سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

خۆپیشاندان هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە؟

زوبێر رەسوڵ
ماوەیەكە خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەشێكی زۆری وڵاتانی ناوچەكەی گرتووەتەوە، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی لە 2011 بەر شەپۆلی ناڕەزاییەكانی بەهاری عەرەبی نەكەوتن. ئێستا هەریەكە لە وڵاتانی سودان، جەزائیر، لوبنان، عێراق و ئێران شەپۆلێكی ناڕەزایی جەماوەری رووی تێكردوون كە بەشێك لە توێژەران بە شەپۆلی دووەمی بەهاری عەرەبی ناوی دەبەن. 
 
هەرچۆنێك بێت داخوازیی ئەمجارەی خۆپیشاندەران جیاوازی هەیە لە داواكاری ناڕەزاییەكانی 2011، چونكە خۆپیشاندانەكانی ئێستا لە زۆربەیان بەشێوازێكی ئاشتیانە بەڕێوەدەچن تا ئێستا و لەلایەن هیچ گرووپێكی سیاسی رێكخراوەوە ئاراستە ناكرێن. 
 
ناڕەزاییەكانی 2011 لە سەردەمێكدا بوون كە نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستدا بوو، بۆیە ناڕەزاییەكان زیاتر مەبەستیان گۆڕینی نوخبەی سیاسی بوو، بە تایبەت ئەو نوخبە سیاسیەی كە زیاتر لە سێ دەیە دەبوو پانتایی سیاسی و ئابووریی ئەو وڵاتانەیان بە زەبری هێز زەوت كردبوو. كەچی ناڕەزاییەكانی ئێستا لە كاتێكدان كە نرخی نەوت نزمە و بەشێكی زۆری ئەو وڵاتانەی باسمانكردن، تووشی كێشەی ئابووری بوون و ناتوانن خزمەتگوزاریی پێویست پێشكەش بە خەڵكەكەیان بكەن.
 
ئەوەی تایبەت بێت بە عێراق، ناڕەزاییەكان بەشێكن لەو بزووتنەوە كۆمەڵایەتیەی كە چیتر ناچنە چوارچێوەی ململانێی ئایینی و مەزهەبی. ناڕەزاییەكانی عێراق چیتر لەلایەن ئەو بەرهەڵستكارانەوە نییە كە دژی فۆرمی دەسەڵاتی سیاسی عێراقی دوای 2003 بوون، وەك سوننەكان، بەڵكو لەلایەن خودی ئەو پێكهاتە كۆمەڵایەتیەیە كە سەرچاوەی سەرەكی دەسەڵاتی سیاسی عێراقی دوای 2003 یە، بەڵام گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە چیتر ئەو فۆرمە لە حوكمڕانی ناتوانێ بیانخەڵەتێنێ بە بیانووی پارێزگاریكردن لە مەزهەب و دژایەتیكردنی نەیارانی ئەهلی بەیت.
 
واتا بابەتی سەرەكی خۆپیشاندانەكان بریتییە لە دواكاریی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و دەرفەتی كار و خۆشگوزەرانی. بە تایبەت كە دانیشتووانی عێراق ساڵانە یەك ملیۆن كەس زیاد دەكات و نیو ملیۆن كەسی نوێش دێنە ناو بازاڕی كارەوە. هەڵبەتە ئەمە لە كاتێكدایە كە رێژەی گەنجانی بێكار لە عێراقدا گەیشتووەتە 30٪ و لە بەرامبەریشدا نرخی نەوت دابەزیوە. ئەمە لە كاتێكدا 93٪ی داهاتی عێراق لە رێگای فرۆشتنی نەوتەوە دابین دەكرێت. تێكڕای تەمەنی خۆپیشاندەرانی بەغدا لە ساڵی 2015 لە سەرووی پەنجا ساڵ بوو، بەڵام هی ئێستا زۆرینەی خۆپیشاندەران تەمەنیان 17 تا 18 ساڵە، واتا زۆربەیان جگە لە دەسەڵاتی خۆماڵی دوای 2003 ‌هیچی تریان لەبارەی رژێمی بەعس لەبیر نییە تا دەسەڵات بەچاویاندا بداتەوە.   
 
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەم شەپۆلی خۆپیشاندانەی دەوروبەرمان ئەگەری ئەوەی هەیە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە؟ هەرچەندە جۆرێك لە جیاوازی هەیە لە بەراوردكردن لە نێوان دۆخی خزمەتگوزاری و ئاسایش و ئارامی لە هەرێمی كوردستاندا بەراورد بە بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق كە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە لە دۆخێكی خراپدان. 
 
لەلایەكی ترەوە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هیچ ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز نییە بتوانێت خەڵك بهێنێتە سەر شەقام و جێگای باوەڕی ئەوان بێت، بە تایبەت دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری دا بچێتە ناو حكومەت و دواتریش ئەوەی پێیدەگوترا "نەوەی نوێ"، بە جۆرێك كۆتایی هات كە خەڵك ئەستەمە باوەڕ بە بزووتنەوەیەكی سیاسیی تر بكەن لە بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدا. بەڵام لە هەمان كاتدا فاكتەری تریش هەن كە وامان لێدەكەن بڵێین ئەگەری ئەوە هەیە ئەم شەپۆلی خۆپیشاندانە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە. 
 
كابینەی نۆیەم جۆرێك لە ئومێدی سیاسی بە كەسانێكی زۆر بەخشیوە كە كۆمەڵێك چاكسازیی ریشەیی ئابووری و سیاسی بكات، بەڵام ئەمە دەبێت هاوكات بێت لەگەڵ گرتنەبەری كۆمەڵێك هەنگاوی بوێر كە لە كارنامەی حكومەتدا بەڵێن دراوە جێبەجێ بكرێن. دەبێت ئەو بەڵێنانە هەندێك دەرئەنجامی بەرجەستە و دیاریان لێبكەوێتەوە و كاریگەرییان هەبێت لەسەر ئاستی گوزەرانی خەڵك. بۆ نموونە پرۆژەیاسای چاكسازی دەبێت تا زووە جێبەجێ بكرێت و دەرئەنجامەكانیشی لە راگەیەندن پیشانبدرێت بۆ ئەوەی خەڵك بزانن بەكوێ گەیشتووە و كێ رێگری لێدەكات. 
 
لەڕاستیدا كابینەی نۆیەم لە تەمەنی سەرەتایدایە، بەڵام تا زووە دەبێت دەرئەنجامی كۆمەڵێك چاكسازی و پێداچوونەوە بە فۆرمی كارگێڕی و یاسایی بۆ خەڵك بەیان بكات بۆ ئەوەی خەڵك بزانن چی كراوە و چی دەكرێت لە ئایندەدا. بۆ ئەم مەبەستە زەروورە سەرۆكی حكومەت هەر شەش مانگ جارێك، یان دوای تەواوبوونی ساڵێك لە كابینەكەی لە رێگای میدیاوە دەسكەوت و كارەكانی خۆی لەو ماوەیەدا بۆ خەڵك بەیان بكات. لەوانەیە تا ئێستا كۆمەڵێك شتی گرنگ كرابن، بەڵام هاووڵاتی سادە نازانێت و ئاگاداری نییە، بۆیە پێویستە دەسكەوتەكان بە خەڵك نیشان بدرێن، بۆ ئەوەی خەڵك ئومێدی هەبێت بە هەنگاوەكانی داهاتووش.  
 
فاكتەری دووەم كە وادەكات خۆپیشاندان هەرێمیش بگرێتەوە، ئەوەیە كە بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەرچی ئێستا بەشێكی گرنگن لە حكومەت، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە لەسەر خودی ناڕەزایی بەرەنگاربوونەوەی حكومەت دروست بووە و گەشەی كردووە، بۆیە مەرج نییە و هیچ گەرەنتیەكیش نییە كە تاسەر لەگەڵ حكومەت بێت، بە تایبەت ئەگەر دەرفەتێكی سیاسی لەباری بۆ بڕەخسێت و زەمینەی خۆپیشاندان لەبار بێت بێ دوودڵی بەرەی ناڕەزاییەكان هەڵدەبژێرێت، چونكە ئەو سەرمایە سیاسییەی گۆڕان لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان دەستیدەكەوێت، هەرگیز لەناو حكومەتدا دەستی ناكەوێت. بە تایبەت ئەگەر پرۆژەی چاكسازی تووشی بەربەست بێت پێدەچێت گۆڕان قسەیەكی تری هەبێت. ئەوەی لەو ماوەیەدا چاودێریی بەشێك لە گوتاری سیاسی سەركردەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و میدیای گۆڕانی كردبێت، دەتوانێت هەست بە جۆرێك لە نەشئەی كەشی خۆپیشاندانەكانی دەوروبەر لە گوتاری ئەو بزووتنەوەیەدا بكات. 
 
فاكتەرێكی تر كە وادەكات ئەو چوار سەڵە بە ئارامی تێنەپەڕێت و هەرێمی كوردستان گەڕێكی دیكەی خۆپیشاندان بەخۆیەوە ببێنێ، بریتییە لە ململانێی باڵەكانی ناو یەكێتی، بە تایبەت لە ئانوساتی كۆنگرەدا ئەگەر كێشەیەك دروست بێت، دەكرێت كاریگەری لەسەر ئیلتیزاماتی یەكێتی هەبێت لەناو حكومەتدا. ئەمە جگە لەوەی كە تا ئێستا كۆمەڵێك پرسی هەڵپەسێردراو لە نێوان یەكێتی و پارتیدا ماون دەتوانن پەیوەندییەكان گرژ بكەنەوە. 
 
هەڵبەتە نابێت ئەوەش لەبیر بكەین كە تا ئێستاش بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی وای دەبینن هاوسۆزیی جەماوەری خۆیان زیاتر لە رێگای دژایەتی و بەرهەڵستیی حكومەت و پارتییەوە كۆدەكەنەوە نەك پارێزگاریكردن لە حكومەت و هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی. بەتایبەت ئەو گروپەی یەكێتی كە لەڕووی سۆشیال میدیاوە زۆر ئەكتیڤن و زۆر جاریش وەك ئۆپۆزسیۆن خۆیان نمایش دەكەن. بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە، هیچ دوور نییە شەپۆلی ناڕەزایی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە. 

11/29/2019 12:09:46 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]