سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

دوو قیتار و یەک هێڵ - کابینەی نۆهەم

هونه‌ر تۆفیق
یەکێک لە گرفتە سەرەکیەکانی کابینەی نۆهەم ئەوەیە کە ئەم حکومەتە چاوەڕوانکراوە وەک دوو قیتار وایە کە بیانەوێت بەسەر یەک سکەدا بڕۆن !!

پێشبینیەکان و ئەوەندەی لە ڕاگەیاندن و ناوەندە سیاسیەکانەوە ئاماژەی بۆدەکەن لەنێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانیدا ئەو سکەیە بەرگەی ئەم دوو قیتارە ناگرێت.

لەکاتێکدا نێچیرڤان بارزانی ئامادەکاری بۆ دەکرێت بۆئەوەی ببێتە سەرۆکی هەرێم ، ئامادە نیە دەست بەرداری دۆسیەی نەوتی هەرێم ببێت بۆ سەرۆکی حکومەت . بەگوێرەی ئەوەی ئەزموونێکی تایبەتی لە پرسی نەوتی هەرێمدا هەیە وخۆی بە ئەندازیاری پەیوەندیە نەوتیەکانی نێوان هەرێم و تورکیا دەزانیت ، نایەوێت ئەو مەلەفە تەسلیمی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بکات . 

بەلای نێچیرڤان بارزانیەوە دەستبەرداربوونی لە دۆسیەی نەوت دەکاتە کۆتایی هاتنی ژیانی سیاسی بۆ ئەو . ئاستی بەرگری کردنی لەو دۆسیەیە و ئەگەرەکانی، ناچاری دەکات چەند هەنگاوێک پاشەکەوت بکات بۆ داهاتووی سیاسی خۆی . یەکێک لەو پاشەکەوتە سیاسیانەی، گواستنەوەی نیوەی قورسایی دەزگا میدیاییەکەیەتی بۆ سلێمانی . بۆئەوەی لەئەگەری بەرتەسک کردنەوەی جوڵە سیاسیەکانی داهاتوویدا ، بەشەکەی سلێمانی میدیای ڕووداو ببێتە سەنگەرێکی پاڵپشت وبەرگری لێ بکات . سەرەتای ئەم جیاوازیەش پێش کەوتنە گەڕی قیتارەکان لە پارلەمانەوە دەستی پێکردووە ، لەنێوان پارلەمانتارەکانی نێوان هەردوو هێزدا . سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد کە موالیە بە سەرۆکی حکومەتی داهاتوو ، بە فیعلی وەک سەرۆکی پارلەمان لەگەڵ ئەندامەکاندا دەجوڵێتەوە و ئەندامە موالیەکانی سەرۆکی داهاتووی هەرێمی لە قاڵب داوە . 

سەرۆکی حکومەتی داهاتوو بۆ بڕینی بیانووەکانی سەرۆکی کابینەی هەشتەم کە پێداگری لە مانەوەی دۆسیەی نەوت دەکات لای خۆی بمێنێتەوە ، یاخود لەڕێگەی وەزیرەکەی خۆی ( وەزیری سامانە سروشتیەکان ) گوایە ئەوان شارەزاتر و بەئەزموونترن لە بواری نەوتدا ، سەرۆکی کابینەی نۆهەم ئەڵتەرناتیڤێکی بەهەمان قورسایی ئاشتی هەورامی نیشان و پێشنیار دەکات کە دکتۆر نەجمەدین کەریمە . لەدیدی سەرۆکی کابینەی نۆهەمەوە ، دکتۆر نەجمەدین هەمان پەیوەندی و شارەزایی ئاشتی هەورامی هەیە کە لەتوانایدایە ئیدارەی دۆسیەی نەوت سەرکەوتوانتر لە هەورامی بکات . لەهەمان کاتدا بەنیازیش نیە مەلەفی ئەمنی ( ئاژانس ) تەسلیم بە سەرۆکی هەرێم بکاتەوە ، چونکە وەک چۆن لەدەستچوونی دۆسیەی نەوت لەدەستی نێچیرڤان بارزانی مانای کۆتایی هاتنی تەمەنی سیاسی ئەو دەکات ، بۆ مەسرور بارزانیش لەدەستدانی مەلەفی ئەمنی دەکاتە پەکخستن و ئیفلیجبوونی ئەو، لەو حکومەتەی پلانی سەرخستنی بۆ داڕشتووە .

ئەو تاکە هێڵەی لەخۆیدا قەیراناوی و پڕ لە گرفتە ، لەنێوان ئەو دوو قیتارەدا بەرگە ناگرێت . لەکۆتاییدا دەبێت یەکێکیان ببن بە پاشکۆی ئەوی تریان کە تائێستاکە دیارنیە کامیان پێش ئەوی تریان دەکەون ، کێبڕکێکەش لەنێوان ئەو دوو هێزەدایە نەک حیزبە لاوەکیەکانی تر .
2/1/2019 7:10:22 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]