سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

کام رێباز، نەوشیروانی یان بارزانیی؟!

عه‌بدوڵا مه‌لا نوری
بۆ یادی پیاوەکەی نیشتیمان، ئەوە چی بوو روویدا؟!

(١) چەند پەڕەیەکی تر بۆ سەر یاداشتەکانی نەوشیروان مستەفا...

ئەم بابەتە ئاشکراکردنی ھەڵگەڕانەوەی گروپێکی ناو گۆڕانە، لە یەکێک لە پرنسیپە چەسپاوەکانی ڕێکخەری کۆچکردوی بزوتنەوەی گۆڕان، کە سەرەتا لە ناو یەکێتییدا خەباتێکی زۆری بۆ کردو پێی نەگەیشت، دواتر لە بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕاندا وەک بنەمایەکی ستراتیجی جێگیرکرا. ئەوەش سیستەمی پەرلەمانی "ھاوشێوەی بەغدا"یە، کە جەوھەریترین ھێڵ و دیدی جیاوازو، ماوەیەکی زۆر لە تێکۆشانی دیموکراسیخوازانە و، بەشێک لە یاداشتەکانی ئەو زاتە پێک دەھێنێت.

پیشاندانی یەکێک لەو "درۆ کحولکراو" انەیە، کە ھەر ساڵێک و چەند مانگێک پاش مردنی، لە ژێر دروشمی درێژەدان بە "رێبازی کاک نەوشیروان"، خەڵکی کوردستان و گۆڕانخوازانی پێ چەواشە و فریو دەدرێت. (نیچە زاراوەی درۆی کحولکراوی بۆ درۆگەلێک بە کار ھێناوە، کە بە شێوەیەکی ھێندە رازاوە و بە تام دەرخواردی خەڵکی دەدەرێت، گێژو دڵخۆشییان دەکات، بەڵام نازانن فێڵیان لێکراوە).

لەم نووسینەدا (وەک پێویستییەکی ئەم قۆناغە) لە ئاست ئەو سەرکێشی و ھەرزانفرۆشییەی بە باوەڕی گۆڕانەوە، لە باری شێوازی سیستمی حکومڕانی و، ڕەنجی ڕابردوی سەدان رۆشنبیرو دەیان ھەزار گۆڕانخوازو بەشێکی گەورەی میللەتەکەمان، بە ناوی رێکەوتن لە گەڵ پارتی کرا؛ پوختەی گرنگترین یاداشتی کەمبینراوی خودی کاک نەوشیروان لە  بارەی "سەرۆکایەتی ھەرێم" و، کۆمەڵێک رووداو و زانیاری تر، لەگەڵ دیوە شاراوەو دەرئەنجامە سیاسییە خراپ و مەترسیدارەکانی بۆ ئێستاو ئایندە دەخەمە روو. بە پشتبەستن بە بەڵگەو راشکاویی لە دەربڕین و ناوھێنانی کەسەکاندا، ھەوڵمداوە ڕەچاوی شێوازی نەوشیروان مستەفا بکەم. 

ھەمو بیرو پرۆژەیەکی سیاسی تا ئەو کاتەی بە سودی کۆمەڵگە بێت جێگای رێزە، بەڵام کاتێک حزبێک، باڵێک، نووسەرێک، پەرلەمانتارێک، کۆنە وەزیرێک، سیاسییەک، مەلایەک، مامۆستایەکی زانکۆ، ھونەرمەندێک بانگەشە بۆ دونیابینی و پرۆژەیەکی جیاوز دەکات، وەلێ بە تێپەڕبونی کات لە نەفەسکورتی و بێئیرادەییدا، لە کەمی مەعریفەو خۆبەکەمزانیدا، لە چوارچێوەی ئەجێندا یان لە رق و لە ترسی ئەم ھێزو ئەو ھێزدا، لە ژێر کاریگەری پارەو پۆستدا سەرئەنجام لارەمل و سەرکز دەخزێت و، خۆی رادەستی واقعی خراپ و داسەپاو دەکات، ئەمە تا دوا رادە نیفاق و نا ئەخلاقیە.

کاک نەوشیروان لەو یاداشتەیدا، کە لە بارەی ھەوڵەکانی خۆی بۆ چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی نوسیویەتی چەند جارێک جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە، کە وتارو زانیاریەکانی بۆ "خوێنەوارانی" کوردە. بە ھەمان شێوە ئەم نوسینەی بەردەستان بۆ ئەوانەیە کە وێڵی دوای راستیەکانن. بە تایبەت بۆ ئەو گۆڕانخوازانەیە کە بە وشیاریەوە، دور لە سۆزو کاریگەری کەس و گروپ و حیزب لە سیاسەت و بەرژەوەندی گشتی دەڕوانن.    

(٢) لە دایکبوونی سەرۆکایەتی ھەرێم، وەک منداڵێکی سەرەخۆرە:

٢٠٠٤-٢٠٠٦ 

نەوشیروان مستەفا لە بەشێک لە یاداشتەکانیدا بە ناوی (پرۆسەی پێکھێنانی سەرۆکایەتی ھەرێم) باسی کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعود بەرزانی دەکات، لە ١ی ١٢ی ٢٠٠٤ ، لە پیرمام. لەو بارەوە دەڵێت: "دوای کۆبوونەوەکە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن دوان. لەبەردەم کامێرای تەلەفزیۆندا، دوو فایلیان گۆڕییەوە گوایا پێکھاتوون لەسەر ئەوەی سەرۆکایەتی بەغداد و کوردستان لەناو خۆیان دا دابەش بکەن". 

ھەروەھا دەڵێت: "تاڵەبانی دەقی رێککەوتنەکەی پیشانی ھیچ کام لەھاوڕێکانی: کۆسرەت رەسول، عومەر سەید عەلی، مستەفا سەید قادر، کە لەو سەفەرەدا لەگەڵی بوون نەداوە. وەکو خۆیان وتیان: رەنگە لەناو ئەوانەدا تەنیا عەدنان موفتی و ئازاد بەرواری خوێندبێتیانەوە. رەنگە ھەر ئەوانیش ئامادەیان کردبێ! " دەقی رێککەوەتنەکە ماوەیەک بە شاراوەیی دەمێنێتەوە، تا سەرئەنجام کۆپیەکی دەست نەوشیروان مستەفا دەکەوێت."

لەم بەشەی یاداشتەکانیدا، لە (٦٠) پەڕەدا، بە درێژی و دیقەتەوە، دەگێڕێتەوە لە دوای روخانی رژێمی (سەددام) گرنگترین شتێک مام جەلال بیری لێ دەکردەوە، ئەوە بو پێگەی خۆی لە دەوڵەتی عێراقی نوێدا چی دەبێت؟ پارتیش بە تەواوی لەوە تێگەیشتبوون بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی ئامادەی ھەموو جۆرە سازشێکە. بۆیە زیرەکانە ئەم خواستەی تاڵەبانی دەقۆزنەوە و، قۆناغبەقۆناغ پلانەکەیان بە ئاڕاستەی بنیاتنانی سیستمی حکومڕانی بە گوێرەی حەزو ئاستی دەسەڵاتخوازی و بەرژەوندی و ھاوسەنگی ناو بنەماڵە دەبەنە پێش. سەرئەنجام کاروانی ئەو مۆدێلە حکومڕانییەی پارتی لە ٢٠٠٤، لە سەر پشتی یەکێتیی خستییە ڕێ، لە ٢٠١٩دا، لە ژێر بەیداخە نیلیەکەی گۆڕاندا گەیەنرایە کەناری ئارامی، سیستمێک کە لە ژێر ھیچ ستانداردێکدا جێگای نابێتەوە. کەچی بە ناوی دڵخوازی نەوشیروان مستەفاوە بە خەڵکی دەفرۆشنەوە.

ئەوەی سەرنجی راکێشام لە کاتی ئامادەکردنی ئەم نووسینەدا، گەڕامەوە سەر یاداشتەکانی نەوشیروان مستەفا لە سەر (ماڵپەڕی سبەی)، کە لە بەشێکدا بە ناوی (گەنجینەی نەوشیروان مستەفا) کتێب و یاداشتەکانی دانراوە، بەڵام ئەو بەشەی یاداشتەکەی کە پەیوەستە بە چۆنێتی پێکھێنانی سەرۆکیەتی ھەرێم دانەنراوە، لە کاتێکدا پێشتر دانرابو. خۆشبەختانە ھەم کۆپیەکی کاغەزی لای خۆم ھەبوو، کاتی خۆی بە دەستی لە خۆیم وەرگرتبوو، ھەم پاش گەڕانم لە گوگڵ لینکێکی (ماڵپەڕی کوردپیدیام دۆزییەوە، کە لە ٨ی ٧ی ٢٠١٣دا، دەقی یاداشتەکەی بە PDF بڵاو کردوەتەوە. 

وەک لە سەرەوە لە زاری نەوشیروان مستەفاوە باسمان کرد؛ رێککەوتنی دوو قۆڵی تاڵەبانی-بارزانی ئەنجام دەدرێت، بە جۆرێک تاڵەبانی ببێت بە سەرۆککۆماری عێراق و بارزانیش بە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان. لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا بە پشتیوانی بارزانی لە ٦ی ٤ی ٢٠٠٥ تاڵەبانی وەک سەرۆککۆماری کاتی عێراق ھەڵدەبژێردرێت. 

لە ١٨ی ٤ی ٢٠٠٥، واتە (١٢) رۆژ دوای بوونی تاڵەبانی بە سەرۆککۆمار، وەفدێکی پارتی لە دوکان، پرۆژە یاسایەک بەناوی (یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم-عێراق) دەخەنە بەردەم وەفدێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی. وەفدەکەی یەکێتیش داوا دەکەن ماوەیان بدرێتی بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆکەکەی بکۆڵنەوە. دوای لێکۆڵینەوە دەردەکەوێت بە جۆرێک داڕێژراوە سەرۆکی ھەرێم دەسەڵاتێکی ئێجگار فراوانی دەبێت و لە ناو خەڵکیشەوە ھەڵبژاردنی بۆ دەکرێت و، لێپرسینەوەو چاودێریشی ئەستەمە. 

نەوشیروان مستەفا لەو کاتەدا لە سەر ئەم پرسە زنجیرەیەک وتار دەنووسێت. بە گەڕانەوە بۆ مۆدێلەکانی سیستمی حکومڕانی بە وردی تایبەتمەندی سیستمی پەرلەمانی و جیاوازی نێوان دیدی پارتی و یەکێتیی روندەکاتەوە و، مەترسییەکانی خۆی لە بوونی سەرۆکێکی دەسەڵاتدار بۆ ھەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات. لە بارەی ناوەڕۆکی پرۆژەکەی پارتییەوە دەڵێت: "پارتی پرۆژەکەیان بە باڵای کاک مەسعوددا بڕی بوو" باسی ئەوەش دەکات ناڕاستەوخۆ داوایان دەکرد بۆ ماوەی (١٢) ساڵ و چەند مانگێک سەرۆک بێت. 

(٣)  سەرەتای تەنگژەیەکی نەبڕاوە:

لە کۆبونەوەکانی دواتردا وەفدی یەکێتیی نیازپاکی خۆیان بۆ پارتی پیشان دەدەن، کە لاریان نییە لەوەی بارزانی سەرۆکی ھەرێم بێ، بەڵام بە پێویستی دەزانن سیستمی سیاسیی ھەرێمی کوردستان "ھاوشێوەی بەغدا" بێ و، پۆستی سەرۆک رەمزی بێت، دەسەڵاتەکانی تەشریفاتی و لە ناو پەرلەمانەوە متمانەی پێ بدرێ. تا بتوانرێ چاودێری و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت. ئەمەش رێک پێچەوانەی مەبەست و ناوەڕۆکی پرۆژەکەی پارتی دەبێ، کە دەیانەوێ سەرۆک پێگەو دەسەڵاتێکی رەھای ھەبێ. لێرەوە سەرەتای کێشەکانی یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێم لە نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتیی سەرھەڵدەدات. 

لە ٧ی ٥ی ٢٠٠٥، لە پیرمام، کۆبونەوەیەک لە نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتیی بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ و نێچیرڤان بارزانی دەکرێت. پاش کۆبونەوەکە نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وەک وڵامێک بۆ بیرو مەبەستی نەوشیروان مستەفا و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، دەڵێت: "ئێمە پێمان وایە نابێت سەرۆکی ھەرێم شتێکی رەمزی بێت، دەبێ دەسەڵاتی ھەبێ، پێویست ناکات ھەمو شتێکی خۆمان بە بەغداوە ببەستینەوە، شتێک لە بەغدا ھەبێ لێرەش ھەبێ. سەرکردایەتی پارتی رازی نابێت بە لاساییکردنەوەی مۆدێلی بەغدا."

ئەم بابەتە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بەرەو کێشەیەکی ئاڵۆزو گەورە دەڕوات. وای لێدێ چەند مانگێک کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان دوا دەخرێ، کە پاش شەڕی ناوخۆ بڕیارە سەرۆکایەتیەکی نوێی بۆ ھەڵبژێردرێت. ھەوڵەکانی یەکخستنەوەی ئیدارەی ھەولێر_ سلێمانی پەک دەخرێ. پارتی لە ٨ی ٥ی ٢٠٠٥ دا، بە بروسکەیەک کۆبونەوە ھاوبەشەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی رادەگرێ. لە سنووری ئیدارەی پارتیدا لێرەولەوەێ دەسدەکرێت بە لێدان و ئازاردانی لایەنگرانی یەکێتی. ئەم رووداوانە لە سەروبەندی نووسینەوەی دەستوری ھەمیشەیی عێراقدایە. نەوشیروان مستەفا بەم جۆرە رای خۆی لە سەر تەنگژەی سەرۆکایەتی ھەرێم لەو کاتدا دەردەبڕێ:"خەریکبو مافەکانی کورد لە گێژەڵوکەی سەرۆکی ھەرێمدا بەبا بدرێت." 

لە ٢٦ی ٥ی ٢٠٠٥ ،  بارزانی بە ئازاد بەرواری و مەحمود محەمەددا نامەیەک بۆ تاڵەبانی لە دوکان دەنێرێت، تێیدا بە شێوەیەکی دبلۆماسی، تێکەڵەیەک لە ھەڕەشەو منەتکردن، باسی سەرکەوتنی دانانی تاڵەبانی بە سەرککۆمار دەکات و، پاڵپشتی دووبارەی خۆی بۆ دەردەبڕێتەوە. ھاوکات سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەخاتە روو، کە چاوەڕێی نەکردوە ھەندێک کەس لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی بە ھۆی "گرێی دەرونییەوە" کێشە بۆ پرۆژە یاساکەی پارتی دروست بکەن!

بارزانی بۆ تاڵەبانی دەنووسێت: "بەڕاستی لەجەنابت ناشارمەوە من بەو تەسەوراتەی برایانی یەکێتیی زۆر ناڕەحەت و نائومێد بووم. دروست من دەمویست لەو گرێیانە دەرباز ببین، بەڵام دیارە ھێشتا ھەندێک ماون ھەر لەناو ئەو گرێیانەدا دەژین و ھێشتا نیەتەکان پاک نەبوونەتەوە. دیارە ھێشتا ھەلومەرج لەبار نییە بۆ ئەوەی کەس مەسەلەی سەرۆکی ھەرێم نەکاتە بەھانەو، کۆسپێکی وا بخاتەسەر ڕێگاکە زیان لە دۆزی گەلەکەمان بدات، برایانە بەجەنابت ڕادەگەیەنم من ئەسڵەن حەزم نەکردووە ببمە نە سەرۆک کۆمار لە بەغدا، نە سەرۆکی ھەرێم، من ئامادە نیم سەرۆکایەتی ھەرێم قبوڵ بکەم.  لە ئەنجامی سەفقەیەک لەنێوان پارتی و یەکێتبی، من وامزانی تەفاھوم کراوەو دوایی ئەم ھێنان و بردنە چ تامی تێدا نەماوە، و با مەسەلەی سەرۆکی ھەرێم دوابخرێت و نەبێتە کۆسپ. ئەگەر بە ھەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بو باشە ئەگەر بەسفقە بو پێویست ناکات. با ھەمو گەلی کوردستان ڕەئی خۆی بدات نەک تەنھا دوو حزب."

(٤) بە تەنھا بۆ پیرمام دەڕوات:

پاش نامەکەی بارزانی، بە دیاریکراوی لە ٢٨ی ٥ی ٢٠٠٥، مام جەلال خۆی بە تەنھا و بێ ئەوەی ھیچ کەسێکی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی لە گەڵ بێ، بە پاسەوانی دوو ئۆتۆمبێلەوە دەچێت بۆ سەلاحەدین. لەوێ کۆبونەوەیەکی دوو قۆڵی لە گەڵ بارزانی دەکات و، بە ھەموو داواکاریەکانیان رازی دەبێت. دواتر بارزانی قسەو باسی ناو گفتوگۆ دووقۆڵیەکەی نێوان خۆی و تاڵەبانی بۆ دکتۆر مەحمود عوسمان باس دەکات و، ئەویش بۆ نەوشیروان مستەفای دەگێڕێتەوە.

نەوشیروان مستەفا لە لاپەڕە ٤٩-٥٠-٥١ی یاداشتەکەی دا، دەیگێڕێتەوە؛ دوای ئەوەی مام جەلال لە سەلاحەدین گەڕاوەتەوە، لە ٢٩ی ٥ی ٢٠٠٥دا، لە قەڵاچوالان کۆبونەوەیەکی مەکتەبی سیاسییان کردوە، تاڵەبانی، کۆسرەت رەسوڵ، عومەر فەتاح، عەدنان موفتی، ئەرسەلان بایز، عیماد ئەحمەد، محەمەد تۆفیق، عوسمانی حاجی مەحمود، مستەفای سەید قادر، جەلال جەوھەر، مەلا بەختیار، عومەری سەید عەلی، خۆی بەشدار دەبن. لەوێ دەردەکەوێت مام جەلال بە تەواوی داواکاریەکانی بارزانی و پارتی رازی بووە.

لەو کۆبونەوەدا ئەوە بیری مام جەلال دەخرێتەوە، کە یەکێتیی داوای کردووە ئەگەر سەرۆکی ھەرێم بۆ چوار ساڵ بە بارزانی بدرێت، لە بەرامبەردا دەبێ سەرۆکی حکومەت، کە لەو کاتەدا نێچیرڤان بارزانی بووە، ئەو پۆستەی لێ وەربگیرێتەوەو بدرێت بە یەکێتی. لە وڵامی ئەمەدا مام جەلال دەڵێت:"بارزانی وتی ئەوە کێشە دەخاتە ناو خێزانەکەمانەوە من ئامادە نیم لە سەر لاشەی نێچیروان ببمە سەرۆکی ھەرێم!"

نەوشیرون مستەفا ئاماژە بەوەش دەکات: لەو کاتەدا دەرفەت نابێت ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە ناو خەڵکەوە بکرێت، بۆیە خودی پارتی داوا دەکەن لە چوار ساڵی یەکەمدا بارزانی لە ناو پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرێت، لە خولەکانی دواتردا لە ناو خەڵکەوە بێ. ھەر واش کرا.

پاش ھەوڵێکی زۆر بەڵام بێ ئاکام، بۆ ئەوەی ھەرێم ببێتە خاوەن سیستمێکی حکومڕانی پەرلەمانی راستەقینە، لە ١٢ی ٦ی ٢٠٠٥، بەو شێوەی بەرژەوەندی پارتی و دەسەڵاتخوازی و ھاوسەنگی ماڵبات دەیخواست، مەسعود بارزانی لە پەرلەماندا وەک سەرۆکی ھەرێم ھەڵبژێردرا. سەرئەنجام ١٢ ساڵ و چوار مانگ و ٢٦ رۆژ سەرۆکی ھەرێم بوو!

نەوشیروان مستەفا دەڵێت:"ئەو شێوە رفتارەی پارتی لە گفتوگۆی لە گەڵ یەکێتیی بە کاری ھێنا بۆ سەپاندنی مەرجەکانی خۆی و داڕشتنی رێککەوتنێکی لاسەنگ، بە عەرەبی  پێی دەڵێن: ئیبتیزازی سیاسی." (واتە ناچارکردنی کەسێک بۆ ئەنجامدانی کارێک لە ژێر گوشارو ھەڕەشەی ئاشکراو نھێنیدا.)

(٥) دار سنەوبەرکانی گردەکە:

٢٠٠٦-٢٠١٧

لە رۆژەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦دا، لە رۆژێکی سارددا، بۆ یەکەمجار لە دوای وازھێنانی لە یەکێتیی چەند خوێندکارێکی زانکۆ لە گردەکە سەردانی نەوشیروان مستەفامان کرد، لە ژورەکەی ئێستای عومەری سەید عەلی دادەنیشت. لەو سەردانەدا زۆر شتی بۆ باسکردین، کە وای لێکردووە لە ریزەکانی یەکێتیی دەستلەکاربکێشێتەوە. سەرەکیترینیان پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و تەسلیمبوون و سازشی زۆری یەکێتیی بۆ پارتی بوو، لەو رۆژەوە بڕیاڕماندا لە ھەنگاوە میدیایی و سیاسییەکانی داھاتویدا ھاوکاروانی ببین.

لە بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕاندا، کە لە ماڵپەڕی فەرمی بزوتنەوەکە دانراوە لە بارەی شێوازی سیستەمی حکومڕانییەوە. لەو بەشەی پەیوەندی بە بەدیھێنانی ئامانجە دیموکراسییەکانەوە ھەیە دەڵێت: پەرەدان بە دیموکراسی، رێزگرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن ‌و دادوەریی...

لە خاڵێکی تردا ھاتووە: گەڕاندنەوە و ھەموارکردنەوەی پرۆژەی دەستوری ھەرێمی کوردستان بەشێوازێک کە سیستەمی سیاسیی ھەرێم پەرلەمانی بێت. ھەر لەو بەشەدا ھاتووە: کارکردن بەو بنەما یاساییەی کە دەڵێت: «لە ھەر شوێنێک بەرپرسیارێتی ھەبوو لێپرسینەوەش ھەیە.» واتە: تا پلەی بەرپرسیارێتی بەرزتربێتەوە، باری لێپرسینەوەی پەرلەمانیش لەسەر کەسی بەرپرس قورستر دەبێت.

ھەروەھا لە خاڵێکی تردا دەڵێت: لێپێچینەوە و پرسیارکاریی پەرلەمانی لە ھەموو بەرپرسەکان، لە سەرۆکی ھەرێم ‌و سەرۆکی حکومەتەوە تا وەزیر ‌و ھەموو پلەدارەکانی بەرپرسیارێتی، سزادان و سەندنەوەی متمانە لێیان لەکاتی سەرپێچیی دەستوریی ‌و یاساییدا.

(٦) سەرۆک و کودەتای٣٠ی حوزەیران:

٢٠٠٩-٢٠١٣

لە خولی سێی پەرلەمانی کوردستاندا، جیا لە خواستی خۆپیشاندەران، پاشتر بە ڕاوێژو ئاگاداری نەوشیروان مستەفا لە دوو وێستگەی تریشدا کارمان بۆ گێڕانەوەی پرۆژەی دەستورو گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی کرد. لێرە بە کورتی باسیان دەکەم:-

یەک: لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١، لیژنەیەکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی سەرای ئازادیان کرد، داواکاری خۆپیشاندەرانیان ھێنایەوە بۆ پەرلەمان. لە ١٧ی ٣ی ٢٠١١ پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ داواکاری خۆپیشاندەرانی وەک بڕیاری ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١١ پەسەند کرد. لە یەکێک لە خاڵەکانی بڕیارەکەدا ھاتووە: پرۆژەی دەستوری ھەرێم دەگەڕێتەوە بۆ ھەموار کردنەوە و، سیستەمی حکومڕانی دەکرێت بە پەرلەمانی. دەقی ئەم بڕیارە لە لایەن دکتۆر کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی ئەو کاتەی پەرلەمانەوە لە ھەنگاوێکی زۆر نایاسایی و نابەرپرسانەدا کە پێشینەی نەبووە شاردرایەوە و، لە رۆژنامەی وقایعی کوردستان بڵاو نەکرایەوە! پاش (٩) مانگ و، دوای ئەوەی ڤیدیۆی رۆژی دانیشتنەکەی پەرلەمانم دەستکەوت دەقی بڕیارەکم داڕشتەوە و، لە رۆژنامەی ھاوڵاتی ژمارە (٧٩٢)ی رۆژی یەکشەممە ١٨ی ١٢ی ٢٠١١ بڵاوم کردەوە، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە گرنگە کە تاکە دەسکەوتی خۆپیشاندەران بوو، لانی کەم وەک دۆکۆمێنتێکی میژویی بمێنێتەوە.

دوو: بە مەبەستی گێڕانەوەی پرۆژەی دەستوری ھەرێم بۆ دەسکاریکردنی ناوەڕۆکەکەی بۆ سیستمی پەرلەمانی، لە ١٨ی ١ی ٢٠١٢ پڕۆژە یاسای ھەمواری سێھەمی یاسای پەسەندکردنی پرۆژەی دەستوری ژمارە (١٦)ی ساڵی ٢٠٠٨ مان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد. (٦٠) پەرلەمانتاری زۆربەی فراکسیۆنەکان بە پێکھاتەکانی تورکمان و کلدو ئاشورییەوە، واژۆیان لە سەر کرد، جگە لە پەرلەمانتارانی پارتی و سۆسیالیست نەبێت. دیسان کەمال کەرکوکی بەربەستی لە بەردەم ئەم ھەنگاوەش دروست کردو رێگەی نەدا پرۆژەکە بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانەوە، ھەر بەوەوە نەوەستا گوشارێکی توندی لە سەر نوێنەری پێکھاتەکانی تورکمان و کلدو ئاشوریی و، تاکە نوێنەرەکەی حزبی شوعی دروست کرد، ناچاری کردن واژۆکانییان لە سەر پرۆژکە بکێشنەوە، بەمەش ھەوڵەکەمان بێ ئاکام بوو(کۆپیەکی پرۆژەکەو واژۆکان لای خۆمە)

سێ: لە ھەوڵێکی تردا لە ١٨ی ١٢ی ٢٠١٢ پرۆژە یاسایەکی ترمان بە ناوی (پرۆژە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم) پێشکەش کرد، ئەم پرۆژە یاسایە بە تەواوی رەنگدانەوەی سیستەمی پەرلەمانی ھاوشێوەی بەغدا بوو،  (٥٢) پەرلەمانتاری زۆربەی فراکسیۆنەکان واژۆیان لە سەر کرد. دیسان پەرلەمانتارەکانی پارتی و سۆسیالست ئەمەشیان واژۆ نەکرد. سەبارەت بە پێکھاتەکانیش تەنھا یەک پەرلەمانتاری تورکمان بە ناوی (یاوز خورشید) کە پیاوێکی ئازاو رۆشنبیر بوو واژۆی خستەسەر، ئیدی ئەوانی تر نەیانویست جارێکی تر خۆیان توشی گوشارو کێشەی جارەکەی پێشو بکەن.

شەوی ١٧/١٨ی ١٢ی ٢٠١٢ مام جەلال لە بەغدا گیرۆدەی نەخۆشییەکەی بوو. رێککەوت وابو بەیانی رۆژی ١٨ی ١٢، واتە ھەر (١٠) کاتژمێرێک دوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی پرۆژەکەمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد. لێرشدا بە جۆرێکی تر مێژوو دووبارە دەبێتەوە.

لە مانگی ١ی ٢٠١٣، لە ژێر گوشاری پارتیدا، کۆسرەت رەسول فراکسیۆنی یەکێتیی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی لە ھەولێر کۆدەکاتەوەو، داوایان لێدەکات واژۆکانییان لە سەر پرۆژەکە بکێشنەوە. لەوێدا سێ پەرلەمانتاریان رازی نابن، چەند دانەشیان لە کۆبونەوەکە ئامادە نابن، ئیدی ئەوانی تر پاشگەز دەکرێنەوە.

رۆژانێک دواتر ھەواڵی ئەو پاشگەزکردنەوەیە لە (رۆژنامەی ھاوڵاتی) بڵاو بوییەوە، کاتێک پرسیارم لە پەرلەمانتارەکانی یەکێتیی کرد ھەواڵەکەیان سەلماند. ئەم پرۆژەیەش لە ژێر گوشاری پارتیی و بە ھۆی بێئیرادەیی یەکێتیی و سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە لەو کاتەدا گۆڕابو بە دکتۆر ئەرسەلان بایز  لە باربرا.

لە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٣ ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە سەر درێژکرنەوەی ویلایەتی مەسعود بارزانی پێکھاتن. رۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ دوو پرۆژە یاسایان ھێنایە پەرلەمان بە مەبەستی درێژکردنەوەی ویلایەتی پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ و دە رۆژ، ھەروەھا درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی بۆ دوو ساڵ. سەرلەبەیانی ھەمان رۆژ پەرلەمانیان کۆکردەوە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەکانی خۆیان بکات.(ئەمە لە کاتێکدا ئێمە ساڵێک زیاتر بو دوو پرۆژەمان بۆ پرسەکانی گێڕانەوەی پرۆژەی دەستورو، پەسەندکردنی یاسایەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم پێشکەشکردبوو، بەڵام دکتۆر کەمال و دکتۆر ئەرسەلان رێگەیان نەدەدا بخرێنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان) ئێوارەی ھەمان رۆژ جارێکی تر پەرلەمانیان کۆکردەوە و لە ھەنگاوێکی زۆر نا یاسایی و شەرمھێنەردا، ھەردوو پرۆژەکەی پارتی و یەکێتی تێپەڕێنرا.

سەرلەبەیانی و سەرلەئێوارەی ئەو رۆژ فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن ھەوڵی زۆرماندا رێگری بکەین، سەرئەنجام خولی سێی پەرلەمان بە کودەتاکەی ٣٠ حوزەیرانی ٢٠١٣ی درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی کۆتایی ھات. ئەو رووداوە وەک رۆژێکی رەش لە مێژووی حکومڕانی کوردییدا تۆمارە، لە پای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان لە پرۆسەیەکی نا دیموکراسی نا یاساییدا لە لایەن دوو حزبەوە بە کار ھێنرا بۆ دەسکاری یاسا بە پێی خواستی کەس و حزبێکی دیاریکراو.

(لێرەدا بە پێویستی دەزانم سەرنجێک بخەمەڕو: ھەندێک جار دەوترێت ئەو نھێنیانەی لە نێو حیزبدا رویداوە دەبێت بپارێزرێت، لەم روەوە پەنجە بۆ کاک نەوشیروان وەک نمونەیەکی جوان و پڕ ئەخلاق درێژ دەکرێت، بێگومان ئەمە راستە، بەڵام حەقیقەتەکە ئەوەیە کاک نەواشیرون لە ژیانی خۆیدا تەنھا ئەو نھێنیانەی دەپاراست کە پەیوەندی بە ژیانی کەسیەوە ھەبو، لە بەرامبەردا ھەمو ئەو روداو و زانیاریە نھێنیانەی کە پەیوەندی بە ژیان و چارەنوسی خەڵکەوە ھەبوایە لە وێستگەو بۆنەی جیاجیادا یان باسی دەکردن یان وەک کتێب و وتار بڵاوی. خوێنەرانی کتێبەکانی کاک نەوشیروان باش دەزانن بەشێکی گەورەی نوسینەکانی گێڕانەوی ئەو مێژوە سیاسیەیە کە خۆی تێیدا بەشدار بوەو لە گێڕانەوەکانیشیدا باسی کارو ھەڵوێستی ھاوڕێکانی کردوە. ھەر بە تەنھا ئەم یاداشتەی کە من کردومەتە بناغەی ئەم نوسینەی بەردەستان گەواھیدەری ئەو راستیەیە کە کاک نەوشیروان بڵاو کردنەوەی زانیاریە نھێنیە پەیوەندیدارەکان بە ژیانی خەڵکی بە ئەرکی خۆی زانیوە) 

(٧) سەرۆک و داخستنی پەرلەمان:

٢٠١٣-٢٠١٨

لە ٩ی ٤ی ٢٠١٥، کاک نەوشیروان بە رویەکی شادو بە چاکەت و چاویلکەیەکی رەشەوە لە دوای کۆبونەوەی لە گەڵ وەفدی سەرۆکایەتی پەرلەمان، لە بەردەم کامێراو مایکی رۆژنامەنوساندا، لە (٢٠) چرکەدا دیدی بزوتنەوەی گۆڕانی لە سەر سیستەمی حکومڕانی رون کردەوەو، وتی:"گونجاوترین سیستەمی سیاسیی بۆ کوردستانی عێراق سیستەمێکی پەرلەمانییە، ھاوشێوەی بەغدا."
بۆ خستنەروی بیروباوەڕی نەوشیروان مستەفا لە سەر سیستەمی پەرلەمانی، لە ناو یەکێتییدا لە سەروبەندی گفتوگۆکانی دروستکردنی سەرۆکایەتی ھەرێم، کە ھاوکات لەو سەروبەندەدا ئەندامی نووسینەوەی پرۆژەی دەستوری ھەمیشەیی عێراق بو، دواتریش لە ناو گۆڕاندا، ھەروەھا بۆ دەستنیشانکردنی تایبەتمەندی ئەو جۆرە سیستەمەو، پێدانی بەرچاوڕونی زیاتر بە خوێنەر، دەگەڕێمەوە بۆ ئەو وتارانەی لە ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ دا نووسیونی و، دواتر دەبن بە بەشێک لە یاداشتەکەی. دەشێت پوختەی تێگەیشتنی لە سێ خاڵدا بخەینە روو:-

یەکەم: پێی وایە بۆ ھێنانە کایەی سەقامگیری و رووبەرێکی فراوانتر لە ئازادیی و دیموکراسی دەبێت سیستەمی حکومڕانی پەرلەمانی بێت، بە جۆرێک سەرۆکی ھەرێم پۆستێکی رەمزی بێت، دەسەڵاتەکانی تەشریفاتی بێ، نابێت سەرۆکی ھەرێم سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێ. نابێت سەرۆکی ھێزی چەکدار بێت، نابێت دەزگاکانی ھەوڵگری و ئاسایش بە سەرۆکی ھەرێمەوە ببەسترێتەوە. نابێت مەلەفی پەیوەندی و ئابووری لای سەرۆک بێت. نابێت سەرۆک دەستێوەردان بۆ کاروباری دەسەڵاتەکانی دادگاو پەرلەمان بکات. داوای جێگیرکردنی مەبدەئی فەسڵی سوڵتات لە نێوان دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و حکومەت و دادوەری دەکات. بوونی دەسەڵاتی فعلی لای سەرۆکی وڵات بە مەترسی جدی دەزانێت، لەم رووەوە ئاماژە بۆ مۆدێلی میسرو ئێران وەک دوو مۆدێلی خراپ دەکات.

دووەم: بە پێویستی دەزانێ سەرۆکی ھەرێم لە ناو پەرلەمانەوە ھەڵبژاردنی بۆ بکرێت و، رێوشوێنی لێپرسینەوەو متمانە لێوەرگرتنەوەی روون بێت. ماوەی ویلایەت و خولەکانی مافی خۆھەڵبژاردنەوەی دیاریکراوبێت.  

سێیەم: لە درێژەی نووسینەکانیدا تایبەتمەندی دووانەیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە سیستمی پەرلەمانییدا رووندەکاتەوە. لەم سیستەمەدا دەسەڵاتی فعلی لای سەرۆکی حکومەتە و، لە ژێر چاودێریەکی توندی پەرلەماندایە. 

ئەو بنەما دەستوریانەی کە بۆ سیستەمی پەرلەمانی پێویستن، لە مادەکانی (٤٨ تا١٠١) دەستوری ٢٠٠٥ی عێراقی فیدراڵدا بە وردەکاری زۆرەوە جێگیر کراوە.

وتارو گفتوگۆکانی سەردەمی یەکێتیی و، بەشداری لە نووسینەوەی دەستوری عێراق و، بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان، گەواھیدەری ئەو راستیەن کە دیدی نەوشیروان مستەفا بۆ سیستەمی پەرلەمانی "ھاوشێوەی بەغدا" پێش ئەوەی دیدێکی دەستوری و یاسایی بێت دیدێکی سیاسیی قوڵ و دراسەکراوە، نەک وەک ئەوەی ھەندێک کەس رواڵەتیانە، بۆ مەرامی تایبەت بانگەشەی لە پاڵدا دەکەن. 

لە خولی چواری پەرلەماندا جارێکی تر ھەوڵەکانی گۆڕان بۆ راستکرنەوەی ھەڵەکانی رابردوی یەکێتیی و گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی دەستیپێکرد. لەو چوارچێوەیەدا لە ١٠ی ٦ی ٢٠١٥ فراکسیۆنی گۆڕان پرۆژە یاسای ھەمواری (یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموارکراو)ی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد. ئەو پرۆژەیە ھەمان پرۆژەکەی خولی سێی پەرلەمان بو، کە لە ١٨ی ١٢ی ٢٠١٥، پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان بە سەرۆکایەتی دکتۆر ئەرسەلان بایز کردبوو. لە چەند کۆبونەوەیەکدا لە گردەکە دەستکاریەکی کەممان کرد. دواتر ھەریەک لە یەکێتی و یەکگرتو و کۆمەڵ پرۆژەیان پێشکەش کرد، لە ھەنگاوەکانی پاشتردا پرۆژەیەکی ھاوبەش لە نێوان (گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتو، کۆمەڵ، بزوتنەوەی ئیسلامی) ئامادەکراو، پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا، لەم قۆناغەدا بەرەو پێشچوونی باش ھەبوو.

شانبەشانی ھەوڵ و کۆبونەوە ئاشکراکان، لەو قۆناغەدا بە ئاگاداری ھێرۆخان ھەردوو پەرلەمانتار (بێگەرد تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی و گۆران ئازاد ئەندامی ھەمان فراکسیۆن) بە بێ ئاگاداری فراکسیۆنەکەی خۆیان وەک ھەماھەنگییەکی دوو لایەنەی تایبەت، چەند جارێک سەردانی کاک نەوشیروانیان لە ماڵەکەی خۆی لە گردەکە کرد، لەو کۆبونەوانەدا کە منیش بەشدار دەبوم بە دیاریکراوی باس لە سیستەمی پەرلەمانی و قۆناغەکانی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەماھەنگی وردی نێوان گۆڕان و یەکێتیی و کۆسپەکانی سەر رێگە دەکرا. (دیارە لە سەر پرسی سیستمی حکومڕانی و سەرۆکایەتی ھەرێم پەیوەندی تایبەت لە نێوان کاک نەوشیروان و ھێرۆخان ھەبو، بەڵام من ئاگاداری ئاستی پەیوەندیەکان نەبوم.)

لەو سەروبەندەدا (عەلی حەمە ساڵح) پەرلەمانتاری گۆڕان بە کۆبونەوە نھێنیەکان دەزانێت و، بۆ چەند پەرلەمانتارێکی تری یەکێتیی دەگێڕێتەوە، ئەمەش پەرلەمانتارانی ئەو حیزبە توڕە دەکات لە سەر ئەوەی کە لە پشتی ئەوانەوە سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان کۆبونەوە لە گەڵ گۆڕان دەکات. بەمەش کۆتایی بەو ھەماھەنگییە ھات. کاک نەوشیروان ئەم ھەواڵەی زانی بو، رۆژێک لە ماڵەکەی خۆیدا، کە کاک رێبین ھەردیشی لێ بوو بە چەند قسەیەک نیگەرانی خۆی لە ئاشکراکردنی ئەو ھەماھەنگی و ھەوڵە نھێنیە دربڕی. 

گۆڕان لەم قۆناغەدا بە رابەرایەتی نەوشیروان مستەفا وەک جەمسەرێکی بەھێز لە گەڵ ھاوپەیمانەکانیدا چ لە ناو پەرلەمان و چ لە گفتوگۆ و دەسپێشخەریەکاندا ھەنگاوێکی ئازایانەی نا و رۆڵی سەرەکی بە مەبەستی گۆڕینی سیستمی حکومڕانی گێڕا، سەرئەنجام بە دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان کۆتایی ھات، ھەڵوێستی لایەنەکانی تر لە ئاست ئەو ھەنگاوەی پارتی لە ئاستی پێویستدا نەبوو!  (لەم قۆناغەدا وردەکاری زۆر ھەن ھەوڵ ئەدەم لە دەرفەتێکی تردا بە تێروتەسەلی باسی بکەم)

(٨) ریفراندۆم و کۆتایی بارزانی:

٢٠١٧-٢٠١٨  

بە پێی یاسا بەرکارەکان دەبوو لە مانگی ١١ی ٢٠١٧ ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ھەرێم پێکەوە ئەنجام بدرێت. پێشوەخت و، لە ٢٤ی ١٠ی ٢٠١٧ پەرلەمان تەمەنی خۆی بۆ ساڵێک درێژ کردەوە، واتە تا مانگی ٦ی ٢٠١٨، لە کاتێکدا لە ٦ی ١١ی ٢٠١٧ کۆتایی پێدەھات. لە ھۆکارەکانی دەرچواندنی یاسای درێژکرنەوەی پەرلەماندا دوو پاساو ھاتبوو. یەکەم: لە بەر ئەوەی ناوچە دابڕاوەکان ناتوانن بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمان بکەن، لە کاتێکدا بەشداری ریفراندۆمیان کردووە. دووەم: پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە لایەن کۆمسیۆنەوە. ھەردوو پاساوەکە بۆ شەرعیەتدان بوو بە دواخستنی ھەڵبژاردنەکان، کە پارتی لەو کاتەدا زۆر پێویستی بەم دواخستنە ھەبوو. (لە ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ کە ھەڵبژاردنی پەرلەمان کرا، نە ناوچە دابڕاوەکان بەشداریان کرد، نە تۆماری دەنگدەران بە باشی پاککرایەوە!)    
پاش ریفراندۆم و رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، لە ژێر گوشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا مەسعود بارزانی لە ٢٩ی ١٠ی ٢٠١٧، لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستانی کرد، دەستی لە پۆستەکەی بەردا. ھەمان رۆژ پەرلەمان بە خواستی پارتی (یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٧، یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم)ی پەسەند کردوو، بۆ یەکەمجار دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی ھەڵپەساردو، دەسەڵاتەکانی سەرۆکیشی بە سەر حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەریدا دابەش کرد. 

لێرەدا سەرنج بدەن؛ نەوشیروان مستەفا لەو بەشەی یاداشتەکانییدا باسی ئەوە دەکات ھەر لە سەرەتاوە پرۆژە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بە باڵای بارزانیدا بڕابوو، وەک درێژکراوەی ئەو رابردووە کاتێک لە ٢٠١٧ دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت، لە بری ئەوەی کەسێکی نوێ بۆ شوێنەکەی ھەڵبژێردرێ، ئەمە ناکرێت، بەڵکو سەرۆکایەتی ھەرێم وەک دامەزراوە "ھەڵدەگیرێ". ھەڵگرتن وەک ئەمانەتێکی ماڵباتی بارزانی تا لە دەرفەتێکی گونجاودا توانای وەرگرتنەوەیان دەبێت.

بە پێی مادەی (١)ی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم، ھەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم پێکەوە دەکرێت. ئەو کاتەش "ھەمان ئەو ساڵەیە کە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ کردوەتەوە".

(٩) مەرسومێک بە خواستی پارتی:

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت، لە سەر ئەو بنەمایەی لە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێمدا دەسەڵاتی دەرکردنی مەرسومی پێ درابوو، لە ٨ی ٥ی ٢٠١٨ بە مەرسومی ژمارە (١)، رۆژی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد. تێیدا داوا لە کۆمسێون دەکات ئامادەسازییەکانی بۆ "ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" لە رۆژی دیاریکراودا دەستپێبکات. 

لێرەدا سەرنج بدەن؛ لە کاتێکدا بە پێی یاسا بەرکارەکان (یاسای ھەڵبژاردن و یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم) دەبوو ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێم لە یەک رۆژدا بکرێت، بەڵام مەرسومەکەی نێچیرڤان بارزانی تەنھا بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بو، واتە بێدەنگی لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم کردبو. 

ئەمەش بەڵگەی ئەوەبوو پاش درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ساڵێک و، ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی بۆ ھەمان ماوە، جارێکی تر پارتی نایەوێت ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ھەرێم لە گەڵ پەرلەمان بکرێ، بەڵکو دەیەوێت لە یەکیان جیا بکاتەوە. ھەڵبژاردنی پەرلەمان بکرێت، بەڵام بۆ جاری دووەم ماوەی ھەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک درێژ بکرێتەوە، تا کاتێکی نا دیار.  

سەرنجێکی تریش ئەوەیە، لە نێوان رۆژی دەرکردنی مەرسومەکەی نێچیرڤان بارزانی کە ٨ی ٥ی ٢٠١٨ بو، بۆ رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ی دیاری کردبوو، تەنھا چوار مانگ و بیست رۆژ دەرفەت لە بەردەم پارتیدا مابوو، بۆ ئەوەی یان لە سەر چارەنووسی سەرۆکایەتی ھەرێم لە گەڵ لایەنەکان بگاتە رێککەوتن، یان دەبێت جارێکی تریش تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوەو ھەڵبژاردن دوابخرێت، تا ئەو کاتەی رێککەوتن لە سەر چارەنووسی ئەو دامەزراوە ھەڵپەسێردراوە دەکرێت.

(١٠) گرێکانی پارتی:

پاش شکستی ریفراندۆم و دورکەوتنەوەی بارزانی "ھەڵگرتن" یان "ھەڵپەساردن"ی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و، دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی و دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەو ماوەیەدا پارتی لە ژێر گوشاری کاتدا، لە نێو تەنگەژەیەکدا کە راستەوخۆ پەیوەندی بە ماڵباتەوە ھەبوو گیریان خواردبوو. ئەم تەنگژەیە وەک سێ گرێکوێرەی پێکەوەگرێدراو لە سێ لاوە گەمارۆی دابون:

گرێی یەکەم: بە پێی یاسا لە پاش ساڵێک جارێکی تر دۆسیەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم دەھاتە پێش، کە دەبوو لەو ماوەیەدا پەرلەمان یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم ھەڵوەشێنێتەوەو بە پێی یاسا کۆنەکە، واتە یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥، لە گەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی ھەرێمیش بکرێت. 

گرێی دووەم: ئەگەر ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی ھەرێم بکرێت، بارزانی بۆی نەبوو خۆی ھەڵبژێرێتەوەو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش رازی نەدەبوون. 

گرێی سێیەم: وەک ئەوەی بارزانی مافی خۆ‌ھەڵبژاردنەوەی نەبوو، لە ھەمان کاتدا بۆ پارتی و ماڵبات پێشھاتێکی نامۆ بوو، کەسێکی تر بە ھەڵبژاردنی راستەوخۆ لە ناو خەڵکەوە بەو دەسەڵاتە زۆرەوە بچێتە شوێنەکەی. بە تایبەت پاش بێ ئاکام بوونی ریفراندۆم و بەڵێنەکانی؛ ئەم جۆرە دورکەوتنەوەیە وەک شکست و بچوککرنەوەی ھەیبەتی بارزانی دەبینرا.

لە دەر لەو گرێیانەش پارتی دەیزانی پاش کۆتایی مەسعود بارزانی، ھەر کاندیدێک دیاری بکات بۆ ھەڵبژاردنی لە ناو خەڵکەوە ئەگەری دەرچونی زۆر کەم بو، چونکە پاش ریفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەر لە لایەک خەڵکی بە تەواوی لە دەسەڵات توڕە بون، لە لایەک ترەوە ئاڵۆزی وخراپی پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی گەیشتبووە ئاستێک، دەرفەتی تێدا نەمابوو وەک جاران لە سەر کاندیدێکی ھاوبەش رێک بکەون.

(١١) بژاردەکانی دەربازبوون:

لەو قۆناغەدا دەبوو پارتی دەرچەی دەربازبوون لەو تەنگەژەیە بدۆزنەوە. بە جۆرێک ھەم ھەیبەتی بارزانی پارێزراوبێت، ھەم دامەزراوی سەرۆکایەتی ھەرێمیان بە "ھەڵگیراوی" بۆ بمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی دەرفەتی وەرگرتنەوەیان دەبێ. بۆ ئەمەش پێویستیان بە ڕێککەوتن و سازش بۆ لایەنەکانی ترە. 

گوشاری کات و تەنگژەی ھەمەلایەنەی سەرۆکایەتی ھەرێم وەک چۆن لەو ماوەیەدا بۆ پارتی خاڵی ھەرە لاواز بوو، لە بەرامبەردا بۆ ھێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەرفەتێکی زێڕین بوو، بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر بنەمای سازانی نێوان ھەموو لایەنەکان چارەسەری ریشەیی کێشەکە بکرێت.  

لەم قۆناغەدا لانی کەم چوار بژاردە لە بەردەم لایەنەکاندا ھەبوو، بۆ ئەوەی رێککەوتن لە سەر یەکێکیان بکرێت. رێککەوتن لە سەر ھەر یەکەیان بە جۆرێکی جیاواز لەسێ بژاردەکەی تر، کاریگەری لە سەر چارەنووسی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و سیستەمی حکومڕانی و بەرژەوەندی پارتی و ھاوسەنگ ناو ماڵباتی بارزانی دادەنا: 

بژاردەی یەکەم: کاراکردنەوەی یاسا کۆنەکە (یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ٢٠٠٥): دەکرا پەرلەمانی کوردستان جارێکی تر یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک، کە لە ٢٩ی ١٠ی ٢٠١٧ دا پەسەندی کردبوو، ھەڵوەشینێتەوەو لە بەرامبەردا یاسا کۆنەکە کارا بکاتەوەو، نێچیرڤان بارزانی ناچار بکرێت مەرسومی ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی ھەرێمیش دەرباکات، ئەو کات ھەردوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ھەرێم لە ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ یان لە ھەر وادەیەکی تردا بکرێت، بە مەرجێک ئەو وادەیە لەو ساڵە درێژکراوەی پەرلەمان تێپەڕ نەکات. 
ئەوکات دەتوانرا بەشێک لە لایەنەکان کاندیدێکی ھاوبەشیان ھەبێت، دەنگی پێویستیشی لە ناو خەڵکدا بۆ کۆبکەنەوە. وەک چۆن پێش درێژکرنەوەی تەمەنی پەرلەمان و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم محەمەد تۆفیق رەحیم وەک کاندیدی گۆڕان خۆی بەربژێر کرد، لەم گریمانەیەی تریشدا دەکرا کەسێکی گونجاوتر بەربژێر بکرێت.

بژاردەی دووەم: سیستەمی ھاوشێوەی بەغدا: دەکرا پەرلەمانی کوردستان بە سازانی نێوان زۆرینە یان ھەموو لایەنەکان یاسا کۆنەکە (یاساکەی ٢٠٠٥) بە شێوەیەکی ریشەیی ھەموار بکاتەوە یان بە تەواوی ھەڵیوەشێنێتەوەو پرۆژەیەکی نوێ یان ئەو پرۆژەیەی کە پێش داخستنی پەرلەمان لە لایەن پێنج لایەنەکەوە پێشکەش کرا، لە پەرلەماندا گفتوگۆو پەسەند بکرێ و، سیستەم ھاوشێوەی بەغدا لێبکرێت. دواتر ھەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێ و، پەرلەمانی نوێش سەرۆکی رەمزی ھەرێمی ھەڵبژێرێت.

لەم بژاردەیاندا ئەو ئەگەرە گەورە بوو پارتی بە تەواوی لە سەرۆکایەتی ھەرێم دور بکەوێتەوەو، ئامادە نەبێت جارێکی تر کەسێکی ناو ماڵباتی بۆ کاندید بکەن. چون ئەوان باوەڕیان بە سەرۆکێکی بێ دەسەڵاتی رەمزی نەبوەو نییە. وەک چۆن بۆ بەغدا دکتۆر فوئاد حوسێن یان بۆ سەرککۆماری عێراق بەربژێر کرد، نەک کەسێکی ناو ماڵبات.

بژاردەی سێیەم: ھەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم: دەکرا پەرلەمانی کوردستان بە یەکجاری دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم ھەڵوەشێنێتەوەو، دەسەڵاتەکانی سەرۆکیش، بە شێوەیەک دابەش بکات کە رۆڵ و پێگەی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری بەھێز ببێت. ئەم بژاردەیەش شانسی سەرکەوتنی گەورە دەبوو، چونکە لە لایەک گۆڕان ئەمەی پێ باشبوو، ھەروەھا یەکگرتوش بە رەسمی داوای ھەڵوەشاندنەوەیان کردبوو، کۆمەڵیش لاری نەبوو، یەکێتیش بە ھەڵوەشاندنەوی سەرۆکایەتی ھەرێم ھیچ زەرەرێکیان نەدەکرد. "دەسپێشخەرییەکی لەم جۆرەشیان ھەبوو"، بەو پێیەی لە بەغدا پۆستی سەرۆککۆمار (دکتۆر فوئاد مەعسوم) یان لابوو، بە ھەڵوەشاندنەوی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم کە پێشتر ھەڵپەسێردرابوو ھیچیان لە دەست نەدەدا. 

بژاردەی چوارەم: ھەڵپەسارنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم: ئەمەیان درێژەدان بوو بە ھەمان ئەو بژاردەیەی کە پارتی لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی بارزانی، لە ٢٩ی ١٠ی ٢٠١٧ پەنای بۆ برد. لەمەدا دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم وەک خۆی "ھەڵدەگیرێ" و دەسەڵاتەکانی سەرۆکیش ھەر بە دابەشکراوی دەمێنێتەوە.

(١٢) رێویەک بە لۆگۆی گۆڕانەوە: 

لە کاتێکدا ئەو دەرفەت و بژاردانەی سەرەوە رەخسا بوون، بۆ ئەوەی بە ھەماھەنگی لە گەڵ لایەنەکانی تر زیرەکانە کار لە سەر باشترینیان بکرێت و، ھەوڵ بدرێت پاش شکستی سیستەمی سەرۆکایەتی ھەرێم و ریفراندۆم و، رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و، پاش دورکەوتنەوەی بارزانی، پارتی بھێنرێتە ژێر بار بۆ رێککەوتن و کۆتایھێنان بە کێشەی سیستەمی حکومڕانی و سەرۆکایەتی ھەرێم و، راستکردنەوەی ئەوھەڵەیەی کە لە ٢٠٠٤، مام جەلال تێیدا بەشدار بوو. 

کەچی وەک ئەوەی رێوی بە پیری پارتیوە چوبێ، لە ھەنگاوێکی کوتوپڕو چاوەڕواننەکراودا، بە بێ بڕیارو ئاگاداری جڤات و ئۆرگانەکانی گۆڕان لە ٩ی ٧ی ٢٠١٨، لە لایەن چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕانەوە پرۆژە یاسایەک بە ناوی (یاسای ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم) پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا. بۆ ھەمان مەبەست فراکسیۆنی پارتیش چەند رۆژێک پێشتر پرۆژەیەکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردبوو. 

لە پارتی ھەر ئەوە چاوەڕوان دەکرا بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان پرۆژەکەیان داڕشتبێ. بەڵام ئەوەی مایەی شۆک بوو پڕۆژەی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان خزمەتێکی گەورەی بێبەرامبەر بو بە پارتی و، بە ئاشکرا لەو قۆناغەدا لە تەنگژەیەکی گەورە رزگاری دەکردن و، پێشەکی (موقەبیلات) ێکی رازاوە بوو، بۆ ئەوەی دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جارێکی تر لە سەر سینیەکی زێر سەرۆکایەتی ھەرێم پێشکەش بە پارتی و ماڵباتی بارزانی بکرێتەوە.

پرۆژەی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان لە (٦) مادە پێکھاتبوو، لە مادەی یەکەمیدا ھاتووە: ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم ھاوکات لە گەڵ ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجام نادرێت.

مادەی دووم: بڕگەی یەکەم دەڵێت: کارکردن بە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم بە سەر دامەزراوە دەستوریەکانی ھەرێم، ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٧ بەردەوام دەبێت. لە بڕگەی دووەمی ھەمان مادەدا باسی ئەوە دەکات: دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێم لە سەر کارەکانی بەردەوام دەبێت و لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کارەکانی ئەنجام دەدات.

ھەروەھا لە مادەی سێیەمدا ھاتووە: پێویستە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی دوو وەرزی گرێدانی ساڵی یەکەمیدا لە ژێر رۆشنایی پێوەرە گشتیە دەستوریەکاندا بڕیار لە سەر چارەنووسی دامەزراوەی ھەرێم بدات.

ئامادەکردن و پێشکەشکردنی ئەم پرۆژەیە چاونوقاندن بوو لە سێ بژاردەی باش و باشترو باشترین، لە بەرامبەردا دەستبردن بوو بۆ خراپترین بژاردە، لە بەرژەوەندی پارتی کە "بژاردەی چوارەم" بوو.

بە پێی ئەم پرۆژەیە دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم وەک خۆی تا دوای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان جارێکی تر بە سڕکراوی و دەستلێنەدراوی بۆ پارتی ھەڵدەگیرێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە سەر دەستی گروپێکی گۆڕان.  

لە لایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە (کە لە دوای دورخستنەوەی دکتۆر یوسف محەمەد، جەعفەر ئیمنیکی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی سەرۆکی پەرلەمان بوو)، پرۆژکەی چەند پەرلەمانتارەکەی گۆڕان بە خێرایی خرایە بەرنامەی کارەوە. لە ١٠ی ٧ی ٢٠١٨ لە ھۆڵی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، لە ١١ی ٧ی ٢٠١٨ پەسەند کرا. واتە لە ماوەی (٤٨) کاتژمێردا پەرلەمان پرۆژەکەی پەرلەمانتارەکانی گۆڕانی پەسەند کرد. (لە ٨ ساڵی بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمان، ئەوە یەکەم جاربوو پرۆژەیەک "بە ناوی گۆڕانەوە" بێ دەستکاری و وەک خۆی و بەو خێراییە پەسەند بکرێت)

رەنگە لای خوێنەر ئەو پرسیارە دروست بێت ئایا لەو سەروبەندەدا ھیچ ھەوڵ و پێسنیازێکی تر ھەبو؟ بۆ وڵامی ئەم پرسیارە دەمەوێ ئەوە بڵێم لە ٢٩ی ٥ی ٢٠١٨ لە سەر پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و ئامادەباشی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چۆنێتی ھەڵسوکەوت لە گەڵ ئەو پرسە، نووسراوێکم دا بە خانەی راپەڕاندن و، بە ڤایبەرو وەتسئەپیش بۆم ناردن، ئەگەر نەیانسڕیبێتەوە ئێستاش لە مۆبایلەکانییاندا ماوەو، بە زارەکیش چ لە گەڵ رێکخەری گشتیی و چ لە گەڵ بەشێک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن قسەمان کرد، بەڵام پرۆژەی پەرلەمانتارەکانی بە سەردا ھات.

(١٣) گردەکە بێ ئاگایە:

لە کاتێکدا پێشتر لە نێوان "گروپێک"ی گۆڕان و پارتی دا رێککەوتنێکی نھێنی دەکرێت، لە سەر ئەو بنەمایە پرۆژە یاسایەک بە ناوی گۆڕانەوە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێ و، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێ، پاشان لیژنەی یاسایی پەرلەمان کۆبونەوەی لە سەر دەکەن، ئەم بابەتە دەبێتە جێگای باسی میدیاکان و، رەخنەی بەشێک لە فراکسیۆن و پەرلەمانتاران و چاودێران، لەو سەروبەندەدا گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لە نێوان کاک عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین پەرلەمانتاری گۆڕان دەبێت؛ سەید عومەر بە رون و راشکاوی ئاماژە بەوە دەدات کە ئاگای لە ئامادەکردن و پێشکەش کردنی پرۆژەی چەند پەرلەمانتارەکەی گۆڕان نەبوە. دکتۆر شێرکۆ ئەم سەربوردەیەی لە بەردەم بەشێکی زۆر لە ئەندامانی جڤاتی گشتی گێڕایەوە.

کاتێک بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی تری گۆڕان بۆیان رووندەبێتەوە کە پرۆژەکە بە شێوەیەکی نھێنی و بێ ئاگاداری رێکخەرو، خانەی راپەڕاندن و، جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی و، بێ ئاگاداری ژوری یاسایی و، ژوری پەرلەمان وحکومەت و، ژوری توێژینەوەی سیاسیی ئامادەکراوە، ھەڵوەستە دەکەن. لەم کاتەدا مامۆستا جەلال جەوھەر کە ئەندامی خانەی راپەڕاندن و سکرتێری فراکسیۆنەکانە، لە گروپی ڤایبەری فراکسیۆنی گۆڕان کە ئەمیشی تێدا دەبێت، بۆ ھێورکردنەوەی پەرلەمانتارەکان روونکردنەوەیەک دەنووسێت و دەڵێت: "پرۆژەکە ھی گۆڕانە".
ئەم "بەماڵکردنەی" پرۆژەی چەند پەرلەمانتارەکە لە سەر بزوتنەوەی گۆڕان لە لایەن جلال جەوھەرەوە  کە تەواو "ناڕاست بوو" ئەشێ بۆ ئەوە بوبێت توشی ھەمان ئیحراجی رێکخەری گشتی نەبێت، بە ھۆی بێئاگابوونی لە ئامادەکردن و پێشکەشکردنی. خۆ ئەگەر بە ئاگاداری ئەویش کرابێت ئەوە ھەر خراپتر، چونکە بە ھیچ جۆرێک نە ئەو و، نە رێکخەر و، نە خانەی ڕاپەڕاندنیش ماف و دەسەڵاتی ئەوەیان نەبوو رێککەوتنێکی نھێی لە گەڵ حزبێکی تردا لە سەر پرسێکی ھەستیاری وەک سەرۆکایەتی ھەرێم بکەن، چونکە بە پێی مادەی (١) لە بەشی (٩)ی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان جڤاتی نیستیمانی ئۆرگانی باڵای بڕیاردانەو، لە دوای دەسەڵاتی کۆنگەرە تەنھا چڤاتی نیشتمانی دەیتوانی بڕیارێکی وەھا وەرگرێت. 

پاش زەقبوونەوی گومانەکان، لەو سەروبەندەدا بە رونی تێبینی کرا جگە لە برزۆ مەجید سەرۆکی فراکسیۆن و، عەلی حەمە ساڵح و، بەھار مەحمود، ئیدی ھیچ پەرلەمانتارێکی تری گۆڕان بەوانەشەوە کە پێیان وترابوو ھی گۆڕانەو بەو ھۆیەوە واژۆیان لە سەر کردبوو، نە لە ھۆڵی پەرلەماندا، نە لە میدیاکانیشدا بەرگریان لە پرۆژەکە نەکردو، تەنانەت ھەندێکیان پاشگەزبونەوەو لە کاتی پەسندکردنیدا دەنگیشیان پێ نەدا.
ھەمان ئەو رۆژەی پرۆژەکە لە پەرلەمان پەسەند کرا، دکتۆر یوسف محەمەد لە وتارێکدا بە ناونیشانی (یاسای ھەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم)، کە لە میدیاکانی گۆڕان و ھەندێک میدیای تردا بۆی بڵاو کرایەوە، پاساو بۆ پێشکەشکردن و پەسەندکردنی یاساکە دەھێنێتەوەو، وەک بژاردەیەکی باش وەسفی دەکات.

لە بارەی شێوازی ئامادەکردن و پێشکەشکردن و مەترسی ناوەڕۆکی پرۆژەکە، عومەر عینایەت پەرلەمانتاری ئەو کاتەی فراکسیۆنی گۆڕان، کە خۆی لە ناو بەشێک لە رووداوەکەدا بووە، لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (کێن ئەوانەی گۆڕانیان بەرەو ھەڵوەرین برد؟!)، کە لە ٥ی ١٠ی ٢٠١٨ لە ماڵپەری (سپی میدیا) بڵاو کراوەتەوە، لە چەند خاڵێکدا باسی ھۆکارەکانی شکست و ھەڵوەرینی گۆڕان دەکات. لە بەشێکی نووسینەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات لە مانگی ٧ی ٢٠١٨ دا چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان بە بێ ئاگاداری ئۆرگانە فەرمیەکانی گۆڕان پرۆژە یاسایەکیان لە بەرژەوەندی پارتی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد. 

لەو بارەوە دەڵێت:"چەند ئەندامێک لە فراکسیۆنەکەی خۆمان پرۆژە یاسایەکیان ھێنایە ناو فراکسیۆن بە ناوی پرۆژەی ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم، لە رێگەی سەرۆکی فراکسیۆنەوە داوای واژۆکردنیان لە ئەندامان کرد، کاتێک گەیشتە لای بەندە سەرنجمدا چەند کەسێکی کۆمەڵی ئیسلامی واژۆیان کردوەو کوژاندویانەتەوە، من واژۆم نەکرد." 

عومەر عینایەت باسی ئەوەش دەکات "جارێکی دیکە سەرۆکی فراکسیۆن پرۆژەکەی بۆ ھێنامەوە، پێم وت: ئەمە پرۆژەی پارتییە یان خۆمان؟ وتی: ھی خۆمانە لە گردەکەوە بۆم ھاتووە، پێموت: ئەمە لە خزمەت پارتییدایەو لە پرۆژەکەی ئەوان بە سود ترە بۆ خۆیان من واژۆی ناکەم و دژی دەبم و ھەرواشم کردو، ھانی ھاوڕێیانیشمدا کە واژۆی نەکەن."

پەرلەمانتارکەی پێشوی گۆڕان دەڵێت:"...چۆن پرۆژەکە ئامادە کرا! چۆن واژۆی بۆ کۆکرایەوە! تەنانەت رێکخەری گشتی و ژوری سیاسیی و یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان و لە سەروی ھەموویانەوە چڤاتی نیشتمانی بێئاگا بوون."

رۆژی پەسەندکردنی پرۆژەکەو دواتریش بە شێوەی جیاجیا پارتی دەستخۆشی و سوپاسی ئەو گروپەی گۆڕانیان کرد، کە پرۆژەکەیان پێشکەش کردبوو. لە ١٢ی ٧ی ٢٠١٨، واتە رۆژێک دوای پەسەندکردنی پرۆژەکەی چەند پەرلەمانتارەکەی گۆڕان لە پەرلەماندا، جەعفەر ئیمنیکی لە گفتوگۆیەکیدا لە گەڵ بەشی کوردی رادیۆی دەنگی ئەمریکا دەڵێت:" ھەڵپەسارنی سەرۆکایەتی ھەرێم پرۆژەی فراکسیۆنی پارتی و گۆڕان بوو" ھەروەھا دەڵێت:"ئەو یاسایەی دوینێ پێویست بوو، گرفتێکی چارەسەر کرد، بە راستی دەستخۆشی بۆ ئەوانەی پشتیوانیان کرد، ھەرچەندە وەک سەرۆکایەتی دەبێت بێ لایەن بین، بەڵام خۆشم دەنگم پێدا!"

عومەر عینایەت لە وتارەکەیدا، لە بارەی ھەڵوێستی ھەردوو فراکسیۆنەکەی دەسەڵاتەوە لەو کاتەدا، ئەوە ئاشکرا دەکات، فراکسیۆنی پارتی بە گەرمی پێشوازیان لە پرۆژەی چەند پەرلەمانتارەکەی گۆڕان کرد. لە بەرامبەردا ھەندێک لە پەرلەمانتارانی یەکێتیی "پێیان دەوتین بەم پرۆژەیەتان ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ی ئێمەتان سڕییەوە."

(١٤) دیزە بەدرخۆنە کردن:

پاش بە دواداچوون بۆ وردەکاری و دیوە شاراوەکانی چۆنێتی ئامادەکردن و پێشکەشکردنی پرۆژە یاسای ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم، دەرکەوت ئەوانەی راستەخۆ لە فراکسیۆنی گۆڕان دەستیان لە ئامادەکردن و پێشکەشکردنی ھەبووە، ھەریەکە لە برزۆ مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، دکتۆرە بەھار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی، عەلی حەمە ساڵح کە لینکی پەیوەندییەکان بو لە گەڵ پارتی و لە پەرلەماندا لە گەڵ دکتۆر فرسەت سۆفی پەرلەمانتاری پارتی، لە سەر ئاستی گردەکەش بە پلەی یەکەم دکتۆر یوسف محەمەد بە تەواوی بەشدارو ئاگادار بوو. 
یەکەم کەس کە ھەڵوێستی لە ئاست ئەو بابەتە وەرگرت دکتۆر بایەزید حەسەن بەرپرسی بەشی پەرلەمان بوو، لە ژوری حکومەت و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان، کە وەک دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست ئامادەکردن و پێشکەشکردنی ئەو پرۆژە یاسایە لە لایەن چەند کەسێکەوە، بە بێ دراسەو بەبێ بڕیارو ئاگاداری ئۆرگانەکانی گۆڕان، یەکسەر ھەڵوێستی وەرگرت و رۆیشتە ماڵەوە.

ھەر لەو سەروبەندەدا چەندین ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی و ھەڵسوڕاو بە شێوەو رێگای جیاجیا داوای لێکۆڵینەوەیان لەو بابەتە کرد. یەکێک لەو ھەوڵانە داواکاری ژمارەیەک ھەڵسوڕاوی گۆڕان بوو کە پێکھاتبوون لە (دکتۆر چیا عەباس، دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین، دکتۆر ئیسماعیل نامیق، رەوەز ھەڵکەوت، دکتۆر غالب محەمەد، کاوە محەمەد، دکتۆر ئەمین بەکر، دکتۆر ئومێد حمە عەلی، عەبدوڵای مەلا نوری) لە پرۆژەیەکدا کە بە مەبەستی چارەسەری کێشەکانی گۆڕان، لە مانگی ٨ی ٢٠١٨ ئاڕاستەی رێکخەری گشتی و جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیان کرد، لە یەکێک لە خاڵەکانی داواکاریەکەیاندا بەم شێوەیە داوای پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەکەن: "پێکھێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە بارەی چۆنێتی ئامادەکردن و دەنگدان بە یاساکانی تیرۆر و ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم، کە لە لایەک جڤاتی گشتی و چڤاتی نیشتمانی و، رێکخەری ژورەکان و تەنانەنەت ئەندامانی خانەی راپەڕاندنیش ئاگاداری نەبوون. نەک ھەر ئەوە دەبوایە ھێزە سیاسییە ھاوپەیمانەکانیش لەم پرسە ئاگادار بوونایە. لە لایەکی ترەوە لادانێکی مەترسیدارە لە پرنسیپە بنچینەییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، کە لە رووی سیاسیی و جەماوەریەوە ئەو بابەتە لە سەر گۆڕان کەوتووە." 

لە ئەنجامی ئەو ھەوڵانە لە جڤاتی گشتی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە دروستکرا. دواتر بە پاساوی ئەوەی ئیحراجی زیاتر بۆ بەرپرسان و ئۆرگانەکانی گۆڕان دروست نەبێت، کە بە بێ پرسی ئەوان دەست بۆ شتێکی وا ھەستیار براوە، ھەروەھا لە بەر ئەوەی لەو کاتدا رۆژ لە دوای رۆژ لە ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ نزیک دەبوینەوە، ئەگەر بە فەرمی بەدواداچوون بۆ ئەو رێککەوتنە بکرایەو دەرئەنجامی بەدواداچوونەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرایە، دەنگدەرانی گۆڕانی توڕە دەکردو زیانی گەورەتر بەر گۆڕان دەکەوت، بۆیە بابەتەکە پەردەپۆش کراو ھەوڵەکانیش راگیران.

مامۆستا ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەی بۆی گێڕامەوە، کە ئەوانیش ئاگایان لە رێککەوتنی یاسای ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم نەبووە. لەو بارەوە وتی:"ھەر پرسیشمان پێ نەکرا، بە دزییەوە کرابوو، رای ئێمە وەر نەگیرا، کاتێک پێمان زانی تێپەڕێنرابوو!" لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد"دەبوو جڤاتی نیشتمانی و ھەموو ئۆرگانە بەرپرسەکان بڕیار لە سەر ئەم بابەتە بدەن، نەک چەند کەسێک." ھەروەھا وتیشی:" لە سەر ئەو پرسە لیژنەی لێکۆڵینەوەمان پێکھێنا، بەڵام ھەندێک لەوانەی کە لە پشتی بابەتەکەوە بوون خۆیان بە دەستەوە نەدەدا."

(١٥) مەنجەڵ لە کورە گەرمتر بوو:

لێرەدا بۆ رونکردنەوەی زیاتر ناچارم تایتڵی ھەندێک روداو دوبارە بکەمەوە. وەک لە سەرەوە وتمان لە ٢٩ی ١٠ی ٢٠١٧ کاتێک بارزانی دەستبەرداری پۆستەکەی بوو، بۆ یەکەم جار پەرلەمان دەسەڵاتەکانی سەرۆکی بە یاسای ژمارە (٢) ساڵی ٢٠١٧ دابەش کرد، ئەو دابەش کردنە بۆ ساڵێک بوو، واتە بۆ ئەو ساڵە بوو کە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژ کردبوییەوە. بەم جۆرە لە مادەی (١)ی یاساکەدا ھاتووە:"دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم تا ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکی ھەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەسەر دامەزراوە دەستوریەکانی ھەرێم دابەش دەکرێن..."

لە مانگی ٧ی ٢٠١٨، بە چەند رۆژێک پێش پرۆژەی چەند پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، بۆ جاری دووەم فراکسیۆنی پارتی بە مەبەستی ئەنجام نەدانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ھەرێم لە گەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمان و، درێژەدان بە دۆخی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک تا کاتێکی نادیار پرۆژەیەکیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، پرۆژەکەی پارتی بە ناوی (پرۆژە یاسای ھەمواری یەکەمی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم بە سەر دامەزراوە دەستوریەکانی ھەرێم ژمارە ٢ ی ساڵی ٢٠١٧)، کە لە یەک مادەی سەرەکی پێک ھاتبوو، دەڵێت:"ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم تا پەسەندکردنی دەستوری ھەمیشەیی ھەرێمی کوردستان-عێراق بە سەر دامەزراوە دەستوریەکانی ھەرێم بەردەوام دابەش دەکرێن."

لە ١٠ی ٧ی ٢٠١٨ لە وڵامی کچە رۆژنامەنووسێکی NRT یدا، کە دەپرسێت ئایا پرۆژەکەی گۆڕان و پارتی لە یەک دەچن؟ عەلی حەمە ساڵح دەڵێت:"...بە عەکسەوە زۆر جیاوازن، ئەوەی پارتی دەڵێت ئیستمراریەتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، ئێمە دەڵێین ھەڵپەساردنی دامەزراوەکە لە ئێستادا، ئەوان دەڵین ئەم دابەشکردنی دەسەڵاتە بەردەوامبێت تا نووسینەوەی دەستور، ئێمە دەڵێین نەخێر لە خولی ئایندەی پەرلەمانەوە لە سەرەتای خولەکە ئایندی دامەزراوەکە یەکلایی بێتەوە، چارەنووسی دامەزراوەکە لای ئێمە ھەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکەیە لە خولی ئایندە تا ئەو مەرحەلەیە دەڕۆین."

لێرەدا با بزانین جیاوزی نێوان پرۆژەکەی پارتی و گۆڕان بە چ ئەنجامێکی گەیاندین؟

خودی پارتی کە جارێک لە ٢٠١٧ دا و جارێکیش لە ٢٠١٨ دا، کار بۆ ھەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک دەکات، لە یەکەمیاندا تا ئەو کاتەی کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ھەرێم پێکەوە دەکرێن، بەڵام لە دووەمیاندا دەیانەوێت ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم درێژ بکەنەوە، تا نووسینەوەو پەسەندکردنی دەستوری ھەمیشەیی، کە ئەو کاتەش نا دیارە.

بەمەش ئەگەر پڕۆژەکەی خودی پارتی، کە چەند رۆژێک پێش ئەوەی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان پێشکەشیان کردبوو، کە لە یەک مادە پێک ھاتبوو، لە پەرلەماندا پەسەند بکرایە، ئەوا دوای ھەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان، شتێک نەدەبوو بە ناوی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم، تا پارتی نێچیرڤان بارزانی بۆ کاندید بکات. چونکە بە پێی پرۆژەکەی خۆیان دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم تا نووسینەوەو پەسەندکردنی دەستوری ھەمیشەیی بە ھەڵپەسێردراوی دەمایەوە. ئەو کات پارتی تەنھا پۆستی سەرۆکی حکومەتی لە بەردەست دەبوو، ئیدی لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیدا کامیانی بۆ کاندید دەکرد و، چۆن چارەسەری کێشەو ھاوسەنگی ناو ماڵباتیان دەکرد ئەوە خۆیان دەیانزانی.

بەڵام پرۆژەی پەرلەمانتارەکانی گۆڕان رێک و جوان ئەو دەرفەتەی بۆ پارتی رەخساند ھەر دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بتوانێت لە یەک رۆژدا کاندید بۆ دو باڵاترین و بە دەسەڵاتترین پۆستی ھەرێمی کوردستان، کە سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتە بێ ھیچ سەر ئێشەیەک دیاری بکات. تێبینی بکەن؛ ئەگەر لە ئێستادا پارتی لە حەقی (٤٥) کورسی پەرلەماندا پۆستی سەرۆکی حکومەتی وەک بەرکەوتەی ھەڵبژاردن بەرکەوتبێت، ئەوا پۆستی سەرۆکی ھەرێمی بە پلەی یەک لە مامەڵەیەکی نھێنی ھەرزاندا لە گەڵ گروپێکی گۆڕان بە قازانجی خۆی یەکلاییکردەوە.

لە پاداشتی ئەو خزمەتە گەورەیە فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی، لە ٢٨ی ٨ی ٢٠١٨، بۆ دەنگی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات: لە سەر ئەو پرۆژەیە کاتی خۆی سوپاسی برادەرانی گۆڕانیان کردوە. ھەروەھا دەڵێت:" بۆ مێژوو دەیڵێم پرۆژەکەی گۆڕان زۆر لە پرۆژەکەی پارتی بە سەروبەرترو رێکخراوتر بوو..."

(١٦)٣٠ی ٩ی ٢٠١٨، ھەڵبژاردنی کەوتن:

لە کاتێکدا لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان نزیک دەبویینەوە، رۆژ لە دوای رۆژ دۆخی جەماوەری گۆڕان بەرەو خراپتر دەڕۆیشت، لەو کاتەدا یەکێتیی و پارتی بە ناوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەستپێشخەری ئەوەیان کرد سەردانی گردەکە بکەن، کە لە دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە زیاتر تێکچوبوو. لەو سەروەختەدا گۆڕان ھەوڵی دا یەکگرتو و کۆمەڵ رازی بکات پێکەوە داوای دواخستنی ھەڵبژاردن بکەن، بەڵام ئەو دو لایەنە رازی نەبون، دواتر دەستڕۆیشتوانی گۆڕان بە ھیوای ئەوەی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨یان بۆ دوا بخەن، بڕیاریان دا پێشوازی لە وەفدی پارتی و یەکێتی بکەن.

پێشوەخت بە نووسین و بە زارەکیش قیادەی گۆڕانمان لەوە ئاگادار کردەوە ھەڵە دەکەن پێشوازی لە پارتیی و یەکێتیی بکەن، چونکە ئەگەر بەڵێنی دواخستنی ھەڵبژاردنیشتان پێبدەن راستان لە گەڵ ناکەن، تەنھا غافڵگیرتان دەکەن، بەمەش ھەم دەنگدەرانی گٶڕان لەوە توڕەیە کە دوای تەزویرێکی زۆری پارتیی و یەکێتیی و ھاتنە سەر گردەکە پێشێوازیان لێ بکرێت، ھەم ئەوەش دەبێتە پەڵەیەکی رەش لە سەر گۆڕان کە داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی کردوە. ئەم کورتە نووسینەم پێدان:

سڵاو ھاوڕێیانی خانەی راپەڕاندن. بیستومە وەفدێکی یەکێتیی سەردانی گۆڕی کاک نەوشیروان دەکات و، دواتر لە گەڵ خانەدا کۆ دەبێتەوە.  پێموایە ئێوە بە ھیوای دواخستنی ھەڵبژاردن لە گەڵیان کۆ دەبنەوە! من وای بۆ دەچم کۆبونەوەکەتان لە گەڵ دەکەن و بەڵێنی دواخستنی ھەڵبژادنیشتان پێدەدەن و، لە گەڵتان دێن تا ئەو کاتەی سودی یەکێتیی تیدا بێت، بەڵام بەمە لە لایەک گۆڕان عەیبدار دەکەن لە لایەکی ترەوە غافڵگیرتان دەکەن. لە کۆتاییدا لە گەڵ پارتی بۆ ھەڵبژاردن دەڕۆن، بەمەش گۆڕان لە قەل و لە کۆتریش دەکەن. یەکێتی فێڵ دەکات، دڵنیام لەم پلانەشیاندا پارتی ئاگادارە. ھیوادارم من ھەڵەبم. من کۆبونەوەکە بە ھەڵە دەزانم.

ھەوڵەکان سودی نەبوو؛ لە ٢٧ی ٨ی ٢٠١٨ وەفدێکی یەکێتیی سەردانی گردەکەیان کرد، لە سەر گۆڕی کاک نەوشیروان پێشوازی کران، ئەمە گۆڕانخوازانی نیگەران کرد. ئەو وەفدەی یەکێتیی بەڵێنێکی زارەکیان بە وەفدی گۆڕان دابوو، کە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھاوکار دەبن.

حەوت رۆژ دواتر، واتە لە ٤ی ٩ی ٢٠١٨ ھەر لە گردەکە پێشوازیان لە وەفدێکی پارتیش کرد، ئەمانیش ھاوشێوەی یەکێتیی بەڵێنێکی سەرپێیان بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن دابوو. پاش کۆبونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی ھاوبەشدا لە گەڵ مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی، دکتۆر شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان رایگەیاند: "لە ئێستادا کەشوھەوای کۆمەڵایەتی و سیاسیی لە بار نییەو تۆمارێکی دەنگدەرانی پاک نییە بۆئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت...ھتد"

بەم جۆرە بزوتنەوەی گۆڕان کە لە رابردوودا لە پێناو سەرپێخستنی دیموکراسی، بە ھەموو جۆرێک دژی نەریتی خراپی دواخستنی ھەڵبژاردنەکان بوو لە لایەن پارتیی و یەکێتییەوە، وەلێ ئەمجارەیان پاش بەڵێنێکی بۆشی حیزبەکانی دەسەڵات لە زاری شۆڕش حاجیەوە جاڕی دەستبەرداربوونی لەو پرنسیپەشدا، ئەمەش دیسان بەشێکی تر لە گۆڕانخوازانی نیگەران کرد، چونکە خاڵێکی تری جیاوازیمان لە گەڵ دەسەڵات بە بەلاش لەدەستدا.

پاش ئەوەی بە پلان ھەردوو حزبی دەسەڵات دەستڕۆیشتوانی گۆڕانیان دەستخەڕۆکرد، لە ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کرد. بە درێژایی رۆژ تا درەنگانی شەو چ لە گردەکەوە، چ لە نزیک بنەکەکانی ھەڵبژاردن، چ بە تەلەفۆن لە گەڵ ھەڵسوڕاوانی شارو شارۆچکەکان، لە پەیوەندیدا بووین، بۆ زانینی رێژەی بەشداری و ئەنجامی سەرەتایی. دەرکەوەت دیسان پارتیی و یەکێتیی تەزویریان کردووە، لە پاڵ ئەوەشدا بە ھۆی بێھیوابوونی دەنگدەری ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، بە تایبەت گۆڕانخوازان بە کەمی بەشداری ھەڵبژاردنیان کردبوو.

دیقەت بدەن؛ لەو سەردانەی وەفدی پارتیی و یەکێتیی بۆ گردەکە، لە بەرژەوەندی خۆیان سێ گۆڵیان لە بڕیاربەدەستانی گۆڕان کرد:

گۆڵی یەکەم: پاش تەزویرەکەی ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ و، تەقەکردن لە گردەکە، ھەردوو حیزبی دەسەڵات لە سەروبەندی کەمپینی ھەڵبژاردنی کوردستان ھاتنە گردەکە و سەر گۆڕی کاک نەوشیروان و لە لایەن بەشێک لە خانەی راپەڕاندنەوە پێشوازی کران، ئەمە بەشێک لە جەماوەری گۆڕانی دڵشکاو کرد.

گۆڵی دووەم: ھەردوو حیزب بەڵێنی ناڕاستیان بە گۆڕاندا ھەڵبژاردن دوابخەن، گۆڕانیش بە ھەوای ئەم بەڵێنە ناڕاستانە لە میدیاکاندا خواستی خۆی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن راگەیاند، ئەمەشیان پاشەکشەو گورزێکی تربوو بەر گۆڕان کەوت.

گۆڵی سێیەم: ئەمەیان وەک گۆڵی ئاخر دەقەو گۆڵی سەرکەوتن وابوو، لە کاتێکدا "چەند پەرلەمانتارو ھەڵسوڕاوێک" بە ناوی گۆڕانەوە، بە پێشکەشکردنی یاسای ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم پارتیان لە گەورەترین تەنگژەی ناوخۆیی و ماڵباتی رزگار کردوو، دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمیشیان بۆ "ھەڵگرتن"، کەچی پارتی ئامادە نەبوو تەنانەت چەند رۆژێک ھەڵبژارنی پەرلەمانی کوردسان بە خاتری گۆڕان دوا بخات.

لە ئەنجامی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان، پارتی بوو بە ٤٥ کورسی، یەکێتی ٢١ کورسی، کورسییەکانی گۆڕانیش لە ٢٤ وە ھاتەخوار بۆ ١٢.

(١٧) بەھێزبوونی لۆبی پارتی لە گردەکە:

دوای ئەوەی بە دەنگدان بە یاسای تیرۆر و ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم خزمەتێکی کەم وێنەیان بە ئەجێندای دەسەڵات و پارتی کرد و، بە پاساوی نادروست دۆسیەکەیان دیزەبەدەرخۆنە کرا. ئەو گروپە بە ھاوکاری چەند کەسێکی تر لە بەرپرسان و تێکۆشەرە دێرینەکان و ھەڵسوڕاوان، وەک رەوتێک لە گردەکەدا، لۆبیەکی نھێنی رێکخراویان بە ئاڕاستەی نزیکبوونەوەی زیاتر لە پارتی دەستپێکرد.

ئەمانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان وەک چۆن لە ئاستێکدا لە یاساکانی تیرۆرو ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێمدا سازشیان لە سەر جەوھەریترین خواست و بنەمای سیاسیی و ئەخلاقی گۆڕان کرد، لە ئاستێکی تریشدا لە ھەرچی کاری خراپی پارتییە (لە سوتاندنی بارەگای گۆڕان، سکاڵای تیرۆر لە سەر نەوشیروان مستەفا، داخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکان، تەزویری گەورە و دەیان ساڵ شکستی حکومڕانی...ھتد) چاوپۆشیان کرد. لە بەرامبەردا ھێرش و تەقەکانی شەوی ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ی یەکێتییان بۆ سەر گردەکە بە قازانجی پلانەکەی خۆیان قۆستەوە، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە زەمینەی نزیکبوونەوەی زیاتر لە پارتی خۆشتر بکەن.

بە ھۆی لاوازی و بێڕوئیایی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی و، لەقبوونی بیروباوڕیان لە ئاست بەرنامەی سیاسیی گۆڕان و، ماندوبوون و لاوازبوونی قودرەتی ململانێی دەسەڵات لای کەسانێک و، چاوبڕینە پارەو کێکی دەسەڵات، ئەمانەش ژینگەی گەشەکردنیان بۆ لۆبی پارتی لە گردەکە لەبارتر کرد. لە پاڵ ئەوانەشدا پشتیوانی کوڕە بچوکەکەی کاک نەوشیروان (چیا) وەک خاوەنی گردەکە و میدیاو خاوەن کۆمپانیاو سەرچاوەکانی داھاتی گۆڕان لەو رەوتە، ھەموو ئەمانە وایان کرد لە ماوەیەکی کەمدا لۆبی ئەو گروپە بە ئاڕاستەی پارتیدا لە ناو بڕیاربەدەستانی گۆڕان بە رۆحیەتێکی نەرجسیانەوە قبوڵ بکرێت.

لێرەدا بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەر نمونەیەکی زیندوو بە زانیارییەوە دەگێڕمەوە، کە ھەمووان ئاشنان پێی:

پاش ئەوەی لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ پارتیی و یەکێتیی تەزویرێکی رێکخراوی بێشوماریان کرد، لە ٢٦ی ٥ی ٢٠١٨ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوییەوەو بڕیاری دا سەرلەبەری ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان رەد بکاتەوە، لە سەر ئەو بنەمایە نوێنەرە دەرچوەکانی نەنارد بۆ بەغدا.

پاش پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لە لایەن کۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی عێراقەوە، لە ٣ی ٩ی ٢٠١٨ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجامداو، ئەندامانی ئەنجومەن سوێندی یاساییان خوارد. نوێنەرە دەرچوەکانی گۆڕان لە سەر بنەمای بڕیارەکەی جڤاتی نیشتمانی نەچوونە بەغداد و بەشداریان نەکرد. ھەمان رۆژ شۆڕش حاجی لە وڵامی پرسیارێکی تەلەفزیۆنی KNN دا، لە بارەی ھۆکاری نەچوونی نوێنەرەکانیان بۆ دانیشتنی رۆژی سوێندخواردن، دەڵێت: "تا ئەو کاتەی جڤاتی نیشتمانی کۆنەبێتەوە و بڕیار نەدات نوێنەرەکانمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداری ھیچ دانیشتنێک ناکەن، چونکە ئێمە تا ئێستا لە ناوخۆی خۆماندا ئەنجامەکانمان پەسەند نەکردوە." چوار مانگ و ١٨ رۆژ دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، واتە لە ٣٠ی  ٩ی ٢٠١٨ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، دیسان ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار تەزویری خۆیان کردەوە.

سەرنج بدەن؛ بزوتنەوەی گۆڕان لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێنج ئەندامی سەرکەوتن، بە بڕیاری جڤات نەڕۆشتن بۆ سوێندخواردن و دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، تا ئەو رۆژەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا. رێک رۆژێک دواتر، واتە لە ١ی ١٠ی ٢٠١٨ لە گردەکە، دوای نیوەڕۆکەی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن و کاندیدە دەرچوکانی گۆڕان (دکتۆر یوسف محەمەد، دکتۆرە بەھار مەحمود، کاوە محەمەد، دکتۆر غالب محەمەد) لە گردەکە کۆ دەبنەوە. (ھوشیار عەبدوڵا لەوێ نابێت)

خانەی راپەڕاندن داوایان لێدەکەن ئێوارەی ھەمان رۆژ بڕۆنە بەغداد و، لەوێ کاتژمێر (٨)ی شەو کۆبونەوەی فراکسیۆنە کوردستانیەکان ھەیە، بۆ دیاریکردنی کەسێک وەک کاندیدی سەرۆککۆمار. پێیان رادەگەیەنن لە نێوان دکتۆر فوئاد حسێن کاندیدی پارتی و، دکتۆر بەرھەم ساڵح کاندیدی یەکێتی، دەنگ بە کاندیدەکەی پارتی بدەن. لەو کۆبونەوەیەدا دکتۆر یوسف محەمەد و دکتۆرە بەھار مەحمود لاریان نابێت؛ کاوە محەمەد لە گەڵی نابێت و داوا دەکات لە کۆنوسی کۆبونەوەکەدا تەحەفوزی بۆ بنوسرێت بەڵام پابەد دەبێت بە بڕیارەکەی خانەوە؛ دکتۆر غالب لە گەڵی نابێت و بڕیار دەدات ھەر نەڕوات بۆ بەغدا. مستەفای سەید قادر کە ئەندامی خانەی راپەڕاندن نییە و لەو کۆبونەوەدا بەشدارە دەڵێت: "رای ھوشیار عەبدوڵا لای منەو ئەو پابەندە بە داواکەی خانەی راپەڕاندنەوە." کاتێک باسی ئەوە دەکرێت بەم ئێوارەیە چۆن تکت و فڕۆکە پەیدا بکرێت؟ لە وڵامدا مستەفای سەید قادر دەڵێت: "فڕۆکەی تایبەت ئامادە کراوە!" لە فڕۆکەخانەی سلێمانی چاوەڕێی نوێنەرە دەرچوەکانی گۆڕانی دەکرد.  دواتر دەرکەوت فڕۆکەکە لە لایەن نێچیرڤان بارزانییەوە ئامادە کرابوو. (کاوە محەمەد بۆی گێڕامەوە لە بەغدا لە شوقەکەی ئەو کۆبونەوەیەک دەکەن، لەوێ بڕیار دەدەن دەنگ بە ‌ھیچکام لە کاندیدەکان نەدەن.)

لێرەدا سەرنج لە چەند خاڵێکی تری فریودانی ھاووڵاتیان بە گشتی و گۆڕانخوازان بە تایبەت بدەن:

یەک: بڕیاری ناردنی کاندیدە سەرکەوتوەکانی گۆڕان بۆ بەغداد و، بۆ دەنگدان بە دکتۆر فوئاد حسێن لە کاتێکدایە ھێشتا جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی قبوڵ نەکردوە! ھێشتا جڤات کۆنەبوەتەوە بۆ ئەوەی بڕیارێک لە سەر بڕیارەکەی پێشوی خۆی بدات، ئایا پێویستە کاندیدە سەرکەوتوەکان بڕۆنە بەغداد، یاخود پێویست نییە؟! ئەی چارەنووسی دەنگە دزراوەکان؟ ئەی ئەو ھەموو بەیاننامەو بەڵێنانەی بەخەڵکماندا کە ئەنجام قبوڵ ناکەین و دەنگەکانیان بۆ دەگێڕینەوە چی؟!

دوو: بڕیاری ناردنی نوێنەرەکان لە کاتێکدایە، ھێشتا (١٨) کاتژمێر بە سەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستادا تێپەڕیوە، جارێکی تر پارتیی و یەکێتیی تەزویریان کردوەتەوە. واتە لە ماوەی کەمتر لە (٥) مانگدا ئەوە دووەم جارە ھەردوو حیزبەکەی دەسەڵات تەزویری گەورە دەکەن، کەچی دەڕۆن دەنگ بە کاندیدی یەکێک لەو دوو لایەنە تەزویرچیە دەدەن!

سێ: ئایا رێی تێدەچێت لە ماوەی (١٨) کاتژمێری دوای دەنگدان، کە (١٢) کاتژمێریشی شەو بووە، واتە لە (٦) کاتژمێردا رێککەوتنێکی ھێندە خێرا لە نێوان پارتی و گۆڕاندا کرابێت، ئەوەندە موغری بێت وا لە گۆڕان بکات سازش لە سەر دووجار دزینی دەنگەکانی خەڵکی کوردستان بکات و، نوێنەرەکانی ھان بدات پشت لەو بەڵێنانە بکەن کە بە دەنگدەرانی گۆڕان درابوو، وە بە سەر بڕیاری چڤاتدا باز بدەن و بچنە بەغداد بۆ ئەوەی دەنگ بە کاندیدی پارتی بدەن؟ یان نەخێر پێشتر قوڕەکەی بۆ شێلدراوە؟!

وڵامەکە روونە، دوای دەنگدان بە یاسای تیرۆرو پێشکەشکردنی یاسای ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم لە مانگی ٧ی ٢٠١٨، کارەکانی لۆبی پارتی لە گردکە زۆر گەشەی کرد. لەو رۆژانەی گەنجان و گۆڕانخوازان بە ئاڵای نیلیەوە لە شەقامەکاندا خەریکی کەمپین بون بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەو کاتەی میدیای گۆڕان لە رواڵەتدا خەریکی ھەڵدانەوەی مەلەفەکانی خیانەت و گەندەڵی پارتیی و یەکێتیی بوو، ئا لەو کاتەداو ماوەیەک پێشتریش، لە ژێرەوە بێ ئاگاداری ئۆرگانە فەرمیەکان رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی پەیوەندیەکانی پارتی و گروپێکی گۆڕان بەرەو پێش دەبرا، بە داخەوە درەنگ بەم کەین و بەینەمان زانی.

بە دیاری کراوی لە دوای ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ تا رۆژەکانی پێش ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ چەندین سەردان و دانیشتن و کۆبونەوەیەکی ژێربەژێر "بە بی ئاگاداری ئۆرگانە فەرمیەکانی گۆڕان لە گردەکەو لە ھەولێریش ئەنجام درا بوون"، چەند جارێک دکتۆر فرسەت سۆفی و دڵشاد شەھاب سەردانی کوڕەکانی کاک نەوشیروانیان کردبو، لە ماڵی ئەوەندا بە ئامادەبونی چەند ھەڵسوڕاوێکی تر باسی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و گۆڕان و، بەشداری گۆڕان لە حکومەتی داھاتو کرابو (ئەم کۆبونەوانە ھەندێک گۆڕانکاری لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بە سودی گەورەی پارتی لێکەوتەوە، لە دەرفەتێکی تردا باسی دەکەم). تا ئەوەی لە بڕیاری دەنگدان بە فوئاد حسین دەرکەوت چ قسەکردنی پێشتر لە سەر تەزویری پارتی و، نەناردنی پەرلەمانتارەکان بۆ بەغداد و، قسەکردن لە سەر رێزگرتن لە بڕیاری پێشتری جڤات ھەموو ئەمانە تەنھا بۆ فریودانی دەنگدەران بووە.

ماوەیەک پاش کۆچی دوایی کاک نەوشیروان، ھۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، کە بڕوانامەی ماجستێری لە کۆمەڵناسی ھەیە وەک ئەوەی بۆنی شتێکی کردبێت، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ تەلەفزیۆنی RUDAW دەڵێت:"پاش مردنی نەوشیروان دۆخی بزوتنەوی گۆڕان وەک خۆی نامێنێت، بە دڵنیاییەوە عەقڵانیەت زیاتر دەبێت." ئەم قسەیەی ھوشیار زێباری ئاماژەیەکی رونە کە لای ئەوان پێوەری عەقڵانی بوون تەنھا دیدو دونیابینی پارتییە، بەمەش ھەر پرۆژەو تێکۆشانێک لە گەڵ دونیابینی خۆیاندا نەیەتەوە بە ناعەقڵانی ناوزەدی دەکەن.

لە سایەی بیرکردنەوەیەکی فاشییانەدا کاتێک نەوشیروان مستەفا وەک سیاسییەکی خاوەن پرنیسپ و عەنید ئامادە نییە لە ژێر ھیچ گوشارێکدا خۆی رادەستی واقعێکی ئەزمونکراوی شکستخواردوی داسەپاو بکات، بەڵکو ھەوڵ و تیکۆشانی بۆ ھەڵتەکاندن و گۆڕینیەتی. لە وەھا دۆخێکدا چاوەڕوان کراوە پاش مردنیشی وەک سەرچاوەی ناسەقامگیری و ئاشوب یادی خەڵک بخرێتەوە، بە تایبەت کاتێک ھاوەڵ و کوڕەکانی و دارودەستەکانیان لە پێناو بەرژەوەندی تایبەت و لە ترسی قوتدانیان لە لایەن دەسەڵاتەوە قبوڵی ئەمری واقیع و عەقڵانیەتی پارتی دەکەن و، پاساوی فریودەرانەو زەلیلانە بۆ خۆبەدەستەوەدانیان دەھێننەوە.

(١٨) جاڕی چیان بە گوێی خەڵکا ئەدا؟

ئەوانەی بەشداربوون لە ئەنجامدانی رێککەوتنی نھێنی دەنگدان بە یاسای تیرۆرو ھەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و دەربازکردنی پارتی لەو تەنگژەیە، لەو کاتەدا کۆمەڵێک پاساویان بۆ کارەکەیان ھێنایەوە. لێرەدا پوختەی بەڵێن و قسەکانی ئەو کاتەیان و، پاشان بەرھەم و دەرئەنجامی کارەکەیان باس دەکەین. با بزانین چیان وت و چیان کرد؟

لێدوانی یەکەم: برزۆ مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ١٠ی ٧ی ٢٠١٨، دوای پێشکەشکردنی پرۆژە یاساکەیان بە سەرۆکایەتی پەرلەمان، لە لێدوانێکیدا کە تەلەفزیۆنی KNN راستەوخۆ پەخشی دەکرد، باسی بەشێک لە ھەوڵەکانی رابردوی گۆڕان بۆ گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی و پاشەکشێی یەکێتی و کاردانەوەی خراپی پارتی لە ئاست ھەوڵەکانی گۆڕان دەکرد. لەوێدا دەڵێت:"بابەتی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، ئەم خولەی پەرلەمان ئێمە زۆر ھەوڵماندا چارەسەری بکات، بەڵام چارەسەری نەکردووە، بۆیە ئێمە پرۆژە یاسایەکمان پێشکەش کردوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ھەرێم ھەڵپەسێردرێ. خولی یەکەمی گرێدانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کار بکات لە سەر ساغکردنەوەی چارەنووسی دامەزراوەکە، تا دەگاتە ئاستی ھەڵوەشاندنەوە، چونکە ئێمە لەگەڵ ئەوە نەبووین سەرۆک لە ناو خەڵکەوە ھەڵبژێردرێت."

لە درێژەی لێدوانەکەیدا برزۆ دەڵێت:"تاکو دەرفەت مابوبێ و دەرفەتێک ھەبێ ئێمە لەگەڵ بە پەرلەمانیکردنی سیستەمەکەین، کە ھیچ دەرفەتێک نەما ئێمە دەبێت چارەنووسی ئەم دامەزراوەیە ساغ بکرێتەوە، ھەمو ھەوڵێک دەدین تاوەکو ئاستی ھەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکە."

لێدوانی دووەم: لە ١٠ی ٧ی ٢٠١٨، واتە رۆژی پێشکەشکردنی پرۆژەکەیان بە سەرۆکایەتی پەرلەمان، عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە لێدونێکیدا بۆ NRT دەڵێت:" ئێمە لە سترتیژدا پێشوتریش باوەڕمان بە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە ناو خەڵکەوە نەبووە، جا ھەر کەسێک بێت، سەڵاحیەتی کولی ھەبێت، کەس بۆی نییە لێپرسینەوەی لێبکات، دەسەڵاتێکی ئێجگار زۆریشی ھەیە." ھەروەھا ئەڵێت:"لەم مەرحەلەدا موئەسەسەکە ھەڵئەپسێرین، لە مەرحەلەی دووەمدا ئێمە دیاریشمان کردوە لە پرۆژەکەماندا لە سەرەتای خولی ئایندەی پەرلەماندا چارەنووسی دامەزراوەکە یەکلایی بێتەوە نەک سیستەم، چارەنووسی دامەزراوەکە ئەوەیە ئێمە تا ئەوە ئەڕۆین دامەزراوەکە بە تەواوەتی ھەڵوەشێنینەوە."

لێدوانی سێیەم: لە ١١ی ٧ی ٢٠١٨ لە کاتی گفتوگۆی پرۆژەکەی گۆڕاندا لە ھۆڵی پەرلەماندا دیسان عەلی حەمە ساڵح دەڵێت:"ئێمە نەتیجەی فکری نەوشیروان مستەفاین" ھەروەھا ئەڵێت:"وەکو قەناعەت و مەبادئی سیاسیی خۆشمان ھەرگیز قەناعەتمان بە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم نەبووە لە ناو خەڵکدا، ئەو دەسەڵاتانەی کە ھەیەتی، لە ژێر لێپێجینەوەو لێپرسینەوەدا نەبووە."

لە دریژەی قسەکانیدا لە پەرلەماندا دەڵێت:"ئەگەر لەم مەرحەلەیەدا پێمان بکرێت کارمان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەکردو ئێستەش ئەگەر دەنگدان و پرۆژە ھەبێت ئەیکەین، بەڵام ئەگەر نەشکرێت ئەمە ستراتیج و سیاسەت و بەرنامەی ئێمەیە ھەتا ھەڵوەشاندنەوەی." ھەروەھا دەڵێت:"...سیستمەکە ئەگەر جاران سەرۆکێک ھەبوو ھەندێک لە دەسەڵاتی ھەبوو موناقەشەمان لە سەر دەکرد، ئێستا سەرۆکی ھەرێمێشمان نییە، دەسەڵاتەکانیشی دابەش کراوە، ئەمە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە رووی سیاسییەوە، ناڵێم لە روی قانوینییەوە، ئەمە سیستەمێکی سەدلەسەدی پەرلەمانییە کە ئیمە تەمەنامان ئەکرد."

لێدوانی چوارەم: لە ١١ی ٧ی ٢٠١٨ پرۆژەکە پەسەند دەکرێت، کاتژمێرێک دوای پەسەندکردنی یاساکە دیسان عەلی حەمە ساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا دەڵێت: "تەئکیدمان کردوەتەوە ئێمە لە گەڵ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم نین لە ناو خەڵکدا" زیاتر دەڕوات و دەڵێت: "ئێستاش پێمان نەکرێت بەرنامەی سیاسیی ئێمە ئەوەیە لە خولی داھاتووی پەرلەمان تا ھەڵوەشاندنەوەی ئەم دامەزراوەیە دەڕۆین"

ئەوەش باس دەکات:"ئەوەی بە لای ئێمە گرنگ بوو لە وەرزی یەکەمدا ئەم بابەتە یەکلایی بکەرێتەوە، بەڵام بە دەنگدان فکرەی ئێمە کرا بە وەرزی دووەم، واتە لە ماوەی ساڵێکی خولی ئایندەی پەرلەماندا چارەنووسی دامەزراوی سەرۆکایەتی ھەرێم یەکلا دەکرێتەوە، لای ئێمە چارەنووسی دامەزراوەکە رۆشتنە ھەتا ھەڵوەشاندنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم."

ھەروەک دەڵێت: "ناکرێت یەکێ بە تەما بوبیێت ئیتیفاق و تەوافوق بکات لە سەر پۆستی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئەوەی سەرۆککۆمار یا پۆستی تری لێوەربگرێت، ئیستا ئەگەر ئەم تەوفوقی لێکتوچوە پیی وایە ئەمە نەخێر..." جارێکی تر لە قسەکانیدا دەڵێت:"...ئێمە ھەتا ھەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم ئەڕۆین، ئەمە پرۆژەمانە..."

لێدوانی پێنجەم: ھەمان ئەو رۆژەی کە پەرلەمان پرۆژەکەی چەند پەرلەمانتارکەی گۆڕانی پەسەند کرد، دکتۆر یوسف محەمەد لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (یاسای ھەڵپەساردنی سەرۆکی ھەرێم)، کە میدیاکانی گۆڕان بۆی بڵاویان کردەوە، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پەسەندکردنی پرۆژەکە دەربری و لە وتارەکەیدا، جەخت لە سەر قسەکانی عەلی دەکاتەوە.

یوسف محەمەد وەک ئاماژەیەک بۆ بەشێک لە یادەشتەکانی کاک نەوشیروان ئاماژە بەوە دەدات"ھەر لە سەرەتای تێپەڕاندی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم، وەک سەفقەیەک بەرامبەر بە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دروست کرا، نەک پێویستی ھەرێمی کوردستان و سیستمی حکومڕانیەکەی بە بوونی دامەزراوەیەکی لەم شێوەیە"

لە درێژەی وتارەکەیدا ئەڵێ: "ئێمە لە گەڵ سیستەمی پەرلەمانین ھاوشێوەی بەغداد بەو مانەیەی:- یەک: سەرۆک لە ناو پەرلەمانەوە ھەڵبژێردێت، نەک لە ناو خەڵک. دوو: دەسەڵاتەکانی شکلی بن. سێ: لە ژێر چاودێری پەرلەمان بێت."

ھەروەھا دەنووسێت:"...باشترە تا کاتی گۆڕینی سیستمی حکومڕانی بۆ پەرلەمانی تەواو لە رێی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەریم یان پەسەندکردنی پرۆژەی دەستورێکی نوێ لە پەرلەمانی کوردستانەوە، کارکردن بەو یاسایەی کێشەی بۆ ھێنانە کایەی سیستمێکی پەرلەمانیی تەواو لە کوردستان دروست کردووە رابگیرێت" جەخت لە سەر گرنگی یاساکە دەکاتەوەو دەڵێت:"ئەم یاسایەی لە پەرلەماندا پەسەند کرا ھەنگاوێکی گرنگە بۆ وەستاندنی ھەڵەیەکی دیکەی رابردوو، رێککەوتن لەسەر سیستمی پەرلەمانی تەواو لە خولی داھاتووی پەرلەمان".

لێرەدا سەرنج بدەن لە لێدوان و قسە و وتارەکانی ئەو کاتەیاندا جەخت لە سەر چەند خاڵێک کراوەتەوە:

یەک: لە گەڵ ھەڵبژاردنی سەرۆک نین، لە ناو خەڵکەوە.

دوو: لە گەڵ ئەوە نین، سەرۆک دەسەڵاتی ھەبێت. دەیانەوێت پۆستێکی رەمزی و دەسەڵاتەکانی تەشریفاتی بێت.

سێ: لە گەڵ ئەوە نین سەرۆک لە سەروی چاودێریەوە بێت.

چوار: دکتۆر یوسف دەڵێت: سیستمی پەرلەمانی ھاوشێوەی بەغدا.

پێنج:عەلی حەمە ساڵح و برزۆ مەجید زیاتر لە سیستمی ھاوشێوەی بەغدا دەڕۆن و، دەڵێن: "لای ئێمە چارەنووسی دامەزراوەکە رۆشتنە تا ھەڵوەشاندنەوەی" لە ماوەی ساڵی یەکەمدا. ھەروەھا عەلی جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە نەبونی سەرۆکی ھەرێم سەد لە سەد پەرلەمانیە.

شەشەم: کۆتایی ھێنان بە سەفقەی نێوان پارتیی و یەکێتیی.

لە خوارەوە قۆناغ بەقۆناغ بەرئەنجامی بەڵێن و رێککەوتنە نھێنی و ئاشکراکانیان لە گەڵ پارتی دەخەینە روو، با بزانین چ گوڵێکیان بۆ گۆڕان چنیەوە؟

(١٩) ھەڵوەشاندنەوەی بانگەشەی ھەڵوەشاندنەوە: 

لە ٣ی ١٢ی ٢٠١٨، ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایان کرد؛ بڕیاریان داوە نێچیرڤان بارزانی وەک کاندیدی سەرۆکی ھەرێم و، مەسرور بارزانی وەک کاندیدی سەرۆکی حکومەت دیاری بکەن. ئەو بڕیارەی پارتی لە کاتێکدابوو پاش ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ھێشتا ھیچ دانوستان و گفتوگۆیەکی "فەرمی" لە سەر پرسی چارەنووسی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم لە نێوان لایەنەکاندا رووی نەدابوو. 

سەرنج بدەن؛ پاش ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی بە کاندیدکردنی نێچیرڤان بارزانی ھەر لە رێگەوە کۆتایی بە حیکایەتی "تا ھەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم دەڕۆین" ھێنا، چونکە دیاریکردنی کاندید بۆ ئەو دامەزراوەیە پێش ھەر گفتوگۆیەکی نێوان لایەنەکان بە مانای ئەوە ھات ھەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم لای پارتی بابەتی دانوستان و جێگای باس نییە، پێشتریش ھەرچی لە بارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەو دامەزراوەیەوە وتراوە و ھەر کەس وتویەتی قسەی بەتاڵن. 

(٢٠) رێککەوتنی پارتی-گۆڕان و، تاوانبارکردنی خەڵک:

لە رێککەوتنی پارتی-گۆڕان، کە لە ١٧ی شوباتی ٢٠١٩، واتە لە ھەشتەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ دا، لە چڤاتی نیشتمانی پەسەند کراو، لە ١٨ی شوبات لە پیرمام، واژۆی دکتۆر رۆژ نوری شاوەیس و مامۆستا جەلال جەوھەری بە نوێنەرایەتی ھەردوو لایەن خرایە سەر، لەو خاڵەی پەیوەندی بە پەرلەمانی کوردستانەوە ھەیە لە بڕگەی ئەلیفدا ھاتووە:"ھەموو ئەو یاسایانەی رەھەندی نیشتمانیان ھەیە بە سازانی ھەردوولا ھەموار دەکرێن و دەردەچوێنرێن لە ناو پەرلەمان (وەک دەستور، یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان...". لەو خاڵەشیاندا کە پەیوەندی بە چارەنووسی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمەوە ھەیە ھاتووە:" کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە لایەن پەرلەمانی کوردستان، تا نووسینەوەی دەستوری ھەرێم و پێداچوونەوە بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێمدا."

خاڵوبەندەکانی ئەم رێککەوتنە زیاتر لە دروشم دەچێت نەک رێککەوتنێکی کۆنکریتی، کە لە گەڵ خۆیدا چارەسەری ریشەیی بەشێک لە کێشەکانی کردبێت. بۆ نمونە پرسی سیستەمی حکومڕانی کە کرۆک و سەرچاوەی بەشێکی گەورەی ناسەقامگیری رابردوی نێوان لایەنەکان بووە، بە ھەڵپەسێردراوی ھێشتویەتیەوە بۆ کاتێک کە دەستور دەنووسرێتەوە، گوایە لەوێ بە سازان یەکلایی بکرێتەوە. 

بێ ھیچ گرێ و گۆڵێک و، بە خێرایی رێکەوتن لە گەڵ پارتی و قبوڵکردنی کاندیدەکەیان و، مانەوەی ھەمو دەسەڵاتەکانی سەرۆک بەبێ چاودێری پەرلەمان و، داتاشینی پێشنیازێکی یاسایی لە لایەن پارتی-گۆڕانەوە بە باڵای نێچیرڤان بارزانیدا بێ ھیچ چەندوچونێک؛ ئەمانەش بەڵگەگەلێکی ترن لە سەر ئەوەی کە پێش ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، لە دانیشتنە نھێنیەکانی سلێمانی و ھەولێردا نەخشەی بنەڕەتی بەشداری گۆڕان لە حکومەت دانرا بو. بۆیە ئەگەر ژمارەی کورسیەکانی گۆڕان شتێک زیاتریش بوایە لە پرسی گۆڕینی سیستمدا ھەر ئەمەیان دەکرد کە کردیان. مەگەر بەو کورسیە زیادانە چەند پۆستێکی تریان وەربگرتایە. کۆی ئەو دۆکۆمێنت و لێدوانە فریودەرانە گەواھیدەری ئەو راستیەن کە ھەر لەو کاتەوە بڕیاری بەشداری حکومەتیان دا، ئیدی پرسی گۆڕینی سیستم بە لاوە نرا. 

لە پاڵ ئەوەدا خەڵک حەقی خۆیانە ئەوە بیری ھەمومان (بە خۆشمەوە) بخەنەوەو بڵێن: ئەرێ ھەر ئێوە نەبون دەتانوت خەڵک دەنگی بە گۆڕان داوە بەڵام دەسەڵات دەنگەکانی دزیوین؟ کەواتە یان ئەو کات تۆمەتمان بۆ دەسەڵات کرد یان ئێستا ئێوە تۆمەت بۆ خەڵک دەکەن! دڵنیام ئەمەی ئێستاتان ناڕاستی و سپڵەییە بەحەقی خەڵک. 

لەم سۆنگەیەوە دو رویی بێ شەرمیە بەخەڵک بوترێت ھۆکاری بێ ئیرادەیی و بە پاشکۆکردنی گۆڕان بۆ پارتی ئەوەیە دەنگدەران (٤٥) کورسیان بە پارتی و (١٢) یان بە گۆڕان داوە. چونکە ئەوە گۆڕان بو نەیتوانی بە ئامانجی گێڕانەوەی دەنگە دزراوەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و، ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ ی پەرلەمانی کوردستان یان دوبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنەکان شەقام بجوڵێنێت.
پاش ئەوەی دەرکەوت پارتی و یەکێتی لە ١٢ی ٥ی ٢٠١٩ تەزویرێکی رێکخراوی گەورەیان کردبو، ھاوکات لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراقیش بەشێک لە ھێزە دەسەڵاتدارەکان تەزویریان کردبو، بە زارەکی و بە نوسین داوام لە خانەی راپەڕاندن و چەند ئەندامێکی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن و تەنانەت دکتۆر یوسف محەمەدیش کە ئەو کاتە سەرۆکی لیست بو کرد، بۆ گێڕانەوەی دەنگەکانمان پەنا بۆ گوشاری

جەماوەری ببەین، لەو بارەوە لە ١٤ی ٥ی ٢٠١٨ لە رێگەی وەتس ئەپەوە ئەم نامەیەم بۆ ناردن:-

"سڵاو؛ بە رای من پێش راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، وا باشە گۆڕان و ھاوپەیمانەکانی گوشاری جەماوەری بەرفراوان دەسپێ بکەن. پێشخستنی گوشارە جەماوەریەکان، لە لایەک گوشارە بۆ سەر کۆمسیۆن بۆ ئەوەی شەرعیەت بەو ئەنجامانە نەدات کە نەخشەی بۆ کێشراوە، ھاوکات جۆرێک لە ئازایەتی دەدات بە ھەر لایەنێکی تری عێراقی بۆ ئەوەی ئەوانیش دەست بە گوشاری جەماوەری بکەن. ئەگەر گوشارەکان دوا بخەین کاتێک کۆمسیۆن نەتیجەی راگەیاند لە روی سایکۆلۆجیەوە حەماس لای دەنگدەری دەسەڵات دروست دەبێت، لە بەرامبەرادا دەنگدەرانی گۆڕان دەڕوخێن. گوشاری جەماوەری پێشوەخت لە زۆر روەوە کاریگەری دەبێت. دواخستنی زیانی ھەیە." (ئەگەر نامەکەیان نەسڕیبێتەوە ئێستاش لە مۆبایلەکانیاندایە.) 

بە داخەوە ئەمانە لە بەر ئەوەی لە لایەک باوەڕیان بە خۆیان نەبو لە بەرامبەر زوڵمی دەسەڵات بوەستنەوە، لە لایەکی تریشەوە بە گومان بون خەڵک دوایان بکەوێت، کەڵکیان لە گوشاری جەماوەری وەرنەگرت؟ ئەمە نیشانەی ئەو پەڕی بێ ئیرادەیی بو، لە سایەی قیادەیەکی وەھادا با خەڵک بایی ٦٠ کورسی پەرلەمانیش دەنگت پێ بدات کە نەتوانی بیپارێزی ئیدی گوناھی خەڵک چیە؟

(٢١) یاساکەی پارتی-گۆڕان، بۆ نێچیرڤان:

لە سەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی سەرەوە، لە ٢٨ی ٣ی ٢٠١٩ پێشنیازێکی یاسایی ھاوبەشی پارتی-گۆڕان بە ناوی (پێشنیازی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق و ھەمواری شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسەندکردنی دەستور) بە واژۆی (٦٨) پەرلەمانتار ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا. ناوەڕۆکی ئەو پرۆژەیە لە تابلۆیەک دەچێت، کە رووداوەکانی (١٥) ساڵی رابردووی پەیوەست بە پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و، سیاسەتی خۆسەپاندنی پارتی و خۆبەدەستەوەدانی لایەنەکانی ترمان دێنێتەوە پێش چاو. ئاماژەیەکی روونیشە بۆ ئەوەی لە غیابی نەبوونی ھێزێکی تۆکمەی خاوەن مۆراڵ و پرنسیپ (ھەرچی پارتی ویستی ھەر ئەوە دەکرێت.)   
پوختەی پێشنیازە یاساییە ھاوبەشەکەی پارتی-گۆڕان:

یەکەم: یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوریەکانی ھەرێم ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٧ و، یاسای ھەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (١٠)ی ساڵی ٢٠١٨ ھەڵدەوەشێنەوە.

دووەم: سەرۆکایەتی ھەرێم، کە بە پێی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموار کراو دامەزراوە، کارا دەکرێتەوە.  

سێیەم: تەنھا گۆڕانکاریەک کە دەکرێت لە یاساکەی ساڵی ٢٠٠٥دا، ئەوەیە مادەی یەکەمی یاساکە وەک ساڵی ٢٠٠٥ی پێدەکرێتەوەو سەرۆک لە ناو پەرلەماندا ھەڵدەبژێردرێت. (لێرەدا  پێویستە ئەوە بیری خوێنەر بخەمەوە، کە جاری یەکەمیش لە ٢٠٠٥دا، بارزانی ھەر لە پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرا، لە خولی دواتردا لە ناو خەڵکەوە بوو.)

چوارەم: سەرجەم دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم چ ئەوەی لە یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ و چ ئەو دەسەڵاتانەی لە یاساکانی تری وەک یاسای ئەنجومەنی ئاسایش و ھەر یاسایەکی تردا ھەیەتی وەک خۆی ماوەتەوە.
پێنجەم: لە روی چاودێری پەرلەمانیەوە ھیچ ھەموارێک لە یاساکەدا نەکرا، واتە وەک جاران ئەستەمە پەرلەمان بتوانێت لێپرسینەوە لە سەرۆکی ھەرێم بکات.

شەشەم: خاڵێکی تری پرۆژەکەی پارتی-گۆڕان کە پێشینەو پاشەکشەیەکی ھەرە مەترسیدارە ئەوەیە سەرۆک لە ناو پەرلەماندا بە "دەنگدانی ئاشکرا" ھەڵدەبژێردرێ.   

(٢٢) گۆڕانیش بە ھەوەس:  

لە کاتێکدا کۆمەڵی ئیسلامی و نەوەی نوێش پرۆژەیان پێشکەش کردبوو، کەچی  سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردسان تەنھا پرۆژەکەی پارتی-گۆڕانی خستە کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە و، سەرلەئێوارەی ٢٩ی ٣ی ٢٠١٩ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا. 
لێرەدا تێبینی دووبارەبوونەوەی مێژوویەکی ناشرین بکەن؛ وەک چۆن لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆنبووندا پرۆژەکانی ئێمە بۆ گێڕانەوەی پرۆژەی دەستورو گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی بۆ پەرلەمانی "ھاوشێوەی بەغداد" لە لایەن کەمال کەرکوکی و ئەرسەلان بایزەوە ھەر بە ھەوەس نەخرانە بەرنامەی کارەوە، لە ٢٠١٩ شدا، لە سایەی حاکمیەتی پارتی و پاشکۆیەتی گۆڕانەوە رێگە نەدرا پرۆژەی ئەو دوو لایەنەی تر بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانەوە. 

رەنگە ئەمە نمونەیەکی ھەرە سادەبێت بۆ تێگەیشتن لەو لادان و پاشەکشە سیاسیی و ئەخلاقیە مەترسیدارەی کە وەک ڤایرۆسێکی کوشندە لە ھێزەکانی دەسەڵاتەوە بۆ بڕیاردەرانی گۆڕان گوازرایەوە. ئەمە تەنھا بەرگری نییە لەو دوو لایەنە، کە دەبوو پرۆژەکەیان وەک ئەوەی پارتی-گۆڕان لە کارنامەی دانیشتنی پەرلەماندا دابنرایە، ھێندەی بەرگریە لە کۆمەڵێک بەھاو پرنسیپی یاسایی و دیموکراسیانە کە پێشێلکردنیان واتە ژێرپێخستنی رۆڵ و خەباتی پەرلەمانی، ئەمەش سڕینەوەی ھێڵێکی پان و تۆخی تری جیاوازی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و ھێزەکانی دەسەڵات بوو.    

لە ٣١ی ٣ی ٢٠١٩، لیژنەی یاسایی پەرلەمان گفتوگۆی پرۆژە ھاوبەشەکەی پارتی-گۆڕان ی کرد، لەوێ چەند ئەندامێکی لیژنەکە ھەوڵیان دابوو لانی کەم ھەندێک گۆڕانکاری لە دەسەڵاتەکانی سەرۆک و، ئەو خاڵەشدا بکرێت کە دەڵێت سەرۆک "بە دەنگدانی ئاشکرا" ھەڵدەبژێردرێ. کێشەی سەرەکی نوێنەرەکانی یەکێتیش تەنھا زیادکردنی جێگرێکی تر بو بۆ سەرۆکی ھەرێم، نەک خەمی گۆڕینی سیستم، بەڵام تاکە نوێنەرەکەی گۆڕان و ئەوانەی پارتی ھیچ پێشنیازێکی لایەنەکانی تریان قبوڵ نەکردبوو. ھەمان رۆژ دەقی پرۆژەکە وەک خۆی و بە بێ دەسکاریکردنی یەک وشەش بە واژۆی نوێنەرەکەی گۆڕان و ئەوانەی پارتی لە لیژنەی یاسایی بۆ خوێندنەوەی دووەم و پەسەندکردنی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا.

دوای ماویەک لە دواکەوتنی دانیشتنەکانی پەرلەمان سەرئەنجام پارتی و یەکێتی و گۆڕان گەیشتنە دوا قۆناغی دابەشکردنی کێکی دەسەڵات و، پێش نیوەڕۆی ٨ی ٥ی ٢٠١٨ بە دەنگی (٨٩) پەرلەمانتار یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوی سەرۆکایەتی ھەرێمی پەسەند کرا.

(٢٣) ئاوێنەیەک بۆ پێشاندانی وێنە راستەکە:

ناوەڕۆکی یاسا ھاوبەشەکەی پارتی-گۆڕان و دوای ئەوەی جێگرێکیان بۆ داتاشرا بو بە ھی یەکێتیش، دەشێت وەک ئاوێنەیەک تەماشا بکرێت کە تێیدا دیوی راستەقینەی لادان و سەرپێچیەکی گەورەمان دەرحەق بە بەرنامەی سیاسیی گۆڕان و، زنجیرەیەک لە فریودان بۆ شاردنەوەی راستیەکان پیشان دەدات:-

یەکەم: ھەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو پەرلەمان: بەڵێ ھەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو خەڵکەوە گۆڕا بۆ ناو پەرلەمان، بەڵام دەپرسین ئەمە کێ کردی و لە بەر چی کرا؟ وڵامەکە روونە، پارتی کردی و لە بەر ئەوەش کرا لە لایەک مەسعود بارزانی وەک کاریزمای یەکەمی پارتی دەستبەرداری پۆستەکەی بوو. دوای ئەویش نێچێرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ھاتنە پێش، بۆ راگرتنی ھاوسەنگی ناو بنەماڵە لەم قۆناغەدا وا پێویست بوو ھەردووکیان پۆستی باڵایان ھەبێت و ھەردووکیشیان بە ھاوسەنگی لە پەرلەمانەوە شەرعیەت وەربگرن.

لە لایەکی ترەوە پارتی بە باشی درکیان بەو راستیە کردبوو، بەراورد بە ٢٠٠٩ نە ھاوپەیمانێتیەکی ھێندە بە ھێزیان لە گەڵ یەکێتی ماوە تا لە ئەگەری ھەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو خەڵکەوە بانگەشە بۆ کاندیدی پارتی بکەن، نە بە تەنھاش ئەو پێگە بەھێزە جەماوەریەیان ھەیە تا بتوانن بە دەنگی زۆرینەی خەڵک ئەو پۆستە بە قازانجی خۆیان یەکلایی بکەنەوە. 

لەم روەوە دکتۆر بورھان یاسین سەرۆکی بۆردی راوێژکاری خولی چواری پەرلەمان، لە وتارێکدا بە ناونیشانی (٣٠ حوزیرانێکی دیکە بەڕێوەیە!) کە لە ١٥ی ٣ی ٢٠١٩ لە ماڵپەڕی (سپی میدیا) بڵاو کراوتەوە باسی کێشەکانی سیستەمی حکومڕانی و سەرۆکایەتی ھەرێم و، شێوازی مامەڵەی پارتی لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە گەڵ ئەو دامەزراوەیە دەکات و دەڵێت: "پارتی یارییەکەی بردۆتە ناو پەرلەمان، چونکە لەوێ بەدەستھێنانی ٥٠+١ مسۆگەرترە لەوەی لە دەرەوەی پەرلەمان. پێشتر لە چەند نووسراوێکی پێشووترم ئەوەم جەخت کردۆتەوە کە پارتی لە گەمەی دیمۆکراسییدا لە کەمایەتی بوون رادەکات، وە ھەرگیز ناچێتە ناو ھیچ جۆرە گەمەیەکەوە بەبێ مسۆگەرکردنی زۆرینە: کاتێ دوای ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ی سیپتەمبەری پار ئەو زۆرینەیەی لە ناو پەرلەماندا، بە یارمەتی کۆتاکان، مسۆگەرکرد ئەوا بە باوەڕ بەخۆ بوونی زیاترەوە یاریەکە دەباتە ناو پەرلەمان. ئەمەش تەواو بە پێچەوانەی خولی پێشتر بە تایبەتی لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥دا کە تا بۆی کرا یارییەکەی بردە دەرەوەی پەرلەمان، چونکە لە پەرلەماندا کەمینە بوو."

دوابەدوای پێشکەشکردنی پێشنیازە یاسا ھاوبەشەکەی پارتی-گۆڕان، بە سەرۆکایەتی پەرلەمان، بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم، لە ٢٨ی ٣ی ٢٠١٩، ئومید خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە بەردەم دەرگای چوونە ژورەوەی بینای پەرلەمان کردی، بە روون و راشکاوی رایگەیاند:"لەم قۆناغەدا تا دەبینە خاوەنی دەستور بۆ ئەم خولە بە گوێرەی ئەو پرۆژە یاسایە کە پێشکەشمان کردوە سەرۆکی ھەرێم لە نێو پەرلەمان ھەڵدەبژێرین، دوای ئەوە کە سەرۆک ھەڵبژێردرا ئینجا جۆرو شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک لە دەستوری ھەریمی کوردستان جێگیر دەکرێت". 

ھەروەھا دکتۆر فرسەت سۆفی لە ٩ی ٥ی ٢٠١٩، واتە رۆژێک دوای پەسەندکردنی پێشنیازە یاساییە ھاوبەشەکەی پارتی-گۆڕان و، کۆتایی ھاتنی بێنەوە بەردەی جێگرەکان و روانەوەی دڵەڕاوکێی پارتی، لە چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ تەلەفزیۆنی کوردستانی حیزبەکەی دەڵێت"وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەڵ ئەوەین سەرۆکی ھەرێم لە ناو خەڵکەوە ھەڵبژێردرێ و کە دەستوریشمان نوسیوە پێداگری لە سەر ئەوە دەکەین و کاری بۆ دەکەین بۆ ئەوەی لایەنە سیاسیەکانی تریش قەناعەت بەوە بێنن کە سەرۆک لە ناو خەڵکەوە ھەڵبژێردێت." لێدوانەکانی ئەو دو بەرپرسەی پارتی و ناوەڕۆکی ئەو یاسایەی پەرلەمان پەسەندی کرد، ئاماژەی رونن کە ھەڵبژاردنی سەرۆک لە پەرلەمانەوە کاتیەو، گریمانەی گەورە ئەوەیە لە داھاتوودا پارتی بیباتەوە بۆ ناو خەڵک، مەگەر رێگریەکی رەوای جەماوەری بکرێت یان ململانێ و دۆخی ناوخۆی ئەو حیزبە لێیان تێک بدات. (پێشبینی دەکرێت ئەگەر لە ئایندەیەکی نزیکدا پارتی بە خواستی خۆی دەستور تێپەڕێنێت، دوای ئەوە بە پێی دەستوەرکە ھەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمانیش بکات.)  

دووەم: دەسەڵاتەکانی سەرۆک: ھەموو دەسەڵاتەکانی مەسعود بارزانی وەک چۆن لە یاسای ژمارە (١)ی سەرۆکایەتی ھەرێمی ساڵی ٢٠٠٥ی ھەموار کراودا ھاتبوو، وەک خۆی و بێ دەسکاری بۆ نێچیرڤان بارزانی گواستراوەتەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن: سەرۆکی ھەرێم سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، واتە لە سەروی حکومەتەوەیە. فەرماندەی گشتی ھێزەکانی پێشمەرگەیە. سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە کە ھەموو دامەزراوە ئەمنی و ھەواڵگریەکان لە خۆ دەگرێت. لە ھەندێک حاڵەتدا دەتوانێ بڕیارگەلێک دەربکات کە ھێزی یاسایان ھەیە و، جاڕدانی باری نا ئاسایی بە پێی یاسایەکی تایبەت. دامەزراندنی دادوەران و سەرۆک و ئەندامانی داواکاری گشتی. لە سەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەش نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەبێ و، ھەماھەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات و چەند دەسەڵاتی تریش. کێشەکە ھەر ئەوە نییە سەرۆک دەسەڵاتی زۆرە بەڵکو تێکەڵی و دەستێوەردانێکی ئاشکراشی بۆ دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەریش ھەیە.

لە بارەی ئەمەوە دکتۆر بورھان کە یەکێک بووە لە ھاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا ئاماژە بەوە دەکات: ئێستا لێرەو لەوێ، لە ئاستی جیاجایدا دەبیستین کە سەرکردەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دڵیان بەوە خۆشە کە سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێ، تەنانەت ئەمە بە دەستکەوتی خۆشیان دەزانن. وەک بە ئاگاھێنانەوەیەک بۆ ئەو دڵخۆشییە بێ بنەمایەی گۆڕان، روونی دەکاتەوە کە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە ناو پەرلەمانەوە بایەخی زۆری نییە، لەو بارەوە دەڵێت: "...زۆر گرنگ نییە سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانەوە یان راستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە ھەڵدەبژێردرێ، بەڵکو شتی ھەرە گرنگ ئەوەیە: یەک: ئەم پێگەیە چەند دەسەڵاتی تیا کۆبوەتەوە؟ دوو: ئەم پێگەیە بە دەستی کێ یان چ کەسێکەوەیە؟"

لە ٨ی ٥ی ٢٠١٩ لە ھۆڵی پەرلەماندا ئەو دو بژاردەیە خرایە دەنگدانەوە کە ئایا سەرۆک وەک جاران دەسەڵاتی زۆری ھەبێت یان دەسەڵاتەکانی ھاوشێوەی بەغدا تەشریفاتی بێت؟ (٨٨) ئەندامی پەرلەمان بەوانەی گۆڕانیشەوە دەنگیان بەوەدا دەسەڵاتە زۆرکەی سەرۆک وەک خۆی بمێنێتەوە.

سێیەم: چاودێری و لێپرسینەوەی سەرۆک: وەک لە خاڵی دووەم باسمان کرد سەرۆک دەسەڵاتی ئێجگار زۆرە؛ لە سەرەتای ئەم نووسینەشەوە باسی ئەوەمان کرد لە بەرنامەی سیاسی گۆڕاندا ھاتووە: "لە ھەر شوێنێک بەرپرسیارێتی ھەبوو لێپرسینەوەش ھەیە، تا پلەی بەرپرسیارێتی بەرزتربێتەوە، باری لێپرسینەوەی پەرلەمانیش لەسەر کەسی بەرپرس قورستر دەبێت."

 لە یاساکەی پارتی-گۆڕاندا ھیچ ھەموارێک بە مەبەستی ئاسانکاری چاودێریکردنی سەرۆکی ھەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە نەکراو، وەک خۆی مایەوە. ئەوە درۆیەکی گەورەیە کە دەوترێت مادام سەرۆک لە ناو پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت، ئیدی پەرلەمان دەتوانێ لێپرسیەوەی لێ بکات. لێپرسینەوەی پەرلەمانی رێوشوێنی یاسایی پێویستە، ھەندێک جار لێپرسینەوە پەل دەکێشێت بۆ متمانە لێسەندنەوە. کەواتە ئەگەر بە دەقی یاسایی و بە شێوەیەکی شایستە ھەلومەرجی لێپرسینەوەو دەرفەتی متمانە لێسەندنەوە نەڕەخسابێت (ئەگەر لە کەیسێکی دیاریکراودا پێویست بوو) ئەوە لێپرسینەوە نییە، بەڵکو قسەی پوچە لە ھەوادا. 

لێرەدا سەرنج بدەن؛ بە پێی ئەو یاسا ھاوبەشەی پارتی-گۆڕان (دواتر یاساکە بۆ بە ھی یەکێتیش چونکە وەک پیشەی ھەمیشەییان لە بەرامبەر وەرگرتنی جێگرێکی کارتۆنی سەرۆک پاشکۆیەتیان ھەڵبژاردەوە) کاندیدی سەرۆک تەنھا پێویستی بە دەنگی (٥٦) پەرلەمانتارە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆک، بەڵام ئەگەر رۆژێک لە رۆژان، گریمان "لە ھەزاردا یەک" ھەر خودی پەرلەمان لە بەر ھەر ھۆکارێک، گەندەڵییەک، تاوانێک، خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتەکانی بیەوێت متمانە لە نێچیرڤان بارزانی وەربگرێتەوە ئەوا ئەم رێکاریە دەبێ بە پێی بڕگەی (٣) لە مادەی (١٦) لە یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بکرێت، کە پێویستی بە دەنگی "سێ لە سەر چوار"ی پەرلەمانتارانە، واتە (٨٣) پەرلەمانتار. تێبینی بکەن پەرلەمان بە دەنگی (٥٦) پەرلەمانتار کەسێک دەکات بە سەرۆک، بەڵام بۆ ئەوەی ھەمان پەرلەمان، ھەمان کەس لە سەر تاوانێک لە سەرۆکی بخات پێویستی بە دەنگی (٨٣) پەرلەمانتارە! 

دەبێت ئەوە بزانین یاسا لە سەر بنەمای متمانە داناڕێژرێت، ژیانی خەڵک نادرێتە دەست قەدەری کوڕی باش و بنەماڵەی باش و حزبی باش، ئەم قسانە ھی دیوەخانە. لە داڕشتنی یاسادا لە کاری دامەزراوەیدا ھەموو ئەگەر و گریمانەیەک لە بەرچاو دەگیرێت. 

با نمونەیەک بێنینەوە، گریمان نێچیرڤان بارزانی لە رابردوودا زۆر پاکو چالاک بووە (کە وا نەبووە) بەڵام لە پۆستی سەرۆکایەتیدا گەندەڵییەکی لە دەست دەقەومێ، ئەو کات ئەگەر ھەموو پەرلەمانتارەکانی یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، نەوەی نوێ، یەکگرتوو، تورکمان، کلدو ئاشوری، سۆسیالیست ھەموو کۆ ببنەوە ناتوانن متمانەی لێ وەربگرنەوە، چونکە پارتی کە (٤٥) کورسی پەرلەمانی ھەیە لە (١١١) کورسی پەرلەمانی دەربھێنە (٦٦) ی دەمێنێتەوە. ئەی لە سەرەوە وتمان متمانە وەرگرتنەوە پێویستی بە (٨٣) دەنگ ھەیە. کەواتە مەگەر پەرجوییەک رووبدات (١٧) پەرلەمانتاری پارتی گۆڕانکاری بەسەر عەقڵیاندابێت ئەوکات دەتوانرێت ئەو کردەیە ئەنجامبدرێت. ھەر کەسێک ئەمە بە میکانیزمی لێپرسینەوە بزانێت، یان خەڵک فریودەدات، یان لە کەمی مەعریفەو خۆشخەیاڵییەوەیە.

چوارەم: ھەڵبژاردنی سەرۆک بە ئاشکرا: لە یاساکەی پارتی-گۆڕاندا-یەکێتیدا سەرۆک بە دەنگدانی "ئاشکرا" ھەڵدەبژێردرێ. ئەم دەقە پێچەوانەی بەڵێننامەی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسیەکانی ساڵی ١٩٧٦ی نەتەوە یەکگرتوەکانە کە عێراق واژۆی کردوە و دەبێت ھەرێمیش پابەندی بێت، کە جەخت لە سەر نھێنیبونی دەنگدان دەکاتەوە وەک بنەمایەکی سەرەکی لە پێناو رەخساندنی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەردو دور لە گوشار. 

بە چەسپاندنی دەنگدانی ئاشکرا لە یاساکەدا پەرلەمانتاران پارتی و گۆڕان و یەکێتی و پاشکۆکانی تریش پابەند کراوان کە خۆشیان بێ و ترشیان بێ ھەر دەبێ دەنگ بە نێچیرڤان بارزانی بدەن، بەمەش پەرلەمانتاران بەتاڵکراونەتەوە لە ئیرادەی خۆیان و، کراونەتە بارمتە لە پێناو ئەوەی کەسێکی دیاریکراو ھەر ئەبێ ببێت بە سەرۆک. لەوەھا دۆخێکدا قسەکردن لە سەر رەخساندنی دەرفەتی خۆکاندیدکردن بۆ کەسانی تر جگە لە فریودانێک ھیچی تر نییە. (ھەر کەسێکی تر لە بەرانبەر نێچیرڤان بارازانی خۆی کاندید بکات، تەنھا مەگەر بۆ ئەوە بێت رونتر حەقیقتی بێ ئیرادەکردنی پەرلەمانتارەکانی ئەو لایەنانەو، ئەو درۆ گەورەیەی ناو پەرلەمان پیشانی خەڵک بدات کە بە ناوی دیموکراسیەوە دەکرێ.)
پێنجەم: سیستمی دڵخوازی سەرۆک: ئەگەر سیستمەکەی پێشو سەرۆکایەتی بوبێ، ئەمەی ئەم جارە نە پەرلەمانییەو نە ھیچ پێناسەیەکی دەستوری تر ھەڵدەگرێت. لە باشترین حاڵەتدا گەڕانەوەیە بۆ ٢٠٠٥، ئەو کاتەی لە سەر پێشنیازی خودی پارتی لە یەکەم خولدا بارزانی لە پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرا. ئەم جارەشیان بە باڵای نێچیرڤان بارزانی لە گەڵ ڕچاوکردنی ھاوسەنگی لە بەرامبەر مەسرور بارزانی داڕێژرایەوە. ئەم مۆدێلی دەستکاری یاساو سیستەمە بە خاتری کەسەکان و ماڵباتەکان لە ئوردن بە خاتری شا عەبدوڵا و، لە سوریا بە خاتری بەشار ئەسەدو، لە روسیاش بە خاتری پۆتین و لە مانگی رابردوشدا لە میسر بە خاتری عەبدول فەتاح سیسی کودەتاچی کرا.

شەشەم: لە بارەی کۆتایی ھێنان بە سەفقەی نێوان پارتیی و یەکێتیی با بزانین چی کرا؟ یەکێتیی لە بەغداد سەرۆککۆماری بردەوە، لە ھەرێمیش زۆرترین پۆستی بەرکەوت، تەنانەت دوای ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم بۆ گۆڕان یەکلایی بوییەوە و، بڕیار وابوو سەرۆکی ھەرێم وەک سەرۆکی حکومەت یەک جێگری ھەبێت، بەڵام یەکێتی بە گوشارو پێداگریەکانی پارتی ناچار کرد جێگری دووەمیان بۆ زیاد بکات. زیادکردنی جێگرێک بۆ یەکێتی لە ئەنجامی پەیوەندیەکی تەلەفۆنی نێوان مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ بو، بە بێ پرس و راوێژو گەڕانەوە بۆ گۆڕان. پارتیش لە ھەرێمی کوردستان سەرۆکی ھەرێم و حکومەت و ھەموو پۆستە گرنگ و ھەستیارەکانی تری وەک جاران بۆ خۆی دانا. سیستەمەکەش نەگۆڕا. 

ئەی چی کرا؟ وڵامی پرسیارەکە ئەمەیە، ئەوەی لە رابردوودا یەکێتیی بۆ پارتیی دەیکرد ئەمجارەیان گۆڕان بە نرخێکی زۆر ھەرزانتر کردی! لە بەرامبەر ئەمەدا کۆمەڵێک پۆستی بە دەست ھێنا، بەڵام پاشەکشەو ھەڵگەڕانەوەیەکی گەورەی نا ئەخلاقی لە بەرنامەی سیاسی گۆڕان و تێکۆشانی نەوشیروان مستەفا کرد. 

پاش خستنەروی ئەو خاڵانەی سەرەوە بە پێویستی دەزانم کورتەی دوو لێدوانی نەوشیروان مستەفاو نێچیرڤان بارزانی بیری خوێنەر بخەمەوە، ئەو کات خۆتان بڕیار بدەن ئایا ئەوەی کرا، ھاتنەدی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی بوو؟ یان خواست و رێبازی نەوشیروان مستەفا؟ وڵامەکە بۆ خۆتان بە جێ دەھێڵم.

لێدوانی یەکەم: لە ٧ی ٥ی ٢٠٠٥، لە پیرمام، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی:"ئێمە پێمان وایە نابێت سەرۆکی ھەرێم شتێکی رەمزی بێت، دەبێت دەسەڵاتی ھەبێت، پێویست ناکات ھەمو شتێکی خۆمان بە بەغداوە ببەستینەوە، شتێک لە بەغدا ھەبێت لێرەش ھەبێت. سەرکردایەتی پارتی رازی نابێت بە لاساییکردنەوەی مۆدێلی بەغداد."

لێدوانی دووەم: نەوشیروان مستەفا لە ٩ی ٤ی ٢٠١٥، لە لێدانێکیدا لە گردەکە وتی: " گونجاوترین سیستەمی سیاسیی بۆ کوردستانی عێراق سیستەمێکی پەرلەمانییە، ھاوشێوەی بەغداد.".ئەمە جەخت کردنەوە بوو لە سەر ھەمان ئەو سیستەمەی کە لە ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥، واتە سەردەمی یەکێتیدا کاری بۆ دەکردو لە دەستوری ھەمیشەیی عێراقدا چەسپا.

(٢٤) دوو ستونەکەی٢٠١٥ و، درۆیەکی کحولکراوی تر:

لە بەشەکانی سەرەوە بە وردی دیدی گۆڕانمان لە سەر سیستەمی پەرلەمانی خستە روو. ئەوەی ئێستا کراوە بۆ کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی لە پەرلەمانەوە نە سیستەمی پەرلەمانییە، نە پەیوەندی بە بەرنامەی سیاسیی گۆڕان و نەوشیروان مستەفاوە ھەیە. بەڵکو ھەڵگەڕانەوەیەکی ئاشکراو خۆبەدەستەوەدانیانە بە سیاسەت و ئەجێندای پارتی. دوای ئەوەی لە سەر ئەم ھەڵگەڕانەوەیە دەستڕۆیشتوانی گۆڕان رووبەروی رەخنە بوونەوە، بۆ خۆدەربازکردن و خاوکردنەوەی رەخنەو نیگەرانییەکان ئەو حیکایەتەیان ھێنایە پێش گوایە ئەوەی کراوە جێبەجێکردنی دوو ستونەکەی ساڵی ٢٠١٥ یە، کە ئەمەشیان تا سەر ئێسقان نا راستە. 

بەو پێیەی کۆپیەکی ھەردوو ستونەکەم لایەو، ئاگادری وردو درشتی رووداوەکانی پەیوەست بە کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم بووم. بۆ ئەوەی راستییەکان لەوە زیاتر نەشێوێنرێت، لێرەدا کرۆکی دوو ستونەکەو بەراوردکردنێکی پوختیان بە یاساکەی پارتی-گۆڕان بۆ کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و، شیکاریەکی کورت دەخەمە روو.

لە ١٧ی ٩ی ٢٠١٥، لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵا، لە ھەولێر، لە سەر پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم و سیستمی حکومڕانی ھەشتەمین کۆبونەوەی پێنج قۆڵی نێوان (پارتی، گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتو، کۆمەڵ) بە ئامادەبوونی دکتۆر فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێم ئەنجام درا. ئەو رۆژە ژمارەیەک ھاوڵاتی پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید بە مەبەستی دانانی گوشار لە سەر پێنج لایەنەکە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن و سازان چوبوونە ھەولێرو لە بەردەم شوێنی کۆبونەوەکە گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا. 

لەو کۆبونەوەیەدا لایەنەکانی گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ پێشنیازێکی نوێیان خستە بەردەم پارتی بۆ چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم، پێشنیازەکە لە دوو ستون پێکھاتبوو؛ لە یەکەمیاندا سەرۆکی ھەرێم لە ناو پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت بە ھەندێک دەسەڵاتەوە، لە دووەمیاندا لە ناو خەڵکەوە ھەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتەکانی زیاتر تەشریفاتی دەبن. 

لێرەدا بۆ بەرچاو روونی زیاتر، جەوھەری دوو ستونەکەو ھەلومەرجی کاتی پێشکەشکردنی باس دەکەین:

یەکەم: لە ھەردوو ستونەکەدا بنەمای لەیەکجێاکردنەوە و ھاوسەنگی و ھەماھەنگی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادوەری لە بەرچاو گیرا بوو. بە دەربڕینێکی تر سەرەتا بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتەکان لە سەرۆکی ھەرێم وەردەگیرایەوە بۆ سەرۆکی حکومەت، پەرلەمان، ئەنجومەنی دادوەری؛ پاشان ئەو دەسەڵاتانەی کە مابونەوە بە جۆرێک داڕێژرابوونەوە بە پێی ستونی یەکەم ئەگەر سەرۆک لە پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرێت ئەوا دەسەڵاتی زیاتر دەبێ. بە پێی ستونی دووەم ئەگەر لە ناو خەڵکەوە ھەڵبژێردرێت دەسەڵاتەکانی تەشریفاتی دەبن. واتە ئەو قسەیە ھیچ راست نییە، کە ئەوەی ئێستا سەرۆک لە پەرلەمانەوە ھەڵدەبژیردرێت بە ھەموو دەسەڵاتەکانییەوە جێبەجێکردنی ستونی یەکەم بێت. بۆ بەرچاو روونی زیاتری خوێنەر لێرەدا بەراوردێکی کورتی تەنھا سێ دەسەڵاتی سەرۆک دەکەم لە نێوان ئەوەی ئێستای پارتی-گۆڕان کردویانە لە گەڵ ئەو ستونەی ٢٠١٥ کە سەرۆک لە پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرا. 

١. بە پێی ستونەکە، سەرۆکی ھەرێم سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردن نەدەبوو، بەڵام ئێستا بە پێی مادەی (١)ی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ سەرۆکی ھەرێم، سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و، لە سەروی حکومەتەوەیە و سەد لە سەدی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردنی لایە، مەگەر خۆی مومارەسەی نەکات. نەوشیروان مستەفا لە گفتوگۆکانیدا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم لە رووی سیاسیی و یاساییەوە لە پێنج دەسەڵاتدا پۆلێنبەندی دەکرد بەم شێوە: پەیوەندیەکان، سەربازی، ئەمنی، ئابووری، دادوەری.

٢. بە پێی ستونەکە، سەرۆکی ھەرێم فەرماندەی گشتی ھێزەکانی پێشمەرگە نەدەبوو، بەڵکو بە یاسا ئەنجومەنێک پێک دەھات لە سەرۆکی ھەرێم و جێگرەکەی و وەزیری پێشمەرگەو سوپاسالاری پێشمەرگە، ئەم ئەنجومەنە دەبوون بە فەرماندەیی ھێزەکانی پێشمەرگە، لە بری ئەوەی بڕیاری ھێزی پێشمەرگە لە دەستی تاکە کەسێکدا بێت لە دەستی ئەنجومەنێکدا دەبوو، بەڵام ئێستا سەرۆکی ھەرێم خۆی فەرماندەی گشتی ھێزی پێشمەرگەو بڕیار دەرە.

٣. بە پێی ستونەکە سەرۆکی ھەرێم دەسەڵاتی دامەزراندنی دادوەرەکانی نەبوو، ئەم دەسەڵاتە گەڕێندرابویەوە بۆ ئەنجومەنی دادوەری. ئێستا سەرۆک دەسەڵاتی دامەزراندنی دادوەرانی ھەیە.   

دووەم: لە ھەردوو ستونەکەدا سەرۆک لە بەردەم پەرلەماندا بەرپرسیار دەبوو، بە جۆرێک وەک چۆن سەرۆک بە دەنگی (دوو لە سەر سێ)ی پەرلەمانتاران ھەڵدەبژێردرا، بە ھەمان رێژەی دەنگ پەرلەمان دەیتوانی متمانەی لێوەربگرێتەوە. نەک وەک ئەمەی ئێستا کە بە پێی یاساکە بە دەنگی (٥٦) پەرلەمانتار دەبێت بە سەرۆک، بەڵام بۆ متمانە لێسەندنەوەی پێویستی بە دەنگی (سێ لە سەر چوار)ی پەرلەمانتارانە واتە (٨٣) دەنگ. 

سێیەم: لە ھەردوو ستونەکەدا بنەمای بێ لایەنکردنی سەرۆکی ھەرێم جێگیر کرابوو، بە جۆرێک ھەر کەسێکی حزبی ئەگەر لە پەرلەمانەوە یان لە ناو خەڵکەوە ھەڵبژێردرایە بە سەرۆک، ئەوا راستەوخۆ دوای ئەوەی سوێندی یاسایی دەخوارد بە دەستلەکارکێشاوە لە ھەر پلەو پۆستێکی حیزبی دادەنرا. بۆ نمونە: ئەگەر نێچیرڤان بارزانی بە پێی ئەو ستونەی ٢٠١٥ ببوایە بە سەرۆکی ھەرێم، ئەوا دوای ئەوەی سوێندی یاسای لە بەردەم پەرلەمانتاراندا دەخوارد راستەوخۆ بە دەستلەکارکێشاوە لە پۆستی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەژمار دەکرا. لە ٨ی ٥ی ٢٠١٩ کە لە ھۆڵی پەرلەماندا بنەمای ناحیزبیکردنی سەرۆکی ھەرێم خرایە دەنگدانەوە ھاوشێوەی پەرلەمانتارەکانی پارتی و یەکێتی گۆڕانەکانیش دژی بون.   

چوارەم: پێشنیازی ئەو دوو ستونە زادەی ئەو قۆناغە بوو؛ کە دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم کارا بوو، ھاوکات وێڕای پاش دوو ساڵ درێژکردنەوە لە پەرلەمانەوە بەڵام لە ١٩ی ٨ی ٢٠١٥ دا دیسان ویلایەتی بارزانی کۆتایی پێھاتبوو، بە نا شەرعی لە پۆستەکەیدا مابوییەوە. ئەبێ لێرەدا ئەوە راستیە بڵێم: ئەو ھەندە سازشەی کە لەو دوو ستونەدا کرا بە دیاریکراوی لە بەر مەسعود بارزانی بوو.

پێنجەم: ئەو دوو ستونە پرۆژەی ھاوبەشی چوار لایەن بو بۆ پارتی، ئەگەر رێککەوتنی پێنج قۆڵی لە سەر بکرایە ئەوا بە تەوای کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێمی چارەسەر دەکرد و فۆرمێکی زیاتر نیشتیمانیانەی وەردەگرت. بەڵام ئەمەی ئێستای نێوان پارتی-گۆڕان-یەکێتی رێککەوتنی نێوان سێ لایەنە، راستتر خۆبەدەستەوەدانی گۆڕانە. کێشەکەش بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە، چونکە سەرۆک دەسەڵاتە زۆرکەی ماوە و چاودێریشی ئێجگار ئەستەمە، وەک لە رێککەوتنەکەی نێوان ئەو دوولایەنە و لێدوانەکانیشیاندا دەردەکەوێت ھەڵبژاردنی سەرۆکیش لە پەرلەماندا تا نووسینەوەی دەستورە، ئەشێت ئەو کاتەی دەستور دەنووسریتەوە کێشەکان سەرھەڵبدەنەوەو دیسان ھەڵبژاردنی سەرۆک ببریتەوە ناو خەڵک.

لە بارەی دوو ستونەکەوە دەمەوێ لێرەدا شتێک بیری خوێنەر بخەمەوە؛ لە مەراسیمی دەسبەکاربوونی پاتریارک گۆرگیسی سێیەم، لە ٢٧ی ٩ی ٢٠١٥، لە عەنکاوە-ھەولێر، کە نێچیرڤان بارزانیش ئامادەی بوو، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا پێی وابوو دوو ستونی چوار لایەنەکە پێچەوانەی یەکن، بۆیە بە شتێکی "عەجیب" وەسفی کردو، وتی: "ئەگەر سەرۆک لەنێو خەڵک ھەڵبژێردرێت، چونکە شەرعییەتی لەلایەن خەڵکەوە وەرگرتووە دەبێت دەسەڵاتی زیاتر بێت، بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر سەرۆک لەلایەن پەرلەمانەوە ھەڵبژێرێت دەبێت دەسەڵاتی کەمتر بێت."
دیقەت بدەن؛ لە لێدوانەکەی ئەو کاتەی نێچیرڤان بارزانییدا قسەو پێداگری سەرەکی لە سەر "دەسەڵاتەکانی سەرۆکە" ئەو کاتە پێی وایە ئەگەر سەرۆکی ھەرێم لە پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرێت دەبێ دەسەڵاتی کەمتر بێ، بەڵام لە ناو خەڵکەوە زیاتر بێت. لێدوانەکەی ئەو کاتەی ھەر بۆ ئەو کاتەیە کە ھێشتا مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێمدایەو پێشبینی ئەوە دەکرێت لە داھاتوودا دیسان لە ناو خەڵکەوە خۆی ھەڵبژێرێتەوە. بەڵام ئێستا کە مەسعود بارزانی دەستبەرداری پۆستەکە بووە و نێچیرڤان خۆی لە پەرلەمانەوە بە سەرۆک ھەڵدەبژێردرێت، پێی عەجیب نییە کە ھەموو دەسەڵاتەکانی بۆ گوستراوەتەوە. ئەم دوو پێوانەییە لە نێوان ئەو کاتە و ئێستادا لە لایەک بەڵگەی ئەوەیە ئەمانە ھەمیشە لە گەڵ ئەوەن سەرۆکێکی دەسەڵاتدار ھەبێت و لە خۆیان بێت، لە لایەکی تریشەوە بە پێی قۆناغەکان سیستەمەکە لە گەڵ خۆیان دەگونجێنن، نەک ئەوەی خۆیان لە گەڵ سیستەم بگونجێنن.

ھەر پەیوەست بەمە؛ کە پارتی لە ئێستادا رازی نییە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم کەم بکرێتەوە و لە ژێر چاودێری پەرلەماندا بێت، لە پای ئەمەش بە پێدانی پۆستی زیاتر خەونی ریفۆرم و گۆڕانکاری ریشەیی لە کۆی سیستەمی حکومڕانییدا لە مێشکی لایەنەکانی تردا سڕیوەتەوە، بۆ ئەوەیە لە داھاتوودا کە لیژنەی نووسینەوەی دەستور پێکھات لەوێ توشی کەمترین گفتوگۆو کێشە بێت. شەڕی یەک داواکاری خۆی بکات کە جارێکی تر بردنەوەی شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆکە بۆ ناو خەڵک، بەڵام ئەگەر لەم سەروەختەدا بە کەمکردنەوی دەسەڵاتەکانیش رازی بوایە ئەو کات دەبوو، ھەم داوای دەسەڵاتەکان بکاتەوە، ھەم داوای ھەڵبژاردنی ناو خەڵک بکاتەوە، ئەمەش شەڕەکەی داھاتووی قورستر دەکردن.
لە لایەکی ترەوە دەبێت بەرچاومان روونبێت، لە بەر ئەوەی پارتی بە خۆی و پاشکۆکانییەوە لە پەرلەمان و لیژنەی یاسایی و سەرۆکایەتی پەرلەمانیشدا زۆرینەن، ئەمە دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنێ لە لیژنەی داھاتووی نووسینەوەی پرۆژەی دەستوریشدا زۆرینە بن، ئەوکات ئەگەر گۆڕانکاری و پێشھاتێکی نوێ نەیەتە پێش چاوەڕێ دەکرێت پرۆژەی دەستور بەو جۆرە بڕوات کە دڵخوازی ئەوانە. 

(٢٥) سیاسەتی تانجی و کەروێشک:  

لە ئێستادا نزیکەی حەوت مانگ و ١٥ رۆژ بە سەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، لەو ماوەدا حکومەت پێک نەھات. ھەمو جارێک پارتی ھۆکاری دواکەوتن و پێکنەھێنانی حکومەتیان بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە کە دەبێت لە پێشدا دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم کارا بکرێتەوەو سەرۆکی ھەرێم (نێچیرڤان بارزانی) ھەڵبژێردرێت، ئەوەیش  کاندیدی سەرۆکی حکومەت (مەسرور بارزانی)  بۆ پێکھێنانی کابینەی وزاری رابسپێرێت. ھۆکاری دواکەوتنی کاراکردنەوەکەشیان بۆ کێشەکانی یەکێتی و گٶڕان لە سەر پۆست دەگێڕایەوە.

ئەمە لە کاتێکدا بە پێی بڕگەی (٤) لە (یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٧، یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم بە سەر دامەزراوە دەستوریەکانی ھەرێم) دەسەڵاتی راسپاردنی کەسێک بۆ پێکھێنانی کابینەی وزاری درابو بە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری. واتە ھەر لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن کۆمسیۆنەوە لە ٢١ی ١٠ی ٢٠١٨، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری دەیتوانی مەسرور بارزانی بۆ پێکھێنانی کابینەی حکومەت رابسپێرێت و ئەویش دەرفەتی لە بەردەستا دەبو لە ماوەی (٣٠) رۆژدا ناوی وەزیرەکانی بخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ متمانە پێدانیان.

بەڵام لە بەر ئەوەی کێشەو بێ متمانەیی گەورە لە ناو خودی پارتیدا ھەبو، نێچیرڤان بارزانی لەوە بە گومان بو ئەگەر پێکھێنانی حکومەت پێش بکەوێت، رەنگە باڵەکەی تری ناو پارتی دواتر عەرقەلەی بۆ دروست بکەن لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ھەرێم دا، بۆیە تا ئەو کاتەی بە پاکراوی پۆستی سەرۆکی ھەرێم بە دەسەڵاتێکی فراوانەوە بە بە یاسا نەخرایە بەردم نێچیرڤان بارزانی، پرۆسەی پێکھێنانی حکومەت نەخرایە سەر رێچکە.

بەم جۆرە ئەو ماوە زۆرە حکومەت دوا کەوت کەچی گۆڕان و یەکێتی جارێکیش بە جدی باسی ئەوەیان نەکرد کە ھۆکارە سەرەکیەکەی پێکنەھێنانی حکومەت خودی پارتیە. لەو ماوە زۆرەدا پارتی وەک ئەوەی یاری تانجی و کەروێشک بە یەکێتی و گۆڕان بکات، ئەو دو ھێزەی خستبوە ناو ماراسۆنێکی ماندوکەر کە لەوە سەرەوە براوەی گەورە ھەر خودی پارتی بو، ئامانج لەمەش ئەوە بو لە لایەک ھەردو لایان زیاتر سازشی بۆ بکەن و زۆرتر بچنە ژێر باڵی پارتی، لە لایەکی ترەوە بۆ ئەوەی نەپەرژێنە سەر مەسەلەی دەسکاری دەسەڵاتەکانی سەرۆک و سیستەم، لە لایەکی ترەوە بۆ ئەوەی چاوەکان لە سەر خودی پارتی لابات، بە راستیش بۆ خۆیان سیاسەتێکی جوان و سەرکەوتو بو. 

کە رەخنە لە سیاسەتی ئێستای گۆڕان دەگرین بەشێک لەوانەی کە سودمەندی کەسین یان لەو مامەڵە ھەرزانەی کە لە گەڵ پارتی کرا بەشداربون دەڵێن: "ئێمە بە (١٢) کورسیەوە ئەوندەمان کرد، با لایەنەکانی تر ئەوەی ماوە تەواوی بکەن!" ئەم قسەیە بێ مان ترین پاساو و نیشانەی ئیفلاسێکی گەورەی سیاسیە. دبێ بپرسین چیتان کرد؟ وڵامەکە یەک ریز وشەی ھیچ ھیچ ھیچ...ە. ئەگەر تەسلیمبون دەستکەوتبێت ئەوا دەمێکە یەکێتی و بەشێکی تر لە حیزبە کارتۆنیەکان خۆیان رادەستی ئەجێندای پارتی کردوەو ھەموشمان تاڵاوی ئەنجامەکەیمان چەشتوە. دەبێ بزانن لە پرسی سیستم و سەرۆکایەتی ھەرێمدا مەھامی گۆڕانی ئێستا ھەمان مەھامی حیزبەکەی مونا قەھوەچیە، کورسیەکت ھەبێ و ١٢ کورسیت ھەبێ ئەجێندای لایەنی تر جێبەجێ دەکەی. تەنھا جیاوازی ئەوەیە بزوتنەوەی گۆڕان ناو و رابردویەکی گەورەی ھەیە، ئەمە بۆ پارتی وەک ڤیزای شنگن وایە تا پێویستی پێ ھەبێت بە کاری دەھێنێت بۆ پەڕینەوەو گەیشتن بە خەونەکانی تریان.

رەنگە دەقیقترین و سادقانە ترین دەربڕین لە سەر رۆڵی گۆڕانی ئێستا بۆ پارتی ئەو چواندنەی رۆژنامەنوسی پارتی رێبوار کریم وەلی بێت کە لە وتارێکیدا گۆڕان بە "ئەسپی تەراودە" بۆ پارتی دەچوێنێ و لەو بارەوە دەڵێت: "ئەمجارە پارتی بە مەبەست و بۆ درووستکردنی جێپێیەکی قایم لە سلێمانی، گۆڕان وەکو ئەسپی تەڕوادە بەکاردێنێ." ئەوانەی فیلمی بە ناوبانگ و پڕچێژی "ترۆی"ان بینی بێت دەزانن ئەو چەند پارچە تەختەو گوریسەی ئەسپەکەی پێ دروست کرا لە چەند کاتژمێرێکدا چارەنوسی جەنگێکی دەساڵەی یەکلایی کردوە دەست بە سەر شاریێکی دەورە دراو بە بتەوترین شورا گیرا.

یان ھەندێکی تر دەڵین ئەی رێکەوتنمان نەکردایە چیمان بکردایە؟ سەرتا دەمەوێ ئەوە بڵێم: من ھەرگیز دژی رێکەوتن نیم لە گەڵ ھەر لایەنێک، بەڵام ئەوەی کرا رێکەوتن نیە، بەڵکو لە کیسدانی باشترین دەرفەت و،  خۆبەدەستەوەدان و رەنجبێوەرکردن و ھەرزانفرۆشی سەرەکی ترین پرنسیپی گۆڕان بو. 

پاشان دەپرسین ئایا نەوشیرون مستەفا کاتی خۆی نەیدازانی ئەمە بکات کە ئێوە ناوتان ناوە رێکەوتن؟ ئایا گۆڕان بۆ ئەوە دروست بو یان لە دە ساڵدا ھەمو دونیا بگۆڕێت یان کە پێی نەگۆڕا ئیدی تەسلیم بێت؟ ئایا بیرتان چووە نەوشیرون مستەفا لە پاش دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان پەشیمان بو لەوەی بەشدار حکومەتی کردوە، ئەگەر بیرتان چوە فەرمون بڕۆن تەماشای ئەو پارچە ڤێدیۆیە بکەن کە لە مۆبایلەکەی نمادایە.  

(٢٦) بیدەبەری با تێپەڕێی چاپولوسیچیان:

کاک نەوشیروان لە لاپەڕە (٤٣)ی یاداشتەکەیدا باسی گرنگی سیستمی حکومڕانی دەکات و، پێی وایە لە بەر ئەوەی ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئازادی نەوەی ئێستاو داھاتووەوە ھەیە دەبێت ھەڵوەستەی تەواوی لە سەر بکرێت؛ لە بەرامبەردا ئاماژە بە پەلەکردن و بێ باکێ خەڵکانێکی تر لە ئاست ئەو پرسە دەکات و؛ لەو بارەوە  دەڵێت"پرسێکی وا گرنگ ئەھێنێ ئیستی لە سەر بکرێ، لە سەری راوەستین و لە ھەمو بارێکەوە تاوتوێ بکرێ. لایەنە باش و خراپەکانی ھەڵئەسەنگێنرێ ئینجا بڕیاری لێ ئەدرێ؟ یان بۆ رازی کردنی فڵان کەس و فڵان حیزب بڵێن:"بیدە بەری با تێپەڕی!"

ھەروەھا لە لاپەڕەکانی (٥٠ و٥١) دا وەکو ئەوەی بۆ دۆخی ئێستای گۆڕانی  نووسیبێت دەڵێت: "ھەندێ لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی لە ماوەی ڕابردوودا چاپولوسیان بۆ تاڵەبانی ئەکردو، بۆ ئەوەی لە دابەشکردنی پلەو پایەکانی قۆناغی تازەی داودەزگاکانی عێراق و کوردستان دا جێگەیەکیان بەربکەوێ بیانوویان دادەتاشی بۆ ئەوەی ھەرچی زوتر قانوونی سەرۆکایەتی ھەرێم، بەو جۆرەی سەرکردایەتی پارتی داوایان کردبوو، پەسەند بکرێ و، خۆشیان ئەیان زانی داکۆکی لە بابەتێکی ناڕەوا دەکەن بە قازانجی یەکێتی نییە، سەرەڕای ئەوەش ھەندێکیان، ھەندێ جار، مەراییان بۆ مەسعود و نێچیرڤان دەکرد." ھەروەھا باسی چەند ئەندامێکی تری مەکتەبی سیاسیی دەکات کە لەو کاتەدا ھەوڵیان دەدا تاڵەبانی لە خۆیان رازی بکەن و لە شوێنە حزبیەکانی خۆیاند بمێینەوە. لە بارەی ئەمانەوە دەڵێت: "بە ئاگاییەوە بونەتە پارێزەری دەعوایەکی ناحەق."
خوێنەی بەڕێز سەرنج بدەن؛ چۆن لە دوای کردنەوەی دەرگای بەشداری گۆڕان لە دەسەڵات و، دیاریکردنی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت، چەندین ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن و چڤاتی نیشتیمانی و چڤاتی گشتی و ئەندامی وەفدی دانوستانکارو ھەڵسوڕاوی باڵاو پەرلەمانتارو قەڵەمبەدستی دەوری گۆڕان لە ئاستی زۆر نزمدا، زۆر ناشرینتر لە بەرپرسانی یەکێتی دەستیان کردوە بە پێداھەڵدانی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی. 

بەشێک لەمانە ئەگەر بە مەبەستی وەرگرتنی پۆست و شوێنگەرمکردنی خۆیان لای پارتی چاپولوسی بکەن، بەشێکی تریان بۆ ئەوەیە دڵی کوڕەکانی کاک نەوشیروان و بڕیار بەدەستانی تری گۆڕان لە خۆیان رازی بکەن، بۆ ئەوەی لە پۆستە حزبیەکانیاندا بمێننەوە یان لە داھاتوودا پۆستێکی گەورەتریان پێ بدرێ، بە ئاگاییەوە داکۆکی لە بڕیارێکی نادروست دەکەن کە بە زیانی خەڵکی کوردستان و پاشان گۆڕان دەشکێتەوە. 
تەماشای لێدوانی چەند مانگی رابردوی بەشێک لە بەرپرسان و ھەڵسوڕاوانی گۆڕان و پەرلەمانتارانی بکەن، چۆن بە پاساوی بێ بنەما لە پارتی پەلە تریان بو بۆ تێپەڕاندنی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و پێکھێنانی حکومەت بە ھەمان نەفسیەتی"بیدە بەری با تێپەڕی"، تەنھا لە بەر ئەوەی زوتر حکومەت پێک بێت و، پۆستەکانیان وەرگرن.

کاک نەوشیرون لە یاداشتەکەیدا ناوی ئەو کەسانەی کە لەو کاتەدا بە تەمای پۆست بون لە گەڵ ناونیشانی پۆستە دڵخوازەکانیان ریزکردوە؛ وەک چۆن لە ئێستای گۆڕانیشدا لە غیابی تیلەچاوی نەوشیروان مستەفادا ھاوڕێکانی زۆر رو قایمانەو بە پێچەوانەی ھەمو دابو نەریتێکی سیاسیەوە، بە تایبەت ئەندامانی وەفدی دانوستانکارو ئەندازیارانی ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم ھەمان کار دوبارە دەکەنەوە. (لێرەدا زۆر زانیاری ھەیە لە سەر پەیوەندیە تایبەتیەکان بەڵام بۆ ئەوەی وەک شتی شەخسی تەماشا نەکرێت لێی بێ دەنگ دەبم.)

ئەنجام:

سەرۆکایەتی ھەرێم ھەر لە بنچینەدا بە دەسەڵاتێکی فراوانەوە، بە گوێرەی خواستی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامانجی بنیاتنانی سیستەمێکی حکومڕانی شێوە پاشایەتی رەھا، بۆ کەسێک دروست کرا. لە قۆناغە جیاوازەکاندا بە پێی پێویستی کەسایەتیەکانی ناو ماڵبات نزیکەی دەجار دەسکاری یاساکەی کراوە. ئەم دامەزراوە لە وەتەی ھەیە سەرچاوەی نا سەقامگیری بووە. ھەر لە سەرەتاوە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کەس و گروپەکانی ناو ئەو حزبە تا دەگاتە دواھەمین رێککەوتنی ٣ی ٤ی ٢٠١٩ی نێوان بارزانی وکۆسرەت رەسوڵ، لە پێناو دەستخستنی بەرژەوەندی پارەو پۆست راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ رۆڵیان ھەبووە لە درێژەدان بە کێشەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم. 

وێڕای چەندین ھەوڵی سیاسییانەو دیموکراسییانەو یاساییانە لە رابردوودا، بەڵام رێگە نەدرا سەرۆکایەتی ھەرێم بکرێت بە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی، کە بە راستی ببێتە رمزی یەکگرتویی ھەرێمی کوردستان و سەرچاوەی دڵنیایی و سەقامگیری خەڵک و حکومڕانییەکەی. لەم رووەوە شانبەشانی بەشێک لە رۆشنبیران و ئەوانەی لە خەمی ئەم پرسەدان، نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆڕان رۆڵێکی گەورەیان گێڕا.
ئەکرێت مانگی ٧ی ٢٠١٨ وەک سەرەتای دەرکەوتنی کاریگەری سیاسەتی پارتی لە سەر ئەو گۆڕانانەی ئێستا لە گردەکەوە خۆیان بە میراتگری گۆڕان دەزانن و، بێباکانە پاش یەکێتی بوونەتە سێبەری دووھەمی پارتی  دیاری بکرێت. لەو مانگەدا بو لە لایەن بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕانەوە، بە ئاگاداری و ھاندانی چەند بەرپرسێکی گۆڕانی وەدەرنراو لە پەرلەمان و حکومەت، دەنگ بە یاسای تیرۆر درا، دواتر بە قازانجی پارتی یاسای ھەڵپەساردنی سەرۆکایەتی ھەرێم پێشکەش و پەسەند کرا. ئەوەی ئێستا گوایە بە داوای گۆڕان ھەڵبژاردنی سەرۆک ھێنراوەتە ناو پەرلەمان و سیستەمەکە بە پەرلەمانی کراوە، ھیچ نییە جگە لە درۆیەکی گەورەی کحول کراو. بانگەشەی ناڕاستی جێبەجێکردنی ستونەکانی ٢٠١٥ شتان نیشانەیەکی تری مایەپوچبونتانە. ھەموو پێدراوەکان ئەو راستیە دەسەلمێنن ئەوەی وای کرد پارتی رازی بێت، بە ھەڵبژاردنی سەرۆک لە ناو پەرلەمانەوە پێویستیەکی تری ئەم قۆناغەیانە کە لە لایەک دڵنیان کاندیدیان لە ناو خەڵکەوە دەنگی پێویست ناھێنی، ھەروەھا ھاوسەنگی ناو ماڵبات لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی وای دەخواست. 

ئەوە چ سیستەمێکی پەرلەمانییە کە سەرۆک زۆرترین دەسەڵاتی ھەبێ و، پەرلەمانیش نەتوانێ لێپرسینەوەی لێ بکات؟ نەک سیستەم نەگۆڕا بەڵکو دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمیان پێشتر بۆ بە پارتی ھەڵگرتوو دوای ھەڵبژاردن وەریان گرتەوە. دەرفەتی گۆڕینی سیستەمیشیان تا ئاستی لە باربردن بە نادیاری سپارد. ھەر ئەم گروپە بنەمای پشتاوپشتی دەسەڵاتیشیان چەسپاند، لە مەسعود بارزانییەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی، لە نێچیرڤانیشەوە بۆ مەسرور بارزانی، دور نییە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشیش لە مەسرورەوە بۆ نەوەیەکی تری ماڵبات بگوازنەوە. خۆ ھەر ئەم جوڵەو جێگۆڕکێیەی ئێستای نێو کەسایتیەکانی ماڵباتە، نەوشیروان مستەفا پێی دەوت: تەوریسی سیاسیی و جمھوریەتی ویراسی.
ئەوەی پارتی لەم قۆناغەدا پێویستی پێ بو لە چارەسەی کێشەکانی ناو ماڵبات و سیستمی دڵخواز و، وەرگرتنەوەی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت و پۆستە باڵاکانی تر پێی گەیشتن، ئەو پۆستانەش کە بە گۆڕانی دا بەرتیلێکیی بی نرخی ئەو خزمەتەتان بو کە بە ئەجێندای پارتیتان کرد. 

لە کاتێکدا رێگای دروست ئەوە بوو دەست بە بەرنامەی سیاسیی گۆڕانەوە بگرن، وەک ئەمە ناکەن لە راستیدا بێ ئەمەکی و ناپاکییەکی گەورە دەکەن، کە لادان و ھەڵگەڕانەوەتان لە رێبازی گۆڕانخوازی بە ئاشکراو بێ ھیچ سڵمینەوەیەک دەخەنە پاڵ نەوشیروان مستەفا و، دەتانەوێ بەمە پارێزبەندیەک بۆ خۆتان دروست بکەن و راستی شکست و خۆبەدەستەوەدانتان بشارنەوە!

پاش خویندنەوەی ئەم بابەتە رەنگە یەکەم پرسیاری سادە بە مێشکی خوێنەردا بێت ئەوەیە ئایا ھیچ کەس دەستڕۆیشتوان و ئەندازیرانی بەدەستەوەدانی گردەکەیان لە مەترسی ئەم ھەناوەیان ئاگادار کردوەوە؟ بەڵی پاش چەندین ھەوڵ بۆ رێگری لەم کارەیان بە رێو شوێنی حزبی، دواھەمین نوسراومان سەرلەبەیانی  ٢٦ی ٣ی ٢٠١٩ بە ناوی دەیان ھەڵسوڕاوی دیاری گۆڕانەوە ئاڕاستەی رێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەراندن و جڤاتی گشتیمان کرد و بە دەستی دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین گەیەنرایە دەستی مامۆستا جەمال محەمەد سکرتێری جڤاتی نیشتمانی، تێدا بە رون راشکاوی ئاگادارمان کردنەوە لەوەی ھەنگاوەکانیان بە ئاڕاستەی کارکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم ھەڵەیەو داوامان کرد رایگرن. وەک پیشەی ھەمیشەییان گوێیان نەگرت.  چەند رۆژێکی تایبەتمان لە پێشە لە لایەک یادی دو ساڵەی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا دەکەینەوە، لە لایەکی ترەوە بێ گۆڕینی سیستەم نێچیرڤان بارزانی وەک کاندیدی گۆڕان دەبێت بە سەرۆکی ھەرێم، ئەمە چی بو رویدا؟!
تێبینی: ھەر سەرچاوەیەکی نوسراو و ڤیدیۆی کە ئاماژەم پێداوە، گەر نەتانتوانی بیدۆزنەوە لای خۆم ھەیەو دەتوانم بۆتان بنێرم.
لینکی یاداشتەکەی نەوشیروان مستەفا لە ماڵپەڕی کورپیدیا، بە پێویستی دەزانم بیخوێننەوە:
https://www.kurdipedia.org/files/books/2013/89647.PDF?ver=130177550558943880

5/14/2019 6:21:29 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: Info@zednews.net