سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

کاتی بەئاگاهاتنەوەی کورد لەخەونە شیرینەكان

دارەوان نوری
خۆڕاهێنان بە سیاسەت و وتاری ناڕاست، بریتیە لە کەڵەکەبوونی ئەزموونی شکست خواردوو ، لە هەمان کاتیش دەکرێ ناو ببردرێت بە عەقڵیەتی خۆگێلکردن لە پرسەکان، بەجۆرێک لە کەناری نادیدیدا هاوتەریبی رووداوەکان ڕێبکەیت، بەڵام بێ ئەوەی لە پارسەنگی هاوکێشەکان هیچ بەهایەکت هەبووبێت.

هاوکێشە سیاسی و گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە، شەقازلەیاکی تووندە بۆ بەرگوێی ئەوانەی کەوا لەخەڵوەتدا ماونەتەوە یان بە وەهمی سپاردنی سەرجەم هێلکەکان بە یەک سەبەتە، بەرئەوانەش دەکەوێت کە بەتەنها ئۆباڵی شکستە مێژوییەکانیان بە وڵات و کەسانی دیکەوە بەستۆتەوە وبێ ئەوەی ئاماژەیان بەرۆڵی نێگەتیڤی سەرکردایەتی بزاڤی رزگاری خوازی کورد لە قۆناغەکان دابێت ، پێیان دەڵێت ناکرێت چیتر خوێندنەوەیان بۆ رێرەوی رووداوەکان نەبێت و بەپێچەوانەی شەپۆڵەکان رێبكەن..

ئەوانەی ئاماژەمان بۆ کردوون بەشێکن لەو سیاسەت وعەقڵیەتە نا ئیداریەی ئێستای سەرکردایەتی سیاسی کورد کە گرتویانەتەبەر.

بە ئاماژەیەکی کورت و تێبینی لەسەر دۆخەکان بۆت روون دەبێتەوە کە هۆکاری ئەم جۆرە لە سیاسەت کردنەی سەرکردایەتی سیاسی کورد بۆ خۆ بەزلزانێتیەکی  لەرادەبەدەری بێ بنەما دەگەڕێتەوە کە هێشتا نایهەوێت لەو خەوە خۆشەی (جیهان هەمووی دۆستمانە) بەئاگابێتەوە، چونکە بە تێبینی لەسەر گۆڕانکاری و رووداوەکان، دەرکەوت کورد لەچوارچێوەی جوگرافیایەکدا ژیان دەکات، تەنیوەتەوە بە بۆمبی تەوقیتکراوی بەرژەوەندیە باڵاکانی وڵاتانی زلهێزی جیهانی و ئیقلیمی ( دانپیانراو لەڕووی نێودەوڵەتیەوە ) ، هەربۆیەشە بە نادیدەکردن و نەخویندنەوەی ئەو هاوکێشانەو فەرامۆشکردنی یاریزانە سەرەکیەکانی ناوچەکە، هەڵەی مێژویی لێدەکەوتەوە و دەستکەوتەکانیش خراتر لەبار دەچن.

پێمانخۆشبوو بڕیاری وەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و مرۆییەکان ئەوەندە ئاسان بونایا، هەرلەچوارچێوەی ویست و هاوکێشە سۆزداری و دروشمەکان بەدەستهاتبان، خۆشتردەبوو کە هاوسێکانمان و وڵاتە زلهێزەکان ئەوپەڕی رێزیان بۆ ماندووبوون و نەهامەتیەکانمان هەبوایە، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە کورد سەرکردەو خەمخۆرێکی راستەقینەی نییە سەرجەم مافەکانیان پێ ڕەوابینی بوا..! 

بەڵام واقیع شتێکی دیکەمان پێدەڵێ ، ئەوەتانێ لە دوایین پەیامیدا دۆناڵد ترەمپ زۆر شت بیر کورد دەهێنێتەوە،  کە کورد کاراکتەرێکە لەدەرەوەی هاوکێشە نێودەوڵەتیەکانە و ناوبردنیان بەوەی کە شەڕکەری باشن (بەومانایەی کە جانەوەرێ بن تەنها بۆ کوشتار و شەڕ شیاو بن)
كە ئەوساتە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا یەکتر دەگرنەوە، یا کە دەڵێ ، مەرج نییە هەتا سەر سەربازەکانیان بهێڵنەوەو بەکوژیان بدەن، ئەوە ئاماژەیەکی روونە بەوەی کە تاوەکو ئێستا کورد ئەگەرهاوپەیمانێکی تەکتیکی ئەمریکا بوو بێت لە ناوچەکە نەوەک هاوپەیمانی ستراتیژی!

بۆیە سەرکردایەتی سیاسی کوردی زۆربەی پارچەکان و تایبەتیش باڵادەستەکان، دەبێ بەرچاو روونتر لەگەڵ دۆخەکە مامەڵە بکەن، دەبێ ئەوەیان لەبەرچاوبێت کە کورد لە جوگرافیایەکی داخراودا ژیان دەکا،  كە پرێتی لە کێشمەکێش و ململانێی جۆربەجۆر، ناکرێت بەبێ تێبینی و ڕەچاونەکردنی پەیوەندی و بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی لەگەڵ وڵاتە ئیقلیمیە باڵادەستەکان، راستەوخۆ خۆی بە قەدی ستراتیژی ئەمریکا یا وڵاتێکی دیکەی زلهێزی جیهانی ببەسترێتەوە، چونکە دەبێ لەوە تێبگات کە پشک و ئاستی بەرژەوەندیەکانی ئەوان زۆر لەسەرووی بەرژەوەندیەکانی کوردەوەن. 
1/8/2019 2:18:23 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]