سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

یه‌كێتی‌، له‌ تاقانه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ بۆ گۆشه‌گیرێكی‌ لۆكاڵی‌

ئاری عومه‌ر
سێ ره‌هه‌ندی گرنگ یه‌كێتی‌‌و ئه‌وروپا ده‌كاته‌ دوانه‌ی‌ خه‌بات، ره‌هه‌ندی بیرو ره‌هه‌ندی مێژوو، ره‌هه‌ندی یاده‌وه‌ری، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و سێ فاكته‌، ئێستا له‌جێی ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌ وه‌ك قۆناغی ئاڵتونی‌ له‌ پایته‌خته‌كانی‌ ئه‌وروپا به‌شوێن پێیه‌كانی‌ خۆیدا بگه‌ڕێت، دێت‌و له‌نێو جه‌سته‌یه‌كی‌ لۆكاڵ‌و له‌نێو جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌كی‌ نێوخۆیی خۆی‌ قه‌تیس كردوه‌و ده‌ستی‌ له‌دوێنێی خۆی به‌رداوه‌، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر دیوێكی‌ ئه‌و ئیدیۆمه‌ی‌ مام جه‌لال "سه‌ركه‌وتنمان، مانه‌وه‌مان، گه‌شه‌كردنمان په‌یوه‌سته‌ به‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانه‌وه‌" پابه‌ندی یه‌كێتیه‌ كوردستانییه‌كه‌ بێت، ئه‌وه‌ ده‌ربازبوون له‌و گۆشه‌گیرییه‌ سیاسییه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو كۆڕو كۆمه‌ڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و كارابوونه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا دیوی دووه‌می‌ فه‌رمایشتی مام جه‌لاله‌.

له‌یه‌كێك له‌كۆنگره‌كانی‌ سۆسیال دیموكرات (مونا سالین) مام جه‌لالی وه‌ك تاقانه‌ی‌ رۆژهه‌ڵات ناوبرد، ئه‌و پرۆسه‌ی‌ ناونانه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ وه‌ك تاقانه‌، له‌پای‌ ئه‌و رۆڵ بینینه‌ بوو كه‌ هه‌م یه‌كێتی‌‌و هه‌میش رابه‌ره‌كه‌ی‌ وه‌ك هێزێكی‌ سۆسیال دیموكرات له‌ناوچه‌كه‌ ده‌ورو نه‌خشیان هه‌بووه‌، كه‌چی كۆچی ئه‌به‌دی‌ مام جه‌لال له‌جێی ئه‌وه‌ی هه‌ستی‌ بێ باوكیمان حه‌ماسه‌ت‌و جوڵه‌كانمان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ لانی‌ كه‌می‌ بۆشاییه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ ببات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ناوی‌ شینگێڕانه‌وه‌ خۆمان له‌دنیا ته‌ریك كردو به‌ گۆشه‌گیریی له‌نێو جوگرافیای‌ كوردستان خۆمان قه‌تیسكرد، ئیدی‌ لێره‌شه‌وه‌ ئه‌و شانازییه‌ی‌ تاقانه‌بوونمان له‌ده‌ستدا، چونكه‌ ئێستا ده‌یان پارتی‌ ناوچه‌كه‌ له‌جێی یه‌كێتی‌ له‌نێو سۆسیال دیموكرات‌و چوارچێوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا جێیان گرتووه‌.

چه‌ند رۆژی‌ رابردوو له‌ ڤیه‌نا چه‌ندین كۆنفرانس‌و چالاكی‌ هه‌مه‌ چه‌شنه‌ هه‌بوو، له‌زۆربه‌ی‌ ئه‌و بزاوت‌و چالاكییه‌ هه‌مه‌ چه‌شنانه‌ هێزه‌ سۆسیال دیموكراته‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست، وه‌ك بزاوت‌و هێزی كارا له‌ چالاكییه‌كان ئاماده‌گییه‌كی‌ جدیان هه‌بوو، كه‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ یه‌كێتی‌، سه‌رباری‌ ئه‌و پابه‌ندییه‌ زۆره‌ی‌ به‌ ئه‌وروپاوه‌ ده‌یبه‌ستێته‌وه‌، نه‌ك هه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و جوڵانه‌ بوو، به‌ڵكو پێده‌چێت قۆناغی متبوونمان بۆ زه‌مه‌نێكی‌ پتریش درێژه‌ بكێشێت، ئه‌وه‌ش ئه‌و میحنه‌ته‌ گه‌وره‌و ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ غیابی مام جه‌لالدا نه‌ك هه‌ر لێی ده‌رناچین، به‌ڵكو هاوشێوه‌ی خوێندكارێكی‌ ته‌مه‌ڵ به‌چه‌ندین سفره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر خوانی‌ بێ خوانی‌ كۆبوونه‌وه‌و شاشه‌ی‌ تیڤییه‌كان.

بۆ هێزێكی‌ له‌ چه‌شنی‌ یه‌كێتی‌، كه‌ هه‌م فه‌لسه‌فه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌، هه‌م دنیابینی‌‌و تێڕوانینه‌كانی‌ له‌ ئه‌وروپا‌و هێزه‌ حوكمڕانه‌كانی‌ نزیكی‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و یه‌كێتیه‌ی كه‌ سۆسیال دیموكراتی‌ وه‌ك تێفكرینی‌ سیاسی‌و ئابووری‌ خۆی‌ په‌سه‌ند كردووه‌، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێستا خۆی‌ له‌ هێزه‌ هاوشێوه‌كانی‌ خۆی‌ ته‌ریككردووه‌و دووره‌ له‌و پارت‌و رێكخراوه‌ سۆسیال دیموكراتانه‌ی‌، كه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ناوخۆی ئه‌وروپا، به‌ڵكو له‌پرۆسه‌ی‌ دروستكردنی‌ بڕیار له‌سه‌ر ئاستی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تیش كاریگه‌رن، به‌و پێودانگه‌ش، یه‌كێتیه‌كه‌ی‌ مام جه‌لال به‌ پشتكردن‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ له‌ هێزه‌ هاوشێوه‌كانی‌ خۆی‌ له‌رووی‌ بیری‌و تێزه‌ فكرییه‌كانه‌وه‌، مه‌حكومی‌ ده‌كات به‌ پاشه‌كشه‌و لاوازبوون، ئه‌وه‌ش راستییه‌كه‌ی‌ هه‌رگیز قه‌ده‌ری‌ یه‌كێتی نییه‌، به‌ڵكو لاوازی‌و كورتبینی‌‌و خۆته‌ریككردنه‌.

یاده‌وه‌ری هاوبه‌ش، كورد‌و یه‌كێتی‌ به‌ ئه‌وروپییه‌كان ده‌به‌ستێته‌وه‌، ئه‌و یاده‌وه‌ری‌و مێژووه‌، له‌دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتی‌و جوڵه‌ سیاسییه‌كانیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات‌و تا پشتیوانییه‌ هه‌میشه‌یی‌و بێ چه‌ندو چوونه‌كانی‌ ئه‌وروپا‌و هێزه‌كانی‌، له‌دانیال میترانه‌وه‌ بۆ ئان كلودو لویس ئه‌یالا‌و مونا سالین‌و سه‌دان ناوی دیكه‌ ئه‌و ئایكۆنه‌ سیاسیانه‌ن كه‌ هه‌میشه‌و له‌ وێستگه‌ی جیاواز باری‌ لاری كورد‌و بزووتنه‌وه‌ سیاسیه‌كه‌یان راستكردۆته‌وه‌، راسته‌ ئه‌ندازیاری ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ مام جه‌لال بووه‌، به‌ڵام ده‌بوایه‌ فه‌رهه‌نگ‌و كه‌لتوری به‌جێماوی مام جه‌لال قوتابی‌و فێرخوازه‌كانی‌ هانبدایه‌، پشت له‌و یاده‌وه‌رییه‌ هاوبه‌شانه‌ نه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئیدیۆمی‌ "كورد له‌ چیاكان بترازێت، دۆستی‌ نییه‌"، بۆ قۆناغێكیش راست بووبێت، به‌ڵام له‌نێو دڵی‌ ئه‌و كیشوه‌ره‌، له‌نێو ئه‌و جوگرافیایه‌ مه‌زنه‌ سه‌دان دۆست ده‌رگایان خستۆته‌ سه‌ر گازه‌ڵای‌ پشت بۆ كورد‌و بۆ یه‌كێتی‌، به‌ڵام ئه‌فسوس خۆمان ناچین.
1/16/2019 9:59:01 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]