سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

نادیه‌ موراد كورده‌؟

هێمن عه‌بدوڵا

ئه‌و رۆژه‌ی میری ئێزدییان وه‌غه‌ریكرد، له‌ شوێنێكی نزیك شاری هانۆڤه‌ری ئه‌ڵمانیا له‌نێو ئاپۆرای گه‌وره‌ی ئێزدی و ئێزدیدۆستاندا ئه‌و پرسیاره‌م لێكرا. میر مردبوو، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك له‌ رۆشنبیرانی ئێزدی زۆرتر ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رقاڵی كردبوون له‌وه‌ی كه‌ كێ جێگره‌وه‌ی میر ده‌بێت. ئه‌و لاواندنه‌وانه‌ی له‌نێو ژنانه‌وه‌ ده‌بیستران و دڵهه‌ژێن بوون، به‌كوردییه‌كی پاراو بوون. مه‌راسیمی ئایینی بۆ ماڵئاوایی و گوتاری هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌وێ قسه‌یان ده‌كرد، هه‌ر به‌كوردی بوون. بۆیه‌ ئێزدییه‌كانی ئه‌وێ به‌توانجه‌وه‌ به‌منیان ده‌گوت: بۆچی به‌ موسڵمانێك ناڵێن كوردی موسڵمان، به‌ڵام بۆ ئێزدییه‌ك پێویسته‌ بگوترێ كوردی ئێزدی؟ هه‌ر به‌ڕاستی ئێزدی كوردن؟

له‌مڕۆژانه‌دا هاوسه‌فه‌رێكی نێو فڕۆكه‌م گه‌نجێكی ئێزدی بوو. كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوو بوو كه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوێكی فه‌ره‌نسی چه‌ندین پرۆژه‌ی خێرخوازیی هێنابووه‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان. ئه‌و باسی جیاوازیی گه‌وره‌ی نێوان كه‌مپه‌كانی كوردستان و كه‌مپه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقی بۆ ده‌كردم و ده‌یگوت به‌راورد ناكرێن. خوێنده‌وار بوو له‌ به‌لجیكا سینه‌مای خوێندبوو. كه‌ قسه‌ی ده‌كرد، زانایانه‌ و سه‌نگین و به‌ویژدانه‌وه‌ ده‌دوا. ره‌خنه‌ی زۆر بوون له‌ هه‌ولێر، به‌ڵام ئه‌ویش ده‌یگوت: ئێزدی به‌ خۆجیاكردنه‌وه‌ له‌ كورد یان كوردستان قازانج ناكه‌ن. مرۆڤ له‌ ئاسمانەوە‌ گه‌وره‌تر بیر له‌ رووداوه‌كانی سه‌رزه‌وی ده‌كاته‌وه‌، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردبێ كه‌ ئه‌و دوو كورده‌ی نێو فڕۆكه‌كه‌ هێنده‌ پێكه‌وه‌ هاوڕابووین!

من ئه‌وه‌م بۆ گێڕایه‌وه‌ كه‌ چۆن كاتی شكاندنی گه‌مارۆی سه‌ر چیای شنگال چووینه‌ ئه‌وێ و جۆشی گه‌یاندنی ده‌نگی هاوزمان و هاوخوێنه‌كانمان ئێمه‌ی گه‌یانده‌ ئه‌وێ. به‌ڵام له‌ مه‌زارگه‌ی شه‌رفه‌دین كۆمه‌ڵێك كه‌س زۆر دڵگران بوون، كاتێك بینییان له‌به‌رده‌م كامێرا ناوی ئێزدییه‌كان به‌ كوردی ئێزدی ده‌هێنم. ئه‌و دڵگرانییه‌ی ئه‌وان هه‌مان ئه‌و شته‌ نه‌بوو كه‌ له‌ هانۆڤه‌ر بینیم و له‌داخی ئه‌وه‌ بوو كه‌ ده‌یانگوت كوردبوونی ئێزدییان گومان هه‌ڵناگرێت. ئه‌مانه‌ رایان وابوو ئێزدی كورد نین و یه‌كێكیشیان پێیده‌گوتم: ئێوه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ كورد، له‌ ئێزدییایه‌تی هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه‌. دواتر تێگه‌یشتم ئه‌مه‌ پاشنه‌مایه‌كی ئایینیشی هه‌یه‌. چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌بێته‌ ئێزدی كه‌ له‌ دایكوباوكێكی ئێزدی له‌دایك بووبێت و ئه‌گه‌ر كوردبن، كه‌واته‌ ده‌بێ ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته‌ موسڵمان، سه‌ره‌تا ئێزدی بووبن و دواتر ئایینه‌كه‌یان گۆڕیبێ.  بۆیه‌ كاتێك نادیه‌ موراد له‌ كتێبه‌كه‌یدا خۆی له‌ كورد جیاده‌كاته‌وه‌ و لای تره‌مپیش شكایه‌ت له‌ به‌غدا و هه‌ولێر به‌یه‌كسانی ده‌كات، هه‌روه‌ها كاتێك له‌ ئه‌رمه‌نستان حیزبی ئێزدی دروستده‌بن كه‌ قبوڵیان نییه‌ كورد بن، ئه‌مه‌ ته‌نیا دنه‌دانی ناحه‌زان نییه‌، به‌ڵكو به‌شه‌ بچووكه‌كه‌ی جڤاكی ئێزدییان بڕوای به‌و جیاوازییه‌ هه‌یه‌.

ئه‌و راستییه‌ی من، پاش خوێندنه‌وه‌ی زۆر و لێكۆڵینه‌وه‌ و ناسینی ئێزدییان پێیگه‌یشتووم، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قه‌ت كوردبوونیان گومان هه‌ڵناگرێت. گرنگیش نییه‌ كێ له‌ كێ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌. هیچیش گرنگ نییه‌ نادیه‌ و حه‌شددۆسته‌كان و ئه‌رمه‌نچییه‌كانی نێو ئێزدییانیش چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ خه‌ڵكی دیكه‌ی كوردستان ئێزدییه‌كان وه‌ك به‌شێك له‌ خۆیان و وه‌ك كوردی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی قبوڵ بكه‌ن. واته‌ ئه‌و كوردانه‌ی ئایینی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ و زمانیان و كولتوور و ناسنامه‌یان هه‌رچه‌نده‌ كوردییه‌، به‌ڵام وه‌كو هی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان نییه‌. بۆیه‌ش هه‌م له‌ ئیداره‌ و هه‌م په‌روه‌رده‌ و ئازادیی ئایین و بیركردنه‌وه‌شدا هه‌میشه‌ ده‌بێ حیسابێكی كوردانه‌ی جیاوازیان بۆ بكرێت. چونكه‌ ئه‌وانه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خاڵی لاوازی بن، یه‌كێكن له‌ به‌هێزترین كۆڵه‌كه‌كان كه‌ ده‌توانن له‌ئاینده‌دا كوردستان به‌هێزبكه‌ن.

8/5/2019 4:49:21 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]