سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

هونەری جووتبوون

عه‌زیز ره‌ئووف
وەک چۆن ژیانکردن، وەرزش، جەنگ و ئاشتی هونەرە، ئاواش سێکس و جوتبوون هونەرە. دوو جەستە کە بڕیار دەدەن جوتبن دەبێت هەم ئامادە بکرێن، هەم بە نهێنی ئەنجام بدرێت.

زۆربەی ئاژەڵانیش بە ئاشکرا سێکس ناکەن، کێ پشیلەی دیوە سێکس بکا؟ جوتبوون کردەیەکی نهێنیە بەڵام باسکردن لە سێکس دەبێت زانستی بێـت و بخوێندرێـت و بە ئاگاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

کورد لە زۆر بواردا ئەتەکێتی نیە، کچێکی فەرەنسی کە چایی دەخواتەوە بەراورد بە کوردێک کە چا دەکاتە ژێرپیاڵە و فوی لێدەکا، وەک ئەوەی زۆر پەلەی بێت، جیاوازیان هەیە و هەست بە نەبوونی ئەتەکێت دەکرێت.

ئەمە بۆ مەسەلەی سێکسیش ڕاستە، بەشێکی زۆری کچان و کوڕان هوشیار نین لەمەسەلەی جوتبوون و هوشیاری سێکسی و لە قوتابخانە و تەنانەت ناوەندە ئەکادیمیەکانی زانکۆش ناخوێندرێت و تاڕادەیەکی زۆر شەرمێک هەست پێدەکرێت لە قسەکردن و دیراسەکردن لەسەر سێکیس و هۆشیاری سێکسی. 

لە ناوەڕاستی نەوەدەکان، لە قۆناغی سێی ناوەندی وانەی زیندەوەرزانی هەبوو، ئەندامی زاوزێی نێرینە و مێینەی تێدابوو، بەرامبەر یەک ڕەسمی کێشرابوو، مامۆستای زیندەوەرزانی دەیوت ئەو دوو لاپەڕەیە تەرکە و لەڕووی نەدەهات شەرحی بکات. ئێستاش وێنەکەم لەبەر چاوە ئەندامی زاوزێی نێرینە دەتوت تولەمارە باریک و درێژ، ئەندامی زاوزێی مێینەش قەفی کردبوو دەتوت دوپشکەڕەشەیە. ئێمەی خوێندکاریش تەماشامان دەکرد و پێدەکەنین و ناومان نابوو تولەمار و دووپشکەڕەشە. 

ناکرێ وەک تولەمار و دوپشکەڕەشە لە ئەندامی زاوزێی مرۆڤەکان بڕوانین، بەڵکو دەبێت بەوپەڕی هوشیاریەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین و مرۆڤ ناتوانێت دنیا بناسێت بەبێ ئەوەی جەستەی خۆی بناسێت. هیچ ئەندامێکی جەستە شایەنی پێکەنین و هیچ ئەندامێکیش قێزەون نیە.

بۆیە وەزیفەی دایک و باوکە زۆر بەئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ جوتبوون و کردەی سێکسی دا بکەن. جەستەی دایک و باوک زۆر پیرۆزە لای منداڵەکان، ئەم جەستەیە بەڕووتی ببینرێت وێنەکەی لە دەروونی نەوەکاندا دەچەسپێـت و ئاسان نیە دەربهێنرێـت یان لەبیربچێتەوە.

خوێندکارێکم هەبوو زۆر خەمبار بوو، کە پرسیارم لێ کردو بووم بە هاوڕێی، بۆی باسکردم کە دایک و باوکی بە ڕووتی بینیوە سێکسیان کردووە. لای ئەم کوڕە خوێندکارە دایک و باوکی زۆر پیرۆز بوون باوەڕی نەدەکرد بە ڕووتی بیانبینێت. هەمیشە دەیوت : (باوەڕم نەدەکرد باوکم وابکات)، من بە بەجدی لەگەڵی بووم و جارجارەش سوعبەتم بۆ دەکرد بۆ ئەوەی بیری ببەمەوە بەسوعبەتەوە پێم دەوت: (ئەوە قسەی فرۆیدە هەموومان لە بێناموسیەوە لەدایکبووین، باوکت بێناموس نەبێت تۆ لەدایک نابیت). زۆر هەوڵم دا بە ئێستاشەوە لەگەڵیم کە ئەم وێنەیە لە خەیاڵی دەربکەم، زۆر سەختە و بیری ناچێتەوە.

ئەتەکێتی نانخواردن و ماڵ و تەماشای تەلەفزیۆن و میوانداری و خوێندنەوە و خەوتن و جوت بوون لە ماڵەکاندا دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و کورد زۆربەی لەشەواندا جوتت دەبێت و هەموومان بەرهەمی جوتبوونی شەوانین.
.. .. ..
( جا ئەوە دەڵێن ژن و پیاوێک ئیشارەتیان بۆیەک کرد کە ئەمشەو منداڵ بخەوێنن و کاری خێرێ ئەنجام بدەن، شەو درەنگ دادێت کوڕەکەیان هەر ناخەوێت. باوکەکە هەڵدەسێت، کوڕەکە دەڵێ: باوکە میز دەکەی؟ باوکەکەش دەڵێ: نەوەڵا گو دەکەمە ئەو ژیانەی کە تۆی تێدا ناخەوی).
1/5/2019 7:11:05 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]