سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

كابینەی تازە لە چاوەروانی شەریك و تەریكەكان

هیوا سه‌ید سه‌لیم
هەڵبژاردنی خولی تازەی پەرلەمانی كوردستان (130)ی رۆژی تێپەڕاند، تا ئێستا هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە قۆناغە سەرەتایەكاندان، دەوترێت لە دوایین كۆبوونەوەی شەریكەكاندا  (پارتی و یەكێتی)  رێكەوتنێكی مەبدەئی بۆ كردنەوەی گرێ گوێرەكان كراوە، ئەویش بەوەی لە قۆناغی یەكەمدا لە رۆژی (18)ی شوبات كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەلبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، لە هەمان رۆژیشدا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆبوونەوەی خۆی بكات.

لەسەر كۆبوونەوەی دووەم گوێبیستی دوو ڕای جیاوازی شەریكەكان دەبین، یەكیان دەڵێت: كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە شاری هەولێر دەبێت و دووەمیش باس لە شاری كەركوك دەكات بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە، كەواتە لەسەر ئەمەشیان ڕای هەردوولا جیاوازە.

دوای نزیكەی چوار مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان،  هێشتا قسە لەسەر هەنگاوی یەكەمە بۆ پێكهێنانی كابینەی تازە، دووەم هەنگاویش بریتیە لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، كە ئەویش دەمێنێت بۆ دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و دەستبەكاربوونی پەرلەمان،  پاش هەموو ئەمانە سەرۆكی هەلبژێردراوی هەرێم كەسێك بۆ پێكهێنانی كابینەكەی تازە  رادەسپێرێت، ئەوەیە كە دەوترێت) شیردە بۆ داپیردە).

ئەوەی سەبارەت بە كۆبوونەوەی دوای پارتی و یەكێتی زانراوە ئەمانە نەخشە رێگاكەن، هێشتان وردەكاری دەمێنن، لە وردەكاری باس لە بەشداری ڕاستەقینە و پۆست و پۆستكاری لایەنەكان دەكرێت، وەك ئەوەی دەبینین كە لایەنەكان ئەمجارە رووی دەمیان لە پارتی كردووە،  تا بەشداریان بەشداریەكی ڕاستەقینە بێت،  واتا هاوبەشی راستەقینە بن نەك بەشدار رەمزی  لە كابینەی تازە.

هەموو لایەك دەزانین كە ئەوەی گرەنتی بەشداری ڕاستەقینە دەكات بریتیە لە رێكەوتنی پێشوەختەی بەشداربووانی كابینەی تازە،  لەسەر كارنامەی حكومەت،  وە دانانی مەرج بۆ جێبەجێكردنی ئەو كارنامەیە.

تا ئێرە قسەمان بۆ شەریكەكانە، سەبارەت بەوانەشی كە خۆیان لە بەشداری حكومەت تەریك كردووە، وە ڕایانگەیاندووە ئۆپۆزسیۆن دەبن،  پێویستە ئەوانیش كارنامەی خۆیان بۆ ئۆپۆزسیۆن بوون ڕابگەیەنن، واتا بە كارنامە كار بۆ یەكڕیزی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان و داخوازیەكانی خەڵك بكەن.

خاوەخاوی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی حكومەت ئەگەر بەشێكی بۆ نەسازانی هێزەكانی دەسەڵاتدار بگەڕێتەوە، ئەوا بەشەكەی تری ئۆبالەكە دەكەوێتە سەر خەمساردی هێزەكانی تری دەرەوەی ئەو دەسەڵاتە.

بۆیە دەڵێن تا ئەو رۆژەی ئەو هێزانەی دەرەوەی دەسەڵات بەم شێوەی ئێستا خۆیان تەریك بگرن، شەریكەكان هیچ حساب بۆ ئەوان ناكەن، هەروەها ئەو كارە دەكەن كە لە بەرژەوەندی خۆیانە و حزبەكانیانە.

تێبینی : مەبەست لە شەریك (پارتی و یەكێتی)یە وە تەریك حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵاتە.





2/8/2019 10:39:29 AM
بابەتەکانی تری نوسەر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]