سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

بارزانی و عفرین و عگێدی

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
بارزانی ئه‌گه‌ر وه‌ك سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش سه‌یر بكرێت ، نابێت له‌ گه‌ڵ وه‌فدێك دانیشتن بكات ، كه‌ به‌شێكیان شانازی به‌ كورد كوشتن و په‌یوه‌ندیان له‌ گه‌ڵ داعشا ده‌كه‌ن ، له‌ نێو وه‌فده‌كه‌دا كه‌ 2-2 له‌ گه‌ڵ بارزانی دانیشتون ، دوو كۆنه‌ به‌عسی سوری هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ هه‌ن ، كه‌ هه‌رگیز هیچ خێرو بێرێكیان بۆ كورد و بۆ پارتی و بارزانیش نابێت .

ناسر حه‌ریری ، یان نه‌سر حه‌ریری عه‌ره‌بێكی شۆڤێنیه‌و پێشتر له‌ حكومه‌تی سوریادا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گه‌ل بووه‌و به‌ ته‌واوی ته‌مه‌نی دانی خێری به‌ كوردا نه‌ناوه‌ ، من زۆرگه‌ڕام بۆ ئه‌وه‌ی دوو قسه‌ی خێری ئه‌و له‌ باره‌ی كورده‌وه‌ بدۆزمه‌وه‌ ، نه‌بوو ئه‌و پیاوه‌ سه‌رۆكی شانده‌كه‌ بووه‌ ، هی دووه‌میان عه‌بدولجه‌بار عگێدی كۆنه‌به‌عسی و كۆنه‌ ئه‌فسه‌ری سوریه‌ ، كه‌ 2012 له‌ حكومه‌تی سوریا جیا بوه‌ته‌وه‌و پێشتر گوتویه‌تی پێویسته‌ له‌ گه‌ڵ " برایانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی " واته‌ داعش په‌یوه‌ندی و لێكتێگه‌یشتمان هه‌بێت و باسی ئه‌وه‌شی كردوه‌ كه‌ رۆژانه‌ په‌یوه‌ندیان هه‌یه‌ ، ئێستا بارزانی ده‌زانێت له‌ ته‌ك كێدا دانیشتوه‌ .

ئه‌مانه‌ و كه‌سه‌كانی تری نێو وه‌فده‌كه‌ش كه‌ دوانیان كوردن ئیبراهیم برۆی سه‌رۆكی حزبی یه‌كێتی و هه‌واس عه‌گید ، هه‌روه‌ها ریبا حه‌بوش و قاسم خه‌تیبیش ئه‌ندامی شانده‌كه‌ بوونه‌ ، هیچ یه‌ك له‌م كه‌سانه‌ رۆڵێكی ئه‌رێنیان له‌ گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌ نه‌بووه‌ و زۆربه‌ی كات رێگر بوونه‌ له‌وه‌ی هه‌سه‌ده‌ به‌شداری دانیشتنه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوری بكات له‌ ده‌ره‌وه‌ .

له‌ شه‌ڕی داعشیشا سوپای ئازادو ئه‌م ناوانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ شه‌ڕێكی جوامێرانه‌ بكه‌ن ، جگه‌ له‌و جاشێتیه‌ی بۆ ده‌وڵه‌تی توركیایان كردو به‌ پاڵپشتی سوپای تورك عه‌فرینیان له‌ چنگی كورد ده‌رهێنا ، من نازانم كێ‌ ئه‌جندای دانیشتن و كۆبونه‌وه‌و دیدار بۆ بارزانی ساز ده‌كات ، لێ‌ ئه‌وه‌ ده‌زانم ئه‌م هاتنه‌ سه‌تا هه‌زار خزمه‌ته‌ به‌ توركیاو ئه‌ردۆغان و دژبه‌ریه‌ له‌ ته‌ك هیواو خه‌ون و خولیای كوردا له‌ رۆژئاوای كوردستان .

من ئاگاداری ئه‌وه‌ هه‌م بارزانی زۆر باش ده‌زانێ‌ هه‌سه‌ده‌و شه‌ڕوانه‌كانی كورد رۆڵێكی گه‌وره‌یان له‌ تێكشانی داعشدا بینیوه‌و بۆ ئه‌و هه‌میشه‌ ساڵح موسلیم و ئاسیا عه‌بدوڵاو ئیلهام ئه‌حمه‌د له‌ پێشترن له‌و كۆنه‌ به‌عسیانه‌ ،ئه‌وه‌ش ده‌زانم بارزانی به‌ لایه‌وه‌ گرنگه‌ پارچه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردستان نیمچه‌ ئازادیه‌ك وه‌ربگرێت و له‌ ژێر چه‌كمه‌ی سته‌مكاران بێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌م به‌لاوه‌ سه‌یره‌ بارزانی چۆن له‌ ته‌ك كه‌سانێكدا داده‌نیشێت شانازی به‌ داعشه‌وه‌ بكه‌ن ، ئه‌و داعشه‌ی هه‌زاران كوردی ئێزدی و ده‌یان فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی ئازاو سه‌دان پێشمه‌رگه‌و شه‌ڕوانیان شه‌هید كرد ؟!!.
2/3/2019 9:29:05 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]