سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

منەتمان بەسەرا مەكەن

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
ئەگەر دەڵێن ئەو هەموو هاتوچۆ و بێنە و بردە و‌ دانیشتنەتان لەبەر ئێمەی یەكێتیە قوربانە نامانەوێ چونكە دڵنیاین كە ڕاست ناكەن ، كەس نیە ئەو ڕاستیە نەزانێت كە شەراكەتی ڕاستەقینە شتێك نیە بە وەرگرتنی چەند وەزارەتێك و واژۆكردنی چەند خاڵێك لە ژێر ناونیشانی هاوپەیمانیتیدا بێتەدی ، شەراكەتی راستەقینە پێویستی بە دوو لایەنی دادپەروەر و مافپەروەر و خاوەن ویژدان و مەبدا و فكری سیاسی هەیە..!!

شەراكەتی راستەقینە و ڕێككەوتن بە كەسانێك جێبەجێ ناكرێ مانەوە و بەردەوامیان بە خۆپەرستی و قۆرخكاری و پچڕینی پشكی جێنشینەكانیانەوە بەند بێت ، كەسانێك كە لە ( پەڵپینەوە هەتا بۆریە نەوتەكانی كوردستانیان كۆنترۆل كردبێت )چ باكیان بە یەكێتی و خواستی یەكێتییەكانە ؟

شەراكەتی راستەقینە ئەوە نیە تۆ پۆستی پارێزگارم پێ ببەخشی بەرامبەر بەوەرگرتنی دوو بیرە نەوت ..!! تۆ خولەم بۆ بكەیتە كوێخا و من عەبەت بۆ بكەمە ئاغا ..! ئەوە شەراكەت نیە ئەوە سەودا و مامەڵەیە بەدەنگی خەڵك و دەنگدەرانی گشت حزب و یەكێتیەوە ، سەودا بە شەونخوونی ئەو خەڵكەوەیە كە شار بە شار و دێ بە دێ ڕێیان بۆ كوتای و دەنگیان بۆ كۆدەكردیتەوە ، تۆش لەپێناو وەزارەتێكی پڕ ئیمتیاز و پارە و پول دەیبەخشی و بە دیفاع لە خواستی دەنگدەران پێماندەفرۆشیتەوە ؟
ئینجا بابچینە سەر مەسەلەی كورسی و پۆستەكان سەرەتا با لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمانەوە دەست پێبكەین ، بەڕای من یەكێتی هەڵەیەكی گەورە دەكات ئەگەر لەم كابینەیەدا چاو ببڕێتە ئەو پۆستە چونكە جگە لەوەی لە دواڕۆژدا كەسێكی پێ بەمووچەیەكی زەبەلاح خانەنشین دەكرێ هیچ سوودێكی نە بۆ یەكێتی و نە بۆ پەرلەمان و نە بۆ چەسپاندنی دیموكراسی و دادپەروەری نیە و نابێ ، كاری ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان لەم كابینەیەدا تەنیا سەرلەقاندن دەبێت ، چونكە ئەوكاتەی دەبوایە بۆ یەكێتی و كورسیەكانی یەكێتی شەڕتان بكردایە ، هەلی كارتان بۆ بێكارێك دۆزییەوە لەبەغداد و لێگەڕان پەرلەمانێك بەدەنگی ساختە و هاوڵاتی سووری و عەرەبی هاوردە پڕ بكرێ لەدەنگی لایەنێك و بەتەواوی پەرلەمان كۆنتڕۆڵ بكرێ و هەرچۆنێك بیانەوێ بەوجۆرە یاساكان بەدەنگی زۆرینە لەپەرلەمان تێبپەڕێنن و هیچ منەتی یەكێتیش هەڵنەگرن ، بە سەرلەقاندنیش هەرگیز نابینە شەریكی راستەقینه..!!‌

لە بابەتی وەرگرتنی وەزارەتی دادی عێراقیش ئەگەر ئەو كورسیە وەك گەڕانەوەی رەدی ئیعتیبارێكە بۆ یەكێتی كە لەم حكومەتەدا هیچ پلە و پۆستێكی لە بەغدا نیە ئەوە مەسەلەیەكە و ئەگەریش بۆ بەدەستهێنانی (قۆنتەرات) مقاولاتی حەپسخانەكانی عیراق و كۆمەڵێك بابەتی لەو شێوەیەیە و بەكوردی ئەگەر شینەكە بۆ هەریسەكەیە (گیرفانەكەیە ) ئەوا قوربانە ئەوەشمان ناوێت و لەهەردوو حاڵەتەكەدا دەبێت یەكێتی چاك بزانێت كە ئەوە خودی یەكێتی بوو كورسیەكەی یەكێتی واتە پۆستی سەرۆك كۆماری بەخشیە سەرۆكی حزبێكی غەیرە یەكێتی و یەكێتی لە هەردوو دین كرد ..!! بەو كەین و بەین و خۆ ڕاوەشاندنەش ناتوانێ هەڵەكەی ڕاستبكاتەوە..!!

سەبارەت بەدابەشكردنی پۆستەكانی تریش لە هەرێم و بەغدا ئەگەر تەنها لە پێناو دامەزراندنی كەسەكاندایە بۆ پتەوكردنی ( باڵ و پەراسوو و پشت و پڕكردنی گیرفانە قوڵەكانی ئەم لایەن و ئەو لایەن ) ئەوا بە مەمنونیەوە دەڵێین ئەویشمان ناوێت..!!

دیارە جەماوەری حزبەكانیتریش كۆمەڵێك گلەیی و گازندە و داواكاری تایبەت بە خۆیان لەسەركردەكانی خۆیان هەیە و ئێمەی یەكێتیش لەو حاڵەتە بەدەر نین ، داواكاری ئێمەی یەكێتیەكان شەراكەتی راستەقینەی ناو حزبەكەی خۆمانە ، گەڕاندنەوەی رەدی ئیعتیبار بۆ كادر و ئەندامانی خۆمانە ، چەسپاندنی دادپەروەری و یەكسانی نێو ریزەكانی خۆمانە ، گەڕاندنەوەی شەرعیەتە بۆ مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیەكەمان..!!
دەمانەوێ بزانین لەسەر چ بنەمایەك و بە چ پێوەر و بڕگە و مادە و خاڵێكی پەیڕەوی ناوخۆی حیزب ژمارەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسیە ماوە بەسەر چووەكەمان زیاد و كەم دەكرێت ؟! ئەگەر لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو كەین و بەین و پشك پشكێنەیەدا نەبێت بۆ هەندێك لەوانەی كە چەندین ساڵ بوو ناویشیان لە لكولەكەی تەڕدا نەمابوو لە پڕ قووت بوونەوە و بوون بە یەكێتی عەیار ٢٤ ؟!!

داواكاری ئێمەی یەكێتیەكان دابینكردنی پلە و پۆست و بەدەست هێنانی كورسی بۆ ئەم و ئەو نیە بەڵكو چەسپاندنی دادپەروەری و یەكسانی و گەڕاندنەوەی سیمای حزبایەتی و شكۆیە بۆ یەكێتی و هاوڵاتیانی كوردستان ، هەر بۆیەش تەنیا داواكاری ئێمە كۆنگرەیە و هەر كۆنگرەش دەبێت ، كۆنگرەیەك كۆتایی بەو پاشاگەردانیە بێنێ و چیتر پشك پشكێنەمان لێنەكرێ بە داستانی بەرگری لەخواستی دەنگدەران و یەكێتیەكان ، بەفشەفشی سەرشاشەی تیڤییەكانیش لەخشتەمان نەبەن..!!

هەق وایە ئەو هەڤاڵانە لە جیاتی كات بە هەدەردان و خۆ ماندووكردن بەكۆمەڵێك بابەتی ناوخۆیان ئاوڕێكی جدی لەكەركوك و كۆنگرە و مەسەلە نەتەوایەتیەكان و یاساكانی هەڵبژاردن و سەرۆكایەتی هەرێم بدەنەوە ، لەوەش تێبگەن كە ( كەركوك زۆر لەوە گەورەترە كە بخرێتە تای تەرازوویەك لەگەڵ وەزارەتی دادی بەغداد و پۆستی مودیریەتی تەلارێك لەهەولێر ) كەركوك زۆر لەوە ئازیزترە كە پۆستی پارێزگارەكەی بكەنە نوكتە و هەر رۆژە و كەسێك قووت بێتەوە و خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات..!!

دەبێت ئەو هەڤاڵانەمان زۆر باش لەوەش تێبگەن كە تەنیا كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت ئەو كاندیدەیە كە ( ۱۸۲ هەزار دەنگدەرەی یەكێتی دەنگی پێداوە) نەك ئەوانەی كە زیاتر لە بیست و حەوت ساڵە خەریكی (پۆست پۆستێنەنن) …….!!!


3/19/2019 1:06:08 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]