سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

هەرێم لە شەڕی بە وەکالەت بەدووربگرن

هیوا سه‌ید سه‌لیم

کوشتنی قاسم سلیمانی و ئەبومەهدی موهەندس و هەموو ئەوانەی لەگەڵیان کوژران، لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا، عیراق بەرەو دۆخێکی تازە دەبات.

 چاک یان خراب، ئارام یان دژوار، جارێ روون نیە، ئەوەی کە روونە ئەوەیە گۆڕەپانی عێراق لەشەڕی بە وەکالەتەوە دەگوزرێتەوە بۆ شەڕی رووبەڕووی نێوان هەردوو یاریچی ناو یاریەکە کە ساڵانێکە لە پشتی پەردە، هەروەها لە رێگەی ئەوانی دیکە شەڕی یەکتری دەکەن.

هەموو لایەک دەزانین کە شەڕی ئەمەریکا- ئێران لە عێراق شەڕی باڵادەستی و بەرژەوەندیەکانە، تا ئەمڕۆش براوەی ئەو شەڕە دیارنیە، ئەوەی دیارە دۆڕاوەکەیە،  کە چین و توێژەکانی خەڵکی عێراقن، دۆخی نا سەقامگیری سیاسی لە عێراق ئەو ولاتەی نقوومی چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی کرد.

دوای هەلبژاردنەکانی ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناکۆکیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەسەر دانانی سەرۆک وەزیران زیاتر زەق بوونەوە، بەڵام ئەوسا پەیوەندی ئەو دووانە نەگەیشتە دابڕانی تەواو،  بۆیە هەردوولا رێکەوتن لەسەر دابەشکردنی کێکەکە، تا ئەو رۆژەی خەڵک بە ناوی دژایەتی گەندەڵی و چاکسازی رژانە مەیدانەکان،  دواتریش ئاستی داخوازیەکانیان بەرزکردەوە بۆ درووشمی سیاسی لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت،  هەموارکردنەوەی یاسای هەلبژاردن و ئەنجامدانی هەلبژاردنی پێش وەختە.

خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی دیکە، هەڵوێستی ئەمەریکا و ئێرانیان دابەشکرد بەسەر دوو بەرە،  لە پشتیوانی  و دژاتەتیکردنی خواستەکانی خەڵکی، ئەمەریکا بە پشتیوانیکردنی خواستەکانی خۆپیشاندەران لە پشتی ئەو بزاوتە ناڕازیە بوو کە درووشمی گۆڕینی دەمووچاوە سیاسیەکان و تەنانەت درووشمی ( با بارکات ئێران)یان هەڵگرت بوو، ئێرانیەکانیش لەگەڵ پینەوپەڕۆکردنی پرۆسە سیاسیەکە بوون.

بۆردومانی بنکە سەربازی K1 ی ئەمەریکا لە کەرکوک، لێدانی  بارەگاکانی حەشدی شەعبی و کوژرانی سەرکردەکانی حزب اللەی سەر بە حەشدی بەدوای خۆی هێنا، دوای ئەمانەش لایەنگرانی حەشدی شەعبی هەلدەکوتنە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، هەموو ئەوانە بە کووشتنی قاسم سلێمانی و مودەرسی تەواوبوون.

  خستنەڕووی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی کیشەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بۆ ئەوەمان بڵێین ئەو کێشانە رەگ وڕیشەی  خۆیان هەیە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە کورد چۆن خۆی لەو شەڕە بەدوور دەگرێت؟

لە رابردوو کورد پڕوشکی ئاگرەکەی بەرکەوتووە، زۆر جاریش ململانێ ناوخۆیاکان کوردی بەسەر  دوو بەرە ناکۆکەکە دابەشکردووە و باجی زۆریشی داوە.

ئیستا کە گۆمی شەڕەکە لە عێراق قوڵتر دەبێت،  حەق نیە کورد زامەکانی خۆی بکوڵێنێتەوە، بگرە دەبێت بەیەکریزی کوردستانی مامەڵە لەگەل پێشهاتەکان بکات، لەو رووداوانەی کە روودەدەن کەس هەلوێست بەوی دیکەی نەفرۆشێتەوە، چونکە نە شەڕەکەی هی کوردە نە کوردیش یارکەری ئەو شەڕەیە.

ئێستا کە لە عیراق پەردە  لەسەر یاریکەرەکانی پشتی پەردە هەڵدراوەتەوە، دەبێت هەرێمی کوردستان لە شەڕی بە وەکالەت بەدوور بگیرێت، وەک چۆن پیشینان دەیانووت( شەڕ لە بادینان تۆز لە دەرگای ئێمە)
با ئەو تۆزە کورد نەخنکینیت.

1/3/2020 11:09:20 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]