سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

دیوە ڕەشەکەی میدیای کوردی و پێکدادانی شارەکان و گەنجانی کورد بە مەبەستی سیاسی!

هیوا سه‌لام
پێشەکی و بەر لە هەمو شتێک کردنەوەی یانەی شەوانە بابەتێکی زۆر زۆر ئاساییە ئەوە مافێکی سەرەتایی هەر گەنجێکە کە ئارەزوی کاتبەسەربردن بکات، ئەوەی ئارەزوش ناکات دەتوانێت نەچێت. هەروەها، یانە شەوانەکان لە شارە گەورەکانی کوردستان هەن و ئەوەی لەو دنیایە ناژی تەنیا گەنجی فەقیر و هەژارە و ئەوەش وەک هەمو بابەتەکانی دیکە بۆ گەنجانی دەوڵەمەند تەرخانکراوە! چونکە هەر چونە ژورەوەیەک لەو جێگایانە دەگاتە سەروی ٥٠ دۆلار!

هەمو حیزبەکان و بە تایبەت سێ حیزبی سەرەکی، یەکێتی، پارتی و گۆڕان لە ڕێگای لایەنگرەکانیانەوە شەڕێکی کۆمەڵایەتییان لە نێوان گەنجانی هەولێر و سلێمانی بەرپاکردووە بە مەبەستی سیاسیی خۆیان. ئەم شەڕەش لە لایەن کۆمەڵێک بەناو هونەرمەند و کەناڵ و پەیجی فەیسبوکەوە پاڵپشتی دەکرێت و گەنجانیش بۆ ناو ئەم شەڕە ڕاکێشراون. لە هەر دەرفەتێکدا هەولێرییەکان جنێو بە سلێمانییەکان دەدەن و سلێمانییەکانیش بە هەولێرییەکان! وەک ئەوەی دانەیەکیان تۆکیۆ بێت و ئەوەی دیکەیان لەندەن! بێئاگا لەوەیەی کە هەولێر و سلێمانی و هەمو شار و شارۆچکەیەکی کوردستان لە ڕوی عەقڵییەتەوە ئەگەر ١٠٠٪ هاوشێوە نەبن، ٩٩٪ هاوشێوەی یەکدین.

کەناڵێکی وەک ڕوداو دێت و بابەتی لەمجۆرە دەوروژێنێت وەک ئەوەی ڕوداو نەزانێت چ باسە! ڕوداو و زۆر کەناڵی دیکە دێن و بە عەقڵی گەنجی کورد ڕادەبوێرن. هەمو کەناڵە میدیاییەکان بەم جنێوانەی پێیان دەدرێ ڕاوەستاون. چونکە تا سوکایەتییان زۆرتر پێبکرێت، واتای ئەوەیە کۆمێنتی زۆرتریان بۆ دەچێت. تا خەڵک زۆرتر دژی یەکتر بێت ئەوان کۆمێنت و لایکی زیاتریان بۆ دەچێت. بە دیوێکی دیکەدا واتای بینەریان زۆرتر دەبێت و باشتر دەتوانن لایەنە شاراوەکانی خۆیان بگەیەنن. ئەمەش مشتێکە لە خەرمانێک. مەبەست تەنیا لە کەناڵی ڕوداو نییە لێرەدا، تەقریبەن هەمو کەناڵەکان کەوتونەتە ناو ئەم دیاردەیەوە. ئەمە تەنیا نمونەیەکە.

تەنیا کۆمێنتی گەنجانی کورد لەم شوێنانە بخوێنیتەوە، تێدەگەیت ئێمە لە چ نەگبەتییەکی گەورەداین! هەمووان لە دوڕوییەکی ترسناکدا دەژین. سەیری پڕۆفایلەکەی بکە ئایەتی قورئانی و حەدیسی لەسەرە، لە کۆمێنتەکانی هەڵکەوت زاهیر خۆزگە بە جێگای ئەو دەخوازێت! لە پڕۆفایلەکەی خۆی ئاخ بۆ ئەوروپا هەڵدەکێشێت و لە کۆمێنتەکانی جنێو بە یانە شەوانەکان دەدا! گلەیی لە ناعەدالەتی هەیە و سەر بە حیزبێکی دەسەڵاتداری کوردییە! ئەو ژینگەی ئێستا کۆمەڵگای کوردی تێیدا دەژی بە مانای وشە کارەساتێکی گەورەیە.
2/3/2019 4:42:19 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]