سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

پەرلەمانێکی کەرەنتینکراو

عومەر عەلى محەمەد
ھەرکاتێک پەرلەمان کەوتەژێر ھەژموونی پارتە دەسەڵاتدارەکان، ئیتر ئەوکاتە پەرلەمان ناتوانێت ئەو رۆڵەی کە بۆی دیاریکراوە بیبینێت، چونکە رۆڵی سەرەکی پەرلەمان بریتییە لە چاودێری حکومەت و ئەرک و رۆڵی بەرپرسیارانەی بەرامبەر بە ھاوڵاتیان، لەگەڵ دانانی سنورێک بۆ حەز و ویستی بەرپرسانەی حکومەت و ئەو خواستە حیزبیانەش کە دەیانەوێت بە دەستی بھێنن لە رێگەی ئەو پۆستانەی کە بە دەستیانەوە ھەیە.

پەرلەمان دەبێت وەک چاوی خەڵک وابێت، ھەرکاتێک حکومەت ویستی ھەنگاوێک بنێت لە دەرەوەی بەرژەوەندی گشتی و خواستەکانی خەڵک، دەبێت رێگەی پێنەدات و رایبگرێت.

ئەم دیدە تیۆریەی ئێمە باسیدەکەین، بۆ پەرلەمانێکە کە لە نێو سیستمێکی سیاسی دیموکراتیدا بێت، بەڵام لە ناو سیستمێکی بێ دەستور و خێڵەکی و حیزبی وەک کوردستان، ھەرچیەک بڵێین ناواقیعیە، چونکە لە بارودوخێکی وەک ئەوەی ھەرێمی کوردستان، پەرلەمان تەنھا بۆئەوەیە بڵێن ھەرێمێکی دیموکراسیە و پەرلەمانی ھەیە و لەلای نوێنەری وڵاتانی دەرەوە و قونسوڵی وڵاتان فشەی پێوەبکەن.

پەرلەمانی کوردستان ھەرلەدوای ساڵی۱۹۹۲لە نێوان پارتی و یەکێتی دابەشکراوە، لە ھەمان کاتدا حکومەتیش بەو شێوەیە بووە، لەبەرئەوە ھەر لە یەکەم رۆژیەوە پەرلەمان کەرەنتینە کراوە و رۆڵی نەبووە و بێکار کراوە، تەنھا بۆ جوانکردنی کارەکانی حکومەت بووە، لەلایەکی تریش کادیرە حیزبیەکانیان ناردووە بۆ موچەوەرگرتن و خۆدەوڵەمەندکردن.

لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆران ھەلێک ھاتە پێش بۆ دروستبوونی پەرلەمانێکی کاراڤو چالاک،بەڵام لە دوای ھەڵبژاردنی۲۰۱۳،ئەوەشیان لە باربرد و دەرگای پەرلەمانیان داخست و بەدرێژایی دوو ساڵ نەیانھێشت ھیچ رۆڵێکی ھەبێت.

بۆھەڵبژاردنی۲۰۱۸نەخشەیەکی ترسناکیان دارشت، ئەویش بە سودوەرگرتنبوو لەو تەزویرە بێشومارەی کە پارتە عێراقیەکان ئەنجامیاندا لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێەرانی عێراقدا،دواجار یەکێتی و پارتیش دەستیاندایە تەزویر و بەبێ گوێدانە دەنگی خەڵک و پڕۆسەی دیموکراسی، کورسیەکانیان دابەش کرد و ئۆپۆزسیۆنیان کردە کەمینە و زۆرینەیان بۆخۆیان مسۆگەرکرد.

چونکە ئامانجی ئەوان دروستکردنی زۆرینەیەک بوو لە یەکێتی و پارتی، ئەمەش بۆئەوەی بەھیچ جۆرێک پەرلەمان جورئەتی ئەوەی نەبێت باس لە داھاتی نەوت و خاڵە سنوریەکان بکات و چاودێری حکومەت بکات، ئەوان دەیانویست پەرلەمان بکەوێتە ژێر خواستەکانی حکومەت، لەم ھەڵبژاردنەدا ئەوەش ھاتەدی و بەتەواوی کەرەنتینیان کرد.

ئەم پەرلەمای ئێستا ھەیە، بە ویستی پارتی و دوایش یەکێتیبوو، چونکە نە چاودێری حکومەتی پێدەکرێت نە پڕۆژەیاسایەک لە بەرژەوەندی خەڵک دەردەکات، نە بوجە دێتە پەلەمان تاپەسەندی بکات، نە لەناو خەڵکدایە تابزانێت کێشەکانی چییە، نە دەتوانێت فشار لە حکومەت بکات و لە بڕیارێک پەشیمانی بکاتەوە، لەم کاتەشدا کە حکومەت ھەرەشەی کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران دەکات سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت دڵنیام ئەو کارە دەکات و ھیچیشمان پێناکرێت، لەبەرئەوە ئەم پەرلەمانە ھەر لە یەکەم خولییەوە کەرەنتینکراوە،لە ئێستاشدا چونکە زۆرینە تیایدا خۆیانن، وایان لە پەرلەمان کردووە حکومەت چاودێری بکات و ئەو ئەرکی بۆ دیاریدەکات، زۆرینەی پەرلەمانتارانیش تەنھا فەرمانبەرێکن و موچە وەردەگرن وەک پێشینان دەڵێن ئیتر ئاو بێنەو دەست بشۆ.

4/3/2020 10:58:15 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...


سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]