سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

ته‌قدیسكردنی دڕنده‌

ئاری عومه‌ر
یاساكانی جه‌نگه‌ڵ ته‌نها له‌ دارستانه‌كاندا قه‌تیس نه‌بووه‌، ئا ئه‌وه‌تا درێژكراوه‌ی رێساكان له‌نێو شارو له‌سه‌ر شه‌قام‌و له‌ناو كۆشك‌و باڵاخانه‌كانیشدا ده‌بینین، له‌و شوێنانه‌ش ئه‌و فۆڕمه‌ له‌ سروت ‌و نه‌ریته‌ نامرۆییانه‌ كه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر رێگه‌ی ئاكاری جه‌نگه‌ڵ به‌ چه‌شنێكی تر خۆیان نمایش ده‌كه‌نه‌وه‌، نمایشكردنه‌وه‌ی ترس‌و تۆقین، نمایشكردنه‌وه‌ی ملكه‌چی‌و بێ ئیراده‌یی‌و دواجاریش ته‌قدیسكردنی دڕنده‌كان‌و ناونانه‌وه‌یان به‌ پاشا‌و شا‌و مه‌لیك‌و سه‌رۆك‌و سه‌ركرده‌و وه‌زیرو گزیر.


ئه‌م فۆڕمی ناونانی دڕنده‌كان به‌ ناوی به‌رپرس‌و كاربه‌ده‌سته‌وه‌، هه‌مان ئه‌و تایپ‌و ستایله‌ به‌ربه‌ریه‌ی دارستانه‌ كه‌ سه‌رباری زه‌وتكردنی هه‌موو شتێك، سه‌ره‌ڕای په‌یڕه‌وكردنی هه‌موو جۆرێكی چه‌وسانه‌وه‌و سته‌م‌و خراپه‌كاریی، كه‌چی هه‌ر وه‌ك پیاوی قۆناغ‌و قائیدی زه‌روره‌و رابه‌ری بێ ركابه‌رو فریادڕه‌س وێنه‌یان له‌ناو یاده‌وه‌ریدا ده‌كێشرێته‌وه‌.

چه‌ند رۆژی رابردوو نووسه‌رێكی دیاری عێراقی وتارێكی له‌ژێر ناونیشانی (سارقی پروە‌ و سارقی پورە‌) ده‌رهه‌ق به‌ خۆپیشاندانه‌كانی عێراق نوسیبوو، كه‌ تێیدا به‌رۆشنی ئه‌و مۆدێلی پاوانخوازییه‌ی دزه‌كانی سه‌روه‌ت‌و سامانی نیشتمانی ئاماژه‌ پێدابوو، كه‌ دیسانه‌وه‌ به‌ به‌رگێكی نوێ‌و له‌ژێر كاریگه‌ری هه‌ژموونی گوتاربێژی حه‌ماسی نوێدا ده‌بنه‌وه‌ دزو چه‌ته‌ی شۆڕشیش، به‌و مانایه‌ی دواجار به‌هۆی ئه‌و خه‌یاڵی ته‌قدیسكردنی دڕنده‌وه‌، هه‌مان ئه‌و دزانه‌ی سه‌روه‌ی نیشتمانیان لوشده‌دا، هه‌ر خۆیانن جارێكی تر سه‌وره‌و شۆڕشی نیشتمانیش ده‌خه‌نه‌ ژێر چه‌پۆكی خۆیان، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ دیوێكی په‌یوه‌ست بێت به‌و سوپا زه‌به‌لاحه‌ میدیایی‌و سه‌ربازیی‌و داراییه‌ی له‌ژێر ده‌ستی چه‌ته‌كانه‌، ئه‌وه‌ دیوه‌كه‌ی تری په‌یوه‌سته‌ به‌و لاوازی بیركردنه‌وه‌و دنیابینی‌و خه‌یاڵه‌ پوچانه‌ی شه‌قام، كه‌ تائێستاش ناتوانن له‌ده‌ره‌وه‌ی سێبه‌ری دڕنده‌ بژین‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌ژموونه‌ی جه‌نگه‌ڵ درێژه‌ به‌ ژیان‌و مانه‌وه‌ی خۆیان بده‌ن.

ژیانی سیاسی‌و ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌، كۆی ئه‌و شتانه‌ی ئێمه‌ به‌و جیهانه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، له‌ده‌وڵه‌تداری‌و حوكمه‌ته‌وه‌ بۆ حزب‌و خێزان‌و یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگا، هه‌مان فۆڕم تێیدا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، هه‌مان مۆدێلی خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌قه‌ده‌ری دڕنده‌وه‌ درێژه‌ی پێده‌درێت، ئه‌و درێژبوونه‌وه‌ی خۆبچوككردنه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر دڕنده‌، نه‌ك هه‌ر ده‌رفه‌تی گه‌شه‌و هه‌ڵكشان‌و باڵابوونمان پێنادات، به‌ڵكو ده‌رفه‌تی مانه‌وه‌و ئومێد‌و هێواشمان لێده‌سه‌نێته‌وه‌، چونكه‌ دواجار ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سێبه‌ره‌ بێت، ئه‌وه‌ی بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیای ئه‌و نه‌سل‌و مه‌خلوقانه‌وه‌، كۆی مافه‌كانی لێده‌سه‌نرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و كۆی سێكته‌ره‌كانی ژیان به‌ جوگرافیای باڵاده‌ستی خۆی ده‌بینی‌و هه‌موو شتێكیش وه‌ك به‌ به‌خششی خۆی لێكده‌داته‌وه‌. 

ئه‌و هێزه‌ په‌نهان‌و ئه‌و حه‌شاماته‌ زۆره‌ی له‌پشت ئه‌و جۆره‌ ته‌قدیسكردنه‌وه‌، خزمه‌تی ماكینه‌ زه‌به‌لاحه‌كانی یاسای جه‌نگه‌ڵ ده‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌و چه‌شنی كۆیلایه‌تییه‌ی له‌پشت ئه‌وه‌ن جارێكی تر چه‌ته‌كان وه‌ك فریادڕه‌س بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر شانۆی مانه‌وه‌و باڵاده‌ستی، په‌یوه‌ست نییه‌ له‌و دووفاقیه‌ چه‌ندیان چه‌نگ ده‌كه‌وێت، به‌ڵكو گرێدراوی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كۆیله‌بوون‌و خۆبچوككردنه‌وه‌یان بۆته‌ به‌شێك له‌ نه‌ریت‌و یاده‌وه‌ری، بۆته‌ به‌شێك له‌سروشتی خۆیان، كه‌ ناتوانن بێ ئه‌و مۆدیله‌ له‌ بچووكبوونه‌وه‌ درێژه‌ به‌ژیان‌و مانه‌وه‌یان بده‌ن.

11/5/2019 7:59:14 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]