سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

یەکێتی بۆ وا دەکا؟ (رێکدەکەوێ و پاشگەزدەبێتەوە)

ئاسۆ حاجی
سێ هۆکار رێگرن لە هاتنە پێشەوەی یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان،هۆکارەکان پەیوەندیان بە ناوخۆیی یەکێتی و هاوکێشەکانی بەغدا و ململانێی ئەمەریکا و ئیرانەوە هەیە،یەکێتی بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ پارتی ئیمزایان دەکا و رۆژی دواتر لێیان پەشیمان دەبێتەوە جگە لە گرەو کردن لە سەر کات شتێکی دیکە نیە،یەکێتی بە هەموو توانایەوە دەیەوێ پێکهێنانی کابینەی نوێ تا دەکرێ دوا بخا لایەنی کەم تا کۆتایی مانگی نیسان و سەرەتای مانگی ئایار.

بۆ یەکێتی ئەو کارە دەکات ؟ بە باسکردنی سێ هۆکارەکەی بەرسڤی ئەو پرسیارەمان وەچنگ دەکەوێ.

هۆکاری ناوخۆیی: شەڕی باڵەکانی یەکێتی ئەوەندە توندە تەنانەی دوای نزیکەی چوار مانگ ناتوانن کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەڕلەمان یەکلا بکەنەوە،گرفتەکە تەنها ئەو پۆستە نیە بەڵکو ناوخۆیی یەکێتی ئەوەندە ئاڵۆز بووە باڵەکان وەک پولی دۆمینۆیان لێهاتووە یان هەموویان لە تەنیشت یەک بە پێوە دەوەستن یان ئەوەتا هەریەکێکیان کەوت ئەوانەی دیکەش لەگەڵ خۆی بەردەداتەوە.

یەکێتی کە لە هەر کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پارتی داواکانی دەگۆڕێ ئێستا لە نێوان وەرگرتنی پۆستی سەرۆک پەڕلەمان یان گۆڕینەوەی بە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم گیری خواردووە،چوونکە ئەگەر سەرۆکایەتی پەڕلەمان رکابەریەکە لە نێوان کەسێکی پاشناو تاڵەبانی و کەسێکی سەر بە بەرهەم ساڵح و پاڵپشتی کراو لەلایەن کۆسرەت رەسوڵ بێت،ئەوە پڕکردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم شەڕ دەبێت لە نێوان کوڕی تاڵەبانێ (قوباد) و کوڕی کۆسرەت رەسوڵ (دەرباز)،هەروەها ئەو کات پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتیش کە ئێستا بۆ قوباد یەکلایی بۆتەوە دەکەوێتەوە ناو هاوکێشەی ململانێ و شەڕی باڵەکان.

وێنەی ململانێ و ناکۆیە قووڵەکانی نێوان باڵەکانی یەکێتی لە یەکلایی کردنەوەی پۆستەکانی کابینەی نوێ ئەو وێنە گەورەیە پێکدەهێنن کە دەبێتە ناونیشانی کۆنگرەی داهاتووی یەکێتی(بێگومان ئەگەر بکرێ).

هۆکاری عێراقی: یەکێتی هێشتا چاوی لە بەغدایە هاوکاری بێ لە راست کردنەوەی باری کەوتووی و دۆڕانەکانی لە هەڵبژاردنەکان بەرامبەر پارتی،هێشتا گرەو لە سەر ئەو بەڵێنانە دەکات کە بەشێک لە هێزە شیعیەکان پێی دەدەن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دانانی یەکێتیەکی سەر بە باڵی شازدەی ئۆکتۆبەر وەک پارێزگاری کەرکوک.

باڵی شازدەی ئۆکتۆبەر کە بەرهەم ساڵحیان کردە سەرۆک کۆمار هێشتا ئومێد بڕ نەبووینە لەوەی کە دەتوانن بەغدا وەک کارتی فشار لە دژی پارتی بەکاربهێنن بە تایبەتیش کە لە ساڵانی رابردوو لەو روەوە توانیان پەیوەندیەکانیان لەگەڵ لایەنە شیعەکان بۆ راگرتنی باڵانس بەکاربهێنن:

-پێشنیار کردنی بڕینی بودجە و موچەی خەڵکی کوردستان تا لە ڕێگەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پارتی سەرۆکایەتی دەکرد لاواز بکەن تا ڕادەی چۆک دادان بۆ بەغدا و قبوڵکرنی هەموو مەرجەکانی کە دەرئەنجامەکەی نەمانی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەبوو.

-رادەست کردنەوەی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە بە ‌هێزەکانی حەشدی شەعبی و نەوتەکەی بە ئێران،لە پێناو پاشەکشێ پێکردن و فەشەل پێهێنانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان،کە ئامانج لێی رادەست کردنەوەی هەموو خاکی هەرێمی کوردستان بوو بە هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران و نەهێشتنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

-هەوڵدان بۆ ڕوخاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی ئینقازی وەتەنی کە بەرهەم ساڵح و باڵی ماڵباتی تاڵەبانی کاریان بۆ دەکرد،ئامانج لێی بە کارتۆنی کردنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بوو بە گەڕاندنەوەی بۆ سەردەمی حوکمی زاتی کارتۆنی سەردەمی سەدام حوسێن.

-پاڵپشتی کردنی دەرچواندنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەڕلەمانی عێڕاق و تەرخان کردنی بودجەیەکی زەبەلاح بۆ ئەو هێزە تائیفیەی کە راستەوخۆ بە فەیلەقی قودسی ئێرانیەوە گرێدراوە.

-هەوڵدانی یەکێتی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پەڕلەمانتارانی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لە خولی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق بەوەی کێشەکانی کوردستان لە جیاتی هەولێر لە بەغدا چارەسەر بکرێن بەوەش بەغدا بکەنەوە ئەو ناوەندەی کە بڕیار لە چارەنووسی هەموو دەوڵەتی نەناو عێڕاق بدات،بە پێچەوانەی ئامانجی سەرەکی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتیمانی کوردستان کە زیاتر لە سەت ساڵە تێدەکۆشێ بۆ ئەوەی بەغدا ناوەند نەبێ و کوردستان ناوەندێکی تایبەت بەخۆی هەبێت.

-بەرهەم ساڵح کە ئێستا بە نوێنەرایەتی یەکێتی سەرۆک کۆماری عێڕاقە لە جیاتی ببێتە بەشێک لە چارەسەر بۆتە بەشێک لە قوڵکردنەوەی کێشەکانی کوردستان و دوا خستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان،بەرهەم ساڵح کە یەکەمین سیاسی کوردە لە سەت ساڵی رابردوو داوا لە گەلی کورد بکات پشت لە دروشم و ئامانج و داخوازیە نەتەوەییەکان بکەن و روو بکەنە حوکمی رەشیدی بەغدا،واتا چیدیکە پێویست ناکا بۆ کوردستان کوردایەتی بکرێ بەڵکو پێویستە کورد بوون لە چوارچێوەی عێڕاق جێگای بۆ بکرێتەوە.

یەکێتی ئێستاش ئامادەیە هەموو ئەوانە جارێکی دیکە لەگەڵ بەغدا درێژە پێ بدا تەنها بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو گرێ دەروونیەی بکاتەوە کە بەهۆی پارتیەوە تووشی بووە،هەروەها بتوانێ ببێتە تاکە هێزی بڕیار دەر لە هەرێمی کوردستان وەک بافێل تاڵەبانی ماوەیەک پێش ئێستا ئاشکرای کرد کە دەیانەوێ یەکێتی ببێتە حیزبی یەکەمی کوردستان،کە بە وردبوونەوە لە دۆخی ناوخۆی یەکێتی و پێگەی لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێڕاق دیارە قسەی لەو شێوەیە لە واقیعدا کەس مەرحەبای ناکا،مەگەر بە بە هاوکاری پاڵپشتی هێزی دەرەکی بێ وەک ئەو نموونانەی باسمان کردن.

هۆکاری ئیقلیمی: ئامانجی گەورەی یەکێتی لە کات کوشتن بۆ دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران هەیە، یەکێتی دەیەوێ لە چارەنووسی ئێران لە عێراق دڵنیا بێت، بزانێت ئێران بە بەهێزی دەمێنێتەوە یان ئەوەتا لە بەرامبەر سزاکانی ئەمەریکا پاشەکشێ دەکا و لە عێڕاق هێزی جارانی نامێنێ،بە تایبەتی کە چاوەڕوان دەکرێ لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی داهاتوو گەمارۆی سەر ئێران هێشتا توندتر بکرێ،بۆیە یەکێتی لە بەردەم دوو ئەگەر دایە:

-ئەگەر پاشەکشێ بە ئێران کرا ئەوە یەکێتی بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ پارتی رازی دەبێ و بە نەرمی لە پارتی دەچێتەوە پێش و دەبێتەوە هاوبەشی دەسەڵات وهەوڵ دەدا رێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی توندتر بکات.

-ئەگەر ئێران توانی تەجاوزی گەمارۆکە بکات و کاریگەری سزاکان کەم بکاتەوە  (ئامانجی سەردانیەکەی حەسەن روحانی بۆ بەغدا و ئیمزاکردنی رێکەوتنێکی دوازدە خاڵی لەگەڵ عێڕاق کە هەموو خاڵەکان بەو ئاراستەیە دەڕۆن کە ئێران زیاتر دەست کراوە بکەن لە عێڕاق،هەروەها دراوە جیهانیەکان بە تایبەتی دۆلار بگەیەندرێنە بازاڕەکانی ئێران) یەکێتی بەو رێککەوتنانە رازی نابێت و مەرجی زیاتر بۆ پارتی دادەنێ و سەقفی داواکانیشی ئەوەندە بەرز دەکاتەوە کە ئەگەر دەسەڵات پەنجا بە پەنجاش نەبێ بەڵام دەبێ هەمان ناوەڕۆکی هەبێت.

یەکێتی بۆ هەردوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیەکانی و زیاتر وەرگرتنی پاڵپشتی لە بەغدا هیوای بە هۆکارە ئیقلیمیەکە هەیە چونکە پێشووتریش لە هەموو کەوتنێکی یەکێتی دا ئێران ئەو دەستە بووە کە یەکێتی و ماڵی مام جەلالی گرتۆتەوە.

پارتی و گۆڕان کە ئێستا دوو هێزی سەرەکی پێکهێنانی کابینەی نوێن و رێکەوتنیان لە نیوان دا هەیە،هەروەها ئەو لایەنانەش کە چاویان لەوەیە بەشداری لە حکومەت دا بکەن چ پێکهاتەکان بن یان لایەنە سیاسیەکان پێویستە خۆیان یەکلایی بکەنەوە و بڕیار بدەن.

-یان دەبێ چاوەڕوانی یەکێتی بکەن تا ئەو کاتەی کێشەی نێوان باڵەکانی کۆتایی دێ و بەهێز دەبێتەوە و بە مەرجی نوێ دێتەوە ناو گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی کە دیار نیە ماوەکەی چەند دەبێ و مەرجەکانی چۆن دەبن.

-یان ئەوەتا پێکەوە هەماهەنگ بن و بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمان و یاساکانی کار بۆ پێکهێانانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن،بۆ ئەوەی لایەنی کەم یەکێتی ناچار بکەن خۆی یەکلایی بکاتەوە و بڕیار بدات بەشداری حکومەت دەکا یان لە دەرەوەی حکومەت وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە،ئەو هێزانە دەتوانن ئەو پۆستانەش بە بەتاڵی بۆ یەکێتی بەجێ بێڵن و بە وەکالەت بۆیان بەڕێوە ببەن تا ئامادە دەبن و کاندیدەکانیان یەکلا دەکەنەوە.

3/14/2019 10:34:54 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]