سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

ئەو فەوجەی دەوڵەتێکی دروستکرد (6ی کانوون)

هونه‌ر تۆفیق
بەریتانیەکان لەماوەی چوارساڵدا ١٩١٤ - ١٩١٨ تەواوی ئەوسێ ویلایەتە عوسمانیەی داگیرکرد کە ئێستا ناوی عێراقە .

بەریتانیەکان دوو تێڕوانینی جیاوازیان هەبوو بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی عێراق . بۆچوونێکیان لە ئۆفیسی بەریتانی لە هیندەوە پشتگیری لێدەکرا، لەلایەن ئارنۆڵد ویڵسنەوە ، پێ ی وابوو ، دەبێت ڕاستەوخۆ لەهیندەوە عێراق بەڕێوەببرێت . چونکە عێراقیەکان خەڵکێکی نەزان و گەمژەن ، ناتوانن خۆیان ڕێکبخەن لە دەوڵەتێکی نەتەوەییدا . بۆچوونی دووەمیان لە ئۆفیسی بەریتانی لە قاهیرەوە بوو ،ئەمانیش ڕایان وابوو ، دەبێت عێراق ناڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دەروەی بەریتانیاوە حوکمبکرێت . چەرچڵ و لۆرانس عەرەب و میسس بێڵ پشتیوانیان لەم بۆچوونە دەکرد ، دواتریش بۆچوونەکەی ئەمان بردیەوە . 

نوخبەیەک لەو عێراقیانەی ( بە کورد و عەرەبەوە ) لە سوپای عوسمانیدابوون ، لە سوڵتان هەڵگەڕابوونەوە . لەگەڵ کوڕەکانی شەریفی مەککەدا بەشداری شۆرشی عەرەبی بوون لە شامدا دژ بە دەستەڵاتی سوڵتان . ببونە دۆست و هاوڕێ ی ئەمیر فەیسەڵ و عەبدوڵای کوڕی شەریف حسیەنی مەککە .

ئەو ئەفسەرانە کاتێک بینیان عێراق لەلایەن بەریتانیەکانەوە لە عوسمانیەکان پاککراوەتەوە ، گەڕانەوە بۆ عێراق . سیاسەتیان هێنایە ناو کۆمەڵگەی عێراقیەوە کە تاوکاتە عێراقیەکان هیچیان لە دنیای سیاسەت نەدەزانی . هانی عەشیرەت و سەرۆک هۆزەکانیان دەدا لەدژی ئەو هیندیانەی بەریتانیا هێنابوونی ، لە شوێنە ئیداریە تازەکانی عێراقدا کاروباری وڵات بەڕێوەبەرن ، ئەمان دژایەتیان کردن.

هەرچەندە ئەو نوخبە سەربازیە ( نوری سەعید ، جەعفەر عەسکەری ، بەکر سدقی ... هتد ) لە شۆڕشە عەرەبیەکەی شامەوە پەیوەندیان بە بەریتانیەکانەوە هەبوو ، بەڵام دژ بە بۆچوونە بەریتانیەکەی ئۆفیسی هیندی بوون . چونکە دەیانویست خۆیان بەشداربن لە بەڕێوەبردنی عێراقدا نەک هیندیەکان . جەعفەر عەسکەری کە بە ژن بەژن لەگەڵ نوری سەعیددا ببونە هەم زاوا و هەم ژنبرای یەکتر ، لە کۆنگرەکەی قاهیرە ١٩٢١ بەشداری کرد لەگەڵ چەرچڵ و مسس بێڵ و لۆرانسدا سەبارەت بە سەربەخۆیی عێراق کۆبوونەوە.

هەروەها نوێنەری عێراقیش بوو لە کۆنگرەی لۆزاندا ١٩٢٣. کاتێک حکومەتی کاتی عێراقی سپێردرا بە عەبدوڵرەحمان نەقیب ١٩٢٠ ، ئەو نوخبە عەسکەریە داوایان لە بەریتانیەکان کرد فەوجێکی سەربازی بۆ خۆیان دابمەزرێنن تا دامودەزگا تازە بنیادنراوەکەیانی پێ بپارێزن . بەریتانیەکان ڕازی نەدەبوون، تا ئەوکاتەی شۆرشی عشرین لە عێراقدا بەرپابوو. لە کوردستانەوە شێخ مەحمود و لە بەشە عەرەبیەکەیەوە لە نەجەف و بەسرەوە دەستی پێکرد.

چەکدارە وەهابیەکانی ئال سعودیش کەهێشتا حیجازیان داگیرنەکردبوو ، هێشتا پادشای عەرەبستانی سعودیە نەبوون ، هێرشی لەناکاویان دەکردە سەرشارەکانی باشووری عێراق ، لە هێرشێکیاندا بۆ سەرنەجەف ٨٠٠ کەسیان لە شیعەکانی ئەو شارە کوشت . ئینجا بەریتانیا ڕازی بوو یەکەم فەوجی سەربازی بۆ ئەو نوخبە عەسکەریە بکاتەوە لە ٦ ی کانوونی دووەمی ١٩٢١ دا بەناوی فەوجی ئیمام موسای کازم ، بەسەرپەرشتی جەعفەرعەسکەری بەڕەچەڵەک کورد ، یەکەم سەرەتای سوپای عێراق دەستی پێکرد.


ئەو نوخبەیە گەرچی عەسکەری بوون ، بەڵام تا کودەتاکەی ١٩٦٨ ی بەعسیەکان نەخشەی سیاسی عێراقیان لەژێر دەستدابوو . هەر ئەوانیش دەوڵەتی عێراقیان دامەزراند . لەپاش دوو ساڵ لە دورستکردنی یەکەم فەوجەوە ، مەرجەعە ئایینەکان و هۆزە عەرەبیەکان و نوخبەی سیاسی عێراقیان ڕازیکرد کەئەمیر فەیسەڵ وەکو پادشای عێراق قبوڵ بکەن. 


لەپاش ئەوەی نەوەی یەکەمی ئەفسەرانی سوپای عێراق بنەما سەرەتایی و سەرەکیەکانی دەوڵەتی عێراقیان دامەزراند ، بوونە پشتوپەنای پادشای عێراق . نەوەی دووەمی ئەو ئەفسەرانە ( عەبدولکەریم قاسم ، عەبدولسەلام عارف ) لە نەوەی یەکەم هەڵگەڕانەوە . کودەتایان بەسەریاندا کرد، سیستەمی پادشاییان لە عێراقدا هەڵوەشاندنەوە . عێراقیان بە مەیلی چەپگەرایی نزیک لە شیوعیەکان و یەکێتی سۆڤیەت ، کرد بە دەوڵەتیكی کۆماری.

هەمووی دەساڵی نەخایاند نەوەی سێهەمی سوپا ( ئەحمەد حەسەن بەکر) لەگەڵ قەومیەکانی عەرەب ( بەعسیەکان ) لەنەوەی دووەم هەڵگەڕانەوە ، کودەتایان بەسەر نەوەی چەپەکاندا کرد . نزیکەی ٣٥ ساڵ ، تا ساڵی ٢٠٠٣ حوکمی عێراقیان کرد . لەوە بەدواوە سەردەمی زێڕینی سوپا و نوخبەی سەربازی عێراقی کۆتایی پێهات . ئەو دەوڵەتەی ئەوان دروستیان کرد گۆڕدرا بە دەوڵەتی ئەمیرەکانی جەنگ . میلیشایی مەزهەبی جێگەی گرتنەوە.
1/6/2019 1:48:48 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]