سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

مەنبەج، وێنەیەكی تاریك لە نێوان توركیا و ئەمریكادا

هونه‌ر تۆفیق

ساڵی ١٩٧٤ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هێنری كیسنجەر سەردانی توركیای كرد ، بۆ ئەوەی ئەنقەرە ڕازی بكات هێرش نەكاتە سەر قوبرس. چونكە ئەمریكا لەنێوان دوو دۆستی ئەندامی ناتۆدا ( توركیا و یۆنان ) ناتوانێت هیچیان لەدەستبدات . كیسنجەر لەپاش گەڕانەوەی بۆ واشنتۆن . بە كۆشكی سپی گوت : توركەكان بەڵێنیان پێدام كە هێرش نەكەنە سەر قوبرس .، بەڵام بڕوایان پێناكەم ، پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوودا قوبرس داگیربكەن . ئەوەش ڕویدا .

ماوەی دوو ساڵە پەیوەندی نێوان ئەمریكا و توركیا لەسەر تێڕوانینی جیاوازیان بۆ شەڕی ناوخۆی سوریا ئاڵۆزی گەورەی تێكەوتووە . لەپاش هەڵگیرسانی شەڕەكەوە نەخشەی سوریا لەهەر لایەكەوە سەیری دەكرێت ستراتیژێكی تایبەتی هەیە . لەباكورەوە جۆرە ستراتیژێكە بۆ هێزە دەرەكیەكان ( ئەمریكا ، ڕوسیا ، توركیا ، ئێران ، سعودیە ) جیاواز لە باشوور . ڕۆژهەڵاتی فورات لە ستراتیژدا جیاوازە لە خۆرئاوای فورات . لەهەندێك شوێندا شارۆچكەیەك لەناو بەرژەوەندی سەربازی و سیاسی ئەو هێزانەدا دەبێتە پێگەیەكی ستراتیژێكی هەستیار ، لە نمونەی شارۆچكەی مەنبەج .

مەنبەج وێنەیەكی تاریكە لە پەیوەندی نێوان توركیا و ئەمریكادا . لەستراتیژی هەركامیاندا بێت ، جیاوازە لە كۆبانێ و عەفرین . دەشێت مەنبەج خاڵی یەكلاكەرەوەی ئەو ناڕوونی و پێچانەبێت لەنێوان هەردوو هێزدا .

لەكاتێكدا وەزیری دەرەوەی توركیا ، ئەمریكا تۆمەتبار دەكات بەوەی ئەمریكاییەكان ڕاستگۆنین لەگەڵیاندا ، چونكە پشتیوانی لە هێزەكانی پەیەدە دەكەن . كونسوڵی ئەمریكا لەهەمان ڕۆژدا ( دوێنێ هەینی ) بۆ یەكەم جارە سەردانی دەروازەی سمێلكا دەكات لەنێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاڤادا . چونی ستیڤ ڤەیگن بۆ سمێلكا و بەسەركردنەوەی ئەو دەروازەیە و پشكنینی ئیدارە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پەیوەندیەكان كە كۆمەكە سەربازیەكانی ئەمریكا بۆ رۆژئاڤای لێوە دەپەڕێتەوە ؍ مانا و هێمای سیاسی و سەربازی خۆی هەیە .

 پەیامێكە بەتایبەت بۆ توركیا كە ئەمریكا لەو دەروازەیەوە دەتوانێت ئیدامەی شەڕێك بكات كە هەرگیز ئامادەنیە ڕووبەڕوو و ڕاستەخۆ بێت لەگەڵ ئەنكەرەدا . بەڵام ئەگەر توركیا بەرپای بكات ، پردی سمێلكا دەبێتە پردی كاروانێكی بێ كۆتایی بۆ كۆمەكی یەپەگە و ئەو هێزانەی لەبری ئەمریكا شەڕی توركیا دەكەن لەپێناو بەرگری لە خاكەكەی خۆیاندا .

بەپێ ی هەڕەشەكانی ئەردۆغان و سوپاسالارەكەی بێت ، توركیا ئەو هێرشە چاوەڕوانكراوەی بۆ سەر مەنبەج دەستپێدەكات . پێناچێت ئەمریكا وەكو عەفرین گڵۆپی سەوز بۆ توركیا دابگیرسێنێت و داوا لە هێزە هاوپەیمانەكانی بكات وەكو عەفرین ، مەنبەج بۆ توركەكان چۆڵ بكەن . چونكە لەدەستدانی مەنبەج لە ستراتیژی سیاسی و سەربازی ئەمریكادا واتا لە دەستدانی كۆی خۆرهەڵاتی فورات . دەكاتە بەیەكجاری دەركردنی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە سوریادا . 

لەناو ئەو وێنە تاریكەی مەنبەجدا ، توركیا سەرەتا لە بۆردمانی كەمپی مەخمور و چیای شەنگالەوە سەرەتای جەنگەكەی ڕاگەیاند . كونسوڵی ئەمریكاش لە هەولێر بەسەردانكردنی دەروازی سمێلكا وەڵامی یەكەمی توركیای دایەوە كە ئامادەی ئەو جەنگەین . هەرچەندە بەغدا و قاهیرە و فەرەنسا بە توندی ئیدانەی ئەو بوردمانانەی توركیایان كرد و حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ هەڵوێست و ڕوونكردنەوەیەكی نەدا . بەڵام ئێران و ڕوسیا بە هەستیاری سەیری ئەو وێنە تاریكە دەكەن .

 جیاواز لە هێرشی توركیا بۆ داگیركردنی عەفرین لە هێرشی مەنبەج دەڕوانن . دەمێكە هەر یەك لە ڕوسیا و ئێران چاوەڕوانی تێوەگلانی ڕاستەوخۆی توركیا دەكەن لە زۆنگاوی شەڕی ناوخۆی سوریادا . یاخود باشترە بڵێین دەمێكە دەیانەوێت توركیا باجی بەرپاكردنی شەڕی ناوخۆی سوریابدات . بەتایبەتی لەم كاتەدا كە پەیوەندی هەریەك لەمیسر و سعودی عەرەبی بەتوركیاوە لەو پەڕی ئاڵۆزی و دژبووندایە . سعودی عەرەبی دەیەوێت مەنبەج ببێتە خاشقچیەكەی توركیا .

 وەك چۆن بەهۆی كوشتنی خاشقچیەوە سعودیە ناچار بە تەنازول كرا لە شەڕی ناوخۆی یەمەندا ، سعودیەش بۆ تۆڵەی یەمەن ، لە شەڕی مەنبەجەوە دەیەوێت توركیا ناچار بە تەنازول لەشەڕی ناوخۆی سوریادا . بۆیە تێكڕای هێزە دەرەكیەكانی شەڕی سوریا بەو پەڕی هەستیاریەوە چاوەڕوانی ئەو حەماقەتەی ئەردۆغانن كە ڕەنگە ببێتە سەرەتایی كۆتایی شەڕی ناوخۆی سوریا .
12/16/2018 10:42:36 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]