سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

سێوەکانی نێچیرڤان و سەبەتەکەی مەسرور بارزانی

ئاسۆ حاجی

نە نێچیرڤان بارزانی هەموو سێوەکانی تەنها خستبوونە سەبەتەکەی تورکیا و نە مەسرور بارزانیش تەنها سەبەتەی بەغدای هەڵبژاردووە بۆ سێوەکانی،ئەو وەسفکردن و لێکدانەوەیە دروست  نیە بۆ وێناکردنی دونیابینی ئەو دوو بەڕێزە لە سەرۆکایەتی کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا،چونکە لە دوو قۆناغی جیاوازدا ئەو ئەرکەیان پێ سپێردراوە و هەر قۆناغێکیش روانین و کەرستە و ئامرازی تایبەت بە خۆی هەیە،بە کورتیەکەی واتا لە تەکتیک و وردەکاری جیاوازی و روانینی جیاواز هەیە بەڵام لە ناونیشانە گەورەکە و ستراتیژ هەردووکیان بە یەک ئاراستە دەڕۆن و چاویان لە یەک ئامانجە.

بڕوابوون بەوەی کە بەغدا جێگای چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستانە(باشوری کوردستان) زادەی ئەمڕۆ نیە بەڵکو بۆ سەت ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە لەو کاتەوەی دەوڵەتی عێراق دامەزراوە و باشوری کوردستانی بەبێ خواست گەلی کوردستان و بە زۆرداری پێوە لکێندراوە،لە راپەڕینەکەی شێخ مەحمودەوە تا شۆڕشەکانی بارزان و پاشان شۆڕشی ئەیلول و راپەڕین و تا ئێستاش سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بەردەوام هەوڵیداوە بەغدا دان بە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی دابنێت و هەر کاتێکیش بەغدا نیەتی باشی نیشان داوە یان داوای دانیشتن و ئاگربەستی کردووە سەرکردایەتی کوردستان بەپیر ئەو داوایەوە چووە و تەنانەت یەکجاریش داوای بەغدا بۆ ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد رەتنەکراوەتەوە.

وەبیرمە  لە رۆژانی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و ساڵانی دواتریش تا مام جەلال بووە سەرۆک کۆماری عێڕاق، پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکەکەی مەسعود بارزانی بەوە تۆمەتبار دەکران کە بەردەوام هەڵدەدەن لەگەڵ بەغدا رێک بکەون ئەوەشیان بە خیانەت لە پرسی کورد و خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەناساند.

لە ساڵانی رابردوو و ئێستاش کە هەرێمی کوردستان پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی دیکەی درواسێی عێڕاق هەیە هەمیشە لە خزمەت پرسی گەلی کورد بەکارهاتووە نەک بە پێچەوانەوە، پەیوندی بازرگانی و فرۆشتنی نەوتی کوردستان لە رێگای تورکیادا هۆکار بوو بۆ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بتوانێ دەست پێشخەری دەست پێکردنی پرۆسەی ئاشتی بکا لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پاکەکە کە ئەو پڕۆسەیە زیاتر لە شەش ساڵی خایاند و تێیدا گەلی کوردستان لە کوردستانی تورکیا ژیانەوە و بوژانەوەی بەخۆوە دیت لە هەموو بوارەکانی ژیانی و ژیاریدا بە تایبەتی لە بەهێزبوونی بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی تا ئەو ڕادەیەی ئەو کەسانەی بابوباپیرانیان نکۆڵیان لە کورد بوونی خۆیان کردبوو نەوەکانیان بە شانزیەوە بە دوای ناسنامەی خۆیان دەگەڕان و هەوڵیان دەدا فێری زمانی کوردی ببن.

لە رووی سیاسیشەوە لە مێژووی کۆماری تورکیا و بزاڤی کوردایەتی لەو وڵاتەدا هەرگیز وا بەهێز و کاریگەر نەبوو بە رابەرایەتی ژمارەیەک سەرکردەی گەنجی وەک دەمیرتاش و بایدەمیر و لەیلا زانا و هەڤالەکانیان کە توانیان لە هەڵبژارندەکانی پەڕلەمانی ساڵی 2015 هەشتا و یەک کورسی ببەنەوە و پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار کە ژمارەی کورسیەکانی لە کەمیدا بوو مەمنونی هەدەپە بوو حکومەتی لەگەڵ پێکبهێنێ و کورد بەهێزەوە ببێتە بەشێک لە ناوەندی بڕیاردان نەک هەر وەک پاشکۆ بمێنێتەوە.

ئەوانەی ئەو دەرفەتەیان لە دەست کوردانی باکوردا نێچیرڤان بارزانی و حکومەتەکەی نەبوون بەڵکو سەرکردایەتی پەکەکە بوو لە قەندیل کە لە ژێر کاریگەری ئێران لەلایەک و ترسی سەرکردەکانی قەندیل لەلایەکی دیکەوە لەوەی ئەگەر پڕۆسەی ئاشتی بە ئەنجام گەیشت ئەوە ئەوان رۆڵیان نامێنێ و کەسانی وەک دەمیرتاش رابەرایەتی ئەو قۆناغە نوێیە دەکەن،بۆیە بەهانەیان دایە دەستی دەوڵەت دەمیرتاش و بە سەدان لە هەڤاڵانیان زیندانی بکەن و باکوری کوردستانیش بکرێتەوە سەربازگەیەکی گەورە،لە جیاتی ئەوەی شەڕ بگوازنەوە ئەنقەڕە و ناو پەڕلەمانی تورکیا جارێکی دیکە شەڕیان بردەوە ناو ئاوایەکانی باکوری کوردستان.

هەنگاوەکانی مەسرور بارزانی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەوە لێکدراوەتەوە کە بارزانی رووی کردۆتەوە بەغدا بەڵام راستیەکەی ئەوەیە بەغدا رووی کردۆتەوە هەولێر و ئەوەی نیشانداوە کە دەیەوێ کۆتایی بەو دۆخە خراپە بهێنێ کە لە سەردەمی نوری مالیکی و حەیدەر عەبادی لە دژی هەرێمی کوردستان دروستیان کردبوو،لە بڕینی بودجە و موچە و گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان و لەشکرکێشی کردن و داگیرکردنەوەی کەرکوک و شەنگال و دەڤەرەکانی دیکەی داگیرکراوی کوردستانی کە مادەی سەت و چلی دەستووری هەمیشەیی عێڕاق دەیانگرێتەوە.

تێڕوانینە تەماحکاریەکانی نوری مالیکی و زاڵبوونەوەی عەقلیەتی خۆسەپێن و داگیرکاری عەرەبی بەغدای لەهەموو رێکەوتن و لێکتێگەیشتنەکان هەڵگەڕاندەوە کە لە دوای روخانی سەدام هاتبوونە ئاراوە، کە بەعس روخا و عێڕاق کەوت لە ساڵی 2003 سەرکردە کوردەکان بوون لە بەغداوە کاریان بۆ بنیاتنانەوەی عێڕاق کردەوە بەڵام عێڕاقی نوێ کە قۆناغی عەقڵیەتی زاڵی رەگەزپەرستی عەرەبی تێبپەرێنێت،بەڵام بەغدا هەر زوو ئەو دەستپێشخەریەی کوردی لە بیرخۆی بردەوە و گەڕایەوە سەر هەمان رێچکەی سەدام و رایانگەیاند کە ئەوان دەستبەرداری ئەو عەقڵیەتە نابن کە نزیکەی سەت ساڵە عێڕاقی پێ بەڕێوە دەبەن،لە باشترین حالەتدا ئامادەن کورد وەک برایەکی بچوک تەماشا بکەن کە هەموو کەس دەزانێ رۆڵی برای بچوک لە ماڵێ تەنها خزمەتکردنی لەخۆ گەورەترەکانە.

ئێستا کە لە بەغدا عادل عەبدولمەهدی نیەتێکی باش نیشانداوە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە دوای ئەو نیەتە باشە داچوون و چاویان لەوەیە ئەوجارەیان دەرفەتی باشتر هەبێ و چارەسەری پرسەکان رووبەری گەورەتری لە جاران پیببڕێت،بەلام بەو مانایە نایەت کە هەرێمی کوردستان پشت لە هیچ یەکێک لەو وڵاتانە بکات کە پەیوەندی باشیان هەیە بە تایبەتی تورکیا کە تاکە دەروازەی هەرێمی کوردستانە بەسەر دونیا هەروەها لەوێوە نەوتی کوردستان دەگاتە بازاڕەکانی جیهان.

لە دوای ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی بەرکەوتەکانی دواین هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کە تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەم بوو و ئێستا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەلایە و لە پەڕلەمانیش هەر کاتێک بیەوێ قسەی کۆتایی دەکات،هەوڵێک هەیە کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە لاواز و پەرتەوازە نیشان بدا تا ئەورادەیەی کە بە ناچاری رێگای بەغدای گرتۆتە بەر،یان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بەسەر ئەنقەڕە و بەغدا دابەش دەکەن تەنها لە پێناو ئەوەی بڵێن ئەو دوو ئامۆزایە رکابەری یەکترن نەک تەواوکەری یەکتر.

ئەو هەوڵانە تەنها نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە ئامانج ناگرن بەڵکو تێکڕای پڕۆسەی سیاسی کوردستان و وردتریش بڵێین ئاراستەی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانی بە ئامانج دەگرن کە زیاتر لە دوو سەت ساڵە بنەماڵەی بارزانی لە پێناویان دا تێدەکۆشێ و سەت ساڵیشە رابەرایەتی ئەو بیرە دەکەن لە سەرتاسەری کوردستانی گەورە،لە شێخ عەبدولسەلامی دووەم کە بە دامەزرێنەری بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانی دادەندرێت تا دەگاتە مستەفا بارزانی کە رابەرایەتی هاوچەرخترین و بەهێزترین شۆڕشی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەکرد تا مەسعود بارزانی کە رابەرایەتی سەرخستنی ئیرادەی سەربەخۆیی خوازانەی مرۆڤی کرد لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە تێیدا بۆ یەکەمینجار مرۆڤی کوردستانی بە ئیرادە و خواست خۆی بڕیاری لە سەر چارەنووسی خۆیدا بە دەنگدان بە بەڵێ بە سەربەخۆیی کوردستان.

بەر لەو دوو بەڕێزە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول هەمان قسە و لێکدانەوە بۆ پەیوەندی نێوان ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی دەکرا،گرەو لەسەر لێکدابڕانیان دەکرا و وەک رکابەر و هەندێکجاریش وەک نەیار و دژ وێنەدەکران بە تایبەتی لە سەروبەندی سازدانی کۆنگرەی نۆیەم کە لە دوای کۆچی دوایی بارزانی نەمر بوو و تێیدا ئیدریس بارزانی چووە جێگای بارزانی نەمر وەک باوک و برا بووە پاڵپشتی مەسعود بارزانی برا گچکەی کە بە پاڵپشتی و داخوازی ئەو بووە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بۆیە ئەوەی دەگوترێت و دەنووسرێت و خۆزگەی بۆ دەخوازرێ دووبارە کردنەوەی هەمان مێژوو و خواستە بەڵام ئەوجارەشیان وەدینایێ چونکە بە کورتیەکەی سێوەکانی نێچیرڤان لە سەبەتەکەی مەسرور دان و ئەو سەبەتەیەش بە بنمیچی تەکیەی بارزان هەڵواسراوە و کە عەقیدەی و باوەڕی ئەو تەکیەیە باوەڕی کوردایەتیە ئەو دەستەواژەیەش نە لە زەوی بەغدا و نە ئەنقەڕە سەوز نابێ و بەرناگرێ بەڵکو پێویستی بە خاک و ئاوی کوردستانەوە هەیە.

8/7/2019 11:43:12 AM
بابەتەکانی تری نوسەر...
←  تیمەکەی نێچیرڤان بارزانی هەرێم بەرەو کوێ دەبا؟
←  کابینەکەی مەسرور بارزانی و گرفتەکانی یەکێتی
←  سڵاو لە وەزیری شارەوانی
←  سێوەکانی نێچیرڤان و سەبەتەکەی مەسرور بارزانی
←  پەکەکە و میرایەتی ئێزیدیان
←  چ لایەنێک لە پشت رووداوەکەی هەولێرە؟
←  بارزانی و ماکڕۆن و رۆژهەڵاتی نوێ
←  ھۆکاری سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا
←  ئایا مەترسی لە سەر دەروازەی ئیبراھیم خەلیل ھەیە؟
←  نهێنی گەڕانەوە بۆ هەولێر
←  یەکێتی بۆ وا دەکا؟ (رێکدەکەوێ و پاشگەزدەبێتەوە)
←  کەرکوک دەگەڕێتەوە یان ناگەڕێتەوە؟
←  نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکێتی !
←  دیموکراسیەتی یەکێتی
←  قسەی جیاوازی یەکێتی
←  چاوەڕوانی چ لە مەسرور بارزانی بکەین؟
←  دوا بڕیاری یەکێتی
←  رۆژئاوا و یەک رێگا
←  رۆژئاوا،بۆ کورد دەبێ یان بۆ ئەوان ؟
←  نێچیرڤان و سیاسەتی دەرگای کراوە
←  خاڵە گرنگەکانی سەردانەکەی بەرهەم ساڵح بۆ تورکیا
←  رۆژئاوا لە نێوان هەولێر و قەندیل دا
←  قۆناغی نێچیرڤان و پەلەپەلی پارتی
←  ئەگەری حکومەتی بێ یەکێتی
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]