سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

خەباتی نیشتیمانی لای شاعیران و لافی کوردایەتی لای ئەحزابەکان

محەمەد سەڵاح

زۆر جار دەچمە نێو خەیاڵ و بیر لە مێژووی سیاسی گەلی کورد دەکەمەوە و لە خۆم دەپرسم کە بۆچی ''ئەحمەدی خانی'' وەکو یەکەمین شاعیری کورد لە مێژوودا سەدان ساڵ بەر لە ئێستا بەزمانی شیعر و خەیاڵ و لەنێو دەقە شیعرەکانیدا خەون و ئامانجی ئازادی و سەربەخۆیی و خەسڵەت و مۆرکە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دادەرێژێت و بەحەسرەت و ناڵەو ھاوارەوە و خەمێکی زۆرەوە داوای یەکێتی و تەبایی و برایەتی و یەکبوونی کوردان دەکات، دواتر لە"حاجی قادر" ەوە بیری سیاسی نەتەوەیی و مەسەلەی گەلی کورد لە فۆرمە جۆراو جۆرەکانی زیاتر چەکەرە دەکات ئەو پیرەی ناو دنیای خەمەکانی نەتەوە بە ڕۆحیەتێکی شیعری پڕ لە ئیسناتیکاوە باس لە زمان و ڕۆژنامەو نیشتمان و جوانی دەکات و لەخەم و ھەوڵی ئەوەدابووە کە ئەدەب و بەرھەمەکانی مۆدێرنەی رۆژئاوا بکاتە بەردەبازو پردی پەرینەوەی نەتەوەکەی لە بونیادە تەقلیدیەکان و مەسەلە لۆکاڵییەکانەوە ڕووەو دنیای فراوانی پڕ لە دەستکەوتی زانستی و فەلسەفی و فیکری و کولتوری مۆدێرنە، جگە لەمەش خەمی نەتەوەو نیشتمان و خۆ خستنەروو خۆ وێناکردنی کورد وەکو نەتەوەیەکی سەربەخۆ و جیاواز لە نەتەوەکانی تر ھێڵە گشتییەکانی بەشی زۆر بەرھەمەکانی شاعیرانی ئەدەبی کلاسیک و عەقڵە ڕۆشنگەرەکانی کورد پێکدەھێنێت، نەک ھەر ئەمە بگرە ھەموو ئەو گروپ و جولانەوە سیاسییانەی کە لەسەدەی نۆزدەیەم و پێش سەدەی نۆزدەیەمیش خەباتیان کردووە خەونی سەربەخۆییان ھەبووە و بگرە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ئەگەر لە فۆرمێکی سادەی زمانەوانی و گوتارێکی سیاسی لاوازیش بووبێت ئامادەیی ھەبوو، بۆ نموونە دروستکردنی فیدراسیۆنی خێلەکان لە ھەشتاکانی سەدەی نۆزدەیەم لەلایەن"شێخ عوبه‌یدوڵڵای نەھر"ی ئەگەر تێبینی و شرۆڤەکاری بۆ بکەین حزب بووەو ئامانجیشی ئازادی گەلی کورد سەربەخۆیی کوردستان بووە، دەرکردن و بەچاپ گەیاندنی ڕۆژنامەی کوردستان لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم لەلایەن "میقداد مەدحەت بەدرخان" و بنەماڵەی بەردخانییەکان وەکو یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی ھەوڵ و ستراتیژی خەباتی ئەوان بووە بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ، ھەر ناونانی یەکەم ڕۆژنامە بەناوی کوردستان ماناو دەلالەتی ئەوە دەدات کە ئامانج لە بەچاپ گەیاندنی ئەو ڕۆژنامەیە خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە نەک بە تەنھا رۆژنامەوانی کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمیش جوڵانەوەی سیاسی خەباتگێڕو شۆڕش لە باشوری کوردستان بە سەرکردایەتی"مەلیک مەحموود"ی نەمر دەستپێدەکات، ئەگەرچی لەسەر زەمینی واقیعدا جوڵەو خەبات و چالاکییە مەیدانییەکانی ئەو شۆڕشە لە چوارچێوەیەکی جوگرافی بەرتەسکدا بوو، بەڵام ئامانج و خەون و خواستی ستراتیژی ئەو شۆڕشە سەربەخۆیی کوردستان بووە، ئەگەر بەوردی و بەشێوەیەکی زانستی و بابەتیانە ئەو رێکەوتننامەو جولە دیبلۆماسییانەی "مەلیک مەحمود" لەگەڵ تورک و ئینگلیزەکان ئەنجامیداوەو ئەو نامانەی مەلیک بۆ ئەو کاربەدەستانەی نووسیووە ھەموو ئەو ڕاستیە بەرجەستە دەکەن کە ئامانجی شۆڕشەکەی "مەلیک مەحموود" ئەوە بوو لە دوای گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کە جەنگی جیھانی بەدوای خۆیدا ھێنابوو، کوردیش قەوارەی سیاسی سەربەخۆی دروست بکات. لە سییەکانی سەدەی بیستەم بەسەرەوە حزب وەکو بەشێک لە فیکرو دینای ھەزار ڕەنگی مۆدێرنە لە کوردستان دروست دەبێت و بەمەش جوڵانەوەی سیاسی و شۆڕشگێری کوردستان لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک و ستراتیژی کارکردن و رێکخراوەیی دەچێتە قۆناغێکی گەش و درەوشاوەو، تاڕادەیەکی زۆریش خەباتی گوندو شار بەیەکەوە دەبەستێتەوەو ھەروەھا حیزب جوڵە دەخاتە ناو سەر لەبەرو مەودا کۆمەڵایەتییەکان و توانی پێگەی خۆی لەناو سەرجەم کایە جۆربەجۆرەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی پتەوبکات.

بەڵام ستراتیژو بەرنامەو دروشمی سیاسی حیزب تاکو بەئێستاش دەگات لەڕووی خستەڕووی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لەچوارچێوەی عێراقدا قەتیسی دەکرێت و ھەموو چارەسەرەکان دەبەسترێنەوە بە دیموکراسیەت لە عێراق.

نەک ھەر ئەمە بەڵکو خەمە عێراقییەکان بەپێش خەمە کوردستانییەکان دەکەون و دروشمی دیموکراسی بۆ عێراق بە پێش مافە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان دەکەون و بەبێ چەسپاندن و ھێنانەکایەی دیموکراسیەت لە عێراق لای حزبی کوردستان ھیچ ئاسۆیەک بۆ مەسەلەی کورد بەدی ناکرێت، واتا حزب لە کوردستان ھەر لە سەرەتایی دامەزراندنیەوە تاکو ئێستاش هەمیشە کوردایەتی فرۆشتۆتەوە بە کوردستانیان و لەسەر ئاستی جەماوەریش گەلی کوردی لە ڕووی بیرکردنەوەو دەروونی و رۆحی ساز کەمتەرخەم بوونە بۆ پرسە نیشتیمانییەکان، بۆیەش لەوکاتە کە سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی(٢٠۱۷) بڕیاری ڕیفراندۆم دەردا لە کوردستان و گەلی کوردستان سەرپشک دەکرێت لە مانەوە لەگەڵ عێراق یاخوود سەربەخۆی کوردستان ، بینیمان بزوتنەوەی سیاسی کوردستانی لە گەرمەی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسە نیشتمانی و چارەنووس سازە دەبێتە چەندین کەرت و بگرە لای ھەندێکیان پرسی سەربەخۆی و مافی گەلی کوردستان لە بەدەستھێنانی سەربەخۆیی دەبێتە مایەی نوکتەو بگرە بە سوک سەیرکردنیش، دەرەنجام ئەو کەرت بوون و ملمڵانێیەش بە کۆست و کارەساتێکی گەورەو جەرگ بڕ کۆتاییھات کە لە ماوەی (٢٤) کاتژمێردا سوپای مەزھەبی عێراق لە چەندین قۆڵەوە بەوێنەی سوپایەکی داگیرکار ھێرشی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەست پێکردوو ھەر لەو ماوە کەمەشدا لە دەرەنجامی دوو کەرت بوونی حزبەکان و گوتاری سیاسی کوردستان زیاتر لە نیوەی کوردستان کەوتەوە دەستی ھێزەکانی عێراق.

لە ئێستاشدا کە لە کوردستان کۆمەڵێک دامەزراوەی گرنگی سیاسی و ئیداری و قانونی و ئەکادیمی و رۆشنگەری ھەنە، گەلی کوردستان لەسەر ئاستی چەندین کایەو بواری جیاجیا توانیویەتی کەوا کۆڵەکە بنچینەییەکانی خۆ و وێناکردن و خۆسەلماندن وەکو گەلێکی خاوەن خەسڵەت و مۆرکی سەربەخۆ دروست بکات و ئامانجی ئەو گەلە لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانەکەی لە بەرزترین لوتکەدا دەدرەوشێتەوە، ئا لەو کاتەدا خەریکە پرسی شکۆ و ھەیبەت و قورسایی مەعنەوی و ئازادی سەربەخۆی کوردستان لەژێر پێی رەمبازی و پێ خوستی ململانێییە نا دیموکراسی و نا شارستانییەکانی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکان ھەلا ھەلا دەبێت خەریکە باسکردنی لە مەسەلە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لای ھەندێک گروپ و ڕێکخراو ناوەندی سیاسی و میدیای بەکلکایەتی و پاشکۆیی بۆ ئەم و ئەو لێکدانەوەی بۆ دەکرێت و خۆنەبان کردن و خۆ بێ دەنگکردنیش لەو پرس و مەسەلانە وەکو ھەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن بوون و دژایەتی کردنی گەندەلی لێکدەرێتەوە نەک ھەر ئەمە بەڵکو لە کوردستان وردە وردە لە جیاتی ئەوە خەریکە پرسە نیشتمانی و نەتەوەیی و مەسەلە دیموکراسی و مەدەنییەکان دەکرێتە قوربانی و شاباشی ھات و ھاوارو قیژە قیژی سەر شاشەی تیڤییەکان.

4/19/2020 7:04:38 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]