سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

بنەماڵە سیاسیەکانی عێراق (بنەماڵەی تاڵەبانی)

هونه‌ر تۆفیق

بنەماڵەی تاڵەبانی سەربەهۆزی زەنگەنەن . زەنگەنەکان هۆزێکی کوردی نیشتەجێ ی ماد دەشتی نزیک کرمانشاه بوون ، دواتر بە رۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا بڵاوبوونەتەوە . بەپێ ی شەرەفنامەکەی شەرەفخانی بەدلیسی و مێژووی کورد و کوردستانەکەی محەمەد مەردۆخ بێت ئەم هۆزە گەیشتوون بە سنووری ئەفغانستان ولە دەڤەری بلوجستاندا نیشتەجێ بوون .

تاڵەبانیەکان لەپاش ئەوەی دەچنە سەر تەریقەتی قادری ، شێخەکانیان لەناوچەکانی گەرمیاندا : کفری ، خانەقین ، کەرکوک ، چەمچەماڵ ، دواتریش لە کۆیە و بەغدا تەکیەی تاڵەبانی دەکەنەوە وتیایدا نیشتەجێ دەبن .

باپیرانی تاڵەبانیەکان شێخ ئەحمەد ی شێخ مەحمود لەسەدەی شانزەهەمدا یەکەم جار لەگوندی تاڵەبانی نزیک چەمچەماڵ نیشتەجێ دەبێت و لەوێوە نازناوی تاڵەبانی وەردەگرێت نەوەکانی (شێخانی تاڵەبان) ی لێ دەکەوێتەوە . شێخ عەبدولڕەحمانی کوڕی شیێخ ئەحمەد کەدەکاتە باوکی شێخ ڕەزای تاڵەبانی ١٨٣٥-١٩٠٩(شاعیر)تەکیەی کەرکوک و بەغدا ئاوەدان دەکاتەوە ، برەو بە تەریقەتەکەیان دەدات و مورید و لایەنگری لەدەور کۆدەبێتەوە . تا سەردەمی شانشینی عێراق شێخ عەبدوڵای کوڕی شێخ ڕەزا سەرپەرشتی تەکیەی بەغدا دەکات و نزیکایەتی لەگەڵ ماڵی پادشای عێراقدا دەبێت . شێخ حەسەنی کوڕی عەبدوڵای نەوەی شێخ ڕەزا چەندجارێک دەکرێتە وەزیر لە حکومەتەکانی کۆماری عێراقدا ، وەزیری گواستنەوە ١٩٥٩ ، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ١٩٦٣ .

بنەماڵەی تاڵەبانی لە پارلەمانەکانی حکومەتی پادشایی و دواتر کۆماریدا چەندین جار دەبنە ئەندام پارلەمان : عەبدول وەهاب تاڵەبانی لە خولی هەشتەمی پارلەمان لە ١٩٣٧ دا . فایەق تاڵەبانی لە خولی نۆهەم ١٩٣٩ دا . لە خولی دەیەم جارێکی تر عەبدول وەهاب تاڵەبانی ١٩٤٣ دا . خولی یانزەهەم فازیل تاڵەبانی لە ١٩٤٧ دا . لە خولی دوانزەهەم جارێکی تر عەبدول وەهاب تاڵەبانی لە ١٩٤٩ دا . لە خولی چواردەهەم حەبیب تاڵەبانی لە ١٩٥٣ دا .

لە سەردەمی کۆماری عێراقدا تاڵەبانیەکان ڕۆڵی سیاسیان کاریگەرتر دەبێت . مکەڕەم تاڵەبانی حیزبی هیوا دادەمەزرێنێت لە ١٩٣٩ دا ، دواتر جیادەبێتەوە دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبی شیوعی عێراقی و ماوەیەکیش سکرتێری حیزبەکە بووە . چەند جارێک دەکرێتە وەزیر لە حکومەتە کۆماریەکانی عێراقدا : ١٩٧٢ وەزیری ئاودێری بووە . پاشان وەزیری گواستنەوە بووە تاساڵی ١٩٧٧ ،لە ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ ڕاوێژکاری سەدام حسێن بووە بۆ کاروباری کوردستان و نێوەندگیری لەنێوان حکومەت و هێزە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستاندا.

جەلال تاڵەبانی ١٩٣٣-٢٠١٧ دیارترین ناوی تاڵەبانیەکان و کاریگەرترینیان بووە لە سیاسەتی کورد و عێراقدا . زاوای دامەزرێنەری پارتی ژیانەوەی کوردستان و دواتر پارتی دیموکراتی کوردستان ، ئیبراهیم ئەحمەد ١٩١٤-٢٠٠٠ بوو . لە ١٩٧٦ دا لەگەڵ شەش لە هاوڕێکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دادەمەزرێنێت . لە ٢٠٠٥ تا ٢٠١٤ دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق . قوباد تاڵەبانی کوڕی مام جەلال تاڵەبانی دەبێتە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان . لاهور شێخ جەنگی برازای تاڵەبانی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و دژە تیرۆری هەرێمی کوردستانە . هەر لە بنەماڵەی تاڵەبانی ، ئاڵا تاڵەبانی ماوەی دوو خولە ئەندامی پارلەمانی عێراقە . بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانە . بایز تاڵەبانی ١٩٤٤-٢٠١٨ وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ٢٠٠٨- ٢٠١٣ بووە . رێبوار تاڵەبانی لە پشکی یەکگرتووی ئیسلامی و دواتر پارتی دیموکراتی کوردستان ، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە . مامە ڕیشە ١٩٥٥-١٩٨٥ یەکێکە لە پارتیزانە ناودارەکانی کوردستان لەنەوەی تاڵەبانیەکانی چەمچەماڵ بوو .
      -ماویه‌تی-
8/13/2019 9:32:13 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]