سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

شیلادزێ‌ ی گیان بازی

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
1
نیشتمان زیڕه‌ی لێ‌ هه‌ستا 
وتی وه‌رن 
له‌سه‌ر سینگ و به‌رۆكی من 
ئۆردوی داگیركه‌ر لابه‌رن 
تۆ بڵێی شیلادزێ‌ خاڵی وه‌رچه‌رخانی لادانی ئه‌و هه‌موو بنكه‌و باره‌گا سه‌ره‌كیه‌ی سه‌رسینگ و به‌رۆكی نیشتمان بێت ، یان ئه‌مشه‌و به‌ داوای لێبوردێك و سزادانی ئازایانی شیلادزێ‌ چیرۆكه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تراژیدی كۆتای دێت و جه‌ندرمه‌و سه‌ربازه‌توركه‌كانیش به‌ توڕه‌یی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ باره‌گای سوتاوی خوێنی قوربانیانی دێره‌ لوك ، من به‌ راستیمه‌و ده‌ڵێم هه‌قه‌ نه‌ك هه‌ر گیانبازانی شیلادزێ‌ بگره‌ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان شانازی به‌و كاره‌وه‌ بكه‌ن ، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ بۆ پارتی و یه‌كێتیش هه‌ر وه‌سایه‌ ، ئیتر ئه‌مه‌ پێكی توڕه‌یی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌یه‌ كه‌ چاره‌ی جه‌ندرمه‌ی توركیان ناوێت ، ئه‌و جه‌ندرمانه‌ی فه‌رهاد پیرباڵ له‌ چیرۆكێكدا ده‌گێڕێته‌وه‌ ده‌ست بوقونی ئافره‌تی كورد ده‌به‌ن ، سته‌مكارو داگیركه‌ر له‌ هه‌ركوێ‌ بن هه‌موو شتێكیان له‌ ده‌ست دێت .
2
داستانی شیلادزێ‌ ده‌بێته‌ وێنه‌یه‌كی زندوی ساڵی 2019 دژی سته‌مكارو داگیر كه‌ران ، چه‌ند حه‌زم ده‌كرد یه‌كێك بوایه‌م له‌وانه‌ی یه‌كه‌م كه‌س ده‌گاته‌ نێو ئۆردوی سته‌مكاری و كۆشكی بلورین ، هه‌مان ئه‌و حه‌زه‌ی چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ جه‌زیره‌ به‌ حه‌مه‌ سه‌عید زه‌نگه‌نه‌م گوت هه‌ر هیچ نا بامنیش دابه‌زم و دوو به‌رد بوه‌شێنم ، ئاخر سه‌ری داگیركه‌ر هه‌ر بۆئه‌وه‌ باشه‌ به‌به‌ردی خۆپیشانده‌ر بشكێ‌ ، له‌م دۆخی نائومێدیه‌ی نیشتمانی ته‌نیوه‌و مافیای نه‌وت و زه‌وی و ده‌رمان و زۆر شتی تر پرزه‌یان له‌به‌ر بڕیوین ، شیلادزێ‌ پێمان ده‌ڵێت هێشتا ئومێد ماوه‌و به‌ چۆكدا نه‌هاتووین .
3
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراقیش پێویسته‌ له‌ ڕووی ئاكاریه‌وه‌ له‌وه‌ بپرسنه‌وه‌ چۆن ده‌كرێت ، سه‌ربازی تورك له‌ نێو ماڵی خۆتا ته‌قه‌ت لێبكات و شه‌هید و بریندار هه‌بێت ،ئه‌خلاقی سیاسی ئه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌ر خوێنی قوربانیه‌كان بێیته‌ ده‌نگ ، میله‌ت بۆیه‌ ده‌نگ به‌ پارله‌مانتارو حزب ده‌دات خاوه‌ندارێتی لێبكات نه‌ك نه‌وته‌كه‌ی بخوات و خۆیشی وه‌ك مه‌ڕ بخاته‌ به‌ر كه‌ڵبه‌ی گورگ .
1/26/2019 9:15:39 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]