سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

توركیا نیشانە لە دڵی كورد دەگرێت

هه‌ندرێن شێخ راغب
سوریا وێستگەی ستۆپی بەهاری عەرەبی بوو، لەوێ روداوەكان هەمویان تێكەڵ بوون، سەریان بەناو یەكداچوو، ئەمریكا دەیزانی دیزاین كردنەوەی دەوڵەتەكانی ناوچەكەو پێگەو بەرژەوەندیەكان، پەیوەستە بە كۆتایی روداوەكانی سوریا. بەڵام شوێنی نەبوو.

 لە نەخشەی دواجاریدا، هەم جوگرافیای دەست كەوت، هەم هاوپەیمان، كە گەیشتە روبەرێكی فراوانی ناو خاكی سوریا( رۆژهەڵاتی فورات- باكوری سوریا)، هێزەكانی سوریای دیموكرات‌و یەپەگەو كوردیشی دەستكەوت، كە یەكێك لە شەڕكەرترین‌و بەهێزترین كوتەكن بۆ سەری داعش. بەمجۆرە ئەمریكا شوێنی خۆی گرت. نە سوریا، نە روسیا، نەئێران، نەسعودیە، نە ئەوروپیەكانیش هیچ كۆسپێكی جێگای باسیان بۆ ئەمریكا دروست نەكرد.

بەڵام بەشێوەیەكی توندو ركەبەرایەتی، توركیا بووە كێشەیەكی جددی بۆ ئەمریكا لە سوریا..توركیا كۆسپی بەردەم بەرژەوەندی‌و سیاسەتەكانی ئەمریكایە لە سوریا. توركیا هەم جیۆپۆلەتیكێكی زۆر گرنگی هەیە، هەم دەوڵەتە، هەم هێزێكی كاریگەری رۆژهەڵاتە، هەم لەناتۆیەو هاوپەیمانی ئەمریكایە. ئاسان پەراوێز ناخرێت.

 كوردیش لە سوریا هێزو شوێنی ئەمریكان. ئەگەر ئەمریكا توركیا فەرامۆش بكات، زیانی هەیە، كوردیش فەرامۆش بكات زیانی هەیە. توركیاش مەترسی گەورەی هەیە ئەزمونی باشوری كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان دوبارە بێتەوەو كورد ببێتە خاوەن كیانێك. كە پەنجەی تۆمەت بۆ ئەمریكا درێژ دەكات..لێرەدا هەوڵ دەدەم رونی بكەمەوە ئێمەی كورد گرنگە چی بكەین؟ 

یەكەم: وا پێویستە كورد هیواكانی بە ئەمریكا نەسپێرێت. رێككەوتن لەگەڵ دیمەشق بكات. بەفەرمی شتێك بۆ خۆی دروست بكات. ئەوكات بەرامبەر توركیا سەردەكەوێت. وەك ئەزمونی كیانی كوردی باشور لە دوای 1991‌و 2003.

دووەم: گرنگە كورد سیاسەتی سعودیەو ئیمارات ومیصر، باشتر تەرجەمە بكات، هێزو ئابوری‌و چەك‌و كۆمەكی ئەوان بەكاربهێنێت. چونكە لەم دۆسیەیە ئەم دەوڵەتانە كەیفیان بە توركیا نایەت. بەتایبەت سعودیە بەهۆی دۆسیەی كوشتنی جەمال خاشقچی، لەبەردەم فشاری گەورەی نێودەوڵەتی‌و ناوچەكەیە، دەیەوێت لەجێگایەك روداو دروست بكات، تا شتێك خاڵی بێتەوە لە فشارەكانی. 

سێیەم: گرنگە ئاستی دبلۆماسی‌و لۆبی‌و خۆپیشاندان‌و گردبونەوەكانی ئەمریكاو ئەوروپا بەرزتر بكەینەوە. بۆ لەقاوغدانی سیاسەتەكانی توركیا بەرامبەر رۆژئاوای كوردستان.

چوارەم: لاوازی كیانی رۆژئاوای كوردستان، بۆ باشور مەترسیدارە، كورد لەگەڵ بەغداد بەتایبەت كابینەی عەبدول مەهدی، دەبێت زۆر یەكگرتوو بێت، وەرەقەی خۆی رێك بخاتەوە، كێشەی تەعریب لە كەركوك، بودجە، نەوت چارەسەر بكات، ئەم كاتە دەتوانین چی دیكە نازی ئابوری توركیاو فشارەكانی توركیا هەڵنەگرین. ئەگەر باشوری كوردستان دژی توركیا بێت، لەئاستی نێودەوڵەتی‌و ناوچەكە كاریگەری باش لەتوركیا دەكات. 

پێنجەم: توركیا دەیەوێت هیواكانی كورد لەگۆڕ نێت، كیانی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان دروست نەبێت، لە ناو توركیاش هەمویانی خستۆتە زیندانەوە، لە باشوریش بەردەوام شەڕی ئابوری‌و سیاسی‌و دبلۆماسی‌و نەفسی بەرامبەر كورد دەكات، بۆ نمونە باڵیۆزی توركیا لەعێراق قسەكانی لەكەركوك دیارن؟ 

شەشەم: پێویستە بەرەیەكی بەرفراوانی كوردی دروست بكرێت، وا دەخوازێت بەهێزو چەك‌و كۆمەكی ناوخۆیی، لە زۆر بەرەوە وەڵامی پەلامارەكانی توركیا بدرێتەوە.

حەوتەم: ئەوەی توركیا بەرامبەر شەنگال‌و كەمپی مەخمور كردی، لێدانە لە شكۆی باشوری كوردستان، نابێت بەرامبەر ئەم مل هوڕیەی دەوڵەتی توركیا، هێندە دەستەوەستان بین.

هەشتەم: بۆ كورد گرنگە، پارێزگاری لە كیانی رۆژئاوای كوردستان بكات، پێویستە لە هەولێر، قامشلۆ، شارەكانی ئەوروپا، چەندین كۆبونەوە و كۆنفرانس لەسەر ئەم پرسە ساز بكرێت، بەڵام بە ئامادەبونێكی گەورەی كورد خۆی لەناو ئەم چالاكیانە، چونكە ئەمانە پەیامی گرنگن بۆ توركیا. 

نۆیەم: دەبێت هەڕەشەی توركیا بچوك بكرێتەوە، بۆ رۆژئاوای كوردستان توركیا هەڕەشەیەكی جدی‌و گەورەیە،بۆیە دەبێت ئەم دەوڵەتە داگیركەرە فشارەكانی بچووك بكرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە ئەركی هەر چوارپارچەی كوردستانە دوو گورز لە توركیا بدەن، گورزی سەربازی، گورزی ئابوری.  

دەیەم: نابێت چاوەڕوانی ئەوەبین ئەمریكا لەبەرخاتری كورد، دەوڵەتێكی وەكو توركیا لەدەست بدات، باشترین نمونەش رێككەوتنیەتی لەسەر مەنبەج. بەڵام ئەگەر كورد گورزی سەربازی‌و ئابوری لەتوركیا بدات‌و پاشەكشە بەفشارەكانی بكات، ئەوا ئەمریكاش سودمەندی یەكەم دەبێت، چونكە لەسوریا كەڵەگایی توركیای لەسەر شانی سوك دەبێت. بڕوام وایە ئەگەر سیاسەتێك‌و پلانێكی باشی هێزەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان دروست بكرێت، دەتوانین شتێك بەرامبەر توركیا بكەین.

یانزەیەم: ئەگەر پێمان وابێت مەترسی لەسەر رۆژئاوای كوردستان، مەترسی لەسەر باشورو باكورو رۆژهەڵات نیە، ئەوا نە لە كوردایەتی‌و لە روداوەكانی ئێستاو نە لەسیاسەتی تازە تێگەیشتوین. بۆیە گەلی كورد دەبێت زۆر بەتوندی دژی توركیا بێتە مەیدان. 

توركیا نیشانە لەدڵی كورد دەگرێت، چۆن عەفرینی گرت، شاباشی داگیركردنەوەی كەركوكی كرد. ئاواش دژی هەموو جۆرە كیانێكی كوردیە لە هەر شوێنێكی كوردستان بێت. وا دیارە دۆسیەی لەناوبردنی گەلی كورد ئێستا توركیا سەرۆكایەتی دەكات.

12/14/2018 9:44:48 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]