سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

سیستمی حوکمڕانی و خاڵیبونەوەی پرۆژەکەی کاک نەوشیروان

فاروق غه‌فور
ھەموو ئەوانەی کەمێک ئاگاداری سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان بووبن لەسەروبەندی قەیرانی سەرۆکایەتی ھەرێمدا کە دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی بزوتنەوەکەی لە حکومەت لێکەوتەوە، ئەو حەقیقەتە باش دەزانن کە سوروبون و پێداگریی بزوتنەوەی گۆڕان و خودی خوالێخۆش بوو کاک نەوشیروان لەسەر گۆڕینی سیستم لەسەرۆکایەتیەوە بۆ پەرلەمانی و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لەنێو پەرلەمانەوە ئامانجە سەرەکی و شاراوەکەی گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی نەبوو لە سیستمێکەوە بۆ سیستمێکی دی کە ھەردوو سیستمەکە لە وڵاتانی پێشکەوتودا نمونەی سەرکەوتویان ھەیە و کاریان پێدەکرێت، چونکە کاک نەوشیروان بەر لەھەر کەس و لایەک و زۆر بەر لەو وادەیەش دەرکی بەو راستی و حەقیقەتە تاڵەکرد بوو کە حوکمڕانیی کوردی گیرۆدەی دەستی سیستم نیە، بەڵکو گیرۆدەی ئەو عەقڵیەتە خێڵەکیە حوکمڕانەیە کە ئەوەی گوێی پێنادات و ئەرزشی بۆ دانانێت سیستمە، ئەگەر پەرلەمانی یاخود سەرۆکاێەتی یا ھەر ناوێکی دی لێبنرێت، بەڵکو ئەو عەقڵیەتە ئەوەی کاری بۆ دەکات و دەیەوێت بیسەپێنێت بەبنەماڵەیی کردنی دەسەڵات و سەپاندنی ھەژمونی بنەماڵەیە بەسەر تەواوی جومگە ھەستیارەکاندا.

ھەر بۆیە کاک نەوشیروان زۆر بە وریایی و زیرەکانە و بێ ئەوەی بەئاشکرا دژایەتی بنەماڵەی بارزانی پێوە دیاربێت گۆڕینی سیستمی بۆ پەرلەمانی ھێنایە ئاراوە، چونکە پێی وابوو لەو کاتەدا ئەگەر بەبیانوی شەڕی داعشەوە مەسعود بارزانی وەک سەرۆک ویلایەتەکەی درێژ بکرێتەوە، ئەوا لەھەڵبژاردنی داھاتوودا گەر سیستمەکە پەرلەمانی بێت ئەوا ھەنگاوێکی باش دەنرێت بۆ رێگریی کردن لە بەبارزانی کردنی دەسەڵاتی کوردیی.

ئەوە بەچ شێوەیەک؟

کاک نەوشیروان پێی وابو، ئەگەر سەرۆک راستەخۆ ھەڵبژێردرێت، ئەوا لەگەڵ پێکھێنانی حکومەتدا دەبێتە دوو پاکێجی جیاواز و بارزانی بەئیستیحقاقی ھەڵبژاردن سەرۆکایەتی مسۆگەر دەکات، بۆ پێکھێنانی حکومەتیش کەزۆرینەی دەبێت سەرۆکایەتی حکومەت وەردەگڕێت.

بەڵام ئەگەر سەرۆک لەنێو پەرلەماندا متمانەی پێبدرێت ھاوشێوەی ئێستای بەغدا، ئەوا ھەردوو سەرۆکایەتیەکە دەبنە یەک پاکێج و پۆستەکان بەخاڵ دیاریدەکرێن و سەرۆکایەتی ھەرێم کە خاڵێکی زۆری دەبرد و بەپێی ئەو خاڵانە خاڵی براوەی یەکەم لە پێکھاتەی حکومەتدا کەمدەبێتەوە، واتە ھێزی براوە کە پارتی دەبو گەر سەرۆکایەتی ھەرێمی بویستایە ئەستەم بو بەپێی خاڵەکان و لە دانوستانەکاندا سەرۆکایەتی حکومەت و وەزارەتە گرنگ و سیادیەکانیش وەدەست بێنێت.

ئێستا چی رویداوە ؟

ئەوەی پارتی لێی دەترساو پێی وابو ئەگەر لەڕێی ھەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆکی ھەرێمەوە نەبێت وەدەستی ناھێنێت، لەڕێی ھەڵبژاردنی نێو پارلەمانەوە زۆر زیاتریشی وەدەستھێنا و لەبری دوو سەرۆکایەتی ھەر سێ سەرۆکایەتیەکەی بردو وەزارەت و دەزگا ھەستیارەکانیشی کردە ھێڵی سور بۆ لایەنەکان.

بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆڵی چیە ؟

بزوتنەوەی گۆڕان لەم گەمەیەداو ھەر لەدوای ناردنە ماڵەوەی مەسعود بارانی ڕۆڵی گۆچانێکی بەھێزو سیحراوی دەبینێت بۆ دەربازبونی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەقۆناغە سەختەکان بەزۆرترین دەسکەوتەوە، گەر کۆمەکی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پارتی بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت تا تێپەڕاندنی یاسای سەرۆکایەتی و متمانە بەخشین بەسەرۆکی ھەرێم،  ئەگەر ناڕەزاییەکان نەبنە ھۆی تێکچونی بارودۆخەکە، ئەوا رێگەکە ھێندە بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی تەخت و ئاسان دەبێت، تائەو کاتەی دەستور بەخواستی پارتی پەسەند دەکرێت، بزوتنەوی گۆڕانیش نەبێت پارتی تەواوی یاساکان لە پەرلەمان بەشێوەیەک تێدەپەڕێنێت کە رۆژ لە دوای رۆژ دەسەڵاتەکان بەبنەماڵەیی تربکات.

دەرەنجام چیە ؟

لەمێژوی حوکمڕانیی کوردیدا ھیچ کاتێک ھێندەی ئێستا دەسەڵاتی بنەماڵەیی بەتایبەت بنەماڵەی بارزانی جومگەکانی دەسەڵاتی لە بندەست نەبوە، ھەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و قەزایی و تەنفیزی بە تەواوی وەزارەت و دەزگا ھەستیارەکانی تایبەت بەئاسایش و سەرچاوەکانی داھات و پەیوەندیەکانی دەرەوە لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا دەبێت، گەر کەناڵی (ئێن ئاڕ ئی)ش نەبوایە ئەوا ئێستا دەسەڵاتی چوارەمیش کە ئیعلامە کۆنترۆڵی لەدەستی خۆیان دەبوو.

ئەم دەرەنجامەش کە ئێستا پێی گەیشتوین ھیچ نیە جگە لە خاڵیبونەوەی پرۆژەکەی کاک نەوشیروان بۆ رێگریی لە بەبنەماڵەیی کردنی دەسەڵات، بەڵام لەسەر دەستی کێ ؟ لەسەر دەست و بەموبارەکەی میراتگرەکانی.
3/31/2019 9:45:09 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]