سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

ئەوان بینای دادگا نۆژەن دەکەنەوە، ئێوە سیستەمی دادوەری نۆژەن بکەنەوە!

هیوا سه‌لام

ماوەیەکی زۆرە خۆم دەپارێزم لەباسکردن لە حیزبی کوردی، بەڵام مایەی گاڵتەجاڕی بو، کە لەم چەند ڕۆژە، چەند گەنجێک لە سۆران و ڕانیە دەستگیرکران لەبەر ئەوەی ئیشیان لە جێگایەکدا کردووە و چاکیان کردۆتەوە یان ویستویانە چاکی بکەنەوە! لەدوا پێشهاتیشدا، ئەو گەنجانە بڕیاریان داوە کە خودی بینای دادگای ڕانیەش نۆژەن بکەنەوە!

بەو هیوایەی گەنجانی مەڵبەند و لقەکانیش، لەجیاتی ڕاپۆرت نوسین لەسەر ئەم و ئەو و واستە و واستەکاری لە ناوەندە حکومییەکان، هەر لە دژی نەوەی نوێ، هەرچی چاڵ و چۆڵ هەیە پڕی بکەنەوە! مستەفای سەید قادر و حەمە تۆفیق رەحیم و شوێنکەوتووەکانیان، لەجیاتی شەڕە دەنوک لەسەر جێگرێکی بێدەسەڵات، پاچ و خاکەناز دەستبدەنێ و گەنجانی نەوەی نوێ بەرەو هەر جێگایەک ڕۆیشتن، ئەوان لەوێ بێنەوە و چاکیان کردبێتەوە! ئنجا بە هەمووان، بێن و ئەو تونێلەی کۆیەشمان بۆ تەواو بکەن. کە خەریکە دەبێتە درێژخایەنترین پڕۆژەی حکومی!

ئەو حکومەتە هی ئەوەیە بەزەییت پێیدا بێتەوە، کاتێک دەوڵەمەندێک یان سەرۆک حیزبێک دەڵێت فڵان شوێن نۆژەن دەکەمەوە، دەستی ماچ نەکات! با حکومەتیش پلانی ئەوەی هەبوبیت، کە نۆژەنی بکاتەوە. چۆن ئەو موزایەدە دەکات؛ ئێوەش بە موزایەدە وەڵامیان بدەنەوە. ئەو دەڵێت تونێلی دەربەندیخان نۆژەندەکەمەوە، بڵێن دەستت خۆش، هەر لە داخی تۆ ئێمە تونێلی هەیبەتسوڵتان دروستدەکەین! ئەو دەڵێ دەروازەی سۆران دروست دەکەم، بڵێن ئێمەش بەس لە داخی تۆ دەروازەیەکی بێوێنە بۆ شارە جوانەکەی ڕەواندز دروستدەکەین! ئەو دەڵێت باخی گشتیی سلێمانی نۆژەندەکەمەوە، زۆر عەیبە ئێوە خەریکی نۆژەنکردنەوەی باخە تایبەتەکانتانن! ئەو دەڵێت بینای دادگا نۆژەندەکەمەوە، مەرد بن و قۆڵی لێهەڵماڵن، ئێوە سیستەمی دادوەری نۆژەن بکەنەوە!
8/31/2019 2:05:38 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]