سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

خۆكوشتن چارەسەر نیە

هیوا سه‌ید سه‌لیم

خۆكوشتن دیاردەیەكە زۆر جار تاكەكەن وەك كاردانەوەیەك لەبەرامبەر رووداوێك یان دیاردەیەك پەنای بۆ دەبەن، لە هەرێمی كوردستان زۆربەی جار خۆكوشتنەكان بە هۆی كێشە كۆمەڵایەتیەكان بووە، جا لە برسیەتی و بێكاری بگرە تا كێشە خێزانیەكان، بەڵام جارجاریش دەبیستین خەڵك بەهۆی بێ زاری لە دۆخی سیاسی و ئابووری پەنای بۆ خۆكوشتن بردوە،  یان هەڕەشەی خۆ كوشتنی كردووە، جا ئەو هەڕەشەیە لەسەر ئاستی تاك بوویێت یان بە كۆمەڵ.

ساڵی 1994 لە دەستپێكی شەڕی ناوخۆ و بۆ رێگری و پرۆتستۆكردنی شەڕی ناوخۆ، ژمارەیەك كەسایەتی و نووسەر و رۆژنامەنووس لە هەولێری پایتەختی كوردستان هەڕەشەی خۆسوتاندنیان كرد، كە ئەگەر پارتی و یەكێتی وەك دوو حزبی سیاسی حاكمی كوردستان شەڕ لە نێوانیان هەڵبگیرسێێنن، كەچی شەڕە هەڵگیرساوە هەڕەشەكانی ئەوان كەس گوێی بۆ شل نەكرد.

 دوا ڕوداوی  خۆكووشتنیش ئەو ڕووداوە بوو كە لە بادینان حاكم گۆران، پەنای بۆ برد كاتێك خواستەكانی لە (چاكسازی و یەكڕیزی و سەربەخۆیی) نەهاتەدی، دوای ساڵێك لە پەناگیری لە شاخ دوای ڕوداوی ریفراندۆم،  سەرەنجام لە بەرنامەیەكی ڕاستەوخۆی تۆڕی كۆمەڵایەتی فێسبووك،  بەدەستی خۆی كۆتایی بەژیانی هێنا، وەك خۆی ووتی لە پێناوە ئەو درووشمانە گیانی خۆی كردە قوربانی.

حاكم گۆران، كێ بوو یان بۆچی قەناعەتی وابوو كە ریفراندۆم سەربەخۆیی بەدواوە دێت؟ ئەوە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زیاترە وە كەسانی نزیك لەخۆی دەتوانن روونكردنەوەی لەسەر بدەن، بەڵام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە قسەی لەبارەیەوە بكەین هەڵوێستی ئەو دەسەڵاتەیە لەبەرامبەر ئەو جۆرە ناڕەزایانە و رووداوی حاكم گۆران بە نموونە.

چەندین مانگە حاكم گۆران وەك كەسێكی دابڕاو لەو گۆمەڵگایە لە شاخ ماوەتەوە، هۆكاری مانەوەشی ئەو هەڵوێستە بوو كە لە ریفراندۆم وەریگرت بوو، كە ئەویش خەونی بەدیهێنانی سەربەخۆیی كوردستان بوو لە چوارچێوەی ریفراندۆم، كە خەونەكەی نەهاتەدی و ریفراندۆم ئەوەی لێنەكەوتەوە كە حاكم گۆران بیری لێدەكردەوە، دەبوو ئەو كەسە لە تەنیایی نەهێڵدرێتەوە تا ژیانی بەو تراژیدیە كۆتایی پێبێت.

خۆكوشتنی حاكم گۆران، ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەو دەسەڵاتە هێندە بێ باكە نەك گیانی مرۆڤەكان، بگرە بیر لە لێكەوتەی ئەو ڕووداوانەش ناكاتەوە كە كاریگەریان بۆ پێكەی ئەودەسەلاتە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەگینا نەدەبوو روداوی لەو شێوەیە هەرگیز ڕووبدات.

 هەر بۆیە نابێت هەرگیز تاكی كورد وەك ئامرازێك بۆ دەنربڕینی ناڕەزایەكانی لەبەرامبەر نادادی و گەندەڵی و زۆرێك لە دیاردە قێزەونەكانی هەرێمی كوردستان بیر لە خۆكشتن بكاتەوە ، چونكە سەرنجام قوربانیەكە خۆی دەبێت و كەسیش لەوانەی هۆكاری ئەو دۆخەن مێش میوانیان نابێت.
 
5/3/2019 1:02:39 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]