سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

خەڵکی گەرمیان کێی دەوێ؟

دڵشاد ئه‌نوه‌ر
پۆستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قوڵ بوونەوەی ململانێکان

تەمەنی سەرپەرشتیاری ئێستای گەرمیان داخلی سنی یاسایی بووە و بڕیارە خانەنیشین بکرێ، بۆیە لە ئێستاوە ململانێی نێوان گروپ و تاقمەکان لەسەر سەرپەرشتیاری داهاتوو چڕ بۆتەوە.

سەرەتا چەند کەسێک خۆیان بۆ ئەم پۆستە کاندید کرد، بەڵام ئێستا وادیارە ململانێکان گەورەتر بوونەتەوە، هەر باڵەو کاندیدی هەیە، گەیشتۆتە ئەوەی داوای بەشداری کردنی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیش هاوشانی مەڵبەندی گەرمیان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پۆستە بکرێ.

پێش ئەوەی بچمە نێو کرۆکی بابەتەوە، دەمەوێت بڵێم: ئیبراز کردنی گەرمیانی و خانەقینی یاخود گەرمیان و گەرمەسێر، کاری ئەو بەرپرسانە بوو کە بازرگانیان بەم ناو و دەستەواژانەوە دەکرد و ئێستاش دەیکەن، ئەگینا خانەقین و کەلار تەنها ٤٠ دەقە نێوانیانە و خەڵکەکەشیان بێ گرفت، پێکەوە دەژین.

بۆیە وەکو چۆن بازرگانی بە ناوی گەرمیانەوە دەکرێت، ئاوەهاش بازرگانی بە خانەقینەوە دەکرێ، بێ ئەوەی خەڵکی هیچ لایەکیان سودمەندبن لە بازرگانی بازرگان و سیاسیەکان.


مەلا بەختیار و خانەقین

مەلا بەختیار یەکێکە لەو کەسانەی کە بەخانەقین چێتی و عوقدە هەبوون بەرامبەر کەلار تۆمەتبار دەکرێت، بە فعلیش وایە، ئەم پیاوە سەرباری تەمەنێکی زۆر لە نێۆ شۆڕش و نیشتەجێبوونی لەشارە گەورەکان، کەچی نەیتوانیوە خۆی لەو عوقدە دەرباز بکات.
مەلا بەختیار بە ئەندازیاری کارکردن بۆ دابڕانی خانەقین و گەرمیان لەیەکتری دادەنرێت ، هەر بۆیە دەستەواژەی گەرمیان و گەرمەسێری هەمیشە ئیبراز دەکرد.

گەرمیانیەکان هیچ لاریان نیە، شەقام و شۆستەکانی خانەقین بکرێنە ئاڵتون، بەڵام دەیانەوێ ئەم خزمەتە لەسەر حسابی ئەوان نەبێت، واتە بە واسیتە بودجەکەیان نەبرێ بۆ جێگەی تر.

بەشێک لە بەرپرسەکانی گەرمیان، خانەقینین، بەلای گەرمیانەوە زۆر ئاساییە، چونکە خانەقین بەشێکی گرنگی گەرمیانە، خەڵکی گەرمیان حەساسیەتی بەمە نیە، بەڵام ئەوە مەسئولەکانن دەیانەوێ حەساسیەت دروست بکەن.

مەلا بەختیار، زۆری کرد بەرامبەر گەرمیان، ئێرە جێگەی وتنی نیە، بەڵام ئەوەی دەمەوێ بیڵێم: کارکردنی مەلا بەختیارە بۆ ئەوەی مەڵبەندی خانەقین ڕۆڵی هەبێ لە پاڵ مەڵبەندی گەرمیان دا بۆ دانانی سەرپەێشتیاری داهاتووی گەرمیان.

مەلا بەختیار، کاندیدی دەبێت بۆ سەرپەرشتیاری داهاتووی گەرمیان، بۆیە دەیەوێ مەڵبەندی خانەقین ڕۆڵی هەبێت لە دیاریکردنی سەرپەرشتیاری داهاتووی گەرمیان دا، چونکە زۆرینەی ئەو مەڵبەندە لەگەڵ خۆین.

بێگومان هاتنێ مەلا بۆ نێو هاوکێشەکە، لەکاتێکدایە باڵەکەی تری رکابەریش کاندیدیان هەیە، بۆیە ئەمە وا دەکات یاریەکە قورستر بێ، هەرچەندە بریاردەری کۆتایی لەم مەسەلەدا جێگری حکومەتە.

مەلا بەختیار تێگەیشتووە لەوەی پۆستی سەرپەرشتیار بۆ خۆ بەهێزکردن لەم ناوچەدا، پۆستێکی گرنگە، بۆیە کاک مەلا ململانێی بەدەستهێنانی دەکات، باڵەکەی تریش دەزانن گەر ئەو پۆستەیان لە کیس بچێت، زۆر شت لەم ناوچەیە لەدەست دەدەن . بۆیە چیان پێبکرێ، دەیکەن


گروپی رکابەری مەلا بەختیار

لەکاتێکدا کە مەلا بەختیار هاتۆتە نێو ململانێکەوە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرپەرشتیاری داهاتوو، باڵەکەی تریش کە خۆیان بەگەرمیانی دەناسێنن، دژی بەشداری پێکردنی مەڵبەندی خانەقینن لەو پرسەدا و دەیانەوێ بەهەر رێگەیەک بێت، پۆستەکە ببەنەوە.

ئەم باڵە یان ئەم گروپە، دەیانەوێ بە وروژاندنی هەڵوێستی رابردووی مەلابەختیار بەرامبەر گەرمیان، لێی بدەن، لەکاتێکدا خۆشیان نەک هیچیان بۆ گەرمیان نەکردووە، بەڵکو گەرمیانیان داغان کردووە.

ئاخر مەلا بەختیار هەر رەخنە و تێبینیەکی لەسەر بێت، قەت نەمبیستووە دابەزیبێتە ئاستی شەریکایەتی کۆمپانیا و نەوت و وەبەرهێنان لەم ناوچەیەدا.

پرۆژەیەک نیە، بوترێ ئەو پرۆژە مەلا بەختیار تێیدا شەریکە، لەکاتێکدا رکابەرەکانی پرۆژەیەک نیە، دەستیان بۆ نەبردبێت.
بۆیە ئەوانەشی کە مەسەلەی گەرمیانچێتی بەرامبەر مەلا دەوروژێنن، دەیانەوێ پۆستی داهاتووی گەرمیان بەشێوەیەک یەکلایی بکەنەوە، ببنە شەریک لە دار و بەردی داهاتووی گەرمیاندا.


ئەی خەڵکی گەرمیان کێ ی دەوێ ؟


راستە گەرمیان سنوری قەڵەم ڕەوی یەکێتی یە و تێیدا دەسەڵاتدارە، بەڵام بیرمان نەچێت خەڵکی گەرمیان تەنها لەلایەنگیری یەکێتی پێک نەهاتووە، بەڵکو بەسەر بێ لایەن و حیزبەکانی تریشدا دابەش بووە..

بۆیە لە دانانی پارێزگاری داهاتووی گەرمیان دا، لەبری لەبەرچاو گرتنی ڕای ئەم باڵ و ئەو باڵ کە ئیشیان بەو پۆستەیە ، گرنگە ڕوو لە خەڵکی گەرمیان بە هەموو رەنگ و دەنگەکانەوە بکرێ، تا بزانرێ ، کێ یان دەوێ ؟

دڵنیام خەڵکی گەرمیان، سەرپەرشتیارێکی باشیان دەوێ جا لە هەر باڵ و لایەک بێت. سەرپەرشتیارێکیان دەوێ ، دز نەبێ، لاواز نەبێ، بەرژەوەندی پارێزی خەڵک بێت لەبری بەرژەوەنی مەسئول و کۆمپانیا، توانای ئیجرائات کردن ی هەبێت و نەکەوێتە ژێر بار و خواستی بەرپرسە بازرگانەکان.

7/29/2019 9:29:07 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]