سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

ئایا مەترسی لە سەر دەروازەی ئیبراھیم خەلیل ھەیە؟

ئاسۆ حاجی

سەردانەکەی چاوشئۆغلو پرسیارگەلێکی لەگەڵ خۆ ھێناون و گرنگترینیان پرسی کردنەوەی دەروازەی سێیەی نێوان تورکیا و عێراق (ھەرێمی کوردستان)ە،ئەرێ ئەو دەروازەیە دەکرێتەوە؟ ئەگەر کرایەوە چۆن دەبێ و بە کوێ تێپەڕدەبێ؟

ئەو دەروازەیەی کە باسی لێوە دەکرێ ناوی (ئاڤاکۆیی)یە واتا گوندی ئاڤا،کە دەکەوێتە خاڵی سێ گۆشەی نێوان تورکیا و سوریا و عێڕاق(ھەرێمی کوردستان)لە سەر رووباری خابوور،ئەو دەروازەیە ئەگەر بکرێتەوە بە تەواوی لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستانە و لە ژێر کۆنتڕۆلی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت وەک دەروازەی ئیبراھیم خەلیل.

ئەگەر وایە ئەدی مەترسیەکەی لە چ دایە؟

مەترسی کردنەوەی دەروازەی دووەم مێژووێکی کۆنی ھەیە و بۆ ساڵانی نەوەدەکان دەگەڕێتەوە و پاشان جارێکی دیکە لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە سالێ ٢٠١٧ سەریھەڵدایەوە دوای ئەوەی حکومەتی عێڕاق زۆری بۆ تورکیا داھێنا و ھەموو مەرجەکانی تورکیای قبوڵ کرد لە بەرامبەر ئەوەی تورکیا دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان بکات،عێڕاق بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی ژمارەیەک رێکەوتنی نھێنی لەگەڵ تورکیا ئیمزا کرد کە تا ئێستا زۆربەیان نەزاندراون جگە لە رەزامەندی نیشاندان بە مانەوەی ھێزەکانی تورکیا لە ناو خاکی عێڕاق و رێکەوتنی ھەماھەنگی بۆ ھێرشکردنە سەر قەندیل و رێکەوتنی رەوانە کردنی نەوتی کەرکوک بۆ تورکیا،لە سەردانی بەرھەم ساڵح بۆ تورکیا ھەمان خاڵ جەختیان لەسەر کرایەوە و زێدەباری ئەوانەش بەرھەم ساڵح بەڵێنی یەکێتی بە تورکیا دا بۆ چوونە پاڵ ئەو ھاوپەیمانێتیەی کە دەیانەوێ پەکەکە لە قەندیل لەناو ببەن و یەکەمین ھەنگاوی کرداریش داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی - باڵی باشوری پەکەکە بوو لە سلێمانی و دەستگیرکردنی زیاتر لە دوو سەت کادیریان و پاشان بێدەنگ کردنیان تا بە ئەمڕۆش دەگات،لە وەڵامیشدا تورکیا فڕۆکەخانەی سلێمانی کردەوە.

ئەگەر سوپای عێڕاق دوای خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر توانیبای بگاتە سێ گۆشەی سنووری تورکیا،سوریا و عێڕاق ئەوە لەو کایەوە دەروازەی ئاڤاکۆیی کرابۆوە و چاوەڕوانی ھاتنی چاوشئۆغلو نەدەبوون، چونکە پێشتر ئەو رێکەوتنە کرا بوو، بەڵام کە سوپای عێڕاق بەرامبەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان شکا لەوێوە ئەو پڕۆژەیە بەو شێوەیەی بەغدا و ئەنقەڕە خوازیاری بوون و پلانیان بۆ دانا بوو کۆتایی ھات چونکە ئاڤا کۆیی و ھەموو سنوورەکە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مایەوە، بۆیە ئێستا نەک دەروازەیەک بگرە دە دەروازەش بکرێتەوە ھەر لە ژێر کۆنتڕۆلی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دا دەبێت.

بۆ ئەو باسانە دەوروژێندرێ؟

میدیاکانی سەر بە یەکێتی ئامانجی سەردانەکەیان بەو شێوەیە خورد کردەوە، بە تایبەتی ئەو کەناڵانەی سەر بە بەرھەم ساڵح و لاھور شێخ جەنگین بۆ ئەوەی سەرنجی رای گشتی لە سەر یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لابدەن.

یەکێتی بەڵێنی سێ خاڵی بە تورکیا داوە:

- لە دانانی پارێزگارێکی تورکمانی سەر بە تورکیا بۆ کەرکوک ھاوکار بێ، ئەگەر نا پڕۆژە کۆنەکەی مام جەلال دەژیێنەوە بە دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک بە یەکسانی لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان کە بە پڕۆژەی ٣٢% ناسراوە واتا بۆ ھەر یەک لەو سێ پێکھاتە ئەو پشکەیان ھەبێت.

- رێگریکردن لە چاڵاکیەکانی پەکەکە لە باشوری کوردستان ھەروەھا ھاوکاریکردنی سوپای تورکیا بۆ سەر قەندیل.
- ئازادکردنی ئەو دوو ئەفسەرەی میتی تورکیا کە ھێزەکانی یەکێتی لە دوکان رادەستی پەکەکەیان کردن.

کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ ستافی یەکێتی لە ناو حکومەت بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جگە لە ھۆشداری دان بە یەکێتی لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ئەو خاڵانە پەیامێکیش بوو بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر بەناوی یەکێتی بەڵێنیان بە تورکیا دابوو و لە ناو یەکێتی دژی قوباد تاڵەبانینە(بەرھەم ساڵح و لاھور جەنگی)کە ئەوان چیتر گرەویان لە سەر ناکرێ، بە تایبەتیش کە چاوشئۆغلو لە بەغدا دیدارەکەی خۆی لەگەڵ بەرھەم ساڵح ھەڵوەشاندەوە کە پێشتر بڕیاری لێدرا بوو.

ئێستا کە تەواوی سنووری نێودەوڵەتی (بەزۆر سەپێندراو)ی تورکیا و عێڕاق لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دایە، نە تورکیا و نە عێڕاق ناتوانن ھەنگاوێک بە ئاراستەی کردنەوەی دەروازەیەکی دیکە بھاوێژن ئەگەر رەزامەندی ھەرێمی کوردستانی لە سەر نەبێ

تورکیا بۆ دەگەڕێتەوە ھەولێر؟

ئەردۆغان کە خەونی بەوە دەبینی و کاری بۆ ئەوە دەکرد ببێتە سوڵتان و میراتگری شانازیە مێژوویەکانی عوسمانلی و ببێتە ئەو سەرکردەیەی کلتوری کەمالیزم بسڕێتەوە،بەھۆی لادانی لە رێگای راستەقینەی حیزبەکەی و ئەو ئایدۆلۆژیایەی لەسەری پەروەردە کرا بوو لە جیاتی ھێنانە دی ئەو ئامانجانە توشی شکستێکی روحی و عەقائیدی ھات بەر لە شکستە سیاسیەکەی لە دواین ھەڵبژاردنی شارەوانیەکانی باکوری کوردستان و تورکیا بەوەی بڕیار و ئیرادەی خۆی رادەستی پارێزەرانی کلتوری کەمالیستی کرد و تا ئەو ڕادەیە خۆی بچوک کردەوە کە جێگای لە باوەشی رەگەزپەرستێکی وەک باخچەلی ببێتەوە، لە جیاتی بوونە سوڵتان تەنھا ببێتەوە سەربازێک کە پارێزگاری لە ھزر و کلتوری کەمالیزم بکات، دواین ھەڵبژاردن ئەوەیان بە ئەردۆغان گوت کە پشتکردن لە کورد دەرئەنجامی باشی نابێت، بینیمان ئەستەنبۆل و ئەنقەڕە و ئەزمیر و ئەدەنە و مێرسین و زۆرێک شاری دیکەی لەدەست دا.

ھەموو ئاماژەکان ئەوە دەڵێن گەڕانەوەی ئەردۆغان ئەگەر بە درەنگەوەش بێت باشترە لە نەگەڕانەوەی بە تایبەتیش کە تورکیا چیتر ناتوانێ پشت بە نەوتی ئێران ببەستێ و لەوە زیاتر لێی بچێتە پێش چونکە ئەمەریکا زیاتر لە خۆی توڕە دەکات و ھاوپەیمانێتیەکەشیان زیاتر دەکەوێتە بەر مەترسی ھەڵوەشانەوە بە تایبەتی کە ئێستا جگە لە کڕینی نەوتی ئێران ئەوە گرێبەستی کڕینی سیستەمی موشەکی ئێس ٤٠٠ لە روسیا لە ئارادایە کە ئەمەریکا بە توندی دژایەتی دەکا، ئەوەش ھۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی روو لە ھەولێر بکاتەوە چونکە باشترین و نزیکترین دابینکەری پێداویستی وزە بۆ تورکیا ھەرێمی کوردستانە.

تورکیا کە دەزانێ فشاری پاشەکشێ پێکردنی ئێران لە ناوچەکەدا توندتر دەبێ بۆیە دەیەوێ ئەو یەکێک بێت لە جێگراوەکانی بە تایبەتی لە عێڕاقدا، بۆیەشە چاوشئۆغلو رایدەگەیەنێت کە لە مەودوا لە سلێمانی زیاتر دەبیندرێن،ھەروەھا دەیانەوێ لە کەرکوک کۆنسلخانە بکەنەوە وکۆمپانیاکانیان ھانبدەن روو لە ناوەڕاست و باشوری عێڕاق بکەن.

دەروازەیەکی دیکە دەکرێتەوە؟

کردنەوەی دەروازەی سێیەم لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دەمێکی درێژە لە نێوان ھەردوو حکومەت بڕیاری لێدراوە و کردنەوەی کارێکی باش و پێویستە جا ئەو دەروازەیە لە ئاڤاکۆیی بێت یان تۆزێک نزیکتر بێت لە شارۆچکەی زاخۆ.

پلانی بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان تورکیا و عێڕاق بۆ سەرووی بیست ملیار دۆلار لە ساڵێکدا پێویستی بە ھەبوونی دەروازەیەکی دیکە دەکات بە تایبەتیش کە دەروازەی سەرزێڕ بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافی و سەختی رێگاوبانەکانی توانایەکی دیاری کراوی ھەیە،بەڵام دەروازەی سێیەم ئەگەر دروست بکرێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەتواندرێ لە ئاستی بیست ملیار دۆلاریش تێپەڕێت.
بە بۆچوونی خۆم کردنەوەی ئەو دەروازەیە جارێ کارێکی ئاسان نیە کە چوونکە ئێران حەز ناکات عێڕاق ئەو ھەنگاوە بھاوێژێ بۆ ئەوەی تورکیا لەوە زیاتر بازاڕەکانی عێڕاق کۆنتڕۆل بکات و پاشەکشێ بە کاڵا ئێرانیەکان بکات.

5/3/2019 2:13:14 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]