سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

ڕۆژی ئاڵا!

هیوا سه‌لام
هەمو یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستان دەکەنەوە، بەڵام دەگمەنن ئەوانەی دەزانن خودی ئاڵای کوردستان لە کوێوە هاتووە!
ئەو ئاڵایەی ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەکاری دێنێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆماری ئارارات لە ١٩٢٧. بەڵام خۆرەکەی ئەوان ژمارەیەکی زۆر تیشکی هەبو، هەر وەک لە وێنەکەدا دەرکەوتووە، هەمان ئاڵا پێشتریش لە لایەن کۆمەڵەی خۆیبونەوە و پێش ئەوانیش لە لایەن جەمعیەتی تەعاون و تەرەقی ١٩١٦ بڕیاری لەسەر درابو. دواتر لە ١٩٣٢ دا، ئاڵای کوردستان بەم شێوەیەی ئێستا بۆ یەکەمجار لەسەر بەرگی گۆڤاری هاوار، کە لەلایەن میر جەلادەت بەدرخانەوە دەردەکرا، نەخشێندرا. ئاڵاکەی گۆڤاری هاوار ١٨ تیشکی هەبو، لە کاتێکدا ئاڵای ئەمڕۆ ٢١ تیشکی هەیە. هەردوکیان لە وێنەکان هەن. ئاڵاکەی ئێستا لەلایەن (http://kurdistanica.com/flag-of-kurdistan/) ستاندارد کراوە و قەبارە و شێواز و ڕەنگی هەمو پێکهاتەکانی دیاری کراوە. 
کەچی بەداخەوە، ئەمڕۆ کۆمەڵگای کوردی لە باشور نە ناوی میر جەلادەت دەزانێت و نە دەزانن کێیە! نە گۆڤاری هاوار و مێژوی ئاڵای کوردستان دەزانن! تەنانەت مێژووەکەی لە لایەن حیزبی کوردییەوە بە تەواوی شێوێندراوە. 
جاران، هەندێک لە برادەرانی پارتی دەیانگوت گوایە قازی محەمەد ئاڵای کوردستانی داوە بە مەلا مستەفای بارزانی کە بیپارێزێت! بێ ئاگا لەوەی کە ئاڵای کۆماری کوردستان و ئەم ئاڵایە زۆر جیاوازییان هەیە و هەمان ئاڵا نین، ئاڵای کۆماری کوردستان لە مەهاباد ئەوەیە کە گوڵە گەنمەکان و مۆمەکەی تێدایە. 
هەندێک برادەری یەکێتیش جار جار ڕەنگە سەوزەکەیان دەهێنایە سەرەوە، ئاخر بۆ کەسێکی حیزبی هەر ماقول نییە کە سەوز لە خوارەوە بێت! 
یان پارتی بە دڵی خۆی ڕۆژەکەی گەورە دەکرد و یەکێتی هەر بۆی بچوک دەکردەوە!

ئیتر ئەمە تێگەیشتنی حیزبی کوردییە بۆ ڕەمزە نەتەوەییەکان!


12/17/2018 7:53:13 AM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]