سەردێڕ:
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
زێدنیوز
وتار

كۆنگره‌ بۆچی ده‌كه‌ین؟

ئاری عومه‌ر
 
(1ـ 3) 

ژیانی سیاسی به‌ رۆمانسیه‌ت‌و خه‌یاڵی گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌ ناچێت، به‌ هه‌ڵكشان‌و داكشانی هه‌ڵوێست‌و توڕه‌یی ئیداره‌ نادرێت، به‌ سه‌نگه‌رگۆڕكێ‌و بازدان به‌سه‌ر پره‌نسیبه‌كان ناگه‌ینه‌ هیچ شوێنێك، به‌ڵكو به‌ پابه‌ندبوون به‌ به‌ها باڵاكان‌و ئه‌ركه‌ دیموكراسییه‌كان شوێن ده‌گرێت، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ ئه‌و فۆڕم‌و مۆدێله‌ جیاوازانه‌ی ئێستا به‌ناوی كۆنگره‌وه‌ ته‌رح ده‌كرێ‌و وه‌ك ده‌ستپێشخه‌ری له‌ژێر تایتڵی سازان جێگه‌ی ده‌كرێته‌وه‌، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌مۆدێلێك له‌ سته‌مكاری‌و خۆسه‌پاندنی زۆرینه‌، كه‌ ئامانج لێی هێشتنه‌وه‌ی كه‌ڤاڵ‌و تابلۆ سیاسییه‌كه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ رابردودا هه‌موومان به‌ده‌ستیه‌وه‌ ناڵاندومانه‌.

له‌راستیدا كۆنگره‌ له‌ به‌ڵێن تێپه‌ڕیووه‌و ئێستا بۆته‌ ئه‌رك، ئه‌ركی دیموكراسی‌و نوێكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی، ئه‌ركی خۆڕێكخستنه‌وه‌و سه‌رله‌نوێ بوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌سته‌ زامداره‌، ئه‌ركی دوباره‌ راسانه‌وه‌و شاندانه‌ به‌ر ئه‌ركی مێژوویی یه‌كێتیانه‌، به‌ڵام ئه‌و شێوه‌ له‌مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌رك‌و به‌رپرسیارییه‌تییه‌، بۆ ئێمه‌ی كادرو نه‌وه‌ی سێهه‌م شتێكه‌و خواستی باڵاده‌ستی نه‌وه‌ی یه‌كه‌میش شتێكی تر، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین، كه‌ داخۆ ئێمه‌ چ جۆره‌ كۆنگره‌یه‌كمان ده‌وێت، چ تایپێك له‌ كۆنگرێس (وه‌ك مام ده‌یفه‌رموو) ده‌خوازین، چونكه‌ له‌ رواڵه‌تدا ئه‌و سازانه‌ی كه‌ به‌ خۆسه‌پاندن رتوشكراوه‌ نه‌ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر فه‌رهه‌نگی مام‌و نه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی خواسته‌ راسته‌قینه‌كه‌ی كادران‌و نه‌وه‌ی سێهه‌می یه‌كێتییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت، بێ چه‌ندو چوون بریتییه‌ له‌وه‌ی یه‌كێتی به‌ تایپ‌و مۆدێلێك له‌ سه‌ركردایه‌تی بپارێزین، كه‌ هه‌م ئه‌زموونی تێدا بێت‌و هه‌میش ووزه‌ له‌سه‌رییه‌وه‌ برژێت.

ئیدیۆمێكی باوو له‌ناو هێزه‌ چه‌په‌كانی دنیا هه‌یه‌، كه‌ لینین ده‌رباره‌ی ده‌ڵێت "حزبه‌كان به‌وه‌ ده‌پێورێن كێ سه‌ركردایه‌تیان ده‌كات"، بایه‌خی سه‌ركردایه‌تیكردن له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و ئیدیۆمه‌ نیشانیده‌دات كه‌ ئیدی هێزه‌كان به‌وه‌ ده‌پێورێن كه‌ كێ رابه‌رایه‌تی ئه‌و هێزو بزووتنه‌وه‌ سیاسیانه‌ ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ ئێستا یه‌كێتی به‌رله‌وه‌ی بچێته‌ دۆخی به‌ستنی كۆنگره‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ روبه‌ڕووی خۆی بكاته‌وه‌، كه‌ داخۆ ئه‌وانه‌ی سه‌ركردایه‌تی‌و پرۆسه‌ی بڕیاریان له‌داهاتوو له‌ده‌سته‌ كێن، ئه‌گه‌ر هه‌مان روخساره‌كانی دوێنێ بن، هه‌مان خه‌م‌و قه‌یرانی ئه‌مڕۆ دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌و ئه‌گه‌ریش خاوه‌ن جریوه‌كانی سبه‌ینێ بن، خه‌مه‌كانی سبه‌ی، له‌ ده‌رده‌سه‌رییه‌كانی ئه‌مڕۆ باشتر نابن، له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ كه‌ كۆنگره‌ ده‌بێت پرسی هاوسه‌نگی راگرتن له‌نێوان خۆسه‌پاندنی نه‌وه‌ی كۆن‌و كوده‌تای نه‌وه‌ی نوێ هاوسه‌نگییه‌ك رابگرێت‌و هێڵه‌ ناوه‌نده‌كه‌ هه‌ڵبژێرێت.

8/4/2019 11:46:49 AM
بابەتەکانی تری نوسەر...
سەرەکی  |   دەربارە  |   پەیوەندی  |  
Telerik For IT Solution

© Copyright 2018 ZEDNEWS. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]