سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

فۆبیای كۆنگره‌

ئاری عومه‌ر

كۆنگره‌ هه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیستیحقاقێكی سیاسی‌و دیموكراسییه‌، هه‌میش له‌به‌رئه‌وه‌ی چاره‌نووس‌و قه‌ده‌ری یه‌كێتییه‌كانه‌، خۆدزینه‌وه‌و سه‌نگه‌رگرتن‌و مه‌رج سه‌پاندن به‌سه‌ر به‌ستن‌و دواخستنی واده‌ی گرێدانی، هه‌نگاوو پرۆسه‌یه‌كی سه‌مه‌ره‌یه‌، چونكه‌ ئیدی، مانه‌وه‌‌و هێشتنه‌وه‌ی رێ‌و رێبازی مام جه‌لال به‌ كۆنگره‌ ناڕمێ‌و له‌ به‌ین ناچێت، به‌ڵكو به‌ هێشتنه‌وه‌ی له‌و دۆخه‌دا خاڵی كۆتایی ته‌مه‌نی خۆی دیاریده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ خوازیارانی له‌وه‌ زیاتر دواخستنی كۆنگره‌و پشتگوێخستنی ئه‌و ئه‌ركه‌ دیموكراسییه‌و ئه‌و خواسته‌ سه‌راپاگیره‌ی یه‌كێتی ئه‌گه‌ر به‌هه‌مان فۆڕم له‌سه‌ر ئه‌و نه‌ریت‌و خه‌یاڵ‌و ده‌ربڕینه‌ سوور بن، یه‌كێتی ده‌خه‌نه‌ تابوته‌وه‌و ده‌ینێژن‌و جارێكی تر مانه‌وه‌و گه‌شه‌كردنی یه‌كێتی نابینن، كه‌ مام جه‌لالی رابه‌ڕمان، تا دوا چركه‌ی ته‌مه‌نی خۆی ئاواتی بۆ ده‌خواست.

ئێستا كه‌ له‌كۆنگره‌ نزیك بووینه‌وه‌، له‌وكاته‌ی كه‌ به‌ستن‌و گرێدانی ئه‌و كه‌رنه‌ڤاڵه‌ حزبییه‌ بۆته‌ دیفاكتۆ، لێره‌و له‌وێ، فۆبیا‌و ترس‌و ئاڵوده‌بوون به‌ مه‌ترسی له‌ كۆنگره‌ش بۆته‌ واقیعێكی تاڵ‌و به‌شێك له‌ كاره‌كته‌رو روخساره‌كانی یه‌كێتی به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خواسته‌ ده‌وه‌ستنه‌وه‌، هه‌ندێك لێره‌و له‌وێ به‌ پاساوی دۆخی سیاسی‌و ئابووری‌و دابه‌شبوون‌و جه‌مسه‌رگیرییه‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ی جوڵاندنی هه‌ست ‌و نه‌ستی یه‌كێتیانه‌وه‌، رێگه‌ له‌و پرۆسه‌یه‌ بگرن، له‌كاتێكدا، ئه‌و هه‌ژموون‌و شه‌پۆله‌، ئه‌و فۆڕم‌و چوارچێوه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی پاساوه‌كانیشیان چه‌شن‌و فۆڕمێك له‌ شه‌رعیه‌تیشی تێدا بێت، به‌ڵام دواجار ده‌چێته‌ خزمه‌ت ئه‌جێندای ئه‌و هێزو ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌ خواستیان شكاندن‌و كۆتایهێنانه‌ به‌ یه‌كێتی، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌، مانه‌وه‌ی یه‌كێتی ‌و گه‌شه‌پێدانی ریزه‌كانی، وه‌ك مام له‌هه‌موومانی ده‌خواست، به‌ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌ دیموكراسییه‌كان‌و خۆنوێكردنه‌وه‌و خۆ تاقیكردنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن به‌دی دێت، نه‌ك له‌رێگه‌ی خۆسه‌پاندن‌و سه‌نگه‌ر دروستكردن‌و لۆبیكردن بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌و دۆخه‌ی خۆیدا بمێنێته‌وه‌و كۆنگره‌ نه‌گرێت.

گریمانه‌ی دابه‌شبوون له‌ناو یه‌كێـتیدا كۆتایی هاتووه‌، ئه‌گه‌ری زویربوون‌و خۆ تاقیكردنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی پوچه‌ڵ بۆته‌وه‌، هه‌مووان له‌ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیای یه‌كێتی خۆیان تاقیكرده‌وه‌و كێرڤ‌و باڵانسی جه‌ماوه‌ریی خۆیان ئه‌زموونكرد‌و شكستیان خوارد، له‌به‌رئه‌وه‌ش خۆدزینه‌وه‌ له‌كۆنگره‌ به‌ پاساوی دابه‌شبوون، به‌بیانووی دوپه‌رتبوون، به‌هۆی لێكترازان، هێنده‌ بیانووی لاوازه‌، باوه‌ڕ به‌كه‌س ناهێنێ، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت، هه‌موان له‌گه‌ڵ كۆنگره‌ بین، چونكه‌ مانه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وكاته‌ دێته‌دی، كه‌ نوێ ببێته‌وه‌و كۆتایی ئه‌و هێزه‌ش كاتێك ده‌بینین، كه‌ به‌هه‌مان فۆڕم‌و تایپ له‌سه‌ر ژیانی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی ئێستای به‌رده‌وام بێت.

8/21/2019 10:33:58 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]