سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

پێچەوانەکردنەوەی شار- بەنمونە سلێمانی

هونه‌ر تۆفیق
یەکێک لە سیفەکانی شار دروست کردنی سەنتەرە لەناو خۆیدا و کۆکردنەوەی ئاراستەکانی دەرەوەیە بەرەو ئەو سەنتەرەی لەخۆیدا دروستی کردووە۰

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ئاراستەکانی شەقامەکانی سلێمانی گۆرانکاریان بەسەرداکرا۰ شەقامی مەولەوی بەرەو باخی گشتی پێچەوانە کرایەوە۰ شەقامی مەولەوی درێژکراوەی شەقامی سالم-سەهۆڵەکەیە بەرەو سەنتەری شار۰

 شەقامی سالمیش ئیمتدادی ڕاپەڕین و تاسلوجەیە بەرەو شار -سەنتەر.  پێچەوانەکردنەوەی شەقامی مەولەوی بەرەو ڕاپەڕین لە کۆنەستی ئەو سەنتەرەی شار بنیادی ناوە دەکاتە لەناو بردنی سەنتەر و بەرەو دەرەوە بردنی سەنتەرەکە۰

لەکۆتایی ئەو ئاڕاستەیەی لە دەرەوەی شارەوە بەرەو سەنتەر دەکشێتن، بەریەککەوتنی دەرەوە بۆ ناوەوە و ناوەوە بەرەو دەرەوە دروست دەبێت۰ گۆڕانکاریەکە لەگەڵ نەمەتی عادەتی ژیانی ئابووری و بازاڕ و بازاڕکردنی خەڵکدا یەکناگرێتەوە. کۆی ئەو ژیانە پێچەوانە دەکاتەوە کە دوو سەد ساڵە سلێمانی لەسەر بیناکراوە. 

عەقڵی شار جیاوازە لە عەقڵی نەخشەداڕێژەرانی ئەو ئایدیایە۰ لەڕاستیدا دەبێت هەموو ڕێگاکان بخرێتە سەر سەنتەر و بەرەو چەقی شار ئاراستەبکرێت، چونکە دنیایەک گرێ وبەندی تایبەتمەندی سلێمانی لەهەموو ئاستەکاندا لەسەر ئەو ئاراستانەی شەقامەکانی شار دروستبوون.

کەچی زۆر بێباکانە لیژنەیەکی ناحاڵی لەچەمکی شار و سەنتەر، بەبریارێک هەموو ئەو بەند و وابەستەبوونانە بەشارەوە تێکدەدات و لەبەریەکیان هەڵدەوەشێنێتەوە . بێخەیاڵە لەوەی ئاراستەی شەقامەکانی شارە کە کەلتوور و ئابووری و کۆی سیماکانی ئەو شارە دروست دەکات.
2/3/2019 9:18:22 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]