سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

كوردو جاشایه‌تی

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
سه‌ره‌تایه‌كی كورت :
یه‌كدوو جاری تر له‌ سه‌ر وشه‌ی جاشم نوسیوه‌ ، پێشتریش له‌ نامیلكه‌یه‌كی دیكۆمه‌نتاریدا كه‌ ناوی جاش و ئه‌نفال بوو به‌ كورتی باسی وشه‌ی جاشم كردووه‌ ، بۆیه‌ لێره‌دا ناچمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ نازانم سه‌ره‌تای به‌كار هێنانی ئه‌م وشه‌یه‌ بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ،به‌ڵام له‌ شیعرێكی بێكه‌سی شاعیردا به‌و جۆره‌ نوسراوه‌ " مه‌ئویس نه‌بی جاشی مناڵ " به‌ هه‌ر حاڵ جاش ، لۆمپه‌ن ، خۆ فرۆش به‌وانه‌ وتراوه‌ كه‌ خیانه‌تیان له‌ گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یان كردووه‌ ، له‌ دژی میله‌ته‌كه‌ی خۆیان جاشێتیان بۆ خه‌ڵكی تر كردووه‌ ، ئه‌وه‌ی مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ ، سه‌ره‌ڕای رقی خه‌ڵك له‌ جاش كه‌چی جاشه‌كان خۆیان شانازیان به‌و كاره‌وه‌ كردوه‌و له‌هه‌شتاكاندا باو بوو ده‌یانگوت " جاشایه‌تی و پاشایه‌تی " .

له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكدا جاشه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌روی خۆیان " خاوه‌نه‌كه‌یان " رازی كه‌ن ، هه‌موو كارێكی ناشرین و نه‌شیاویان كردوه‌ وه‌ك بیانوو هێنانه‌وه‌ نا ، به‌ڵام وه‌ك راستیه‌كی تاڵ ره‌نگه‌ بوونی هۆیه‌كی سه‌ره‌كی دیارده‌ی جاشێتی له‌ كوردستان ئه‌وه‌ بێت كه‌ كورد ده‌وڵه‌ت و چوار چێوه‌ی خۆی نه‌بوه‌ ، نه‌ته‌وه‌ی بێده‌وڵه‌ت له‌ لایه‌ن دوژمنه‌كانیه‌وه‌ هه‌میشه‌ سودی لێده‌بینرێت ، بۆ شكاندنی شكۆی نه‌ته‌وه‌كه‌ ، بڕوام وایه‌ ئه‌گه‌ر به‌ری 100 ساڵان كورد وه‌ك ئه‌وانی تر ده‌وڵه‌تێكی له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌بوایه‌ هه‌رگیز دیارده‌ی جاشێتی به‌و جۆره‌ نه‌ده‌بوو .

بوونی ده‌وڵه‌ت و چوار چێوه‌ بوونی شوناس و خۆ خاوه‌نیه‌ ، ئه‌وه‌ واده‌كات مرۆڤ متمانه‌ی به‌ خۆی بێت و به‌ ئاسانی نه‌خزێت ، نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت و چوار چێوه‌ میله‌ت دابه‌ش و په‌ڕاش په‌ڕاش ده‌كات ، وه‌ك چۆن روحی شۆڕشگێڕی و یاخی بوون له‌ ناخی مرۆڤه‌كاندا ده‌چێنێ‌ ، به‌ هه‌مان شێوه‌ روحی ته‌سلیم بوون و بچوكایه‌تی و زوو خزانیش گه‌شه‌ پێده‌دات ، هه‌ربۆیه‌ ده‌وڵه‌ت هۆیه‌كی گرنگی خۆخاوه‌نی و ته‌ناهیه‌ .

لێره‌دا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستیه‌ی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت واده‌كات مرۆڤ له‌ سه‌ر پێی خۆی نه‌وه‌ستێ‌ ، نه‌توانێ‌ بڕیاری دروست بدات ، گیانی خۆ به‌ ده‌سته‌وه‌دان تێیدا زاڵ بێت ، هه‌ڵبه‌ت نابێت ئه‌وه‌شمان بیر نه‌بێت له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا ئازایه‌تی و بوێری گه‌وره‌ش سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن ، كه‌ ده‌كرێت مرۆڤ شانازیان پێوه‌ بكات .

به‌ كار هێنانی جاش دژی گه‌له‌كه‌ی :

دوژمنانی كورد بارو دۆخی بێده‌وڵه‌تی و بێشوناسی كوردیان قۆزتوه‌ته‌وه‌ ، بۆئه‌وه‌ی جاشكاری دژی كورد خۆی به‌ كار بێنن ، یانی ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ندێ‌ قۆناغی جیاجیادا كورد بۆ مانه‌وه‌ جاشێتی كردبێت ، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان ڕوویداوه‌ ، بۆ نمونه‌ بوونه‌ جاشی خێڵ و بنه‌ماڵه‌كانی باكوری كوردستان بۆ توركیا تا له‌ ناوچه‌كانی خۆیان بمێننه‌وه‌و ده‌ستیان لێنه‌درێت ، یان كردنه‌وه‌ی فه‌وجه‌ سوكه‌كانی هه‌شتاكانی باشوری كوردستان له‌ سه‌ر ده‌ستی عیراق ، به‌ڵام دواتر هه‌ر ئه‌م جۆره‌ له‌ جاشێتیش ئه‌ركی شه‌ڕی گه‌ریلاو پێشمه‌رگه‌و گونده‌كانی پێسپێردراوه‌ ، ئه‌وانی تریش كه‌ خۆیان خوێنی خیانه‌ت و جاشێتی و كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ گیانیاندا گه‌ڕاوه‌ ، بێ‌ هیچ هۆیه‌ك بوونه‌ به‌ جاش و ئه‌ركه‌ قورسه‌كانیان بۆ حكومه‌ته‌كان جێبه‌جێكردووه‌ ، بۆنمونه‌ پیاوێكی بیركه‌ره‌وه‌ی وه‌ك ئارام جاش كوشتویه‌تی ، قاره‌مانێكی وه‌ك مامه‌ڕیشه‌ جاش كوشتویه‌تی ، ئه‌مه‌ له‌ باكورو رۆژهه‌ڵاتیش هه‌ر وه‌سا بووه‌ .

نابێت ئه‌وه‌ نه‌بینین هه‌ر خۆی بنه‌ڕه‌ت و بنه‌مای جاشكاری لای دوژمنه‌كانی كورد بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ شه‌ڕی كوردیان پێبكات ، بۆ دوژمنه‌كانی كورد ئه‌و كاره‌ ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ی تیابووه‌ ، له‌وانه‌ كورد له‌ ناوخۆیدا ده‌كاته‌ دوژمن و نه‌یاری یه‌كتر ، تێكیان به‌رده‌دات و له‌ یه‌كێیان ده‌كات ، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری یه‌كبوون و پێكه‌وه‌یی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ ، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌ دروستكردنی ژیانی شایان بۆ جاشه‌كان و بڕینه‌وه‌ی موچه‌ بۆیان واده‌كات ئیراده‌ی خۆ خاوه‌نی له‌ مرۆڤی كوردا لاواز بكات و ناچاری ئه‌وه‌ی بكات ملبدات بۆ دوژمنه‌كه‌ی ، ئه‌مه‌ چ له‌ باشور چ له‌ باكورو رۆژهه‌ڵات هه‌میشه‌ كاری له‌ سه‌ر كراوه‌ ، یانی دۆخێك ره‌خسێنراوه‌ كه‌ جاش بوون له‌ شوره‌یی و ناشرینیه‌وه‌ بكرێته‌ مایه‌ی مانه‌وه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندی و پۆشته‌و په‌رداخی ، ئامانج له‌م كاره‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌سێتی كورد بكرێته‌ كه‌سێتیه‌كی بچوك و ده‌رگه‌وانی ئه‌وانه‌ی خاك و نیشتمانه‌كه‌یان داگیر كردووه‌و هه‌ر كاتیش بیانه‌وێت دژ به‌ هه‌ر جوڵانه‌وه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئازادیخوازانه‌ی كورد خۆی به‌ كاری بێنن ، له‌ باكوری كوردستان زۆر جار برا دژی براو برازادژی مام گه‌له‌ جاشی بۆ دروستكراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ش دۆخێك ره‌خسێنراوه‌ كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ دوای جاشه‌كه‌ بكه‌ون نه‌ك شۆڕشگێڕه‌كه‌ ، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ی كه‌ مانه‌وه‌و ژیانی شایسته‌ بۆ جاشه‌كان بووه‌ .

گرفتی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ زۆر كه‌م رێكه‌وتوه‌ ئه‌و جاشانه‌ سزای ئه‌و خیانه‌ت و خۆ فرۆشیه‌ وه‌ر بگرن ، ته‌نانه‌ت له‌ دوای راپه‌ڕینی 1991یش له‌ بری ئه‌وه‌ی لانی كه‌م دادگایه‌كیان بۆ دابنرێت ، به‌ر لێبوردنێكی زۆر ناجۆر كه‌وتن و دواتریش رۆڵی زۆر خراپیان له‌ شه‌ڕی ناوخۆی حزبه‌ كوردیه‌كاندا گێڕا.

جۆره‌كانی جاشێتی :
هه‌ڵبه‌ت جاشێتی هه‌ر جاشێتیه‌ ، به‌ڵام ئێمه‌ ویستمان بیكه‌نه‌ دوو به‌شه‌وه‌ ، دوو جۆر جاشێتی بۆ دوژمن هه‌یه‌ هه‌ردوكیان زیان و خراپی خۆیان هه‌یه‌و له‌ مێژودا زیانی زۆر گه‌وره‌یان به‌ گه‌لی كورد گه‌یاندوه‌و هۆكاری ئه‌وه‌ش بوونه‌ كه‌ كورد نه‌توانێت یه‌كگرتووبێت و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر گرفت و كێشه‌كانیدا زاڵ بێت .

جۆری یه‌كه‌می جاشێتی " جاشێتی زمانه‌ " جاشێتی وتن و راپۆرت نووسین و زانیاری دان به‌ دووژمن ، ئه‌مجۆره‌ له‌ جاشێتی جاشێتیه‌كی زۆر مه‌ترسیدار بووه‌ و زۆر جار جاشه‌كان هه‌رگیز ئاشكرا نه‌بوونه‌ ، ته‌نانه‌ت ره‌نگه‌ هه‌ندێكیان وه‌ك قاره‌مان و كورد په‌روه‌ر سه‌ریان نابێته‌وه‌ ، ئه‌م جۆره‌ جاشێتیه‌ له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان بونی هه‌بوه‌ و ره‌نگه‌ هه‌زاران راپۆرت و نوسین و زماندانی بێ‌ نووسین له‌ خه‌ڵك درابێت و له‌ سه‌ر ده‌ستی ئه‌و جۆره‌ جاش و جاسوس و راپۆرت نوسانه‌ هه‌زاران كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانی، ئه‌م جاشێتیه‌ خزاوه‌ته‌ نێو هه‌موو توێژو چین و ته‌مه‌نه‌كانه‌وه‌و هه‌ندێ‌ جار سود له‌ مناڵانی قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی خوێندنیش بینراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یاره‌كانی ده‌سه‌ڵات ئاشكرا بكرێن .

جاشێتی زمان ئه‌و نوسه‌رو وتارنوس و پیاوانی ئاینی و خه‌ڵكانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی جوانكردنی دوژمنیان داوه‌ ، یان به‌ جۆرێك بانگه‌شه‌یان بۆ كردووه‌ ، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئه‌مان تاوانه‌كه‌یان كه‌متر بێت له‌ راپۆرت نووسه‌ نهێنیه‌كان ، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ ناوی سیانی و به‌ ئاشكرا شتیان نووسیوه‌ ، ده‌كرێت له‌ خاته‌یه‌كی تردا مامه‌ڵه‌یان له‌ گه‌ڵ بكرێت ، ئه‌گه‌ر چی مامه‌ڵه‌ كردن له‌ گه‌ڵ ئه‌مانیش زۆر جار به‌ پێوه‌ری شكاندن و ئامانجی تر رێچكه‌یه‌كی خراپ ده‌گرێته‌ به‌ر .

جۆری دوه‌می جاشێتی " جاشێتی چه‌كداریه‌ " ئه‌مجۆره‌ جۆره‌ بڵاوه‌كه‌یه‌و شاراوه‌ نیه‌ ، ئه‌مجۆره‌ به‌ ئاشكرا نۆكه‌رایه‌تی خۆی بۆ دوژمن ده‌رده‌بڕێت و بێباكه‌ له‌وه‌ی كه‌ میله‌ته‌كه‌ی چۆن باسی ده‌كه‌ن ، لێ‌ له‌م به‌شه‌یشدا ئه‌وه‌ی مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ هه‌میشه‌ خۆ به‌ قاره‌مان كردن و وانیشاندانه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بن میاه‌تی كورد له‌ ناو ده‌چێت و زۆر جاریش بۆ درۆ یان به‌ راستی قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ گوایه‌ سه‌ركردایه‌تی كوردو حزبه‌ سیاسیه‌كانی كورد داوای لێكردوون ببنه‌ جاش ، من له‌ بینینی یه‌ك دوو موسته‌شاردا هه‌مان قسه‌م گوێ‌ لێبووه‌ كه‌ فڵان حزب یان سه‌ركرده‌ رێیداوه‌ چه‌كی جاشێتی هه‌ڵبگرێت و گوتویه‌تی ته‌نها داوا ئه‌وه‌بوه‌ كه‌ خراپه‌ نه‌كه‌م .

ئه‌مجۆره‌ له‌ جاشێتی هه‌ندێ‌ جار هه‌ر به‌ڕاستی خزمه‌ت به‌ بزوتنه‌وه‌ی رزگاری نیشتمانی ده‌كه‌ن و خۆیان و چه‌ك و چۆڵه‌كه‌یان په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن به‌ شۆڕشه‌وه‌ ، له‌ مێژوی باشوری كوردستاندا ده‌یان نمونه‌ی له‌م جۆره‌ هه‌یه‌و له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلولیشدا ده‌یان مه‌خفه‌ری پۆلیس له‌ لایه‌ن پۆلیسی كورده‌وه‌ ته‌سلیمی شۆڕش كران " راستی من تا ئێستا نه‌متوانیووه‌ بڕوا به‌ خۆم بێنم كه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌مانه‌ شۆڕشه‌ و زیاتر له‌ خڕبوونه‌وه‌و یاخی بوون و هه‌را ده‌چێت " .

ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ش بڵێین ، كه‌ جاشه‌كانیش تێیاندا هه‌بوو داكۆكی له‌ خه‌ڵك ده‌كردو له‌سه‌ر خه‌ڵك شه‌ڕی ده‌كرد ، من نامه‌وێ‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ نمونه‌ بێنمه‌وه‌ ده‌نا زۆره‌ ، هه‌شبوون له‌ شاخ و له‌ ده‌ره‌وه‌ یان پێشمه‌رگه‌ بوون یان وه‌رزێر شۆڕش ناچاری ده‌كردن بێنه‌وه‌و ببنه‌ پیاوی ده‌سه‌ڵات له‌ پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیاندا له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ نمونه‌ هه‌یه‌ .

جاش وه‌ك له‌مپه‌ری به‌رده‌م خۆخاوه‌نی :
له‌ راستیدا جاش گه‌وره‌ ترین له‌مپه‌ری به‌رده‌م خۆخاوه‌نی كورد بووه‌ ، واته‌ هه‌ر كاتێك كورد له‌ خۆ خاوه‌نی و سه‌ربه‌خۆیی نزیكبووبێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ یه‌كێ‌ له‌ هۆكاره‌كانی شكست جاشایه‌تی بووه‌ ، هه‌میشه‌ دوژمنه‌كانی كوردیش سودیان له‌م كاره‌ بینیوه‌ ، جۆری جاشایاتی له‌ دۆخی ئاوادا هه‌ندێك جار بۆ لێدانی كورد له‌پارچه‌كانی تری كوردستان له‌ لایه‌ن حزبی پارچه‌یه‌كی تره‌وه‌ به‌ كار هێنراوه‌ ، واته‌ ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌ركوتی كورد له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیدا حزبی پارچه‌یه‌كی تری كوردستانی خستوه‌ته‌ شه‌ڕه‌كه‌وه‌ ، هه‌ربۆیه‌ ده‌بینین جگه‌ له‌ جاشێتی بۆ حكومه‌ته‌كان له‌ ناو خۆدا زۆرجار حزبه‌كانیش به‌ پێی خواستی دوژمه‌نكان شه‌ڕی كوردی دیكه‌یان كردووه‌ ، وه‌ك شه‌ڕه‌كانی پارتی له‌ گه‌ڵ دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌ ، شه‌ڕه‌كانی پارتی و یه‌كێتی له‌ گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ .

له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌ش له‌مپه‌رێكی تر هه‌بووه‌ ، كه‌ ئه‌زبڕوادارم ئه‌وه‌یان په‌یوه‌سته‌ به‌ دۆخی بێسه‌ری كورده‌وه‌ ، ئه‌ویش خۆكردنه‌ ئه‌وانی تر ، خۆ بردنه‌وه‌بۆ سه‌ر عه‌ره‌ب و تورك و فارس و هتد ، زۆر جار خێڵ و بنه‌ماڵه‌و كه‌سایه‌تی له‌به‌ر هۆیه‌ك بێت ، بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ، یان ده‌سكه‌وتی زیاتر ، یاخود خۆ پیرۆزكردن ، یان بۆ پاراستن ، ریشه‌و شوناسی خۆیان ده‌گۆڕن ، من به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی خانه‌واده‌یه‌كی ناسراوی كوردستانم لابوو ، كه‌ پێویست به‌ ناو هێنان ناكات ،یه‌ك دوو كه‌س به‌ ناوی بنه‌ماڵه‌كه‌وه‌ له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ سه‌دام نووسیویانه‌ ، ئێمه‌ خۆمان كرد به‌عه‌ره‌ب ، بنه‌ماڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ین و قورسایی و خه‌رجی زۆرمان له‌سه‌ره‌ بۆیه‌ داواده‌كه‌ین مۆڵه‌تی یه‌ك دوو به‌نزینخانه‌مان بده‌نی َ .

ره‌نگه‌ له‌م شێوه‌ خۆ گۆڕین و شوناس گۆڕینه‌ له‌ پارچه‌كانی دیكه‌ش زۆر بێت ، كه‌ من لام وایه‌ به‌شی زۆری په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌وه‌ كه‌ كورد چوارچێوه‌و ده‌وڵه‌تی خۆی نیه‌ ، بڕوام وایه‌ ده‌وڵه‌ت به‌شێكی زۆر له‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ش بۆخۆی كێماسیه‌ كه‌ مرۆڤ ریشه‌ی خۆی بگۆڕێت .

خۆ ده‌ربازكردن له‌ جاشێتی :
كورد به‌ هۆی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ، جاشێتی بۆ زۆرده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت كردووه‌ سواره‌ی حه‌میدی جاشی عوسمانی بوونه‌ ، به‌رله‌سواره‌ی حه‌میدیش هه‌میشه‌ عوسمانیه‌كان بۆسه‌ركوتی كورد كوردیان به‌ كار هێناوه‌ ، نه‌ك ئه‌وه‌له‌ شه‌ڕی سه‌فه‌وی و عوسمانیه‌كانیشدا هه‌ردوو لا سودیان له‌ جاش و به‌ كرێگیراوی كورد بینیوه‌ ، جگه‌ له‌ جاشایاتی بۆ عوسمانی ، جاشایاتی بۆ ئێران له‌ قۆناغ گه‌لی جیاجیادا كراوه‌ ، جاشایه‌تی بۆ عیراق كراوه‌ ، بۆ سوریا كراوه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌ ناو جه‌رگه‌ی خه‌باتا ، له‌ كاتی شكست و هه‌ره‌سا ، له‌ كاتی سه‌ركه‌وتنا كورد جاشێتی و جاشایه‌تی لێنه‌بڕاوه‌ ، بۆ ده‌ربازبوون له‌و دۆخه‌ ناشرین و ناجۆره‌ ، جگه‌ له‌ خۆیبوون و بیركردنه‌وه‌ له‌ خۆ خاوه‌نی و گه‌یشتن به‌ شوناس ، زۆر گرنگه‌ مرۆڤی كورد ئه‌و كه‌سێتیه‌ تێكشكاوه‌ی تێدا بكوژرێت و كه‌سێتیه‌كی خاوه‌ن بڕیارو خۆخاوه‌نی لێدروست بكرێت ، واته‌ یه‌كه‌مین خاڵ بۆ ده‌ربازبوون بریتیه‌ له‌ :

1- بونیادنانه‌وه‌ی كه‌سێتی كورد

2- پێویسته‌ جاشێتی وه‌ك دیارده‌یه‌كی ناشرین و دزێو كاری له‌ سه‌ر بكرێت و واله‌ مرۆڤی كورد بكرێت پێی شوره‌یی بێت ببێته‌ پیاوی ده‌وڵه‌تانی ترو دژی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی ڕه‌وتار بكات ، یانی پێویسته‌ جاشێتی وه‌ك نه‌فره‌ت و ناشرینی سه‌یربكرێت و كارێكی كرێت و قێزه‌ون بێت .

3- له‌ قۆناغی رزگاری و خۆخاوه‌نیدا پێویسته‌ جاش و خۆ فرۆشه‌كان دادگای بكرێن و سزای ئه‌وه‌یان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێ‌ كه‌ رۆڵ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بوژانه‌وه‌ی وڵاتا ببینن، ئه‌گه‌ر دوای راپه‌ڕینی 1991لانی كه‌م جاشه‌كان ئه‌ركی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی گونده‌كان و په‌ره‌پێدانی كشت و كاڵ و ئاودێری بخرایه‌ته‌ سه‌ریان دۆخه‌كه‌ به‌ جۆرێكی تر ده‌بوو .

4- لانی كه‌م پێویسته‌ له‌ قۆناغی رزگاریدا جاشه‌كان ناچار بكرێن داوای لێبوردن له‌ میله‌ته‌كه‌یان بكه‌ن و دانبنه‌ن به‌وه‌دا كه‌ئه‌وه‌ی كردویانه‌ له‌ رابردویاندا كارێكی ناشرین بووه‌و دووباره‌ی ناكه‌نه‌وه‌ .

هه‌ڵبه‌ت رێ و شوێنی تر زۆرن بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ جاشێتی دور بخرێته‌وه‌ ، بۆنمونه‌ په‌روه‌رده‌و په‌روه‌رده‌ی سیاسی و ئاینی و سزادانی به‌ دابڕینی له‌ كۆمه‌ڵ و پشتتێكردنی ، دیاره‌ خۆ ده‌ربازكردن له‌ جاشێتیش پێویستی به‌ هه‌نگاو هه‌نگاوه‌و به‌ خێرایی بنه‌بڕنابێت ،به‌ڵام ناكرێت مرۆڤ بێئیراده‌ بێت له‌ به‌رده‌میدا .

4/14/2020 8:34:35 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]