سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

سوپاس مه‌زڵوم كۆبانی

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

1 مه‌زڵوم كۆبانی باشی كرد

به‌ ده‌ر له‌ سۆزی كورد بوون ، تۆ یه‌كێكی له‌وانه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌ داهاتودا خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی وه‌ربگریت ، له‌وه‌ گه‌ڕێ‌ خه‌ڵك چی و چۆن له‌ باره‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێن ، سه‌یری ئه‌وه‌ بكه‌ كه‌ چه‌ندین هه‌زار كه‌سی دیكه‌ ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر ده‌بون ، رێكه‌وتنێكی ئازار به‌خش بوو ، به‌ڵام له‌ پێناوی ئه‌وه‌دا بوو كه‌ مناڵی زیاتر له‌ ماڵ و كوچه‌و كۆڵانه‌كانی خۆیان رانه‌كه‌ن ، ئه‌مه‌ گرنگه‌ ، دنیاش ئه‌و راستیه‌ ده‌زانن ، ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ باشتریان ده‌كرد ، راست ناكه‌ن پتر له‌ ساڵێكه‌ مقۆمقۆی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاو به‌ جێهێشتنی ئێوه‌ هه‌یه‌ ، ئێوه‌ مانه‌وه‌و به‌رده‌وام بوون ، خه‌ڵكیش هه‌بوون له‌ هۆتێله‌ پێنج ئه‌ستێره‌كاندا ده‌یانگووت " ده‌بێت هه‌سه‌ده‌ وا بكات و وانه‌كات " دڵنیابه‌ ئێوه‌ سه‌ركه‌وتن ، سه‌ریش ده‌كه‌ون ، له‌م گه‌مه‌ مه‌ترسیداره‌دا ئه‌وه‌ی ده‌دۆڕێ‌ ئه‌ردۆغان و توركیایه‌ ، ئه‌وه‌ من نایڵێم ئه‌وه‌ دیرۆك ده‌یڵێت ، رۆژانی دادێ‌ رۆژانی باشتر ده‌بن بۆ كورد و بۆ ئێوه‌ش .

2 كاك مه‌سعود ئه‌مه‌ش بكه‌

به‌ ده‌ر له‌ پیاهه‌ڵدان به‌ هه‌ركه‌سێكا ، ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ی میحنه‌تی كوردا به‌ قسه‌یه‌كیش به‌شداری كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاره‌كه‌یان كرد ، ره‌نگه‌ داواكردنی ده‌ركردنی بنكه‌و باره‌گاكانی میت و ژاندرمی تورك له‌ ئێستادا كه‌مێك قورس بن ، هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی له‌ سه‌ر هه‌رێمه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ش له‌ سه‌ر عیراقه‌ به‌سه‌ركۆمارو سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ناوخۆوه‌، ئه‌و بنكانه‌ بارگرانی زیاتر نین . به‌ڵام كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنوری نێوان هه‌رێم و رۆژئاوا كه‌ 100له‌ 100 به‌ ده‌ست پارتیه‌و كاك مه‌سعود ده‌توانێ‌ هه‌ر ئێستا بڕیاری لێبدات ، هه‌ڵگرتنی ئابلوقه‌ی سه‌ر مه‌خمور ، كه‌ ئه‌ویش لای ئه‌وان ئاسانه‌ ، دوو كارن كردنیان سه‌دان هه‌نگاو ئێمه‌ی كورد له‌ یه‌كتر نزیكده‌كه‌نه‌وه‌ ، دوو كارن ده‌بنه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی چه‌تری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان زیاتر هه‌موومان له‌ ده‌وری یه‌كتر كۆبكاته‌وه‌ .

3 ئه‌ردۆغان ده‌شكێت

دۆڕاوی سه‌ره‌كی له‌م بارودۆخه‌ی ئێستادا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه‌ ، ئه‌و پیاوه‌ی له‌ پێناوی به‌ دیهاتنی خه‌ونی سوڵتانیدا زۆر كاری مه‌ترسیداری كرد ، له‌ سیناریۆی كوده‌تاوه‌ بۆ مانه‌وه‌ ، تا پێشێلكردنی هه‌موو مافه‌كانی مرۆڤ و سوك كردنی دیموكراسیه‌ت ، ئه‌وه‌جگه‌ له‌وه‌ی توركیای خستوه‌ته‌ گۆشه‌یه‌كی تاریكی دنیاوه‌و گه‌یشتوه‌ته‌ دوا كونجی یان په‌شیمان بوونه‌وه‌ یان شكست ،من دڵنیام ئێستا تامی ژیان بۆ ئه‌ردۆغان و بۆ ئاكه‌په‌ش تامێكی تاڵه‌و له‌ داهاتووی توركیادا زۆر لاوازو نه‌خۆش ده‌رئه‌كه‌ون ، ئه‌مه‌ هه‌قیقه‌ته‌ ، مه‌گه‌ر هه‌نگاوی دیكتاتۆریانه‌و داعشیانه‌ ئه‌و راستیه‌ بگۆڕن .

10/15/2019 9:03:03 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]