سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

قەل و قاز و مریشک

عه‌زیز ره‌ئووف
"عەزیز، ئەم ئێوارەیە گۆشتمان هەیە" 

یەکێ لە براکانم بەدڵخۆشیەوە وا دەڵێ. زانیم ئەم ئێوارەیە لە ئێوارەکانی تر ناچێت. 

زستانی سەختی پێش ئەنفال لە گوندێکی دوورەشاری گەرمیان، سەر لە ئێوارەیە و ئاژەڵەکان دێنەوە. دەنگی باعەی مەڕ و بەرخەکان و دیمەنی دوکەڵی سۆپای دار کە لەسەربانەکانەوە هەڵدەستێت، تێکەڵ بە باران و گرمەی هەور دەبێت و سەرنجم ڕادەکێشێت. جلەکانم بەتەواوی تەڕ بووە و خۆم بە ماڵدا دەکەم. مەنجەڵی گەورە لە تەنوربانەکە لەسەر ئاگرنراوە و بۆنی گۆشت دێت. لە مەنجەڵی سەر ئاگری دار دەڕوانم، دەزانم ئەمجارە شتێک دەکوڵێت کە لە ڕۆژەکانی تر ناچێت و هەموومان دەڵخۆش دەکات. 

دایکم، بێوەژنێکی خاوەن حەوت منداڵ، دەستی چۆتە یەکێک لە مریشکەکانی و دەزانێ لە مێژە منداڵەکانی گۆشتیان نەخواردووە. هەموو شتک ڕێک دەخرێـت مەڕ و ماڵات بۆ شوێنی خۆیان و دنیا وردە وردە تاریک دادێ و لەسەر سفرەی نانخواردن کۆدەبینەوە و دڵخۆشین بەوەی ئەم ئێوارەیە گۆشت دەخۆین. دایک "عادلترین مرۆڤی دنیا" خواردنەکە دابەش دەکا و هەوڵ دەدا یەکسان بێـت و گۆشتەکە وەک خۆی دابەش بکات و غەدر لەکەسمان نەکا. ئەو فانۆسەکەی لە مەنجەڵە گۆشتەکە نزیک دەکاتەوە تا گۆشتەکە ببینێت و ئێمەش هەموو چاومان بڕیوەتە دەستی دایکمان کە خواردنەکە لە قاپەکان دەنێـت و هەموو سەیری قاپی ئەوی تر دەکەین بزانین گۆشتی کاممان زۆرترە. قاپەکەی من لەگەڵ ئاوی گۆشتەکە باڵێکی مریشکەکە و پارچەیەکی تری تێدایە. دەمانەوێت نان لە گۆشتاوەکە وەربدەین و بیخۆین. لەپڕ لە دەرگا درا.

"فەرموون ، فەرموون، یاخوا بەخێر بێن" پێنچ بۆ شەش پێشمەرگەی کەنەفت و ماندو و تەڕبوو بە بارانی بەلێزمە خۆیان دەکەن بە ژووردا. دەرگای دیوەخان دەکرێتەوە و فەرموو لە پێشمەرگەکان دەکرێت. دایکم دەست و برد مەنجەڵە بەتاڵەکە دێنێـتەوە و خواردنەکەمان لێ دەسێنێـتەوە و نایەڵێ دەمی بۆ بەرین، هەرچەندە ئێمە بۆڵەیەک دەکەین و حەز دەکەین گۆشتەکە بخۆین بەڵام دایکم سورە لەسەر ئەوەی گۆشتەکە بۆ پێشمەرگەکان و نان و ماست بۆ ئێمە بێنێـت. 

لەبەر سۆپای دار جل بۆ پێشمەرگەکان وشک دەکەینەوە. من قەمسەڵەی یەکێک لە پێشمەرگەکان بەدەستەوە دەگرم و ڕووە و سۆپاکە بە پاوە دەوەستم تا وشک ببێتەوە و تیلی چاوم لەسەر قاپی پڕ گۆشتی پێشمەرگەکانە بەڵکو ئەمە خوایە پارچە گۆشتێک بمێنێتەوە و بیخۆم. پاش ماوەیەک تەڕایی بە قەمسەڵە و قاپی پڕ گۆشتی پێشمەرگەکان نامێنێت و بێ ئومێد دەبم. پێشمەرگەکان بەدڵخۆشیەوە تێر گۆشت دەخۆن و ئێمەش بەخەمباریەوە نان و ماست.

پێشمەرگەکان دوای نۆشکردنی چایەکی گەرم، ئیسراحەت دەکەن و جلەکانیان وشک دەبێتەوە و داوا لە براگەورەکەم دەکەن کە بە تەرەکتەر سەرجەمیان بگوازێتەوە بۆ گوندەکەی تر. تراکتۆر ئیشپێدەکرێ و پێشمەرگەکان بەو شەوە باراناویە هەنێکیان لە پێشەوە و ئەوانی تر خۆیان بە عارەبانەکەدا هەڵدەواسن و لەترسی ڕەبیەی جاشەکان نابێت لایت دابگیرسێنێت نەوەک شوێنی پێشمەرگە بۆ دوژمن کەشف بێت. 

وردە وردە پشکۆی ناو سۆپاکە دەبێت بە خۆڵەمێش و ژوورەکە سارد دەبێت. ئێمەش بەبیری خواردنی گۆشتی مریشکەوە، بەدەوری سۆپای دارەوە بە کۆمەڵ خۆمان دەخزێنینە جێگەی نوستن و سپیەداری بنمیچی خانووی گڵ دەژمێرم تا بەتەواوی خەوم لێ دەکەوێت.
1/29/2019 8:41:08 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]