردانی‌ (سەدام حسێن)ی‌ بۆ هێزەكانی‌ ئەمریكا دركاندبوو پێی راگەیاندبوون "سەدام لەگوندێكی‌ ناوچەی‌ تكریت خۆی حەشارداوە".

ئێوارەی‌ هەمان رۆژ هێزێكی‌ تایبەتی‌ مارێنـزی ئەمریكی‌ بەپاڵپشتی‌ فڕۆكە جەنگییەكان بەرەو ئەو ناوچەیە بەڕێكەوتن، هاوكات لەڕاپۆرتی‌ ژەنەڕاڵ (جەیمس هیكلی) ئاماژە بەوە كرابوو "لەو هەڵمەتەدا كۆمەڵێك لەپێشمەرگەكانی‌ یەكێتی نیشتمانی‌ كوردستان بەشداربوون، دوای پشكنین‌‌و گەڕانێكی‌ ورد لەناوچەكەدا بەرەبەیانی‌ ڕۆژی (13)ی‌ كانونی‌ یەكەمدا ئەو هێزە لەچاڵێكی‌ تەنگدا توانیان سەدام حسێن سەرۆكی‌ رژێمی‌ پێشووی‌ عێراق دەستگیر بكەن. 



ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2018-12-13
زیاتر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]