سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

تەرمی فەنزوێلا..نمونەیەك بۆ كوردستان

هه‌ندرێن شێخ راغب

وڵاتی فەنزوێلا، لە كیشوەری ئەمریكای لاتینە، خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانە، وڵاتانی سەرمایەداری بەتایبەت ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاو ئەوروپیەكان، بۆ نەوتی فەنزوێلا ئاویان لەدەم دێت‌و خەونی لەمێژینەی پێوە دەبینن، سیستەمی سیاسی‌و دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە دژی سەرمایەداری و سیاسەتی ئەمریكاو ئەوروپیەكانە. لێرەدا نامەوێت بڵێم دانیشتوانی فەنزوێلا لە ژیانێكی خۆش‌و تێر دەژین، ئازادی‌و دیموكراسی هەیە، وڵات پێشكەوتووە.. نەخێر وڵاتێكە گیرۆدەی گەندەڵی‌و ناعەدالەتی‌و خراپی گوزەرانە. بەڵام نابێت بیرمان بچێت ئەمریكاو ئەوروپیەكان دەتوانن دۆزەخی ئێستای فەنزوێلا كۆتایی پێ بهێنن، بەس ناتوانن بیكەن بە بەهەشت، واتە توانیان دیكتاتۆریەتی صەدام حوسێن كۆتایی پێ بهێنن، بەلام عێراقیان نەكردە بەهەشت..ئەوان نەوتی فەنزوێلایان دەوێت، ئەگینا بۆچی خەمی وڵاتی(پیرۆ، پۆلیفیا، شیلی، كۆڵۆمبیا، هایتی..) چەندین دەوڵەتی دیكە ناخۆن كە میللەتەكانیان لەبرسان‌و نەبونی ئازادی‌و دیموكراسی ناڵە ناڵیانە؟. 

ئەگەر هاتبوایە دەسەڵاتداریەتی‌و سیستەمی سیاسی فەنزوێلا، ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دوور لە گەندەڵی‌و خۆ سەپاندنی تێدابوایە، كەرتی خزمەتگوزاری‌و ژیانی هاوڵاتیان باش بوایە، پارەی نەوت بۆ خزمەتی شارستانیەت‌و پیشەسازی‌و كشتوكاڵ ئاراستە كرابوایە، ئێستا ئەمریكاو ئەوروپیەكان بیانویان نەبوو كە بەمجۆرە دەست بخەنە ناو كاروباری وڵات. 

كوردستان دەبێت وانەی گرنگ لە فەنزوێلا وەربگرێت، كەموكورتی‌و خراپی حوكمڕانی‌و دەوڵەتداری ئەم وڵاتە بكاتە ئاوێنەی خۆی‌و شتی خراپی ئەوان دوبارە نەكاتەوە، بیانوو نەدات بەدەستەوە، نەوت شەفاف بێت، مافی مرۆڤ‌و ئازادی‌و دیموكراسی‌و حكومەتێكی خزمەتگوزار هەبێت، ئەگینا بۆ نەوت و غازەكەمان بۆشایی زۆر ئاسان دەدۆزنەوەو سەرۆكێكی ناو پاكەت‌و دەسەڵاتێكی تازە دروست دەكەن‌و پشتیوانی دەبن، بەڵام لە بنەڕەتدا بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی كوردستان نابێت، بەڵكو شێواندنی كوردستانە، كەواتە ئەگەر دیموكراسی‌و ئازادی‌و شەفافیەت لە كوردستان نەبێت، ئەگەر ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات نەبێت، ئەگەر خزمەتگوزاری‌و قوتی هاوڵاتیان باش نەبێت، وەك فەنزوێلا پڕ دەبیت لە بۆشایی‌و لەدەرەوە ئاسان دەتڕوخێنن. هەر بۆ نمونە ئەم هەژمونەی ئێران‌و توركیا لەسەر بازاڕو جوڵەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان باشترین نمونەیە. تۆ بۆشاییت هەبێت سەروەری‌و هێزی خۆ پاراستنت لاواز دەبێت، بەڵام لەناوەوە باش سیاسەت‌و دەسەڵاتداریەتی بكە، خۆت‌و نەتەوەكەت دەپارێزی لەوەی كە وەكو فەنزوێلا روو بدات، وە نەوت‌و غازەكەشت لە چنگی خۆت دەمێنێتەوە.
 
تەرمی فەنزوێلا لەتەنیشت كۆمپانیاكانی سەرمایەداری بەرامبەر پەنجەرەی ئۆفیسەكانیان دەنێژرێت‌و بە زەردەخەنەیەكی بن لێوەكانیان‌و كوپی قاوەی دەستیان سەیری تەرمی نێژراوی فەنزوێلا دەكەن.

5/3/2019 11:57:47 AM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]