سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

خەمی پارتیتان نەبێ

رێبوار كه‌ریم وه‌لی

(1)

دوای ئەو جێگۆڕكێیەی كە لەناو پارتیدا بۆ پۆستەكانی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرا، هەندێك لایەن ئەگەرچی بە رەسمی پێشوازییان لێكرد، بەڵام لە ژێرەوە خەریكی لێدانەوەی قەوانە كۆنەكانن. ئەو جێگۆڕكێیە وا وێنا دەكرێت كە گوایە نێچیرڤان بارزانی لەلایەن سەرۆك بارزانی مامی (كە بە حوكمی ئەوەی خەزووریەتی دەبێتە باوكیشی) و لەلایەن مەسروور بارزانیی ئامۆزای (كە بەهۆی خەزووریەوە دەبێتە برای)، كودەتایەكی سپی بەسەردا كراوە! تەنانەت دەیانەوێ رەگی ئەو گۆڕانكارییانەی ئێستا بە سەردەمی دروستبوونی قیادەی موەقەت و قۆناغی دوای نسكۆشەوە ببەستنەوە لە سەركردایەتیكردنی پارتیدا!

ئەوەی روویداوە نە كودەتایە و نە ئەوەشە كە پارتییەكان پێی نیگەران بن. گومان لەوەدا نییە كە مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی خاوەنی روانگای جیاوازی سیاسی و میتۆدی كاركردنن، دوو باڵی بەهێزی ناو پارتین، بەڵام هەردووكیان لەژێر رابەرایەتیی سەرۆك بارزانیدا كار دەكەن. ئەگەر سەرۆك بارزانی فەرق و جیاوازییەكی لە نێوان ئەو دوو كوڕەی خۆیدا كردبایە، دەبوو ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی نەبووایە! ئەگەر ئەوە كودەتا بووایە، نەدەبوو ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی جێگەی سەرۆك بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا بگرێتەوە! ئەوانەی ئەو سیناریۆیانە دروست دەكەن، زۆر لەوە بێئاگان كە ئەوەی روویداوە و روودەدات، هەر هەمووی بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بووە، نەك بە موئامەرە و پیلانگێڕی. چونكە لەوە روونتر نییە كە سەرۆك بارزانی دوو كوڕی دیكەی خۆی بۆ سەركردایەتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و نیشتمانی و، حوكمڕانیی كوردستان دێنێتە پێشەوە، هەمان ئەو كارەی كە بارزانیی باوك كردی.

بۆ پارتی لە دەرەوەی پێوەرە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان هیچ شتێك ئەمری موستەحیلی نییە، ئەمڕۆ دوو بەربژێری بۆ دوو پۆست راگەیاندووە، خۆ ئەگەر نەتوانێ بەو ئاراستەیەی كە خۆی دەیەوێ، سەرۆكایەتیی هەرێم كارا بكاتەوە و حكومەت پێكبێنێت و، نەتوانێت زۆرینەیەكی رەها بۆ هەردوو ئامانجەكەی دەستەبەر بكات، ئەوا توانای ئەوەی هەیە سەدوهەشتا پلە بابداتەوە. پارتی دەتوانێ، جارێ وەكو پێشوو سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وەكو خۆی بەجێبێڵێت و بەربژێریشی بگۆڕێت، ئەو كاتەیە كە هەموو ریسەكان دەكاتەوە بە خوری.

لاهوور، ئەسپی تەڕوادە!
(2)

رەنگبێ كەس بەقەدەر لاهوور و ماڵباتی تاڵەبانی لەو جێگۆڕكێیەی ناو پارتی نیگەران نەبن. لاهوور نیگەرانە چونكە سەرباری ئەوەی كە لە بەرەی پشتیوانانی مەسروور بارزانییە، نەك هیچ پۆستێكی بەرناكەوێت، بگرە لەوەش دەبێ كە هەیەتی. دوو باڵەكەی ناو یەكێتی (كۆسرەت رەسوڵ، بەرهەم ساڵح و لاهوور لە لایەك و لە لایەكەی دیكە ماڵباتی تاڵەبانی)، خاوەنی روانگای خۆیانن بەرامبەر ئەو جێگۆڕكێیەی ناو پارتی. باڵی كۆسرەت رەسوڵ خۆشحاڵن كە كەسێك دەبێتە سەرۆكوەزیران رقی لە ماڵباتی تاڵەبانییە و موجامەلەیان ناكات، هەوڵ دەدەن وەك تاكە مەرجەعی بڕیاری ناو یەكێتی لە دانوستاندنەكاندا بەشدار بن. لە بەرامبەر ئەوەشدا، ماڵی تاڵەبانی بۆ راگرتنی بەڵانس و كرێدیتی خۆیان لای ماڵباتی بارزانی، مەلا بەختیاریان هێنایەوە ناو جەبهەبەندیی سیاسی تا بتوانێ پارێزەری بەرژەوەندییەكانی ماڵباتی تاڵەبانی بێت، چونكە لاهوور پشتی تێكردن.

مەلا بەختیار لە رابردوودا سەلماندی كە كەس بەقەدەر ئەو ناتوانێ بەرەنگاری هەژموونی ناوەندی بڕیاری یەكێتی ببێتەوە (بە تایبەت لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ماڵباتی تاڵەبانی) و كەسیش لەو زیاتر لە پارتی نزیك نییە، تەنانەت كاتێك منداڵەكانی تاڵەبانی (كەتنێك) دەكەن، ئەو لای ماڵی بارزانی شەفاعەتیان بۆ دەكات.

پارتی بە هاتنەوەی مەلا بەختیار دڵخۆشە (تەنانەت داواكاریی پارتی بووە لە ماڵباتی تاڵەبانی) و پێیوایە دەتوانێ لەو رێگەیەوە سنوورێك بۆ داواكارییەكانی یەكێتی (باڵی كۆسرەت رەسوڵ) دابنێت. ئەوەی لەو بەینەدا وەرەقەی سووتاوە، لاهوورە كە بەو پێكهاتەیەی حوكمڕانی لە هەردوو دین دەبێ.

بێدەنگكردنی گۆڕان
(3)

گۆڕان ئەمجارەش لە وەزارەتە (سیادییەكان!) داوای وەزارەتی دارایی و سێ وەزارەتی خزمەتگوزاری دەكات. هاوكات داوای یەكێك لە جێگرانی سەرۆكی حكومەت یان سەرۆكی هەرێمیش دەكات. لە ئێستاوەڕا كاندیدای گۆڕان بۆ وەزارەتی دارایی مەعلومە و رەنگبێ پارتیش لاریی لەسەر نەبێت. بەڵام رەنگبێ گۆڕان هەر دوو وەزارەتی خەدەمی وەربگرێت و لەو دووەش گرنگە گۆڕان داوای ئەو وەزارەتە بكات كە پەیوەستە بە رێكخستنی كاروباری هەرێم لەگەڵ بەغدا. ئەگەرچی ئەو وەزارەتە تازەیە پێویستی بە دەرچواندنی یاسا هەیە، بەڵام وەرگرتنی كەیسی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، لە كەركووكەوە تا نەوت و بودجە، پێویستی بەوە هەیە كە لەلایەن كەسانێكەوە بەڕێوە ببردرێن لە دەرەوەی پارتی و یەكێتی بن.

ئەو دوو كەیسە، دارایی و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بە بەردەوام دەستمایەی كاری سیاسیی گۆڕان بوونە لە هەرێم. لە كابینەی رابردوودا ئەگەر دەرفەتێكی بچووك هەبووبێ بۆ هێنانەدی دروشمەكانی گۆڕان، ئەمجارەیان گۆڕان دەتوانێ زیاتر لە جاران ئەسپی خۆی تاو بدات. شكستی گۆڕان لە چارەسەركردنی ئەو كەیسانە مانای بەتاڵبوونەوەی سیحری بزووتنەوەكەیە بە گشتی و، سەركەوتنیشی لەو بوارانەدا دەتوانێ ببێ بە داینەمۆی بەردەوامیی بزووتنەوەكە و هەستانەوەی.
12/31/2018 7:44:15 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]